ئه‌وه‌ی بۆ شاعیر ده‌شێ بۆ ناشاعیر ناشێ
حه‌کیم کاکه‌وه‌یس
(ئه‌وه گوناهێکی گه‌وره‌یه
که پشت له ژن و
ڕوو له قیبله بکه‌ی ـ حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش)
مه‌لا و نامه‌لا ئه‌وه ده‌زانن که له دیندا ئه‌و بۆچوونه هه‌یه که ئه‌وه‌ی بۆ شاعیر ده‌لوێ بۆ ناشاعیر نالوێ. ئه‌وجا، دیسان مه‌لا و نا مه‌لا ده‌زانن، که شیعر لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێ و شیکردنه‌وه‌ی وای بۆ ده‌کرێن که هه‌ندێ جار دژی یه‌کتر ده‌وه‌ستنه‌وه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به خه‌لیفه ئیسلامییه‌کانی سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌کان و عه‌بباسییه‌کان هه‌بێ که سێبه‌ری ده‌ستی خوا بوون له سه‌ر زه‌وی و مه‌لایان جێگری په‌یامبه‌ر بوونه، خۆ ده‌بێ ئێستاش نه‌ختێک به پێی ڕه‌فتار و ئه‌تواری ئه‌وان بکرێ. ئیبن ئه‌لعه‌ره‌بی ڕایگه‌یاندووه که جوانی خوای له ژن‌دا دیوه، که‌چی سزاش نه‌درا و ئه‌و پیاوه‌ش له سۆفهگهری ئیسلامدا ناوبانگی هه‌یه و ئه‌و نه‌بوایه که‌لێنێکی گه‌وره ده‌که‌وته جوانی و فره‌وانی و مێژووی فکری ئیسلامه‌وه.
ناوی ئه‌و شیعره‌ی کاک حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش به جۆرێکی تریش ده‌خوێندرێته‌وه و لێکده‌درێته‌وه و مه‌گه‌ر به زه‌بری تێڵا ئه‌و واتایه‌ی لابه‌رین. من شیعره‌که‌م خوێنده‌وه که ناوی (دڵی ژن مه‌شکێنه خودایه ژن خودایه) که‌چی مه‌لایه‌کی کورد به جۆرێکی تری خوێنده‌وه و کردی به: (دڵی ژن مه‌شکێنه خودایه ژن خودا) و جگه له‌وه‌ش، به نیبرهیهکی وای خوێنده‌وه که ژن خودا بێ. ئه‌مه‌ش، به پێی تێگه‌یشتنی من، ناهه‌قییه‌که له کانگه‌ی هه‌قه‌وه له‌و شیعره و له‌و شاعیره ده‌کرێ و که‌مترین تۆمه‌ت که بشێ بدرێته پاڵی ئه‌وه‌یه پێی بڵێین “نیفاق” که ده‌بی له مه‌لای ڕێزداره‌وه دوور بێ.
“دڵی ژن مه‌شکێنه خودایه ژن خودایه”. ئه‌گه‌ر وێرگڵێک له دوای “خودایه”ی یه‌که‌مدا هه‌بوایه، ڕێک و به بێ دوودڵی ئه‌و واتایه‌ی ده‌دا که زاناکان لێکیانداوه‌ته‌وه و ڕه‌نگه به ئاسانی بۆ سه‌ر شیرک بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌رچی خودا و خودان جگه له واتای په‌روه‌ردگار واتای تریشیان هه‌یه و وشه‌ی (رب)ی عاره‌بیش له (رب العمل) و (رب الدار) و شتی تریشدا هه‌ر وایه. به‌ڵام که ئه‌و وێرگڵه نه‌بوو، ده‌بێته دووباره‌کردنه‌وه‌ی داواکه: دڵی ژن مه‌شکێنه خودایه خودایه… خوایه خوایه دڵی ژن مه‌شکێنه! یا: دڵی ژن مه‌شکێنه ژن! وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێی: مامۆستا فاتیحه‌ت له بیر نه‌چێ، فاتیحه! یا بڵێی: ده تۆ گوێ له قسه‌ی خه‌ڵک مه‌گره شیعره‌که بخوێنه‌وه شیعره‌که! ئه‌و تیکرارهش ته‌ئکیده.
