ڕه‌سوول هه‌مزه تۆڤ : من په‌یامنێری داغستانم له هه‌موو دنیادا
وه‌رگێڕانی : عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی
چه‌ند ویستگه‌یه‌ك له ژیانی ڕه‌سوول هه‌مزه‌تۆڤ:
* له ساڵی (1923) له داغستان له‌دایك بووه.
* به‌شداریی له‌جه‌نگی دووه‌می جیهاندا كردوه.
* له ساڵی (1950)وه پله‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕیی یه‌كێتیی نووسه‌رانی داغستان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سۆڤێتی وه‌رگرتووه.
* خه‌ڵاتی لێنینی له بواری ئه‌ده‌ب پێ به‌خشراوه كه به‌رزترین خه‌ڵات بووه له یه‌كێتیی سۆڤێت.
* له ساڵی (1958) نازناوی شاعیری میللیی داغستانی پێ به‌خشرا.
* زیاتر له بیست ساڵان ئه‌ندام رێكخراو بووه له په‌رله‌مانی سۆڤێت.
* سكرتێری كارگێڕیی یه‌كێتیی گشتیی نووسه‌ران بووه له یه‌كێتیی سۆڤێت.
* نازناوی پاڵه‌وانی كاری سۆسیالیستیی پێ به‌خشراوه.
* له ساڵی (1987) خه‌ڵاتی (لوتس)ی ئه‌فرۆئاسیایی دراوه‌تێ.
* له مارتی (1989) خه‌ڵاتی جه‌واهیر لال نه‌هرۆی له هیند پێ به‌خشراوه.
له گرنگترین شاكاره‌كانی:
ئه‌ستێره به‌رزه‌كان (1963)، هه‌ڵبژارده (1964)، نووسینه‌كان (1964)، ئه‌ستێره به‌گوێی ئه‌ستێره‌دا ده‌چرپێنێ (1964)، هه‌ڵبژارده‌ی لیریكی (1965)، به روخسهتت (1965)، داغستانی من (1968)، فڕینێكی ئاشكرا (1969)، كۆمه‌ڵه شاكارێك له سێ به‌رگ (1968، 1969).
* كتێبه‌كانی بۆ زۆربه‌ی زمانانی دنیا وه‌رگێڕدراون و نزیكه‌ی (100) كتێبیشی له‌نێوان شیعر و په‌خشان و دووباره چاپكردنهوهدا بڵاوكردۆته‌وه.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی ئه‌و دیمانه‌یه كه ژنه رۆژنامه‌نووسی كوێتی حه‌مدیه خه‌له‌ف له ژماره 88 ی ساڵی 1999 ی گۆڤاری الكویت له‌گه‌ڵ ڕه‌سوول هه‌مزه تۆڤ ی سازداوه. له‌به‌ر گرنگی و بایه‌خی دیمانه‌كه و یه‌ك دوانێك له شیعره‌كانی به باشم زانی خوێنه‌ری كورد لێی ئاگابڕاو نه‌بێت:
* تۆ كێی جگه له‌و هاووڵاتییه سۆڤێتییهی كه شان و باهوو پڕ له خه‌ڵاتی به‌رزی ئه‌ده‌بی و پله‌ی سیاسیی گرنگ و پایه‌ی به‌رزت له نیشتمان و وڵاتانی ده‌ره‌وه؟
– من هه‌ر له ساڵانی منداڵێمه‌وه عاشق و مه‌حبووب و دڵگر بوویمه لای خه‌ڵك و هه‌ر ئاواش ده‌مێنمه‌وه، به‌درێژاییی ده‌یان ساڵان له‌باره‌ی سێ شتهوهم نووسیوه: وڵات و زه‌مه‌ن و ژن . به‌ر له‌وه و دوای ئه‌وه‌ش په‌یامنێری به‌رده‌وامی داغستان ده‌بم له هه‌موو دنیادا.
* ده‌ڵێن گوایه وڵاتێكت هه‌یه بناغه‌ی خۆشه‌ویستی خۆیه‌تی و ئاڵا و ده‌ستوور و سروودیشی هه‌یه. چیرۆكی ئه‌م وڵاته چییه؟
– به‌ڵێ، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سهرسڕمانیشه، ڕای خۆم له قه‌سیده‌یه‌كم دا به‌ناوی (وڵاتی ئه‌ڤین) ده‌ڕبریوه و تیایدا ده‌بێژم:
وڵاتی ئه‌ڤینم داهێنا
دروشمی تایبه‌تیشم بۆی داهێنا
له جیاتی چه‌كوش و داس
دڵم له‌سه‌ر ده‌ستت دانا
له‌سه‌ر په‌ڕۆ سوورهكهشی
گوڵه‌گه‌نمی قژت دانرا
سروودێكیشم بۆ ئه‌و وڵاته داهێنا
نه ڕووسیا له‌و سرووده‌دا
له هه‌موو شتێ به‌رزتره
نه داغستان
به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له هه‌مووان به‌رزتره
ئه‌ڤینه.. ئه‌ڤین
ئاڵایهكیشم بۆ ئه‌و وڵاته داهێنا
ڕه‌نگی سوور . ڕه‌نگی خه‌بات بوو
ڕه‌نگی سپیش . ڕه‌نگی ئاشتی بوو
به‌ڵام من پارچهكم له په‌لكه زێرینه كرده‌وه
كردم به ئاڵای وڵاته‌كه‌م و
له سه‌ریم نووسی:
(یه‌كێتیی ئاشقانی دنیا) .
* مامۆستا ڕه‌سوول. چه‌ند ویستگه‌یه‌ك له ژیانی هه‌ر داهێنهرێكدا هه‌یه كه تیایدا ده‌وه‌ستێت . ئایا ئه‌م ویستگانه چی‌یان پێ به‌خشیوی و تۆ چیت پێ به‌خشیون؟
– من به‌درێژاییی ژیانم نه‌وه‌ستاوم . شیعر باڵنده‌یه‌كی چه‌توونه و به‌رده‌وامه له فڕین له ونبوون دا. ڕاوه‌ستان و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك له‌م فڕینه‌دا نییه.
ئه‌گه‌ر ویستگه‌یه‌ك بۆ ڕامان هه‌بێت ئه‌وا ئه‌مه له هه‌موو مرۆڤێكدا هه‌یه، نه‌ك هه‌ر له خه‌ڵكانی داهێنه‌ر. خه‌ڵكانێك هه‌ن له‌گه‌شت و گوزاردا له سنووری خاكێكدا ده‌وه‌ستن، خه‌ڵكانێكی تریش هه‌ن كه له مێژووهكهیاندا كاتێ گۆڕی شه‌هیدانیان ده‌بینن ئه‌و كاته ده‌وه‌ستن . ئێمه‌ش وه‌ك مرۆڤ كاتێك ده‌وه‌ستین كه كاره‌ساته‌كانی بوومه‌له‌رزه و ئه‌و ڕووداوه گه‌ورانه به‌رپا ده‌بن كه دنیا ده‌هه‌ژێنن . ڕاده‌وه‌ستین بۆ ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه به‌خۆوه بگرین. پیاوانیش به تایبه‌ت شاعیران كاتێك ده‌وه‌ستن كه ده‌گه‌نه ژنێكی جوان، من به هه‌موو ئه‌وانه‌دا تێپه‌ڕیوم. ئه‌گه‌ر ده‌شته‌وێ له باره‌ی منداڵیی خۆمه‌وه قسه‌ت بۆ بكه‌م، ئه‌مه وه‌ك كتێبێكه كه ده‌توانیت بگه‌یته ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی و له بابه‌ته‌كانی بگه‌یت،، به‌ڵام من له منداڵی دا هیچم نه‌كردوه، هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ده‌وروبه‌رم كاریان بۆ كردووم، به‌داخێكی زۆره‌وه له شیعره‌كانمدا ته‌مه‌نی منداڵی به‌دی ده‌كرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من ئه‌و شاعیرانه‌م لاگرنگ و خۆشه‌ویسته كه قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی داهێنانیان به‌ش به‌ش ناكه‌ن وه‌ك شاعیر و بیرومهند و فه‌یله‌سووفی ڕووسی (تۆدۆر تۆچیڤ)ی سه‌ده‌ی نۆزده‌م كه ته‌مه‌نی منداڵیی له شیعره‌كانیدا نییه، هه‌روه‌ها عومه‌ر خه‌یام و شاعیری ئینگلیز وربهت پرنس . منداڵی هه‌ر ته‌نیا خۆشیی شیعر نییه، به‌ڵام بێگومان جێ په‌نجه و شوێنه‌واری خۆی به‌سه‌ردا به‌جێ دێلێ .
* له شاكاره ناودارهكهت (داغستانی من)دا وته‌یه‌ك هه‌یه كه حه‌زده‌كه‌ین ساتێك قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌یت. له‌وێ وتوته (ئه‌م ده‌رگایه مه‌شكێنه چونكه كلیل ده‌یكاته‌وه). ده‌پرسین: ئایا كلیلی شیعر لای ڕه‌سوول هه‌مزه‌تۆڤ چییه؟. له ڕوانگه‌ی خۆته‌وه ئایا بۆ داهێنانی مرۆڤایه‌تی كلیلێكی تایبه‌ت هه‌یه؟
– تكایه ئه‌مه بزانه له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌تدا هه‌ر چییه‌ك بڵێم قسه‌كه ناكامڵه. قه‌ت ئه‌م پرسیاره له شاعیر مه‌كه، هه‌ر شاعیرێك كلیلێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، گوشار خستنه سه‌ر شیعرێك له هه‌موو سه‌رده‌م و مهكانێكدا یاساغه. هه‌زاران ساڵ به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا ڕۆییوه و مرۆڤ نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی ئه‌مه بداته‌وه، شیعر ڕێكه‌وته یاخود شۆكه (صدمه) هه‌روه‌ك ده‌یبینن. ئه‌مه‌ش ده‌توانرێت ته‌نیا ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ هه‌ر شاعیرێك، به‌ڵام شكاندنی ده‌رگایان به مه‌به‌ستی زانینی ئه‌وه‌ی چی له پشته‌وه‌یه، ئه‌وا شیعر دژی ئه‌مه‌یه. ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كه‌دۆنی سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی مه‌زن بوو. كاتێك ده‌یویست كورسییه‌ك بشكێنێت كه هی ئه‌و نییه. ئه‌مه نابێت. ئه‌مه وه‌ك ئه‌و په‌نده وایه كه لای ئێمه باوه، سۆڤێتییه‌كان به‌یه‌كیان ده‌گوت (ئه‌گه‌ر تۆ سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی مه‌زنی، كوردسییان مه‌شكێنه، به‌ڵكو بڕۆ جه‌نگان، سوپایان بشكێنه). به‌كورتی هێز و گوشار دژكارن له‌گه‌ڵ شیعردا.
* كێ مامۆستا و ڕه‌خنه‌گری یه‌كه‌مته و شیعره‌كانی خۆتی نیشان ده‌ده‌یت ئه‌وكاته‌ی كه ده‌یاننووسیت؟
– (هه‌مزه تۆڤ )ی باوكم مامۆستای یه‌كه‌مم بوو، به‌ڵام مامۆستای دووه‌مم شاعیری داغستانی (دیكابیۆ) بوو. ژیانیش هه‌مووی قوتابخانه‌مه، باوكم شاعیرێكی گه‌وره و ڕووناكبیر بووه و هه‌ندێك له شیعره‌كانی به زمانی عاره‌بی نووسیون، هه‌روه‌ها قورئانی پیرۆزیشی له‌ژێر ده‌ستی مه‌لایانی داغستان خه‌تم و له‌به‌ر كردبوو. من زۆر كاریگه‌ریی ئه‌وم له‌سه‌ر بوو كاتێك ده‌ستم به نووسین كرد، (هه‌مزه تۆڤ )ی باوك ناوبانگێكی گه‌وره‌ی له گونده‌كه‌مان په‌یدا كردبوو، خه‌ڵكان شیعری من و باوكمیان لێ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ ده‌بوو، بۆیه هه‌ندێك جار لێیان ده‌پرسیم: ئه‌رێ بۆچی ئێستا باوكت شیعری له‌ڕ و لاواز ده‌نووسێ؟ (پێده‌كه‌نێ) چونكه لایان وابوو شیعره‌كانی من هی باوكمن یان ئه‌و بۆ منی ده‌نووسێ.
به‌ڵام ره‌خنه‌گری یه‌كه‌مم ژنه‌كه‌مه، هه‌ر كه له نووسینی شیعرێك ده‌بمه‌وه، ئه‌وا ده‌موده‌ست بۆی ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌گه‌ر ڕای لێ بوو، ئه‌وا پێشكێشی داغستانی ده‌كه‌م .
* وه‌ك زانراوه گه‌لێك پله و پایه‌ی سیاسیت هه‌یه و له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌شدا زۆر كۆمه‌ڵایه‌تیت و به‌و پێیه‌ش كه‌وا شوێنێكی ئه‌ده‌بیی دیارت له وڵاته‌كه‌تدا هه‌یه (چوارده پله و پایه). ئایا چ كاتێكی وات بۆ ده‌مێنێته‌وه كه له‌گه‌ڵ خاو و خێزانه‌كه‌تدا هه‌ڵبكه‌یت؟
– من هه‌رده‌م كاتم بۆ خاو و خێزانم هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان كاتیان نییه بۆ من، ئێمه له سه‌رده‌مانێكدا ده‌ژین كه هه‌مووان به‌شه‌و و ڕۆژ خه‌ریكی ئیش و كارن، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعر كێشه‌یه‌كی مه‌زنه، بۆیه خێزانه‌كه‌م ڕیز و حسێب بۆ هه‌ر شتێك داده‌نێت كه ده‌یكه‌م . بێگومان ئه‌و كاته ده‌توانم شیعر بنووسم كه ته‌نیام و پێشكه‌شی منداڵه‌كانم و خێزانه‌كه‌م و هاوڕێیان و خه‌ڵكانی دیكه‌ی ده‌كه‌م. به‌ڵام من خه‌ڵك به‌گرنگتر ده‌زانم له شیعر. بۆیه نامه‌وێ بچمه ڕیزی ئه‌و بلیمه‌ت و داهێنه‌رانه‌وه كه هه‌مووكات و ساتێك له‌خاو و خێزانیان ده‌بڕن و ده‌یبه‌خشنه داهێنان.
*مامۆستا ڕه‌سوول، له شیعره‌كانت و له ژیانتدا وتوته من جلوبه‌رگی ئاوروپایی ده‌پۆشم و ئه‌و جامانه‌یه ناكه‌مه سه‌رم كه باوكم له‌سه‌ری ده‌نا. ئایا ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ئێوه پابه‌ندی تازه‌گه‌ری و پێشكه‌وتنن و كه‌له‌پوور فه‌رامۆش ده‌كه‌ن؟
– قه‌سیده‌یه‌كم هه‌یه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ت ده‌داته‌وه كه به‌ناوی (ئاخ ئاخ)ه، ئه‌مه‌ش ناوی گوندێكی داغستانه له چیا. قه‌سیده‌یه‌كه له باره‌ی كچێكی ئه‌و گونده‌وه ده‌دوێ كه ئێواره‌یه‌كیان كوڕێك هه‌ڵده‌بژێرێ بۆ خۆی . هه‌موو بووكه‌كانی گونده‌كه و كچه‌كانیان كڵاوه‌كانیان بۆ كوڕه‌كانی گونده‌كه هه‌ڵده‌ده‌ن . كوڕێك ده‌بێت سه‌ردانی كچێك ده‌كات و كڵاوه‌كه‌ی خۆی بۆ به‌جێ دێلێ، به‌ڵام كچه‌كه كڵاوه‌كه‌ی خۆی ده‌داته كوڕێكی تر كه خۆی حه‌زی لێ ده‌كات . ئه‌م چیرۆكه له كه‌له‌پووری داغستاندا باوه . له قهسیدهیهكمدا كڵاوه‌كه‌ی خۆمم بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌م هه‌ڵداوه، به‌ڵام ئه‌و له په‌نجه‌ره‌وه كڵاوه‌كه‌ی به‌دوادا ههڵداومهتهوه و پێی گوتووم: جارێ تۆ منداڵی، بڕۆ چاوه‌ڕێ به كه‌ینێ گه‌وره بووی وه‌ره‌وه، بڕۆ به دنیادا بگه‌ڕێ، بزانه حه‌قیقه‌تی ژیان چۆنه ئینجا وه‌ره