Skip to Content

Saturday, May 21st, 2022

کاتێک دادگاکانی که‌تن که‌تن ده‌که‌ن

Closed
by December 29, 2010 گشتی

سیروان عه‌بدول

که‌تنی ئه‌مجاره‌ی دادگای که‌تنی هه‌ولێر گه‌وره‌تره‌ له‌ که‌تنه‌کانی پێشووتری. دادوه‌ره‌کانی ئه‌م دادگایه‌ کاتێک پێشتر بۆ مێژوو شه‌رمه‌زاییه‌کی وایان بۆ خۆیان تۆمارکرد نووسه‌رێکیان له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌کردنی سه‌رانی حیزبێکی سیاسیی، به‌ ٣٠ ساڵ زیندانیی حوکم دا، ئه‌و کاره‌یان شه‌رعییه‌تدانێک بوو به‌ خۆفه‌رزکردنی ئه‌و حیزبه‌ به‌سه‌ر موقه‌ده‌راتی کۆمه‌ڵگای کوردییدا. به‌ڵام ئه‌مجاره‌ کاتێک سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (وێران) له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌قی ئێرۆتیکیی و له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروڕای جیاواز له‌ بیروڕای باو له‌سه‌ر ئایین، به‌ زیندان و غه‌رامه‌ و مه‌نعی چالاکیی سزا ده‌ده‌ن، ئه‌م کاره‌یان شه‌رعییه‌تدانێکی خه‌ته‌رناکه‌ به‌و ئیلحاحه‌ی ماوه‌یه‌که‌ هێزه‌ ئاینییه‌ که‌متۆڵێڕانسه‌کان ده‌یکه‌ن له‌سه‌ر دژایه‌تییکردنی ئازادیی بیروڕا و داخستنی کۆمه‌ڵگای کوردیی به‌سه‌ر خۆیدا.

دروست نییه‌ ئه‌و حوکمه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ له‌ دادگای که‌تنی هه‌ولێره‌وه‌ دژ به‌ گۆڤاری (وێران) ده‌رچوو هه‌ر ته‌نها وه‌ک حه‌ڵقه‌یه‌کی تری ساده‌ی ئه‌و زنجیره‌ هێرشه‌ چاو لێ بکه‌ین که‌ ماوه‌یه‌که‌ ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ ئاینییه‌کان ده‌یکه‌نه‌ سه‌ر ئازادیی بیروڕا و سه‌ر کراوه‌یی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌. به‌لای منه‌وه‌ ده‌رچوونی حوکمێکی وا له‌ دادگاوه‌ ئه‌و هێرشانه‌ ده‌باته‌ قۆناغێکی خه‌ته‌رناکتره‌وه‌. تا ئێستا هێرشی مه‌لاکان و  ئیسلامیسته‌کان بۆ سه‌ر ئازادییه‌کانی خه‌ڵک و ڕۆشنبیران له‌سه‌ر ئاستی شه‌عبیی و له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌ندی سیاسییدا بوو و تا ئێستا ئه‌م هێرشه‌ له‌ جوڵاندنی شه‌قام و بزواندنی هه‌ستی ئاینیی خه‌ڵکی ساده‌ و له‌ ئیدانه‌ و گوشارهێنان بۆ هێزه‌ سیاسییه‌کان تێپه‌ڕی نه‌کردبوو. ئه‌م حوکمه‌ی دادگای که‌تنی هه‌ولێر سه‌ره‌تای قۆناغێک دیاریی ده‌کات که‌ تیایدا ئیتر ده‌سه‌ڵات له‌پێناو ڕاوه‌دوونانی ئه‌وانه‌ی سه‌غڵه‌تیی هه‌م بۆ خۆی و هه‌م بۆ هێزه‌ نادیموکراته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات دروست ده‌که‌ن، سه‌نگه‌رگیرییه‌کی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ مه‌لاکان و هێزه‌ ئیسلامییه‌کاندا دروست ده‌کات و به‌و هێز و سه‌نگه‌وه‌ که‌ حوکمدارێتیی و هه‌بوونی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تدا پێی ده‌به‌خشێت ده‌چێته‌ پشت هێزه‌ ئیسلامییه‌کان و ده‌چێته‌ پشت ئه‌و به‌ها دژه‌-ئازادییانه‌ی ئه‌وان کار بۆ چه‌سپاندنیان ده‌که‌ن.

