Skip to Content

340 Views

ئایا کورد لە ئێستادا هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ … کامەران چروستانی

ئایا کورد لە ئێستادا هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ … کامەران چروستانی

Be First!
by December 10, 2016 General, Opinion
image_print

دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی ئاواتی هەموو تاکێکی کوردە لە ئێستادا هەروەک لە ڕابردووشماندا، ئاواتێکە لە ناخی هەموو کوردێکدا هەیە و بەردەوامیش بوونی دەبێت هەتا ئەو ساتەی بەرجەستە دەبێت. کۆماری مەهاباد و سەرجەم شۆڕشەکانی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی کورد هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە ناسنامە و پێگەی نەتەوایەتیی خۆی جێگیر بکات، وەک هەموو میللەتێکی دیکە خاوەنی ئاڵا و بوونی خۆی بێت و بێگومان کۆتایی گەشتی ئەو ناسنامەش بە دروستبوون و بنیاتنانی دەوڵەتێک کۆتایی دێت، لەپاش دروستبوونی دەوڵەتیش جۆرێکی دیکە لە گەشتی گەشە و پتەوکردنی ناسنامەی دەوڵەت دێتە کایەوە.

لە ئێستادا زۆر باس لە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی دەکرێت و ئەو بابەتە دەوروژێنرێت، بە شێوەیەک مێدیاکانی جیهان و هەندێک کەسایەتی بەناوبانگی جیهانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا پشتگیری لەم دەوڵەتەی ئایندەی کوردی دەکەن، سەرکردەکانی کوردیش ئەگەر هەتا ئێستا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسیان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی کردبێت، ئەوا ئێستا ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا باسی لێوە دەکەن، هەروەها باس لە گەلێک پەیمانی دەوڵەتان و پشتگیریی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی دەکەن. بێگومان ناجێگیریی و باری شڵۆقی عێراق و کەرتبوونی بۆ چەند ناوچەیەکی مەزهەبی شیعی و سوننی فاکتەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی کورد ئەم لاوازییە بقۆزێتەوە و داوای دەربازبوون بکات لە زەلکاوێکی عێراقێک، کە گەلێک ئاستەمە بزانرێت ئایندەکەی بەرەو کوێوە دەڕوات.

بەڵام با پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین: ئایا لە ئێستادا و لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستان پێیدا تێ دەپەڕێت کورد هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ ئەگەر بەڵێ، ئایا چەندە؟
ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە هەموو هەنگاوێک بەرەو دروستکردنی دەوڵەتی کوردی جگە لە پشتگیریی زلهێزەکانی جیهان پێویستی بە پشتگیریی بەلایەنی کەمەوە “هەندێک” لە دەوڵەتانی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە هەموو کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا هاریکاریی ئەم دەوڵەتە تازەپێگەیشتووە بکرێت، وەلێ لە کۆی باری ناوخۆیی و دەرەکی و نێودەوڵەتی پێویستە سەرنج لەم خاڵانەی خوارەوە بدەین:

1. کورد پێویستە ئەوەی لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت، کە سەرجەم نەتەوەکانی دەوروبەر (عەرەب، تورک و فارس) دۆستی کوردن، هەتا ئەو ساتەی کورد “برا بچکۆلەیە” و داوای مافی سەربەخۆبوون و جیابوونەوە ناکات. هاوکات هزری دیموکراسی و ئازادیی مافی چارەنووس لەناو گەلانی ناوچەکەدا نەگەیشتۆتە ئاستێک، کە ئەو پرۆسەیە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بە گفتوگۆ و ڕێکەوتنی ئاشتییانە سەربگرێت هەروەک ئەوەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە کۆماری چیکۆسلۆڤاکیادا ڕووی دا و لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکەوە بوون بە دوو دەوڵەتی چیک و سڵۆڤاکیا. دەوڵەتان و گەلانی دراوسێ لەنێوان خۆیاندا لەسەر هیچ کۆک نەبن، ئەوا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پلانێکی وەها لەلایەن کوردەوە کۆکن، هەمان شتیش لەناو عێراقدا سەبارەت بە شیعە و سوننە دەگوزەرێت، کە لە ئێستادا هەرچەندێک شیر لە یەک دەسوون، بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد یەک دەنگ و یەکگرتوو بوون و دەبن.

