هوتێل ئه‌وروپا له‌نێوان ژیاننامه و ته‌كنیكی ڕۆماندا
هه‌موو مرۆیێك خاوه‌نی ڕابردووی خۆیه‌تی، واته ڕابردوو له‌نێو ژیانی هه‌موومان بوونی هه‌یه. لێ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره ئایا هه‌موو مرۆیه‌ك ده‌توانێت ژیاننامه و ڕابردووی خۆی بنووسێته‌وه؟ ئایا رابردووی هه‌موو مرۆیه‌ك شایانی نووسینه‌وه‌یه؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ئێژین نه‌خێر، چونكوو ڕابردووی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه هه‌موو ساته‌كانی جوان نین، لێ ئه‌گه‌ر فه‌یله‌سووفێك، سیاسییه‌ك، هونه‌رمه‌ندێك، نووسه‌رێك ژیاننامه‌ی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری بنووسێته‌وه ڕه‌نگه شاكارێكی جوانی لێده‌ربچێت. بۆیه په‌یوه‌ندی ده‌نێوان ئه‌ده‌ب و بایۆگۆافییدا هه‌یه، ده‌توانین ژانری بایۆگرافیش به‌هونه‌رێكی ئه‌ده‌بی بژمێرین. ئه‌م هونه‌ره له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وروپیدا بۆ سه‌ده‌ی حه‌ڤده ده‌گه‌ڕێته‌وه، پێش ئه‌و مێژووه‌ش ڕه‌نگه هه‌بووبێت، لێ نه‌گه‌یشتۆته ئاستێك كاریگه‌ری و وه‌رچه‌رخان دروست بكات، تاكوو كاتێك (ژان ژاك ڕۆسۆ) ژیاننامه‌ی خۆی نووسیوه كه به‌ڕاستی جورئه‌تێكی ئه‌خلاقی و ئه‌ده‌بی تێدا بوو. بایۆگرافیش هونه‌رێكی ئه‌ده‌بییه‌و یێكێكه له‌هونه‌ره‌كانی گێڕانه‌وه، كه‌واته بایۆگرافی و ڕۆمان وه‌كوو دوو ژانری گێڕانه‌وه نزیكی ده‌نێوانیاندا هه‌یه.
هه‌ردووكیان ده‌توانرێت ته‌كنیك و هونه‌ریان تێدا به‌كارببرێت. خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوانیان بریتیه له مێژوو، له‌ژیاننامه‌دا نووسه‌ر په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌زه‌مه‌نێكی دیاریكراوه‌وه كه رابردووه، به‌شێوه‌یه‌كی زنجیره‌یی و به‌پێی مێژووی ڕوودانی ڕووداوه‌كان یێك له‌دوای یێك ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه. هه‌روه‌ها له‌ژیاننامه‌دا زیاتر مامه‌ڵه ده‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنه واقیعییانه ده‌كه‌ین كه ڕووداوه‌كانی تێدا ڕوویداوه، به‌بێ تێكه‌ڵكردنیان ده‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و فانتازیای نووسه‌ر، به‌ڵكوو له واقیعدا چۆنن، به‌وشێوه‌یه باسییان ده‌كه‌ین. لێ له ڕۆماندا نووسه‌ر په‌یوه‌ست نابێت به‌یه‌ك زه‌مه‌ن و مێژووه‌وه، به‌ڵكوو لێره‌دا زه‌مه‌نی ڕابردوو و ئێستا و ته‌نانه‌ت داهاتووش ئیشییان تێدا ده‌كرێت. هه‌روه‌ها خه‌یاڵ و فه‌نتازیا و بیری نووسه‌ر تێكه‌ڵ به ڕێره‌وی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان ده‌بێت، ته‌كنیكی ڕۆمان لێره‌دا زۆر بایه‌خی پێده‌ده‌رێت. ئه‌مانه به‌كورتی خاڵی جیاوازی نێوان ژیاننامه و ڕۆمانن.
(هوتێل ئه‌وروپا) تازه‌ترین ڕۆمانی (فه‌رهاد پیرباڵ)ه، ه‌زگای ئاراس له‌م ساڵد(2010) چاپیكردووه. له‌م ڕۆماندا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و ڕوون هه‌ستده‌كه‌ین(فه‌رهاد پیرباڵ) باس له‌به‌شێك له ژیان خۆی ده‌كات. ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌كی تێكه‌ڵ له ژیاننامه و هونه‌ری ڕۆمان. ڕۆماننووس باسر ساڵانی كۆتایی هه‌شتاكان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو كه وه‌كوو په‌ناهه‌نده له ئه‌وروپا ژیاوه. له‌م ڕۆمانه‌دا گه‌لێك باسی وه‌كوو ململانێی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، ژیانی كورده په‌ناهه‌نده‌كان،هونه‌ر و گه‌لێك بابه‌تی تر.