ئه‌مه‌ ستراتیجییه‌تێکه‌ که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و پارتی دیموکراتی کوردستان له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا چه‌ندین جار نموونه‌ی لێ پیشان داوه‌ و له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا، هه‌رکات ناکۆکیی که‌وتبێته‌ نێوان ئازادیی بیروڕا و پارێزراویی ئایین له‌ ڕه‌خنه‌وه‌، بێ دوودڵیی پشتی کردۆته‌ یه‌که‌میان و پشتگیریی ته‌واوی خۆی بۆ دووه‌میان ڕاگه‌یاندووه‌. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و ڕۆڵ و ئاماده‌گییه‌ زۆره‌ی ماوه‌یه‌که‌ مه‌لای مزگه‌وته‌کان و ئیسلامیسته‌کان له‌ گۆڕه‌پانی سیاسییدا بۆ خۆیان داپچڕیوه‌.

دیاره‌ ئه‌م پاڵپشتییه‌ بۆ هێزه‌ ئاینییه‌کان خه‌ته‌ری گه‌وره‌ی بۆ خودی پارتی دیموکراتی کوردستان و حوکمداریی ئه‌و ده‌بێت له‌ داهاتووی دووردا چونکه‌ چی پارتیی و چی یه‌کێتیی مان و نه‌مانی نفوز و ده‌سه‌ڵاتیان له‌ مه‌رجی مانه‌وه‌ و به‌هێزبوونی ڕه‌وتی عه‌لمانیی کۆمه‌ڵگادایه‌ نه‌ک ڕه‌وتی ئیسلامیزم. گرفتی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ تووڕه‌یی سیاسه‌ت ده‌کات و به‌داخه‌وه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا حه‌زی ئه‌وه‌ی هه‌رئێستا و ده‌موده‌ست تێکشکانی نه‌یاره‌کانی ئێستای خۆی ببینێت، له‌ هه‌موو دووربینیی و لێکدانه‌وه‌یه‌کی ستراتیجیی خستووه‌.

ئه‌وه‌ی له‌ خه‌ته‌ری ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ ئه‌هریمه‌نانه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئیسلامیسته‌کان زیاد ده‌کات ئه‌و مانیپۆله‌ ته‌واوه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ده‌زگای قه‌زایی و دادگاکاندا هه‌یه‌تی و ئه‌و زه‌لیلیی و وه‌لائه‌ خه‌ته‌رناکه‌یه‌ که‌ دادوه‌ران و پیاوانی یاسا له‌ئاست حیزبدا پیشانی ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌یه‌ که‌ ئیسلامیسته‌کان له‌مه‌ودوا که‌ره‌سته‌یه‌کی کاراتر له‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌کان و له‌ ڕۆژنامه‌کان ده‌خرێته‌ ئیختیاریانه‌وه‌ تا بتوانن ئازادیی بیروڕای له‌ کۆمه‌ڵگادا پێ به‌رته‌سک بکه‌نه‌وه‌. بۆ ئه‌وان ئه‌گه‌ر تائێستا ئه‌و ئیدانانه‌ی له‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌کان و له‌ ڕۆژنامه‌کاندا دژ به‌ ڕۆشنبیران و نووسه‌ران ده‌یانووت هه‌ر ته‌نها خیتابێکی سیاسیی هێزگه‌لێکی کۆنسه‌رڤاتیڤ بوو، له‌مه‌ودوا حوکمێکی قه‌زاییه‌ و ئه‌و سزایانه‌ی له‌سه‌ر موماره‌سه‌کردنی ئازادیی بیروڕا بۆ نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆشنبیران ده‌بڕدرێته‌وه‌ شه‌رعییه‌تی قه‌زایی ده‌بێت و قسه‌کردن له‌ ناحه‌قبوونی قورستر جێ ده‌گرێت.