2. دروستبوونی هەر دەوڵەتێکی کوردی واتە گۆڕانکاریی نەخشەی سیاسیی هەموو ناوچەکە. ئەم گۆڕانکارییەش ئەوە دەخوازێت بەرژەوەندیی زلهێزەکانی جیهان لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە تێکدانی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە زۆر بەهێزتر بێت: تورکیا بە درێژایی مێژووی پاش جەنگی جیهانی یەکەم پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆی کردووە، ئێران دەوڵەتێکی بەهێزە و یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی وزە بۆ جیهان، عێراق و سوریا پشتگیرییان لەلایەن سەرجەم دەوڵەتە عەرەبییەکانەوە بە دەست دەهێنن لە هەموو هەوڵێکدا بۆ گۆڕانکاریی سنوورەکانیان. دەرهاویشتەکانی نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە زۆر زۆرتر بێت، لەوەی کە لە ئێستادا چاوەڕوانی لێوە دەکرێت.

3. لەم جیهانە نوێیەدا و لە گۆرانکارییە سیاسییەکاندا گەلێک باسی ئازادی و مافی مرۆڤ دەکرێت، بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و چەندین دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی دیکە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ڕۆڵی گەورە لە گۆڕانکاری و هەڵوێستە سیاسییەکانی جیهان ببینێت بریتییە لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی جیهان و هەر ئەو بەرژوەندییانەش سەنگی مەحەکن. ئەوەی لەم ساتەوەختەشدا لە سوریادا دەگوزەرێت باشترین نموونەیە، کاتێک زیاتر لە نیو ملیۆن مرۆڤ بوون بە قوربانیی جەنگە شاراوەکەی زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکە لەناو خاکی سوریادا. هەر لە هەمان ڕوانگەوە ئەگەر کورد بەزەیی بە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا بێتەوە کە گەورەترین نەتەوەی ناوچەکەیە و کە هەتا ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆی نییە، ئەوا هیچ شتێکی نوێ ناخاتە سەر واقیعەکە تاڵەکە چونکە دەوڵەتانی جیهان مێژووی تێکۆشانی کورد باش دەزانن و زانیاری تەواوەتیشیان لەبارەی قەبارە و پێگەی کورد لە هەموو پارچەکاندا هەیە. کەواتە کورد و نەخشە نوێکەی دەوڵەتی کوردی بەرامبەر بە گۆڕانکاریی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و تێکشکاندنی هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەم دەوڵەتانەی ئێستا دەتوانێت چی پێشکەش بکات؟

4. کەواتە کورد پێویستە شتێک پێشکەش بکات بۆ ئەوەی شتێکی پێشکەش بکرێت، شتێک ببەخشێت بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنێت. ئەگەر باس تەنها لە نەوت و سەرچاوەی وزە بکرێت، هەرچەندە فاکتەرێکی یەکجار گەورە بێت، بەڵام ئەو سەرچاوانە بە هەر شێوەیەک بێت هەروەک هەنووکە پێویستە دەربهێنرێن، بخرێنە بازاڕەوە و ڕوو لە بازاڕی جیهانی بکەن، بفرۆشرێن و لە خزمەتی وڵاتانی هەموو جیهاندا بن. ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت جا ئەگەر دەوڵەتی کوردی دابمەزرێت یان دانەمەزرێت. کەواتە ئەگەر بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیش بدرێت پێویستە فاکتەری پاراستن و دڵنیابوون لە (سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەوە) بۆ سەرتاپای جیهان یەکێک بێت لە فاکتەرە گەورەکانی ئەو بڕیارە. یاخود کام جەمسەرەی جیهان پشتگیریی لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی دەکات، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی سەرچاوەی وزەی خۆی بکات و ئایا لە ئێستادا ئەو بەرژەوەندییانە پارێزراو یان دڵنیا نین؟ جگە لەوەش ئایا کورد لەو بوارەدا هەتا ئێستا چی بەدەست هێناوە؟

