Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
نیشتمانێک…….لە غوربەت غوربەت تر

نیشتمانێک…….لە غوربەت غوربەت تر

Closed
by November 21, 2010 ئەدەب

” نیشتمانەکەم..تۆ بەهاریت، بە پێدزی هاتیت وهەموو بەهارەکانمت لێ دزی “

نازانم بە دەنگ کامە دەنگەوە بێم،
دەنگی بانگی وڵاتێک کە زۆرترین بەهاری تەمەنیان،
بە خەزان کردووم…
یاخود بانگی دوورە وڵاتی، وڵاتێک هەموو پاییزەکانی عومرمیان،
بە وەرزێکی لر دایک بوونەوەی منداڵی و،
گڕوگاڵی کەسکی بەهارێک،
کە کوڕێنیی تەمەنمی بە کوریک کردۆتەوە….
من…بۆ پاییزی تەمەنێکی با بردوو و
گەڵارێزانی رۆژانی زەمەنە نابووتەکان ناگریم..
نە بە بەهاری ئەو بەهەشتە ساف وپڕ حۆری وپەپولەش..
یاخود بە پێکی تا لێوانی شەرابی دەستی ئەو شاجوانانەش،
کە پڕاو پرن لە بۆنی تەنیایی ونامۆیی وغەریبی…
تا سەر، سەرخۆش وسەرمەست ئەبم،
چیتر من بەو بۆنانە، شاگەشکە نابم و
هەڵناکەم،
میزاجی کوردەواریم هێدی، هێدی کاڵتر ولێخنتر ئەبێ
من بە بۆنی خۆڵی پاش بارانی ئەو وڵاتەم سەرخۆش و
ئالوودەم..
چۆن ئەو قوڕو لیتە خەستەی لە  نێوان تاشە بەردەسۆرەکان،
شۆر دەبنەوە،
دەمەوێ بەم خاکە شۆڕ ببمەوە…
بۆ ئەوەی لە پەنای رەگەکانی ئەوەوە،
رەگەکانم..ئۆقرەیەک بگرن..
ئەگەرچی بارانەکانیش، بێ رەحمانە،
لە دابێژتنی جەستەو رۆحمدا تەخسیریان نەکردووە…
من لە پاییزی عومرێکی دیکەم باکم نیە،
من لە پاییزێکی سبەینێی پارچەکانم ئەترسم،
کە بە بزەی بەهارێکی دەستکرد دەستەمۆ بن…
من هاتوومەتەوەو دوای ئەوەی هەموو وەرزەکان لە تافی لاوێتیان،
سەریان هەڵگرتووە..
منێکی دەروێشی دوای سەفەریش،
بە دەستنوێژی پێش حەیزی شەڕانگێزی و
بەر لە داچۆڕانی خوێنی خونچەکانی وڵاتم،
حاڵی زیکری ئەو خەلوەتگایە، دەمگرێ…
بە سەرو قژی ئارداوی پاش رەهێلە سەر سەختەکانی،
بەر بارانی برا میراتگرەکان،
گەڕاومەتەوە…
رەگەزنامەی نامۆ بوونی خۆم، لەگەل خۆم هێناوەتەوە،
دوای چواردە ساڵو نیو نامۆیی من و
گەڕان بە دوای تامێکی نائاشنا لە مەنفادا،
گڕوتینی تەمەنی کۆنم، چەکەرە کاتەوە…
بۆنێک، بەرەو نەسیمی سوبحی ئەو سپێدانەی،
لەگەل رۆژهەڵات ودەنگی پیاڵەو بەرچایی گەرووی پڕ جۆشی (خالقی)،
رۆژانی رابردووم نوێ کاتەوە…
لەزەتی مێوەکانی بەهەشتی نامۆییم لە بیر بەرێتەوە…
خەونی بەر شنەبای ئێوارانی تێکەل بە دەنگی پەڕەسێلکەکانی
سەربانە قوڕەکانی (دەنگارەو) و(گوندی)یم، بگەرێنێتەوە
بەڵام هیچ تامێک نەگەیشتە تامی ئەو زەقنەبووتانەی،
رۆژێ لە رۆژان بەری درەختێکی تاڵ وتفتی وڵاتم،
لێویان بە دزی لە لێوم دەئاڵاند …
گەیشتەمەوە ئەو هەوارە خاڵییەی، ساڵانێکە،
کەسەری وڵات، شەوەو کابوسێکی بەردەوامم بوون،
شەو ورۆژ سەر سنگمیان دەکوتین و
سنگی خۆیان، بێ ئەمەکانە دائەکوتین،
کۆتێکی لە دەست وپێ ئاڵاو بوون، لێمان نەئەبوونەوە….
ئەوساکە لێرە یەک پارچەی بێ سەروبەربووم،
سەفەر بە ناچاری سەری پێ هەڵگرتم،
رەگە قووڵ راچووەکانم بە هەناوی ئەو خاکە،
بە زەبری شریخەی شەڕوانەکانی شوومی براکوژی
بنەوان وبن وبۆتەکەی هاوڵاتیی بوونم،
هاپڕون بە هاپڕون کران،
خونچە تازە گوڵهەناریەکانم،
پەلک، پەلک هەڵپڕوکان…
لاسکە چرووەکانی یادو سەرگوزشتە سرک وتاڵ وشیرینەکانم،
تەنانەت یەکە یەکەی کتێبەکانی گەنجێتی سەر رەفەکانم،
ئەوەی دڕان وئەوەی دزران،
ئەوانی دیکەش، بوونە پول ودراوی پەساپۆڕتێکی موزەیەف وموزەوەر…
هەموو شتە موقەدەسەکانم بوونە هەگبەو بوخچەیەکی سەفەر،
بەرەو تووڵەرێی هاتو نەهات پێم هەڵێنا…
بوومە چەند پارچەیەکی سەرلێشواو و
پەرشوبڵاو….
هەر پارچەیەکیشم بە دەردی میحنەتێک ومەرگەساتێک وێرانی،
شەقار شەقارتری دەکردم دەردی دووری….
لەوێوە بەزمی سەراسیمە بوونم دەستی پێکرد،
سەراسیمە بوون و گەڕان بە دوای خۆم و
زەمەنی سەرگەردانی هەڕەتی شۆڕەسواریم و
دۆزینەوەی پارچە، پارچەکانم ،
ئەوانیش زەبرێکی دیکە بوون، رۆژانە لەسەرەخۆ،
کەرتیان ئەکردم،
لە ئاخرین هەناسەدا خۆم گرتەوەو
لە پارچەیەکی هاوکەرت وبە جۆتمانی خۆم،
پارچەکانمان لەگەل یەکتردا، مارە کردەوە……
کۆڕی ساردی مەنفامان بە باوەشی یەکتر،
گەرم وئاوادان کردەوە..
ئێستا من یەک پارچەی سەربەخۆی ئەوسا نیم،
تا لە چاوتروکانێکدا بلێم، ئۆخەی،
ئەوە جارێکی تر، ئەگەڕێمەوە…
پارچەکانمان هەریەکە بە سەریەکە جارێکی تر دابەش بووینە
ئەوهاش، ئاسان نیە هەموو ئەو پارچە پەرتانە،
جارێکی دیکە،  لە دەرفەت و
لە زەمەنێکی دیکە، خاپەرۆکیان پێبکەم وکۆیان کەمەوە،
لە چاولێک نانێکە وڵاتێکی لێواو لێو لە گوڵ وعیشق وبزە وماچ،
بە وڵاتێکی وێرانی دایکی بێ سەروبەری،
چاوکزی تا سەر ئێسقان حەزین ومات ودڵگران،
تا ناو هەناوی خەپلەکانی خوێن،
ئاوێتەی بزەی درۆو ودڵنەوایی قەڵپ وزریانی تۆڵەو رقی ئاوس،
بگۆڕمەوەو
سەر لە نوێ لەگەل دوێنێی بەردباران وکوفرو گوناهی یەکتر کوشتن،
دەست پێ بکەمەوە
من ئەگەڕێمەوە.. لەبەر ئەوەی ناتوانم چیتر لەو وڵاتە غەریبە،
غەریبتر بم و
لەوێ شەوو رۆژە خێراو تیژ رەوەکان،
بە هاودەمی تەنیاییمەوە پێکم لە پێکیان بدەم و
لەسەرەخۆ بە سەریان بکەمەوە…
خۆ من وەکو چووم هاتمەوە،
بەڵام مەخابن، وڵاتەکەم ئەتوو نا…
من هەر ئەو پارچەیەم کە لە چرکەساتێک،
لە دەردی خۆ لە دەست دان و
ژیان دۆڕان لە بەرامبەر دڕدۆنگی براکان،
بە پڕەپڕ، دەربازم بوو…
بوومە تۆزو بایەکی دوای گەردەلولێک نەهامەتی ،
سەرم هەڵگرت بەرەو هەندەرانێک،
کە کەس تۆزی نەدیتمەوە…
ئازاری سنوورو پەڕینەوەم،
دەردی غەریبی و نەسڵەمینەوەم،
هەموو پارچەکانیان، کون کون سمیم …
بەڵام خۆ من ئێستاش لێرە لە وڵاتی خۆم، هەر غەریبم و
غەریبە حاڵم،
دەوروبەرم نامۆو خۆشم نامۆ بەو خەڵکەی نیشتیمانم…
هۆ سێ پارچەکانم ئێوە لەوێن و
منیش لێرە…..
ئێوە ئەگەر غەریبن لە دوورە وڵاتێکدا،
خۆ منیش غەریبترم لە ئێوە لە ناو ماڵ و
وڵاتی خۆمدا…
هۆ وڵاتە غەریبەکەم!!!!
من بە هەناسەی بەر لە چواردە ساڵو نیو هاتوومەتەوە
وڵاتەکەم نە سواندەو بانێژەو باگوردانی جارانی ماوە،
نە تانۆک وتەمۆخ وچیلەبەرد وکۆلک،
نەئەستری وقۆپەن وئاوەزێ وسولاوکەی ئەوساکە….
نە حەقیقەتی بزە ماوەو
نە تامی گەرازو هەنجیرو قازمانە سیکەرۆیەکان ماون،
بەردەبێری وکانی جێژوانی کوڕان وکچانی عاشق نەماون..
نە خزمایەتی خەڵکی خۆشم، دۆستایەتی سادەی پێشانە
هەموو شتێک غەریبە تەنانەت خۆشم پێ غەریب
زەردەخەنە لە لێوە بێ بزەکان، تۆراون
فرمێسکیش لە چاوە بێ سۆماکان..گۆڕاون
هەموو شتێک گۆڕاوە،
لە بن دەمامکێکی (مۆدە)ەوە خۆیان مەلاس داوە،
هەموو شتێک دیکۆرەو دیکۆریش لە پێناو بە سەراب کردنی چاوە،
نەک لەزەت وتام وئارامی وئاسودەیی…
بەڵام تەنیا شتێک هەر لە سەر بەندی جارانی ماوە، عەقڵە…
وڵاتێکیش عەقڵ تێیدا سەرپشک وسەرپارەو حاکم نەبێت،
چەند کارەسات ومەهزەلەو قەشمەڕخانەیەکە….
سەرەڕای ئەو هەموو مەرگەساتانەش،
ئەو پەندە ژەنگاویەی ” سار بە سار خۆزگەم بە پار “
هەر لە قۆزاغەو گەرا دایە…
هۆ پارچەکانم ئەزانم ئێوە لە سەر ئاوو ئاگری چاوەڕێدان
نێل نێل ئەسوتێن و..
منیش بەو بۆکروزی سوتانەی ئێوە رۆحم دەسوتێ و
گیانم دەبێتە قەقنەس و
لە تاو ئەو سەین وبەینەدا،
نازانم بە چ روویەکەوە پێتان بلێم بگەڕێنەوە…
هەر چاوەڕێن و منیش چاوەڕێم
هەر هەمووشمان چاوەڕێی یەکین
چاوەڕوانیش، وادەی خۆی هەیە
 
بەڵام نازانم لە کامە خاڵ دەست بە گەڕانەوە بکەم
لێرەدا نە خاڵ دەوری هەیەو نە فاریزەش، بەهای هەیە،
چرکەی سەرەتا و دەست پێکردن، ونەو ئەسەری نیە…
لێرە کەس ئاوڕ لە دواوەی خۆی ناداتەوە…
زۆرینە، وەکو سوپا لە پێشبڕکێی پەلامارێکن،
بۆ پەک کردنی یەکتر،
بە هەمان نەزمی زەمەنی شەڕگە گەرمەکانی شەری ناوەخۆ..
نەک پێشبڕکێی زەمەن وچاوشاڕکێی عەقڵ و…
رێحان پژانی ناو ماڵ و ناو هەناومان،
وەکو جوانی ئارایشت ورەنگینی بەردەرکەمان…
لێرە کەسێکی هێور،
بە دووربین ئەبینیەوە….
لەگەلت دانیشێت،
هاودەمت بێ وگوێ لە خەمەکانت رادێرێ
لێرە هەموو کەس بێ ئارامن، هەناسە سوارن،
تام ولەزەتی ژیان، لە ئەزمەی تەزوودان دایەو
کەسێک ژوانی لەگەل نابەستێ و
بۆ خۆی لە سای تامێکدا، تاوێک هەڵکوڕمێت و
بیر لەو سەرەساتانە بکات کە گوناهیان لە تەک دەکرێت،
(بوێر)یەکم دەوێت لەو عەسرەدا،
تا ئەو پارچانەم لەو میحنەتە دژوارە دەرباز کات،
لە (هێڤار)ێکی تری مانگە شەودا،
 