لام . ئه‌وه بوو ڕۆیشتم و به‌دنیادا گه‌ڕام و جارێكی دیكه چوومه‌وه لای و كڵاوه‌كه‌ی خۆم له په‌نجه‌ره‌كه‌ی بۆ هه‌ڵدایه ژوورێ (وه‌ك چۆن چیرۆكه میللییه‌كه ده‌یڵێ)، هه‌ر كه خۆشه‌ویسته‌كه‌م كڵاوه‌كه‌ی بینی یه‌كسه‌ر له په‌نجه‌ره‌وه كڵاوه‌كه‌ی به ڕوودادامهوه، ئه‌مه‌ش واتای ڕه‌تكردنه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌وه بوو پێی گوتم: تۆ زۆر دره‌نگ هاتیه‌وه(پێده‌كه‌نێ) ئا به‌م شێوه‌یه من به‌رده‌وام دواكه‌وتووم، كڵاوی دوو نه‌وه كه ده‌بوایه بیپارێزم كه‌چی منداڵ بووم و ونم كرد، پاشان فڕێم دایه سه‌ر زه‌وی ، چونكه ئه‌م كڵاوه چیاییه دیمه‌نێكی جوانی له‌نێو كڵاوه ئاوروپاییهكاندا نه‌بوو، پاشان كه هه‌راش بووم و پێگه‌یشتم و له نه‌زانی دووركه‌وتمه‌وه و گه‌ڕامه‌وه نیشتمانی خۆم و كڵاوه ئاوروپاییهكهی سه‌رم له‌نێو كڵاوه چیاییهكاندا سه‌یر و سه‌مه‌ره بوو، وه‌ك ئه‌وه بوو هی دنیایه‌كی دیكه بێت، بۆیه ئه‌ز جلوبه‌رگی ئاوروپایی ده‌پۆشم و ئه‌و جامانه‌یه له‌سه‌ر نانێم كه باوكم له‌سه‌ری ده‌نا، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ده‌مهه‌وێ شیعره‌كانم شێوه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییان پێوه دیاربێت. جا ئه‌و زمانه‌ی كه شیعری پێ ده‌نووسرێ هه‌ر زمانێك بێت پێویسته دوو عیشقی تێدا بێت.
عیشقی یه‌كه‌م بۆ كه‌له‌پوور و شوێنه‌وار، واته ئه‌و شتانه‌ی له‌باوانه‌وه جێماون، بۆیه تائێستاش ئه‌و كڵاوهم پاراستووه كه چیاییه‌كانی داغستان له‌سه‌ری ده‌نێن، مومكین نییه شاعیر كه‌له‌پووری خۆی گوم بكات.
عیشقی دووه‌م: عیشقی نوێخوازییه، له‌وانه زانست و پێشكه‌وتنیش، واته كڵاوی دووه‌م كڵاوه ئاوروپاییهكهیه.
وه‌ك چۆن له شیعره‌كه‌دا باسم لێوه‌كردوه، به‌بێ ئه‌م دوو چه‌مكه شاعیر وه‌ك باڵنده‌یه‌كی تاك باڵ وایه كه ناتوانێ بفڕێ، به هه‌ر حاڵ به دوو باڵه‌وه ده‌ژیم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان لاواز بێت، ئه‌وا من نازانم.. من كه له مۆسكۆ گیرسامه‌وه زمانی ڕووسی جێگه‌ی به زمانی دایكم له‌ق نه‌كرد كه یه‌كه‌م گۆرانیم له‌زاری دایكمه‌وه پێ گوێ لێ بووه، من هه‌ر به‌و زمانه ده‌نووسم كه ده‌توانم به هۆیه‌وه گوزارشت له هه‌موو شتێك بكه‌م.
* مامۆستا ڕه‌سوول، له‌باره‌ی گوندی تسادا وه چیت به‌م گونده داوه و ئه‌و چیی پێ به‌خشیوی؟
– گوندی تسادای داغستان كه تیایدا له دایك بوویم و په‌روه‌رده بووم و زۆر شتی پێویستی پێ به‌خشیوم، ئه‌و زمانه‌ی كه پێی ده‌نووسم . یادگاریی به چێژی لا به‌جێ هێشتووم ، بیرهات (زاكیره)ێكی وه‌ك تاوێری داومه‌تێ كه ئێستاش په‌كی نهخستووم .
خوشكی به‌ڕێز، داغستان جۆلانه‌یه‌كی پێ به‌خشیم كه ده‌توانم له سه‌ری ڕۆنیشم و گوێ له شیعر بگرم و شیعر بنووسم . شیعر به بێ داغستان لای من بوونی نییه، من بێ داغستان ناتوانم شیعر بنووسم، داغستان هه‌موو شتێكی پێ به‌خشیوم، جگه له به‌هره ، دیاره ئه‌مه‌ش خه‌تای داغستان نییه.. به‌ڵام من چیم به‌و به‌خشیوه، خۆشه‌ویستی و عیشقم بۆی و هیچی تر. گونده‌كه‌م پێش منیش به هۆی شیعره‌كانی باوكمه‌وه ناودار ببوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوندێكی بچووكه، تائێستاش خه‌ڵكان له‌وێ من ده‌ناسن ، وه‌ك كوڕی هه‌مزه تۆڤ ده‌مناسن و به ڕه‌سوول هه‌مزه تۆڤ ده‌ڵێن كوڕی هه‌مزه تۆڤ .
* مامۆستا هه‌مزه‌تۆڤ . دوای ئه‌و ته‌مه‌نه (یاخوا هه‌ر ته‌مه‌ن درێژ بیت) ئایا تائێستاش دڵت بۆ خۆشه‌ویستی لێ ده‌دات، ئایا وه‌ك له شیعره‌كانتدا دیاره وای داده‌نێی كه دوا خۆشه‌ویستی وه‌ك یه‌كه‌م خۆشه‌ویستی وایه؟ هه‌ڵوێستت چییه به‌رانبه‌ر ئه‌و سۆزه جوانه؟
– من له خوا ده‌ترسم و نامه‌وێ درۆیان بكه‌م، هه‌روه‌ها ده‌شترسم هه‌قیقه‌ت بێژم (ژنه‌كه‌ی له ته‌نیشتیه‌وه پێده‌كه‌نێ). به‌ڵام مرۆڤێكی خاكه‌ڕای ساده‌م و ئه‌مه‌شم له شیعره‌كانمدا گوزارشت لێ كردووه، ژیان فێری زۆرشتی كردووم، كاتێك بچووك بووم ڕووبه‌ڕووی خۆشه‌ویستی بوومه‌وه، هه‌ر كه گه‌وره و هه‌راشیش بووم له‌نێو خۆشه‌ویستیدا ژیام و ژیاندمی و گه‌ڕاندمیه‌وه منداڵیی . كه ده‌كه‌ومه نێو خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌بمه‌وه منداڵ، ئه‌مه هه‌رچه‌نده لای تۆ سه‌یر و سه‌مه‌ره بێ، به‌ڵام لێمگه‌ڕێ باشتێكت پێ بڵێم، ڕووداوه خه‌مگینه‌كان به گوێڕه‌ی من له رووداوه خۆشه‌كان كاریگه‌رتر و گرنگتر بوون، گه‌وره بووم و كه‌وتمه ساڵه‌وه ،كاتێك به هه‌تیوی مامه‌وه، هه‌تیوی ڕاسته‌قینه به له‌ده‌ستدانی دایكم و باوكم و پاشان هه‌تیوی ته‌واو به له ده‌ستدانی خزم و دۆست و ناسیاوان.
* گوتووته گوایه زۆر حه‌ز له شیعره‌كانی پووشكین ده‌كه‌یت و له یه‌كێك له دیدارهكانتدا گوتووته شیعره‌كانی پووشكینم بۆ زمانی داغستانی وه‌رگێڕاوه، به‌ڵام گوتووشته من له شیعردا له‌گه‌ڵ پووشكین یه‌ك ناگرمه‌وه، ئه‌مه چۆن ده‌بێت؟
– به‌ڵێ، پووشكین و شیعرهكانیم خۆشویستووه و زۆربه‌ی شیعرهكانیشیم وه‌رگێڕاونه‌ته سه‌ر زمانی داغستانی، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه من له‌م به‌یته‌دا له‌گه‌ڵی جیاواز نه‌بم كه ده‌ڵێ:
ئه‌ی قه‌وقاز خۆت بده به ده‌سته‌وه
یهرملۆڤ ده‌تگاتێ
یهرملۆڤ یه‌كێك بووه له سه‌ركرده‌كانی قه‌یسه‌ری ڕووسیا و گه‌لێك له گونده‌كانی داغستانی سووتاندوه و زۆریشی ڕق له چیانیشینهكانی داغستان بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه یهرملۆڤ پاڵه‌وانێكی ڕاسته‌قینه‌ی جه‌نگ بووه دژی داگیركاره فرانسییهكان، به‌ڵام دوای ئه‌وه بووه داگیركاری چیاكانی قه‌وقاز. یهرملۆڤ كاتی خۆی گوتوویه‌تی: (من ناوه‌ستم و هێور نابمه‌وه تا ئه‌وكاته‌ی دوا وێنه‌ی چیا له مۆزه‌خانه‌كاندا ده‌بینم).
منیش وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ پووشكین گوتوومه: خۆ ناده‌ینه ده‌ست ژه‌نه‌ڕال، ئه‌گه‌ر خۆبدهینه ده‌ست شیعری پووشكینیش، ئێمه خه‌ڵكی داغستانین و له‌م قسه‌یه‌ی پووشكین خۆش بووین و شیعرهكانیم وه‌رگێڕا و هه‌ر جارێكیش بچمه مۆسكۆ. ئه‌وا ده‌چم چه‌پكه گوڵێك ده‌خه‌مه سه‌ر په‌یكه‌ره‌كه‌ی.
* ده‌زانم كه‌وا به‌لای ئێوه هه‌موو ئافره‌تێك جوانن، به‌ڵام پێت نه‌گوتین ئه‌و شته‌ی كه له ئافره‌تدا ڕقت لێیه‌تی چییه؟
– ئه‌گه‌ر ئافره‌ت بووه سه‌رۆكێكی بیرۆكراتی ئه‌وا ده‌بێته بووكۆكهی منداڵان، به‌ڵێ ئافره‌تی له‌م شێوه‌یه‌ش هه‌ن.
* ئه‌دی پیاوی بیرۆكراتیش نین؟
– چۆن نین؟! به‌ڵام ئه‌ویش ده‌بێته شتێكی قێزه‌وه‌ن، پێویست ناكات ئافره‌ت به‌م جۆره پیاوانه بشوبهێنین . ئافره‌ت له‌دیدی مندا نابێ خراپ بێت . پێویسته ژنان له هه‌موو شتێك به‌جوانی بمێننه‌وه .
نموونه‌یه‌ك له شیعره‌كانی ره‌سووڵ هه‌مزه تۆڤ:
1- بۆ كچه‌زاكه‌م
بۆچی ده‌گریی، بچكۆلانه‌كه‌م، بۆچی؟
دایك و باوكت هه‌ن
به‌ڵام من باوكمم ناشت و
له‌م دنیایه‌شدا
دایكێكم نییه
من هه‌تیوم، پێویسته بگریم
تۆ بۆچی ده‌گریی؟
هاوڕێت زۆرن و هه‌مووشیان
تۆیان خۆش ده‌وێ
به‌ڵام، هاوڕێیانی من خیانه‌تیان لێ كردم و
دۆڕاندمن
ساڵ له‌دوای ساڵیش
دوژمنم له زێدهدان
بۆیێ پێویسته بگریم
تۆ بۆچی ده‌گریی، بچكۆلانه‌كه‌م بۆ؟
له ژیانتدا جهنگێكت نه‌بینیوه
كۆنه زامێك ئازاری نه‌داوی
به‌ڵام ئه‌ز
بیست ملیۆن هاوڕێی خۆمم
له ڕۆڵه‌كانی نیشتمانم ناشتووه .
دوو براكه‌شم له جه‌نگ نه‌گه‌ڕانه‌وه
بۆیێ پێویسته بگریم
كچه زاكهم هاته وه‌ڵام:
باوه…
تۆ ئێستا له بارێكی باش دای
هه‌موو ئامانه‌ت دیوه و
تا ئێستاش له ژیاندای
شیعران ده‌نووسی
به‌ڵام من له ئێستاوه چاوه‌نۆڕم
هه‌موو ئه‌مانه ببینم، كه باست كردن
بۆیێ ده‌گریم..