5. سەرچاوەی نەوت و گاز: لە چەند ساڵی ڕابردوودا کوردستان بووە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی نەوت و گاز بۆ بازاڕی جیهان و ئەمەش وای کرد کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان لە ئەمریکا، ڕووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکەوە ڕوو بکەنە هەرێم بۆ دەرهێنانی نەوت و وەدەستهێنانی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا. جگە لەوەش گازی سروشتیش بە هەمان شێوە یەکێکە لە سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کە دەتوانێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت بۆ دابینکردنی گاز لە بازاری جیهانیدا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە: بێگومان گەلێک جار ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانە لە پشت پەردەکانەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە داڕشتنی سیاسەتی جیهانی و ئامانجی هاتنیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان بریتییە لە وەدەستکەوتنی بەشیک لەو سامانە سروشتییەی، کە ئەم هەرێمە هەیەتی: لەگەڵ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرە ئەرێنی و نەرێنییەکان ئایا بەرژەوەندییەکانی ئەم کۆمپانیایانە ناکەونە ژێر مەترسییەکی نادیارەوە یاخود سیاسەتی جیهانی پلانێکی وەها دادەڕێژێت، کە ئاسایشی دەوڵەتە نوێکە و بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیایانە هاوکات پارێزراو بن؟

6. “پێشمەرگە” ئەو وشەیەیە، کە خۆی بە سەرتاپای جیهان ناساندووە، ئەو هێزەیە کە دژ بە دڕندەترین هێزی تێرۆری جیهان وەستاوەتەوە و پێگەی خۆی لەناو بەهێزترین سوپاکانی جیهاندا سەلماندووە. هاوکات وشەی پێشمەرگە پەیامێکی دیکەی بە هەموو جیهان گەیاند، کە لە کوردستاندا هێزێکی وەها هەیە، کە بتوانێت پارێزگاری لە خاک و ئەم میللەتە بکات. واتە کێشەش لە هەبوونی هێزێکی پارێزەردا نییە، کە لە ئایندەدا بتوانێت سنوورەکانی ئەو دەوڵەتە نوێیە بپارێزێت، بەڵکوو لەگەل پێکهاتەی ئەو هێزە و پێکهاتەی سیاسیی ئەو هێزەیە. ئەوەی یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کورد دەدات بە دەستەوە (سەرباری بەهێزیی و بەتوانایی پێشمەرگە) ئەوەیە، کە بەشێکی گەورەی هێزی پێشمەرگە هەتا ئەم ساتە وەختەش لە چوارچێوەی حیزب و لەژێر فەرماندەیی دەسەڵاتدار و سەرکردەکانی کورددا کار دەکەن، بەبێ ئەوەی لەژێر چەترێکی نیشتمانی یەکگرتوودا کۆکرابێتەوە و “بەشێوەیەکی پراکتیکی” لەناو وەزارەتێکی حکومەتدا مامەڵەی لەگەڵدا بکارێت، هەرچەندە لە ئێستادا زۆرینەی هێزەکانی پێشمەرگە “لەژێر ناوی وەزارەتی پێشمەرگەدا” بەشداری جەنگی دژ بە داعش بوون، بەڵام واقیعی هێزەکان ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەم هێزانە ڕاستەوخۆ سەر بە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتن. ئەم واقیعەش هەروەک نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هەمیشە ڕووبەڕووی ئەگەری ئەوەمان دەکاتەوە، کە لەوانەیە ئەم هێزانەی پێشمەرگە سەرلەنوێ بکەونەوە جەنگێکی براکوژی تازەوە، بە تایبەتی کاتێک دەوڵەتانی دراوسێ (ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا) بیانەوێت ڕەوشی ناوەوەی دەوڵەتە نوێکە تێک بدەن بە ئامانجی شکستهێنانی پرۆسەی دەوڵەتەکە یاخود بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بکەوێتە مەترسییەوە، کە خاوەن هێزێکی چەکدارن.

