Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئەڵقە و سەرین

ئەڵقە و سەرین

Closed
by November 21, 2010 ئەدەب

سەرین 

سەرین وتی /
لەپەڕ یا لەپەموو
دروستکرام
چاوم کردەوە بۆ بینین
دڵم  داناوە  بۆ  ویژدان
ئەمئێستا کە
شەوی میلوێنەها مەخلوق
لەژێرسەری مندا
بیر تەواو ئەکاتەوە
لەژێر مندا خەو ئەبینێ
هەر لەژێرمنیشدا ئەبێ  بمرێ !
سەرین وتی /
دوێنێ یەکێک لەسەرسەرم نوستبوو
هەزارو یەک خەونی
ژینی  هەبوو
یەکێک لەخەونەکانی ئەم زاتە
بەباڵئەفڕی
لەناو ئەستێرەدا
ماڵی بەهەتاو ئەچنی و
لەبەردەم حەوشەکەیدا
سنەوبەری سەوزی دەناشت
بەگریانی چاوەکانی
ئاویئەدان
ئەو کەسێک بوو
پڕاو پڕبوو لەڕاستگۆیی
ماڵی گواستبوویەوە بۆ ئەوێ و
هەڵهاتبوو لەم مەخلوقە ی
سەر ڕوی زەوی
سەرین وتی/
کەس وەک و من
تۆ ناناسێت
مرۆڤ
ئەم شەو
سەرێکی بۆ گەن
لەسەر سەری من نوستبوو
هەزار خەیاڵی ناشیرین
بەرۆکی قوڕگی گرتبوو
بۆنی ناوگەڵی پیسیشی
منی هەراسان کردبوو
سەرین وتی/
ئەم سەرە بۆ گەنە
شەرم ناکا
زۆر جار تکام ڕشتە بەرپێ ی
چۆن دڵی دێ دۆرئەکات
من شایەتم
کە ئەو لەماڵەوە  نابێ
لەسەر ئەم سەرینەی من
ئەم نوقمی درۆ و
فەساد ئەبێ
سەرین وتی /
ئەو سەرینەی لەتەنشتما
هاوەڵم بوو
یەکێکی لەسەر نوستبوو
ئەو بۆنی دەمی  ڕەیحانە و
گوڵاویش  بە   بەرائەت
بەرژینی بۆ هەڵچنی بوو
کردەوەکانی دڵی سپیش
لەشی ماسی میهرەبانی
داپۆشی بوو
ئەویش
بەپرچەکانی سەری خۆی
سەرینەکەی هاوەڵمی
بەو سەرمایە
داپۆشی بوو
هەردووک بێدەنگ
لەم شەوەدا
قووڵ نووستبوون ،

سەرین وتی/
خوا یە سبەی دوو سەری پاک
لەسەر هەناسەی بێگەردم
ئاوێتە بن
دوو بیری جوان
لە ناو نوری ئەمدڵەمدا
گرمۆڵە بن !
سەرین وتی /
بەم شەوگارە
زوڵم و خەتای
زۆر ئە بینم
تاوانی وام لەسەر ئەکرێ
تا بەیانی لە ناو خەما
شەپۆل ئەدەم ،
من تێناگەم چۆن ئەم سەرینە پەڕۆیەم
نابێ بەئاو نابێ بەرد
لە ئاستی ئەو  !
سەرین وتی/
ئەوان هیچ شەرمیش نایانگرێ
بۆ بەیانی چوونە دەرێ
هەمان درۆ و فرتوو فێڵیان
دێتەوە ڕێ ،
کەس وەک و من
ناتان ناسێ و
نهێنیتان پێ نازانێ ،
من تێناگەم
بۆ ئاوێنەی ئەم ژیانە تەڵخئەن
بۆ سروشتی پاوک و بێگەرد
پڕ لە بۆنی ناخۆش ئەن
واتان لەمنیش کردوە
واتوڕە بووم
هاتمە قسە  !
لە تاو زوڵمی ئەم مەخڵوقە
من تێناگەم
چۆنە نابمە بورکانی قین
چۆن نابمە زریانی شین  .

 

 

• ئەڵقە (ئەنگوستیلە*)
ئەڵقە وتی/

گێلی مرۆڤ لەوەدایە
ئەڵقەی دروستکردووە
لە زیو
ئاڵتون
بە ژمارە
کردوومیەتە پەنجەیەوە
نزیک شادەماری دڵی
بەستومیەوە !

بەڵام ئەوان نەیان زانی
ئەم ڕۆدادێ
دێمە قسە  !
ئەڵقە بەردەوامبوو  وتی /
پەنجەی زۆر کەسم بینیوە
لە زۆر پەنجەش
داکەنراوم
زۆر جار بۆ نیازی گڵاو
خراومەتە ناوی  گیرفان
من بە کۆیلەی خۆی ئەزانێ
نامباتە ناو هەموو شوێنان ،
ئەڵقە وتی /
بەسەر هاتم زۆرە لێتان /
ماوەی چڵ ساڵ لەپەنجەی دام
بۆیەک چرکەش
داینەکەندم
لەسەر دڵی دەیخەواندم
ڕۆژی سەدجار ماچیەکردم
ڕۆژێ نەیبردم بۆ شوێنێ
بەتۆزقاڵیش گومان بێت و
سەرو دڵم بگرێ
بەداخەوە
کاتێ کەمرد
وەسێتی کردبوو

لەگەڵ خۆیا منیش بەرێ
ماوەیەک زۆر لەناو گۆڕا
لەگەڵیا بووم
هەموو شەوێ
بەر لەناسینی ئەو
چیرۆکێکی بەسەرهاتی
ڕابوردووی خۆم
بۆ ئەکردە   داستانێک و
ئەویش
هۆنن هۆن  بۆم  ئەگریا   !

تا ڕۆژیکیان گۆڕهەڵکەنێ
لەپەنجەی ئەو دا
دۆزیمیەوە و
لەناو قوڕا
دەریهێنام
بۆ بەیانی
بە نرخێکی زۆر هەرزان
فرۆشتمی بەسەرسەری ترین
ئینسان !
ئەڵقە وتی
ئینسان
—–      .

 

  حەمەشوان شەریف
20101118
Hamashwan1@hotmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.