Skip to Content

Thursday, May 26th, 2022

به‌ر له‌ ونبوون مه‌رحه‌بایه‌ک له‌ ئێستا

Closed
by January 6, 2011 ئەدەب

چاوێکم، له‌ یه‌کێک له‌ پیاسه‌کانی ناو باغدا دۆزییه‌وه‌
وه‌ک بڵێی به‌ده‌م نیگایه‌کی غه‌ریبه‌وه‌ که‌وتبێت،
یان له‌ عیشقێکی ته‌مه‌ڵ که‌وتبێته‌ خواره‌وه‌،
به‌ڵام من هه‌ر پاراستومه‌و
له‌هه‌ر له‌حزه‌یه‌کی ته‌مه‌ندا
که‌سێ بخوازی هی منه‌
به‌بێ سه‌رزه‌نشت کردن
ئه‌یده‌مه‌وه‌و جێی ده‌هێڵم.
********
به‌سه‌ر شانی گه‌ڵایه‌کی چرچبوودا ده‌ڕۆم
له‌ وێسگه‌ی هیچ په‌شیمانییه‌ک لاناده‌م،
ئاوڕ ناده‌مه‌وه‌ بۆ ڕابردوو،
ژیان له‌ناو چاڵێکدا ده‌گه‌وزێنم
به‌ مه‌رجێ تۆیش بڕیار بده‌یت
تا ئه‌به‌د له‌گه‌ڵمدا بیت
ئه‌ی دۆستی نیانیی من.
********
پێم ده‌ڵێن..
که‌ گه‌یشتیته‌ سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی ڕۆیشتن و
سه‌فه‌رتنایه‌ باوه‌شت
وریای ئه‌و عاتیفه‌یه‌ به‌
که‌ ڕه‌نگه‌
له‌ نیوه‌ی یه‌که‌می هه‌نگاوه‌کانی ڕێدا
بتخاته‌وه‌ سه‌ر نوزه‌نوزه‌کانی جارانی باران.
********
شیرینتر نییه‌ دانیشیت
باشتر نییه‌ گوێ بگریت
جوداتر نییه‌ ئاوڕێک بده‌یته‌وه‌
که‌ من ئه‌و هه‌موو مه‌رحه‌با فێنکه‌ت بۆ ده‌نێرم و
که‌ تۆ ئه‌وه‌نده بێباکیت
له‌ پاکیزه‌یی بوونی خۆت.‌
********
چی له‌و هه‌موو گۆرانییه‌ بکه‌م
که‌ شنه‌ ده‌که‌نه‌ ڕۆحی تۆوه‌و
ئاودێری ته‌مه‌نت ده‌که‌ن،
به‌ من چی ئه‌و هه‌موو ئاوازه‌ی
له‌حزه‌یه‌ک نامبه‌نه‌وه‌
بۆسه‌ر که‌ناری خۆشبه‌ختی.
********
تۆ شتێکت له‌ناو خاکی دڵتا نووسیوه‌و
من غه‌رقی ته‌نیایی خۆمم
سه‌رت بخه‌ره‌
سه‌ر سنگی ته‌زیوی هه‌وری په‌نجه‌کانی من و
گوێ له‌ ناڵینه‌کان بگره،
********
به‌ شه‌رمه‌وه…
وه‌کوو شه‌رمی ئه‌و ڕێبوارانه‌ی
ئومێدیان به‌ هیچ نه‌ماوه‌،
به‌ حوزنه‌وه‌…
وه‌کوو حوزنی ئه‌و شاعیره‌ دڵشکاوانه‌ی
قه‌رار نییه‌ سره‌وتێک بکه‌ن،
ڕووبه‌ڕووم دانیشه‌و
بزانه‌ چ وێرانه‌یه‌که‌ ته‌نیاییم.
*******
ڕۆژێک دێت ئه‌م شاره‌
به‌ خۆی و شه‌قامه‌کانیه‌وه‌ جێدێڵم.
به‌ خۆی و باغه‌کانیه‌وه‌،
به‌ خۆی و پیاسه‌کانیه‌وه‌،
ده‌ڕۆم و
ئه‌م شاره‌
بۆ قاچاخچی و جه‌للادو درۆزنه‌کان جێدێڵم،
ده‌ڕۆم و ئیتر نامبینه‌وه‌
وه‌ها ده‌ڕۆم
که‌س نه‌زانێ له‌کوێی ژیاندا گه‌وزاوم.

 

زانا سامان

Previous
Next