7. هەرێمێکی ناجێگیر و شڵۆق لەلایەنی سیاسیی و بەڕێوەبردنی ناوچەکەوە: ئەوەیش کە خاڵی پێنجەم پشتڕاست دەکاتەوە بریتییە لە مێژووی سیاسیی ناوچەکە لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا، کە حیزبە کوردییەکان زۆر بە گرانی توانیویانە کەشێکی هێوری سیاسی، گونجاندن و تێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن، بەڵکوو بە شێوەیەژکی گشتی سەرجەم لەیەکگەشتن و ڕێککەوتنەکانیان بە شێوەیەکی کاتی بووە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حیزبایەتی بووە: قەیرانی سیاسیی هەمیشە یان لەنێوان حیزبەکاندا هەبووە و هەندێک جاریش گەیشتۆتە ئاستی بەکارهێنانی هێز کە ئەمەش ئاسەواری خۆی لە دروستبوونی کێشە لەنێوان دەسەڵات و حیزبەکان لەلایەک، داواکارییەکانی کۆمەڵگا لەلایەکی دیکە دروست کردووە. ئەمەش لە خۆیدا دوورکەوتنەوەی حیزب و دەسەڵات لە کۆمەڵگا دەسەلمێنێت. ئەمەش ئەو وێنەیە دەگوێزێتەوە، کە کۆنەبوونەی هێزە کوردییەکان لەژێر چەترێکی نیشتمانیدا و نەبوونی یەکدەنگییان لەناو خۆیاندا ئەگەرێکی دیکە دەخاتە ڕوو بۆ تەقینەوەی ئەو ناکۆکییە لە هەر ساتێکدا بێت و پاشان بەکارهێنانی هێز (خاڵی شەشەم) بەرامبەر بە یەکتر، کە ئەمەش ئەگەرێکی مەترسیدار دەخاتە بەردەم پێشهاتەکان کە کەمترینیان بریتی دەبێت لە شڵۆقیی سەرجەم ناوچەکە و ئەگەری دروستبوونی کێشەی گەورەتر، جگە لە شکستهێنانی بەردەوامبوونی دەوڵەتە دامەزراوەکە.

8. سەرجەم سەرکردە کوردەکان کاتێک لەگەڵ لایەنێک یان کەسایەتییەک باسیان لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی کردووە یاخود باسیان لە بارودۆخی کورد کردووە، بە بەشێوەی بەزەیی باسی کورد کراوە: باس لە قوربانییەکان، وێرانکارییەکان، مێژووە ڕەشەکەمان و . . . هتد کراوە، کە هەموو جارێک بە ئامانجی ڕاکێشانی سۆزی ئەو لایەنانە ئەم وتانەمان دووبارە کردۆتەوە، بەڵام زلهێزەکانی جیهان مامەڵە لەگەڵ “بەهێز”دا دەکەن، لەگەڵ هێزێک، کە “بوون و هەبوون”ی خۆی بسەلمێنێت، ئەوە پێشان بدات، کە هەیەتی و کە پێی گەیشتووە، کە دەتوانێت پێی بگات و بیخاتە سەر زەمینەی واقیع.
بۆ نموونە: پێش چەند ساڵێک بارودۆخی ژیانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق یەکجار خراپ بوو، جەنگی نێوان سوننە و شیعە بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕۆیشت، هاوکات کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا گەلێک ئارامتر و جێگیرتر بوو، کێشەی سیاسیی نێوان حیزبە کوردییەکانیش بەو شێوەیەی ئێستا نەبوو، کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە بارێکی “ئارامتری سیاسییدا” دەژیا. لەو ماوەیەدا گەلێک جار مێدیای جیهانی باسی لە پێشکەوتنی لایەنە جیاوازەکانی ژیانیان لە کوردستان دەکرد، باسیان لە پێشکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی تاک دەکرد، جگە لە پێشکەوتنی باری ئابووری هەرێم، بەڵام لە ئێستادا نەک تەنها مێدیا بەڵکوو بە دەگمەن کەسایەتییەک یان لایەنێکی فەرمیش بە شان و باڵی ئەو بارودۆخە شڵەژاوەی ژیانی سیاسیی ئێستای کوردستاندا هەڵ بدات، بەڵکوو ئەوەی لەسەر زمان بێت و بووبێت بە سومبولێک بۆ کوردستان تەنها وشەی “پێشمەرگە”یە کە هەموو جیهان باسی دەکات، سیاسەتمەدار و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهانیش باس لە توانا و بەهێزیی پێشمەرگە دەکەن. ئەوەی کێشە بێت لەم خاڵەدا ئەوەیە، کە حیزبە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان هەتا ئێستا سەلماندوویانە کە ئەوان ناتوانن لەناو چوارچێوەی هزرێکی نیشتمانپەروەریدا کۆ و هاوڕا بن، مەخابن ڕێکەوتنەکانیان (هەروەک ڕێکەوتن و ڕێکەوتننامەکانی دیکە) ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، ئەوا هەمیشە لەژێر ئەگەری کاریگەریی لێکپچڕاندا دەبێت. ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی هارێتسی ئیسرائیلی لەژێر ناونیشانی (Instead of Uniting, Kurds Are Busy Fighting Each Other – کوردەکان لەبری یەکگرتنیان سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی یەکترین) تەنها نموونەیەکە لە چەندین نموونەی ڕاپۆرت و هەواڵ کە لە مێدیا جیهانییەکان سەبارەت بە باری شڵۆقی سیاسیی کوردستان بڵاو دەبێتەوە، سەرباری ئەوەی کە لە خودی ئیسرائیلەوە لێرە و لەوێ لەوانەیە دەنگێک بەرزبێتەوە، کە کورد پێویستە ببێت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی.

