Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

به‌غدا …. سه‌ردار جاف

Closed
by January 10, 2011 ئەدەب

 
له‌بالكۆنی ژووره‌كه‌مه‌وه‌
ده‌ڕوانمه‌ هه‌نگاوه‌كانی مێژوو
به‌ قه‌د و باڵای جه‌عفه‌رو لمه‌نسورا هه‌ڵده‌زنێم
له‌ سه‌رابێكی تراویلكه‌ییه‌وه‌ هه‌ڵهاتووم و
به‌ سوتووی حه‌زه‌كانی ته‌متومانێك خه‌فه‌ بوویمه‌
كراسی متی ئه‌وڕۆم به‌ باڵا بڕا
تك تك به‌ شه‌قامه‌كانی كتێبا رۆچوویمه‌
جگه‌ له‌ كفنێكی سپی
ئاسۆكانم به‌ بولێڵی هاوێره‌
خۆر له‌م وڵاته‌
له‌ ئاوه‌وه‌ هه‌ڵدێ‌
له‌ شینایی ئاسمانه‌وه‌
دڵۆپه‌ هه‌نارییه‌كان ( حتی مگلع الفجر ) چۆڕاوی لێده‌چۆڕێ‌
شیعر دێوجامه‌ی حه‌للاجی كردۆته‌ كوانوو
توێكڵی هێلكه‌ی ترووكاندووه‌ و
گۆرانی و سه‌ماكانی له‌ رۆژانی
 شه‌ته‌ك بوونی منا نمایشدا
چاوه‌كانی له‌ تخوبی چاوه‌كانم نه‌ترووكان
تا بوومه‌ كۆیله‌ و
 به‌ ده‌نگێكی گڕكنه‌وه‌
له‌زه‌ت ده‌مرێ به‌ لای ماچه‌وه‌
ده‌مه‌تیغی شمشێر
ژیله‌مۆیه‌كی په‌ژمورده‌یه‌
له‌ سه‌مای مه‌رگه‌وه‌
به‌ سپێده‌ی من ئاشنایه‌
خونچه‌ خوێناوییه‌كانی ئاسۆ
له‌ پشكۆ نارنجییه‌كانی زه‌مه‌نه‌وه‌
راوگه‌ی بڕیووه‌و به‌ قوڵپی ئه‌وكم رایی بووه‌ و
باشترین و چاكترین حه‌وانگه‌ی په‌تایه‌
ئه‌بو جه‌عفه‌ر
 قه‌ره‌قوش ئاسا
له‌ بن پاڵتۆ شڕه‌كه‌ی رۆژگاره‌وه‌
نه‌ڕاندی
بۆیه‌ ئاگر له‌ جه‌سته‌ی پێڵوی
 خه‌وگیره‌ و
كه‌ڵبه‌ی له‌ ئازادی ناوه‌ و
ئه‌و ئاوه‌زه‌ی هه‌مبوو دڕاندی
قه‌ره‌ج
شه‌و له‌ پایگه‌كانی ئه‌بو نه‌واس
بۆ هارمۆنیه‌تی سۆزانی ده‌برا
شنه‌ هاوینه‌كانی كه‌به‌رییه‌
كه‌ناری شاری له‌ ئامێز ده‌نا
له‌ش و لاره‌ به‌ هه‌وه‌سه‌كان
بۆ باوه‌شی قوله‌ پێ پانه‌كان
پێده‌كه‌نین و ……
بۆ ئه‌پارتمانه‌ ئاڵ و واڵاكانی
باوك كوشته‌م ده‌بران
ئێوه‌ له‌ خه‌مه‌كانی خۆتان ناگه‌ن
چما كه‌نگێ ده‌بنه‌ خه‌مه‌وانی من
ئێوه‌ له‌ پیاوه‌ جوانه‌كانتان ناڕوانن
بشێ له‌ به‌ر خاتری ‌‌غه‌وس
رامێنن له‌ چاوانی من
ئێوه‌ له‌ ئاوه‌ شیرینه‌كه‌ی دیجله‌
تێناگه‌ن و
چێژ وه‌رناگرن
ئه‌و ئاوه‌ی به‌ قه‌رز بۆم ناردن و
نامده‌نه‌وه‌
بڵێی به‌ر ئه‌و كه‌تنانه‌ی ئامۆزاكانم كه‌وتبێ
له‌ ماڵه‌ بێ ده‌رگاكانه‌وه‌
حه‌یاكانیان هه‌ڵڕێژن و بۆ پارووی گورگێ
 بمدۆزنه‌وه‌
ئێوه‌ گڵۆپی شه‌قامه‌كانتان له‌ گۆڕ ده‌نێن
كوجا له‌ به‌ر مۆم و چرای منا هه‌ڵده‌تورتێن
له‌ په‌نجه‌ره‌ی به‌ر بالكۆنه‌كه‌وه‌ ده‌ڕوانم و
ئێوه‌ له‌ تاریكستانه‌وه‌ قه‌ره‌وڵم لێده‌گرن
ئێوه‌ له‌ سه‌ر مێزی قومار
نیشتیمان و خوا ده‌دۆڕێنن
هێشتا له‌ نامۆیی نغرۆ نه‌بوون
به‌ر ده‌رگای نیشتیمان و خوام لێده‌گرن
نهۆ ئه‌و حه‌سره‌ته‌م ده‌تۆرێنن
چاوم بڕیوه‌ته‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ و
له‌ زه‌مه‌نه‌ هه‌ڵه‌ته‌كان ده‌ڕوانم
شار مه‌جمه‌ری خۆیم بۆ راده‌خا
چاوه‌كانم ناتروكێن
هزره‌ پوچه‌كه‌ …
ده‌فڕێ و …. ده‌فڕێ … ده‌فڕێ ..
به‌رز … به‌رز …
تا ده‌گاته‌ مانه‌ند
ده‌ستم له‌ سووچێكی عه‌بای كێوه‌كه‌ گیر بوو
به‌ جارێ مه‌ردوومه‌ فڕیووه‌كان سوتان و
ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی فڕیبووم
فریشته‌كان رێگه‌یان دام
به‌ سه‌ر سووچێكی  باڵێكیان بێمه‌خوارێ‌
خه‌راباته‌….. خه‌رابات
ئه‌م گوڵدانی شاره‌ خه‌راباته‌
ئه‌بو جه‌عفه‌ر پێی به‌ سه‌ر رۆژگاره‌كانی
دوای خۆیدا نابوو
دوا هێلًی رابردوو و گه‌ڕانه‌وه‌ی
زه‌مه‌ن ئاخژنی دواتر
هێڕه‌ عه‌قڵێكی دانا بوو
كوا گوڵ ئه‌ستوونی باڵای دره‌ختی ماچ كردووه‌
هه‌نسكی له‌ نێو هه‌نسكی كچه‌ نوورێكی شاردا
تێكه‌ڵا كردووه‌
نووره‌كانی به‌غا
له‌ باوه‌شی پیره‌ هه‌رزه‌كانی پایته‌ختی دڵما ده‌نوون
ئه‌وانه‌ی شه‌وانی ده‌یجوور
دوور له‌ ئامێزی ئاوێته‌ بوون
خه‌م بۆ غه‌ریزه‌كانی دوای مه‌رگی ژیانه‌وه‌
ده‌ڕێژن
ئه‌وان بوونه‌ هه‌توانی زامه‌كان و به‌ ئۆخژنی عیشقه‌وه‌ ده‌ئاڵێن و
عه‌وداڵی كۆستی حه‌زن
هێشتان بۆ ئه‌وجی ئه‌وین فره‌ ژانی دیكه‌یان هه‌س
بۆ هه‌وه‌سبازی ده‌بێژن
كوا گه‌مه‌كانی دوای ماچبارانی نیوه‌ شه‌و
ئه‌و ماچانه‌ی گه‌رمه‌ی حه‌زی لێو
ده‌مژن و له‌ ئۆغرن بۆ خه‌و
خه‌وێك له‌ جه‌سته‌مانا ئاڵاوه‌
((له‌ خه‌و هه‌ستن میلله‌تی كورد خه‌و زه‌ره‌رتانه‌
   هه‌موو تأریخی عاله‌م شاهیدی فه‌زڵا و هونه‌رتانه‌ ))(1)
كلنتۆنه‌كانی وڵاتی من عه‌وداڵی مۆنیكای چیان و
له‌ هه‌ڵه‌ته‌كانی دڵه‌وه‌ هه‌ڵدێن و
له‌ پانتاییه‌كانی بێ به‌زییدا ده‌نیشنه‌وه‌
له‌ گه‌رماییه‌كانی چوار به‌ندی قه‌ڵا ئاڵاون و
به‌ سه‌ر پردی سیراتی مه‌رگا
له‌ ئاژووتنی ئاوه‌ژوودان
نغرۆی  گۆمی خوێنن
كوخی كه‌یفسازی ته‌داره‌كه‌ له‌ هه‌گبه‌ی
شینه‌وه‌
خۆر له‌ ئاوه‌وه‌ هه‌ڵدێ‌ و
ئاویش حه‌سره‌ته‌كانم لووشده‌دا
زنه‌ پڕ ئاوی زه‌نوێرستانی
وڵاتی من
به‌ دامێنی كراسه‌ شڕ و چڵكناوییه‌كه‌ی
سارا سه‌رابییه‌كه‌
له‌زه‌تی ماچبارانی له‌ ده‌ستده‌دا
ئاونگه‌كانی سپێده‌
به‌ سه‌ر كوڵمی دایكمه‌وه‌
شه‌رابی جوانی خوای ده‌رده‌خست
كه‌چی دایكم لێره‌
چووه‌ باوه‌شی سۆزانییه‌ك و
پۆشاكه‌كه‌ی پۆشی
رۆژێ نه‌مدی
رۆژێ‌ نه‌یگووت
په‌نجه‌ی په‌شیمانی خۆم گه‌ست
دایكم جله‌ ره‌شه‌كانیان پێ فڕێ دا
له‌ به‌ر ده‌ركی ئه‌بو غرێب
به‌ده‌م جه‌للاده‌كانه‌وه‌ پێده‌كه‌نی
هه‌شت په‌نجه‌ی شه‌یتانی
ته‌رمه‌كانی هه‌ڵبری و
 به‌ سه‌ر وڵاتی به‌فر دا
ئۆغر…. ئۆغر
له‌ ته‌ك قه‌ف قه‌ف دووكه‌ڵی جگه‌ره‌ی باوكما
ده‌شت و ده‌ری خه‌ناوی ته‌نی
دایكم هه‌ر نه‌هاته‌وه‌ …..
سۆراغی رۆحێكی ئه‌فسانه‌یی هه‌بوو
له‌ بن پێیه‌كانی ره‌سافیدا
شیعره‌كانی جه‌میل سدقی زه‌هاوی ده‌خوێنده‌وه‌
دایكم ده‌ستی به‌ ( نالی ) را نه‌ده‌گه‌یشت
چامه‌كه‌ی شاره‌زووری لێوه‌رگرێ‌
هه‌موو سپێده‌یه‌ك
 ده‌چووه‌ سه‌ر دیجله‌
به‌ یادی دیجله‌ی زه‌نوێرستان
دیقه‌تی ده‌دا
ئاونگه‌كان .. كلۆ مه‌رگی ئه‌رخه‌وانی
 لێده‌باری
گوێم له‌ دایكمه‌ وه‌ك من ده‌ڵێ
ئێوه‌ له‌ خه‌مه‌كانی خۆتان ناگه‌ن
چما  كه‌نگێ ده‌بنه‌ خه‌مه‌وانی من
ئێوه‌ له‌ كچه‌ جوانه‌كانتان ناڕوانن
بشێ له‌ به‌ر خاتری دوێنێ
 رامێنن له‌ چاوانی من
ئای كه‌ دوێنێم
به‌ سه‌ر جامانه‌یه‌كی ئاوه‌ژووی مێژوو
خلۆر بوویه‌وه‌
به‌ سه‌ر ده‌فه‌ شانی مه‌هاباد و به‌غدا و
شنۆ و پاریسا
ئه‌سپه‌ شێ ئاسا
بۆ باوانی جاویدانی چوویه‌وه‌