به‌ڵام شاعیر بۆ خولقاندنی گومان (الشک طریق الیقین ـ گومان ڕێبازی ڕاستییه) به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌ربڕیه‌وه و بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ له ڕووی فکرییه‌وه ده‌چێته ڕیزی فکری فه‌لسه‌فی سۆفییانه‌ی ئیبن ئه‌لعه‌ره‌بییه‌وه و له جیهانی سۆفیگهراییدا مه‌له ده‌کا. خۆ حه‌للاجیش له سه‌ر تاوانێک سزا درا و له‌توپه‌ت کرا، که دواتر لێی ژیوان بوونه‌وه، ئه‌گه‌رچی خوێنی حه‌للاج ئێستاش ڕێچکه ده‌به‌ستێ و وشک نابێ. ئه‌وه‌ی له (انا الحق)ی حه‌للاجدا به هه‌ڵه یا به کوفر داندراوه ئه‌وه‌یه که به سه‌هو وشه‌ی (انا)ی به‌کار هێناوه ده‌نا هیچ شتێک له ده‌ره‌وه‌ی سنووری خوا بوونی نییه تا حه‌للاج هه‌یبێ. جگه له‌وه‌ش، خوا ئاده‌می له ڕۆحی خۆی نه‌فخ کردووه و هه‌موو به‌شه‌ریش نه‌وه‌ی ئه‌ون و ده‌بێ زه‌ڕه‌یه‌ک له ڕۆحی خۆی له هه‌موو بهشهرێکدا هه‌بێ. ئیتر چۆن مه‌ودا بۆ بۆچوونه‌کانی حه‌للاج و ئیبن ئه‌لعه‌ره‌بی ناڕه‌خسێ و چۆن نابنه سه‌رجه‌له‌ی بیری سۆفیزم که خه‌ریکه له ئه‌وروپاشدا تیشک ده‌داته‌وه و هه‌موو خاوه‌ن فکرێکی ئه‌وروپا حه‌للاج و عومه‌ر خیام و ئیبن ئه‌لعه‌ره‌بی و جه‌لاله‌ددینی ڕومی ده‌ناسن و هه‌ندێکیان که‌وتوونه‌ته ژێر کاریگه‌رییانه‌وه.
ڕه‌نگه به‌کار هێنانی لۆژیک و عه‌قڵ بۆ لێکدانه‌وه له لای هه‌ندێ مه‌لا، به حیسابی (من تمنطق تزندق) ناجائیز بێ به‌ڵام باوه‌ڕ ناکه‌م ئیسلام له به‌رده‌م زانست‌دا بووبێته دیوار و به‌ربه‌ست، ده‌نا عه‌بباسییه‌کان سه‌دان ساڵ پێش ئه‌وروپا چێوه‌ی زه‌وییان به ته‌واوه‌تی نه‌ده‌پێوا و له داهێنانی به‌نجدا یه‌که‌می دنیا نه‌ده‌بوون و زانستی ده‌رمانسازیش نه‌ده‌بووه یه‌کێ له شانازییه‌کانی ئیسلام. کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی موسوڵمانان، به تایبه‌تی موسوڵمانی کورد له‌وه‌دایه هه‌ر که‌سێ جببه‌ی له به‌ر کرد و عهممامهی له سه‌ر نا، ئیتر خۆی لێ ده‌بێته وه‌کیلی پێغه‌مبه‌ر و وه‌کیل به وه‌کیل ده‌ڵێ به‌ولاوه!
ته‌رککردنی دنیا و خۆگرێدان به ڕۆژی پهسڵانهوه ته‌نها له لای مه‌لاکان (قه‌ول)ه و ده‌یانه‌وێ له خه‌ڵکی موسوڵمانی کوردی بکه‌نه (عه‌مه‌ل). خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ستمان له دنیا به‌رنه‌دا و (وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌مرین) کارمان کرد، ئه‌وجا موسوڵمانی ساغین که‌چی لای مه‌لاکان به نیوه‌که‌ی تر نه‌بێ (بۆ په‌سڵانێ که‌ر بکه وه‌ک ئه‌وه‌ی سبه‌ی ده‌مریت) نابینه موسوڵمانی ساغ! واته نیوه‌ی ئه‌و قه‌وله بۆ خۆیان و نیوه‌که‌ی تری بۆ ئێمه!
من هه‌رگیز ئیسلام به هۆکاری دواکه‌وتنی کورد نازانم به‌ڵام به ڕاستی مه‌لاکانمان… یا ڕاستتر بڵێم زۆرینه‌یان به هۆکاری دواکه‌وته‌یی کورد و ژێرده‌سته‌ییه‌که‌ی ده‌زانم. دیاره هه‌ر به هۆی ئه‌وان و له ڕێی ئه‌وانه‌وه مه‌زه‌بی شافعی به باڵای کورد بڕاوه و له که‌سیش شاراوه نییه که ئه‌و ئیمامه، زیاد له پێویست عاره‌بایه‌تی ده‌کا و له ئه‌نجامدا به ئێمه‌ی ناعارهبیشی ده‌کا. ئه‌و ڕێی نه‌داوه جگه له عاره‌بی به زمانی تر بانگ بدرێ یا نوێژ بکرێ یا خوتبه بدرێ و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامیشمان هه‌بێ ده‌بێ خهلیفهکهمان عاره‌ب بێ. مه‌لای تورک قه‌بووڵیان نه‌کرد ئه‌و مهزهبهیان هه‌بێ و بوون به ئیمپراتۆر. مه‌لای فارس ئه‌و مهزهبهیان نه‌ویست و ده‌وڵه‌تی خۆیان و که‌رامه‌تی خۆیان پاراست، به‌ڵام کورد به هۆی مهزهبهکهیهوه ڕێی به خۆی نه‌داوه ده‌وڵه‌ت و خه‌لیفه‌ی هه‌بن! خۆ ده‌کرا وه‌ک له کاتی ماره‌بڕینی ژن‌دا باوه، له کاتی باسی چاره‌نووسیشدا یا هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خۆمان ته‌قلیدی مه‌زه‌بێکی تر بکه‌ین!!