9. ئایا پاش چارەکە سەدەیەک چیمان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت پێک هێناوە؟ بێگومان هەرێمی کوردستان لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام جیاوازییەکی گەلێک گەورە هەیە لەنێوان گۆڕانکاری و گەشەسەندن، چونکە مەرج نییە گۆڕانکارییە گەورەکان گەشەی گەورە لە ژێرخانی بناغەی ژیانی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیاندا بهێنن. کێشەکانی هەرێم لەبواری ئابووری، پلاندانان، بواری کار، تەندروستی، ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ و گەلێک بواری دیکە بواری ئەو پاساوانە ناهێڵنەوە، کە هەندێک لایەنی کوردی بۆ فاکتەری بابەتی و بارودۆخی ناوچەکە بگەڕێننەوە. هەموو ئەم کێشانە وتەیەکی هاوڕێیەکی جولەکەم وەبیر دەهێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ پێی وتم: ئەوەی ئێوی کورد لە ماوەی ١٧ ساڵدا (١٩٩١-٢٠٠٨) بەجێتان نەهێناوە، ئێمە لە شەش مانگی پێش ساڵی ١٩٤٨ بەر لە دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل جێبەجێمان کرد.

دوا وشە: سیاسەتی سەرکەوتوو گەمەی یاریزانە بەهێزەکانە، مەرج نییە ڕکابەری زلهێزەکانی جیهان بکرێت، بەڵام گرنگە ئەگەر هەنگاوەکان هەرچەندێک کورت و بچوکیش بن، بەڵام دروست بن. مەخابن نەتوانین و شکستهێنانی گەلێک هەنگاوی دەسەڵاتداران لە مەیدانی سیاسیی کوردستاندا لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا، کارکردن لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەکان و نەبوونی هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە حیزبییە و بەرفراوانکردنی ئەو سنوورەیان بەرەو نیشتمانێک، زنجیرەی کێشە سیاسییەکانی هەرێم و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز، جێگیرنەبوونی هەرێم لە دروستکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی یەکگرتووی پتەودا و دابەشبوونی هێزەکان بەسەر جەمسەری ئێران و تورکیادا هەموو ئەمانە خەسڵەتێکی نەرێنین لە پێکهاتەی سیاسیی هەرێمدا. هاوکات ناوچەکە لە گۆڕاندایە، داعش و جەنگی ناو سوریا و گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەکانی ناو تورکیا بەبێ گۆڕانکاری بەسەر ناوچەکەدا تێناپەڕێت، کە ئەمەش لەوانەیە لەم نەخشە نوێیەی خۆرهەڵاتدا کوردستانیش بگرێتەوە. ئامادەبوونی هەموو ئەم نوێنەرانەی دەوڵەتەجیاوازەکانی جیهان لە کوردستاندا ڕوویەکی تری ئەرێنی پێگەی کوردستان پێشان دەدەن، کە ئەم ناوچەیە شوێن بایەخی گەلێک دەوڵەتی خاوەن بڕیارن لەناو مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا. وەلێ لەناو هەموو ئەم خاڵە ئەرێنی و نەرێنییانە کام ئاراستەیان سەرکەوتوو دەبێت، کام جەمسەرەی جیهان پاڵپشتی کورد دەکات و کامیان ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم مەترسییەکانی دەبێت، ئایا سەرکردەکانی کوردیش لەگەڵ “پێداویستی قۆناغە مێژووییەکە” شێوازی تێڕوانین و یەکگرتویی خۆیان دەگۆڕن، ئایا حکومەتی بەغداد بە چ کاردانەوەیەک ڕووی خۆی لە بڕیارێکی وەهای سەرکردایەتی کورددا پێشان دەدات: هەموو ئەمانە کۆمەڵێک هاوکێشەی قورسن، کە ئان و ساتی سیاسیی وەڵامیان دەداتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply