Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ

ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ

Closed
by January 8, 2011 ئەدەب

ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ
با ڕووناکی چاوەکانت
تێکەڵ بە شەوەکانی عومرم بێ
با خۆرەتاوی خەمەکانت
بڕژێتە نێو خۆرئاوابوونەکانی خەیاڵم
با جوانیەکانی ڕوخسارت
تێکەڵ بە سروشتی هەناسەم بێت
با شەونمی سەر پەڕەی لێوەکانت
نیشتیمانی نێو خەونەکانم تەڕبکات

ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ
من دەمەوێ حەقیقەتی ڕوخسارت ببینم
ڕووت ڕووت وەکو با
ڕووت ڕووت وەکو بەفر
ڕووت ڕووت وەکو ئاو
هەر بەم باڵا ڕووتە ڕێواسیەوە
لەنێو منداڵدانی عەشقەوە
وەرە نێو ماڵە ڕەنگینەکەی شیعر
هەر بەم ئەدگارە ڕووتە ئاتەشیەوە
لە نێو منداڵدانی شیعرەوە
وەرە نێو ماڵە ڕەنگینەکەی ژیان

ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ
وەک کچە کۆچەریەکانی نێو نیشتیمانی خەون
سادە و ساکار
لە نێو گەرمیانی ئارەزوومەوە
وەرە نێو کوێستانی ڕۆحم
لە نێو پەرستگەکانی دڵی من
ڕووت ڕووت بەرەوە /
ڕووت ڕووت وەکو عەشق
ڕووت ڕووت وەکو شیعر
ڕووت ڕووت وەکو ژیان

چیت لێبشارمەوە ئەی شۆخ ..؟!
من ماڵم لە هیچ شوێنێک نەبوو
هیچ شوێنێک ماڵی منی لێ نەبوو
نیشتیمانی من لە هیچ کیشوەرێک نەبوو
هیچ کیشوەرێک نیشتیمانی منی لێ نەبوو
ئێستا /
من نیشتیمانم بە کۆڵ خۆم داداوە
لە نێو کیشوەرەکانی باران
لە ژێر ڕەشماڵێکی ڕەش ڕەش
ڕەش ڕەش وەکو بەفر
لەنێو خەیاڵێکی سپی سپی
سپی سپی وەکو سێبەر
لە چاوەڕوانیت دام
لێرە / سروشت و خواو
هەموو زیندەوەرەکان
لە چاوەڕوانیت دان
تۆش ماسکەکەت فڕێدە و وەرە ..!

کە هاتی
ئەو دەفتەرەی
یادەوەریەکانی خۆمم تیا نووسیبوو
لەگەڵ خۆت دا بۆم بهێنە
بیرت نەچێت
تۆش هەموو شتێکم بۆ بنووسە
ئەو ڕۆژەی کە گووتت
من لە پەنجەرەکانی مردنەوە دەڕوانم
یان کە گووتت
من لەنێو مردنەوە خەون دەبینم
یان کە گووتت
ژیان تەنها ئەو وەرزانەی خۆش بوو
کە عاشق بووم
تکایە ئەی شۆخ
هەموو شتێکم بۆ بنووسە ، هەموو شتێک

باسی ئەو
شەوە سوور سوورە سەوداسەریەشم بۆ بکە
کە مەست مەست
باسی مردن و ماسکت بۆ دەکردم
مەست مەست وەکو مۆم
لە نێو میلۆدیەکانی مردن دەتوایەوە
مەست مەست
باسی وەرزە وەنەوشەییەکانی کچێنی خۆتت
بۆم دەکرد
مەست مەست باسی ئەو ئێوارە ئەرخەوانیەی
کە لە ژیان یاخی بوویت
خۆتدایە دەست گەردەلوولی مەملەکەتی مردن
ئەی شۆخ
من لەنێو نیشتیمانی باران
لە ژێر ڕەشماڵێکی ڕەش
ڕەش ڕەش
وەک بەیانیە کازێوەییەکانی عەشق
لەنێو خەیاڵێکی شین
شین شین
وەک ئێوارە لێو بە خەندەکانی شیعر
لە چاوەڕوانیت دام
تۆش / تەنها ماسکەکەت فڕێدە و وەرە

ئەی شۆخ
بیرت نەچێت / بەر لەوەی بێیت
باسی هەڵوەرینی ئەو گەڵایانەم بۆ بکە
کە لە وەرزە بێ مەیلەکان دەتۆرێن
باسی ئەو شەقامانەم بۆ بکە
کە چیتر دڵیان بە پیاسەی عاشقەکان ناکرێتەوە
باسی ئەو ڕووبارانەم بۆ بکە
کە لە شەوە خامۆشەکاندا گۆرانی بۆ هەور ناڵێن
باسی بێهودەیی عەشقم بۆ بکە لە نێو مردنی ژیاندا
باسی ڕەش بوونی سێوەکانم بۆ بکە
لە نێو عەبەسیەتی سەوزایی درەختەکاندا
باسی تەڵخ بوونی ئاوێنەکانم بۆ بکە
لە سەردەمی خۆکوشتنی کات دا
باسی بە خۆڵەمێش بوونی کتێبە پیرۆزەکانم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی سەربازێکی تێکشکاوی سەردەمی جەنگەکاندا

ئەی شۆخ بیرت نەچێت
باسی ڕووتبوونەوەی بەهارم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی پاییزدا
باسی ڕووتبوونەوەی پەپوولەم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی گوڵە سپیەکان دا
باسی ڕووتبوونەوەی خۆرەتاوم بۆ بکە
لەنێو خەیاڵی کازیوەدا
باسی ڕووتبوونەوەی ئەستێرەکانم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی ئاسمان دا
باسی ڕووتبوونەوەی تریفەم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی تاڤگەکاندا
باسی ڕووتبوونەوەی خاکم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی نیشتیماندا
ئەی شۆخ
کە هاتی /
من لە نێو دڵۆپە بارانێک
ڕووت ڕووت
لەژێر ڕەشماڵێکی پەمەییدا
ڕووت ڕووت
لە نێو خەیاڵێکی نازنجی دا
لە چاوەڕوانیت دام
کە هاتی / بیرت نە چێت
هەموو شتێکم بۆ باس بکە ، هەموو شتێک
تۆش /  دە بەڕێکەوە دەی
تەنها / ماسکەکەت فڕێدە و وەرە

ئەی شۆخ
لە نێو کیشوەری باراندا
پێویستیت بە ماسک نیە
لێرە پێویستیت بە پەنجەرە نیە بۆ ڕوانین
لێرە هەموو شتەکان ڕووتن وەکو ئاو
لێرە هەموو شتەکان دەبریسکێنەوە
وەک تراویلکە هەنارییەکانی ئێواران
لێرە نیشتیمانمان وەک بەرماڵێک
لەژێر ڕەشماڵێک ڕاخستووە
نوێژە عەشقی لەسەر دەکەین
لێرە هەموو زیندەوەرەکان عاشقن
لێرە ژیان بە مانای عەشق
لێرە عەشقیش بە مانای ژیان
ئەی شۆخ من لێرانە
لەژێر ڕەشماڵێکی سوور سوور
لە سەر بەرماڵەکەی نیشتیمان
لە چاوەڕوانیت دام
لێرە سروشت و خوا و
هەموو زیندەوەرەکان / لە چاوەڕوانیت دان
تۆش تەنها ماسکەکەت فڕێدە و وەرە …!

 

ناڵە حەسەن
سەرەتای ئەیلولی ٢٠١٠

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.