گەمە لەگەل (ژیوار)ی ئەو دەستپێکردنەوەیەم بکات…
 
کە نامەوێ جارێکی دیکە هەوری پەشیمان بوونەوە،
گەواڵە دل پڕەکانیان، بە سەر سەرو پۆتەڵاکمان دابارێننەوە…
بە بارانێکێ دەستنوێژ لە دەستدان،
زامی گوناهەکانمان تەڕتر ببنەوە..
بە ناچاری سەرلەنوێ بەرەو کۆچێک، سەر هەڵگرینەوە…
ئاخ وڵاتەکەم!!!
وڵاتێکی چەند کەساس وغەریبی
غەریبتری لە وڵاتی دوورە وڵاتم…
چەند کارەساتە، لە مالەکەی خۆت،
مێوانێکی ناوەخت ونەبان بیت
من بە ئاوی رۆحی هەنارو
شەربەتی فەریکە سێوە ترش وشیرینەکانی
رەزە رۆحانیەکانی بەهەشتی وڵاتم،
تێنوێتی گەرووی (ژیوار)و(هێڤار)م تەر کردۆتەوە..
شەهیەتی لەزەتێکی وشکو برینگی تاراوگەم،
بردۆتە سەر خوانی یەکەیەکەیان..
بە ناسکە خەونێکی پەپولەیی و
دەربەندێکی پڕ لە باڵە فڕکێ و
جریوە جریوەی کەوو سوێسکەوە
نەرمە کەروێشکەی لاسکە گەنمەکان و
سیحرو کەف وکوڵی بە خوڕی سەرخۆش بوونی،
جۆگەو تاڤگە سەر سپیەکان،
تام وبۆی کوارگە چیرۆکێکی کوردیی بەر ئاگردان،
هەڵمی بەڕوویەکی کوڵاوو بەرکوڵی سەرگوزشتەیەک،
لە بنەبانی مالۆچکەیەکی ساردو سڕی هۆڵەندیم،
کردۆتە شەوچەرەیەک ولە شەوە درێژخایەنە پڕ پرسیارەکان،
بە سەرم کردوونەتەوە….
چرای بێداریم بە فووی شەماڵە فێنک کەرەوەکانی،
گەرووی بەر رۆحی (سەفین)و (سۆرک)م،
لێ کوژاندوونەتەوەو
خەوی نادەستمۆم  بۆ چاوەکانیان بە دزی بۆ دزیون …
(بوێر)ەکەم بوێریەکم گەرەکە، وەکو جورئەتی
ئەو قومار بازانەی شەڕ لەگەل بەخت ئەکەن..
لە موجازەفە کردن بە بە هەموو شتێک،
ناسلەمێنەوە…
بە لە دەست دانی هەموو لەت وبتێک،
نارەوێنەوە…
لەو هەموو بەیت وبالۆرەی هێنان وبردنەدا،
بە تەنیا شتێک کە دەستم دەکەوێ…
سەفاو سەدای وڵاتی گۆرینە…
وڵاتێکی گۆڕاوو خەڵکیکی نەگۆڕاو
ئەو وڵاتەی ناسکترین پەڕە گوڵی تەمەنمیان، لە بەرپێیان، وەران..
ئاخۆ بەمەش لە سەر ئەو مێزەی یاری وبەلفەیەدا،
لە ئەهلی گەمەی دۆڕاو ئەبم یان براوە..
نازانم ..لێرە هیچ کەسێکیش نازانێت…
چارەنووس زارێکە لە دەست رۆژگار..
ئێرە وڵاتێکە، خاپوور..
خەلکەکەشی خاپوورترو
دڵرەق، وەکو تاشە بەردی شاخاکان،
بێ متمانەو سەرمەست بە هەوای بردنەوە،
قوماربازێکی بێ ئەمەکن،
بەپەلەپەلن لە ژیان،
باکیان نیە بە دەوروبەرو
رابردوویان لاپەڕەیەکەو دەروات دووبارە بوونەوەی مەحالە…
هێشتا لە فڕ کردنی سەرپێکی ئەمرۆکە نەبوونەتەوە،
لە راکە راکیان بۆ بەیانی ماڕاسۆنیانە…..
ئاخ..وڵاتەکەم!!!
ئاخ وهەزار ئاخ.. خەڵکەکەم!!!!
هەمووتان گۆڕاون،
دیارە، هەر ئەمن خۆم بە گۆڕاو نازانم…
ئاخ لەو گۆڕانەی کە گۆڕان نیە،
لە ناو هەموو ئەو گۆڕانە بێ سەروبەرانەشدا،
بریا ناوەوەتان هەر وەکو جاران،
لە ناو گەردی سەحەری دوێنێکە،
بە جێمایە..
نەک دیکۆرو دەرەوەتان بگۆڕابایە…
ئەوەی هەیە حەشری گۆڕانە ؟
یاخود ناسنامەی نامۆ بوونێکتانە،
من لەوێ خۆم لە چنگیانە، راپسکاندووە..
گۆڕانی کەوڵ وسیما، مۆدە گۆڕانە،
نەک بە مەدەنی بوون..
بە داخەوە.. ئاخ.. بە داخەوە…
ئاخ هەڵکێشانم بۆ بەبەراو بوونی گوزەرانتان نیە …
ئاخ وداخم بۆ دێمەکار بوونی ژیانتانە….
ئاخر شارستانی بوون، بەرەوپێش چوونی هۆش وهەستە،
نەک گەڕانەوە بۆ هەمان چەلەحانێ…
ناکرێ عەقل وتەکنەلۆژیا دوو ماڵی لێک جیاواز بن،
ئەوان هەردووکیان لە بن یەک دەواردا،
رەوتی رەوەندیمان بەراو ئەکەن…
ژیان بەوە جوانە شتە جوانەکان،
وەکو خۆیان بن، جوانکاری نەکرێن،
نەک بە دەستبازی جادووێک، مەکری مەکربازێک،
دەمامکێکیان بە بەر بکرێت…
بە هەوەس، سیماو تامیان دەستکاری کرێت..
حەیف ومەخابن لۆ ئەو پێشکەوتنە،
کە لە خزمەت خۆمان دانیە…
ئاخر پێشکەوتن بۆ ئاسوودە بوونە،
ئاسوودەیش بۆ ئارامی و
لەزەت ولەزەت بەخشینە
نەک بۆ ژیانێک،
لێواولێو لە خەوزڕان ودڵەراوکێ وهەناسە سواری بێت…

دەنگارە : ناوچەیەکی شەقڵاوەیە .
گوندی : یەکەم گەڕەکی کۆنی شەقڵاوەیە .
(ژیوار)و(هێڤار) : هەردوو منداڵەکانمن .
(سەفین)و (سۆرک) : ئەو دوو چیایەن لە دەوری شەقڵاوە دان .

شوان عوسمان
sjiuar@hotmail.com

هەولێر-شەقڵاوە
پاییزی ٢٠١٠

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.