نه‌خێر، مه‌لاش وه‌ک سیاسه‌تمه‌داره‌کان له چاره‌ڕه‌شیی کورددا هاوبه‌شن و بگره پشکیان زیاتریشه. ئه‌و مه‌لا به‌ڕێزه‌ی که ده‌یه‌وێ حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش ده‌ستی بشکێ و ڕیسوا بێ، له کاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که‌دا نه‌بره‌ی ده‌نگی خۆی ده‌گۆڕێ تا شیعره‌که ڕێک ئه‌و واتایه ببه‌خشێ که خۆی ده‌یه‌وێ نه‌ک ئه‌وه‌ی شاعیره‌که مه‌به‌ستێتی، جگه له‌وه (خودایه)ی دووه‌می کۆپڵهکهی کردوه به (خودا) و واتاکه‌ی پێ گۆڕیوه.
من وای ده‌بینم باوه‌ڕ به خودا و خۆشویستنی خودا له‌و شیعره ده‌چۆڕێته‌وه به‌ڵام به‌و شێوازه نا که ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه ده‌یه‌وێ. خۆ به حیسابی ئه‌و مه‌لایه بێ، ڕابیعه عه‌ده‌ویه و ئیبن ئه‌لعه‌ره‌بی و حه‌للاج کافرن! جا ئه‌و زاتانه له ئیسلامدا وه‌لانێین، دیمه‌نه هه‌ره جوانه‌کانی ده‌بنه سه‌ر په‌ڕاندن و ملشکاندن و سووتاندن… به‌هه‌شتیش بۆ مه‌لاکان.
من پێم خۆشه ئه‌و مه‌لایه‌ی بڕیاری وا ترسنکا ده‌دا. سه‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلام ده‌ربکا و شاره‌زای ڕێبازه سۆفیگهرایهتییهکان و ته‌ریقه‌ته‌کانیش بێ تا بزانێ پشتکردنه قیبله و ڕووکردنه ژن چ واتایه‌ک ده‌دا و کۆنیی خودا یه‌عنی چی! ئاخر زه‌مه‌ن لای خودا و زه‌مه‌ن لای جه‌نابی مه‌لای فه‌تواده‌ری هه‌ولێر یه‌کن؟ باشه له پێش خوادا هیچ هه‌بوو تا شتێ له‌و قه‌دیمتر بێ و له ئه‌نجامیشدا جگه له ڕووی خۆی چی ده‌مێنێ؟. خودا له ڕووی کاته‌وه (سه‌رمه‌دی)یه و له پێش خۆی هیچ نه‌بووه… بزانه! (پێش خۆی) چ داڕشتنێکی ملشکێنه! ئه‌و که هه‌میشه بووه، پێشی له کوێ بووه. هیچ شتێک له خوا کۆنتر نییه! ئێستاش ده‌په‌رسترێ! هه‌تا هه‌تایه ده‌په‌رسترێ! ئه‌مه چ ناوێڵییهکی بۆ خودای گه‌وره تێدایه… خۆشه‌ویستی خودا و گه‌وره‌یی خودا چۆن ده‌ربڕین ئه‌گه‌ر له بزه‌ی منداڵ و نازی ژن و باڵی په‌پووله‌دا به‌دی نه‌که‌ین… کازانتزاکیس ده‌ڵێ: به دارچوالهیهکم گوت باسی خودام بۆ بکا، گوڵی کرد!