بوومه‌ پێخاوسێكی كه‌به‌رییه‌كان و
له‌ سه‌ر قایخه‌كانی قاهیره‌
به‌ سه‌ر ئاوی نیله‌وه‌
له‌ سامبا جوانتر سه‌مام ده‌كه‌م
سه‌مای رۆژهه‌ڵاتی
من له‌ به‌غداوه‌ هاتووم و
ناوی گه‌ڕه‌كه‌كانی نازانم
له‌ پایته‌ختێكه‌وه‌ هاتووم
كوچه‌ و شه‌قام و هۆڵه‌كانی شار
له‌ من ناگه‌ن و لێیان ناگه‌م
ئه‌بو جه‌عفه‌ر له‌ سووره‌تێكی قورئانه‌وه‌
منی هاوێر كرد
به‌ سه‌ر كه‌ژاوه‌ی ته‌رمه‌كانا
بۆ نیشتیمانی بردمه‌وه‌
كه‌چی دایكم به‌ ئاگایه‌
له‌ یانه‌كه‌ی ناو نیلا فێره‌ سه‌مایه‌
ئێمه‌یش ئێستا
هه‌وه‌سه‌كانمان له‌ ته‌كیا ده‌س له‌ مل و
فێره‌ جادووی رۆژگارێكی پڕ به‌ڵایه‌
هه‌ر له‌ به‌غداوه‌
به‌ شه‌وه‌ سووره‌كانی دایكم ئاوێته‌م
به‌ سه‌ر باڵی فریشته‌كه‌ی  ……
له‌ میریدیانا
ده‌خۆمه‌وه‌ و بێورته‌م
جه‌للاده‌كانی دوێنێ
له‌ ( القصر النهایه‌ ) وه‌ چاوه‌كانم لێ سوور ده‌كه‌ن
به‌ نووكی دار حه‌یزه‌رانه‌كه‌ی  گزار
هه‌ڕه‌شه‌كان له‌ دایك ده‌بنه‌وه‌
ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی هه‌تره‌شی نه‌بردم
ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی به‌غدای له‌ سێڵاوی تاوان ئاڵان
ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی
جوانییه‌كانی پایته‌خت ده‌شۆنه‌وه‌
ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی
گریانه‌كانم به‌ هزردا دێننه‌وه‌
پایته‌ختی من
كه‌نگێ جوان بووی …. !!؟
تاوه‌كو گوڵاڵه‌ سووره‌كانت بۆ بكه‌مه‌ دیاری
كه‌نگێ ده‌بییه‌ پایته‌ختم و
باخچه‌كانت پڕ كه‌م له‌ سێباز و هۆ شوان و
گه‌مه‌ و یاری
تۆ له‌ سه‌ر ده‌لاقه‌ی ئێسكه‌كانم
ته‌لاره‌كان نهۆمتر ده‌كه‌ی
تۆ به‌ شاتاوڵی جه‌ندرمه‌وه‌
بۆ حه‌زه‌كانی خۆتم ده‌به‌ی
ئێوه‌ له‌ خه‌مه‌كانی خۆتان ناگه‌ن
چما  كه‌نگێ ده‌بنه‌ خه‌مه‌وانی من
ئێوه‌ له‌ پیاوه‌ جوانه‌كانتان ناڕوانن
ئه‌دی پێم ناڵێن
كه‌ی ده‌ڕواننه‌ چاوانی من

   به‌غداد
        4 / 8 / 2008
(1) به‌یتێكه‌ له‌  شیعرێكی  ئه‌حمه‌د موختار به‌گی جافه‌
                       

 

Previous
Next