دادگاکانی کوردستان به‌داخه‌وه‌ هه‌رده‌م که‌ره‌سته‌یه‌ک بوون به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ بۆ سزادان و په‌کخستنی نه‌یارانی خۆیان، به‌ڵام به‌تایبه‌ت له‌م ماوانه‌ی دواییدا، دوای ئه‌و لێشاوی سکاڵاتۆمارکردنه‌ی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌سه‌ر نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌کان و به‌جیددی-وه‌رگرتنی ئه‌و سکاڵایانه‌ له‌لایه‌ن دادگاکانه‌وه‌، ده‌زگای قه‌زایی له‌ هه‌موو مانایه‌کی دادپه‌روه‌ریی داماڵرا و هه‌موو ئیعتیبارێکی خۆی وه‌ک ده‌زگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ و دادپه‌روه‌ر له‌ده‌ست دا.

من پێموایه‌ ئه‌گه‌ر دادوه‌ران و یاساناسان له‌ کوردستان ده‌یانه‌وێت ئیعتیبارێک بۆ خۆیان و بۆ ده‌زگای دادوه‌ریی بگێڕنه‌وه‌، ده‌بێت هه‌ڵوێستی توند و به‌رچاو وه‌ربگرن له‌و ده‌ستێوه‌ردانانه‌ی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ڕێگه‌ به‌ خۆیان ده‌ده‌ن له‌ کاروباری دادگاکاندا بیکه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تا ئێستا ئه‌مه‌ نه‌کراوه‌ و له‌به‌ر زۆر حیساباتیش چاوه‌ڕوانکراو نییه‌ کارێکی وا له‌ داهاتوویه‌کی وا نزیکدا بکرێت، بۆ خه‌ڵکی ئێمه‌ پێویست ناکات چیتر ئه‌و هه‌موو پێداگرییه‌ بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ قسه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ له‌ ناکۆکییه‌کاندا بدرێته‌ ده‌ستی دادگاکان و ئه‌و هه‌موو گره‌وه‌ له‌سه‌ر لایه‌نگریی ده‌زگای قه‌زایی هه‌رێمی کوردستان بۆ دادپه‌وه‌ریی بکه‌ن. ڕه‌سمییه‌تپه‌یداکردن بۆ دادگاگه‌لێکی ئاوا لاواز هیچێک له‌ جێگه‌وڕێگه‌ی دادپه‌روه‌ریی له‌ کۆمه‌ڵگادا به‌هێز ناکات.

من پێموایه‌ ڕۆشنبیران و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی له‌ کوردستان ووزه‌یه‌کی زۆری خۆیان له‌ نووسینی پڕۆژه‌یاسا و پێداگریی له‌سه‌ر ده‌رکردنی یاسا به‌ هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن. ئه‌وان ئه‌وه‌ لای خۆیان نادیده‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌و یاسایانه‌ هه‌رچییه‌ک بن، ئه‌مری جێبه‌جێکردنیان ده‌درێته‌ ده‌ستی دادوه‌رانێک که‌ له‌ ماوه‌ی نۆزده‌ ساڵی ڕابردوودا هیچ ئیقدامێکی وا جێگه‌ی شانازییان له‌پێناوی داکۆکیی له‌ مافه‌کانی خه‌ڵک له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدا نه‌نواندووه‌ که‌ بتوانن ئه‌مڕۆ ئاماژه‌ی پێ بکه‌ن و متمانه‌ی ئێمه‌ی پێ به‌رنه‌وه‌. که‌س نا ڕۆژنامه‌نووسان ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه‌ ببینن که‌ له‌ ماوه‌ی دوای ده‌رچوونی یاسای ڕۆژنامه‌وانیی (که‌ بڕیاره‌ یاسایه‌ک بێت که‌ زۆر مافی گرنگی بۆ ڕۆژنامه‌نووسان ڕه‌سمییه‌ت پێ دابێت) به‌پیچه‌وانه‌وه‌، ته‌گه‌ره‌دروستکردنی ده‌سه‌ڵات له‌به‌رده‌م چالاکیی ڕۆژنامه‌وانییدا زیادی کرد و ئه‌مجاره‌ ڕۆژنامه‌نووسان به‌وه‌سیله‌ی ده‌زگای قه‌زایی‌ گرفت و سه‌غڵه‌تیی زیاتر له‌ جارانیان بۆ دروست ده‌کرێت.

نموونه‌یه‌کی تر ده‌کرێت ئه‌وه‌ بێت که‌ له‌کاتێکدا عێراق ته‌ره‌فه‌ له‌ په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی مافه‌ مه‌ده‌نیی و سیاسییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ مافی ڕاده‌بڕینی ئازادانه‌ یه‌کێکه‌ له‌ بڕگه‌ ئه‌ساسییه‌کانی و له‌کاتێکدا ئه‌و مافه‌ له‌ ده‌ستوری وڵاتیشدا ڕه‌سمییه‌تی پێدراوه‌، که‌چی دادگا ده‌چێت سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (وێران)ی به‌ مه‌نعی چالاکیی بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ سزا ده‌دات. به‌ڕای من مه‌نعی چالاکیی نابێت سزایه‌ک بێت ده‌زگای قه‌زایی حه‌قی هه‌بێت بیدات. ده‌زگای قه‌زایی ده‌توانێت یان به‌ غه‌رامه‌ یان زیندان که‌سێک سزا بدات. به‌ڵام مه‌نعی چالاکیی له‌ که‌سێک بۆ ماوه‌یه‌ک یه‌عنی تاجیلکردنی مافی ئه‌و که‌سه‌ بۆ ده‌ربڕینی بیروڕای خۆی بۆ دوای ئه‌و ماوه‌یه‌. تاجیلکردنی ئازادیی بیروڕاش بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌ عه‌مه‌لدا یه‌عنی زه‌وتکردنی مافی ڕاده‌ربرینی که‌سێک بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ. سزای له‌م چه‌شنه‌ سزایه‌کی سیاسییه‌ و بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵات له‌ ڕه‌خنه‌ و گوشاری ڕه‌خنه‌گران دانراوه‌، ئه‌گینا مافی قسه‌کردن و ڕاده‌ربڕین مافێکی بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر ئینسانێکه‌ و هیچ دادگایه‌ک و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی تر به‌هه‌ر بیانوویه‌که‌وه‌ بێت حه‌قی ئه‌وه‌ی نییه‌ بۆ یه‌ک له‌حزه‌ وه‌ک سزادانێک له‌ که‌سێکی وه‌رگرێته‌وه‌. بیرمان نه‌چێت که‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ زیندانیشدان مافی ڕاده‌ربڕینی ئازادانه‌یان پارێزراوه‌ و که‌س ناتوانێت به‌بیانووی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ زینداندان لێیان زه‌وت بکات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر لای ئێمه‌ هێشتا یاسایه‌ک هه‌یه‌ ئه‌م جۆره‌ پێشێلکارییانه‌ شه‌رعییه‌ت پێده‌دات و دادگایه‌کیش هه‌یه‌ ده‌رگا بۆ پراکتیکردنه‌وه‌یان ده‌کاته‌وه‌، کاری دروست ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئێستادا ئه‌م دادگایانه‌ بخرێنه‌ ژێر گوشاری ڕه‌خنه‌وه‌ و وه‌ک چه‌کێکی ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌ کارکردیان که‌مبکرێته‌وه‌  نه‌ک وه‌ک مه‌رجه‌عێکی دادپه‌روه‌ر چاویان لێبکرێت.

23.12.2010
sirwanebdul@yahoo.com

Previous
Next