هیوادارم مامۆستای مزگه‌وته‌کانیش که خۆیان به پێشڕه‌و ده‌زانن، سه‌ر له زمانی ئه‌وین ده‌رکه‌ن ئه‌وجا جموجۆڵی تۆڵه‌کردنه‌وه بخه‌نه ناو موسوڵمانانه‌وه… با هیچی دی کوردی موسوڵمانیش له خشته نه‌برێ! چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له مه‌لاکان ده‌کرێ له بوونی که‌ناڵی ڕووت به‌ده‌نگ بێن و به‌رگری له ڕه‌وشتی نه‌ته‌وه‌یی کورد بکه‌ن که به‌ره‌و زه‌لکاو ده‌چێ. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌شیان لێ ده‌کرێ له ئه‌نفالکردنی کورد به‌ده‌نگ بێن و ئێستا، له‌و کاته‌دا که حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش ئه‌و شیعره‌ی بڵاوکردۆته‌وه، کوردی موسوڵمانی جه‌له‌ولا و سه‌عدییه و خورماتوو و ته‌نانه‌ت که‌رکووکیش شاربه‌ده‌ر ده‌کرێن و نه ده‌سه‌ڵاتی کوردی کرکهی لێوه دێ، نه مه‌لاکانمان نه‌بره‌ی ده‌نگیان بۆ ئه‌و کاره‌ساتانه ده‌گۆڕن تا خه‌ڵک بۆ به‌رگریکردن هان بده‌ن!
به‌ڵام به بڕگه‌یه‌کی شیعر داده‌گیرسێن و خه‌ڵک هان ده‌ده‌ن قه‌بووڵ نه‌که‌ن. ئه‌وه‌ش بۆ ناوێڵییهک نییه به‌رانبه‌ر خودا کرابێ، به‌ڵکو خۆڵلهچاوکردنه تا که‌رکووک و جه‌له‌ولا نه‌بینین. خوا هه‌قه، ئه‌وه بۆ سیاسه‌تمه‌دارانیش بارسووکییه… ئۆخه‌ی خۆ که‌س بیر له (چاره‌نووس)ی عیبرهتکراوی کورد ناکاته‌وه! ئۆخه‌ی خۆ که‌س بیر له که‌تنی پێکهێنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی کوردکوژی عیراق و سوپاکه‌ی ناکاته‌وه! ئۆخه‌ی خۆ که‌س بیر له‌و هه‌ڕه‌شه بۆشانه ناکاته‌وه که له دوژمنی کورد کران! ئۆخه‌ی خۆ هه‌موو ڕوو له قیبله ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کورد نه‌بینن و ژن نه‌بینن و منداڵی باوککوژراوی کورد نه‌بینن و گه‌نجی تیرۆرکراوی خێر له‌خۆنه‌دیوی کورد نه‌بینن و تاڵان‌کردنی نیشتمانه‌که‌مان نه‌بینن! ئه‌وانه، بۆ خواپه‌رستی ڕوو له قیبله ناکه‌ن، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه ڕووی تێده‌که‌ن پشت له نیشتمان و برینه‌کانی بکه‌ن و نه‌یانبینن! ئه‌گه‌ر حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش، له بری ئه‌وه‌ی بڵێ:
(ئه‌وه گوناهێکی گه‌وره‌یه
که پشت له ژن و
ڕوو له قیبله بکه‌ی)
بیگوتبا:
(ئه‌وه گوناهێکی گه‌وره‌یه
که پشت له که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان بکه‌یت و
ڕوو له قیبله بکه‌ی)،
ده‌بووه تاوان؟! تۆ بڵێی له غه‌زاکاندا بۆ کوشتنی کافران (واته سه‌رخستنی ئیسلام) که‌س پشتی له قیبله نه‌کردبێ؟! تۆ بڵێی پاڵه‌ی کورد بۆ گهوزێ دروێنه چه‌ند جار ڕووی له گه‌نم و پارووه نان کردبێ و پشتی له قیبله بووبێ! به ڕاستی، شیعر وا ناخوێندرێته‌وه مامۆستا!
به‌ڕێزینه! ئێوه کارێکتان کردووه خه‌ڵک له مزگه‌وت بێزار بن. خه‌ڵک له ئازاری ژێرده‌سته‌یی و کۆیلایه‌تی بێ‌ئاگا ده‌که‌ن تا دزیکردن و تاڵان‌کردنی کوردستان به ئاسووده‌یی دزان به‌رده‌وام بێ و ده‌ستی دوژمنی کورد بگاته ناو ماڵی کورد. ئیسلام جوان بوو، ناشرینی مه‌که‌ن. خودا گه‌وره‌یه و به که‌س بچووک نابێته‌وه. ئێوه، له ناو خۆتاندا پێک بێن ئه‌وجا ڕێنمایی هه‌زارانی وه‌ک حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش بکه‌ن چۆن ته‌عبیر له ئه‌وینی سۆفیانه‌ی خۆی بکا. ئه‌و خودا گه‌وره‌یه‌ش له سه‌ر جه‌نابتان په‌کی نه‌که‌وتووه تا بۆ گۆڕینی واتای شیعرێک نه‌بره‌ی ده‌نگتان بگۆڕن! ئاخر حه‌مه کاکه‌ڕه‌شی شاعیریش وه‌ک جه‌نابت یه‌کێکه له نه‌وه‌کانی ئاده‌م که خودا فووی پێیدا کردووه.