فه‌رهاد پیرباڵ یێكێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی له‌نووسینه‌كانیدا زۆر پشت به‌ڕابردوو و یاده‌وه‌ری خۆی ده‌به‌ستێت،نووسه‌رێكی تری كورد (كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور) به‌هه‌مان شێوه هه‌میشه ده‌نێو گه‌نجینه‌ی یاده‌وه‌ری و ژیانی ڕابردوو ئیش ده‌كات. ئه‌مانه كه‌ره‌سه‌یه‌كی خاوی گرنگن بۆ ڕۆمان و چیرۆكه‌كانییان. ئه‌م نووسه‌رانه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر هونه‌ری كاریان له ڕابردوو و یاده‌وه‌ری خۆیان كردووه. ئێمه له‌و بڕوایه‌داین نووسینی هیچ نووسه‌رێك نییه به‌ده‌ر بێت له‌ژیانی واقیعیی خۆی، چونكوو هونه‌ری چیرۆك و ڕۆمان ئیشكردنه له‌نێو واقیع و تێكه‌ڵكردنییان ده‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و بیر و فه‌نتازیای نووسه‌ر، گابریل گارسیا ماركیز ده‌ڵێت:” له ڕۆمانه‌كانمدا دێرێك نییه په‌یوه‌ندی به‌ژیانی ڕابردوومه‌وه نه‌بێت” ئه‌م وته‌یه زۆر گرنگه، لێ تۆ دێیت ئه‌و ڕابردووه چۆن ده‌كه‌یته چیرۆك، یان ڕۆمان. چ ته‌كنیكێك بۆ كردنییان به‌و ژانرانه به‌كارده‌برێت، توانای نووسه‌ر له‌م خاڵه‌دا به‌دیارده‌كه‌وێت، به‌كاربردنی ئه‌و كه‌ره‌سه خاوانه به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری توانای نووسه‌ری ده‌وێت. له‌ڕۆمانی (هوتێل ئه‌وروپا) زۆر ئاشكرا دیاره بایۆگرافی نووسه‌ره، ته‌نانه‌ت ناوی گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌كیش(فه‌رهاد)ه. ناونیشانی ڕۆمانه‌كه سه‌رنجراكێشه، ناوی هوتێلێكه له‌پاریسی پایته‌ختی فره‌نسا كه ئه‌و سه‌رده‌م(فه‌رهاد پیرباڵ) ئیشی تێداكردووه. بۆیه خوێنه‌ر په‌لكێشی ناو فه‌زای ڕۆمانه‌كه ده‌كات، لێره‌دایه ناونیشان گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه.
ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خ پێدانه ڕۆماننووس له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌وڵیداوه ئه‌و سنووره‌ی ده‌نێوان بایۆگرافی و ڕۆماندا هه‌یه نه‌هێڵێت، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر كتێبه‌كه نووسراوه ڕۆمان، لێ له‌دواجاردا ئه‌وه خوێنه‌ره ئه‌و حوكمه ده‌دات، چونكوو به‌ره به‌ره هه‌ست به‌نه‌مانی سنووری نێوان ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌كرێت. له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌م ته‌كنیكی ڕۆمان و هه‌م بایۆگرافی به‌كابردراوه، لێ زیاتر بایه‌خ به ته‌كنیكی ڕۆمان دراوه. هه‌روه‌ها له‌ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان به‌شێوه‌ی زنجیره‌ییه و زۆر له‌بایۆگرافی نزیكه، چونكوو ڕۆماننووس له‌كۆتاییدا دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ڕووداوه‌كان ڕاسته‌قینه‌ن به‌س گۆڕانی به‌سه‌ر ناوه‌كاندا هێناوه، له‌به‌ر باری ئاسایش و ژیانی كه‌سه‌كان.بۆیه ئه‌م به‌رهه‌مه ڕه‌نگه سه‌ر له ڕه‌خنه‌گریش بشێوێنێت. ناو ڕۆمانه‌كه به‌سه‌ر چه‌ندین به‌شدا دابه‌شكراوه، هه‌ر به‌شه‌ی مانشێتێكی كورتی هه‌یه، كه له‌ڕسته‌یه‌كی ناو گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه وه‌رگیراوه، ئه‌م ته‌كنیكه‌ی ئه‌م ڕۆمانه زۆر له‌ته‌كنیكی ڕۆمانی (مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی)ی (ئۆرهان پامۆك) ده‌چێت. ده‌كارێت ئێمه ئه‌م به‌رهه‌مه به‌جۆرێك له‌ژیاننامه له‌قه‌له‌م بده‌ین. چونكوو كۆمه‌ڵێك ناوی ڕاسته‌قینه و شوێنی ڕاسته‌قینه و واقیعیی ده‌نێو ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ن كه تاكوو ئێستاش خوێنه‌ری كورد ده‌یانناسێت، یان ده‌توانێت بیانناسێت وه‌كوو (فه‌رهاد) كه نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه و كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ره‌كی ناو ڕۆمانه‌كه‌یه. (هوتێل ئه‌وروپا) شوێنێكی تاكوو ئێستاش بوونی هه‌یه، هه‌روه‌ها ناوهێنانی هه‌ندێك كه‌سایه‌تی تر كه ته‌نها ناوه‌كانییان گۆڕدراوه، بۆیه مرۆ ” له‌ڕابردووی خۆیدا ده‌توانێت ڕۆمان و چیرۆك و شیعر و سه‌رگوزه‌شته و لێكۆڵینه‌وه‌ش بنووسێ، به‌ڵام ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی په‌یوه‌سته به‌به‌رزی هونه‌راندنییه‌وه” (1) كه‌واته ئیشكردن له‌نێو هونه‌ر و ته‌كنیك زۆر گرنگه و له‌وێدا توانای نووسه‌ر به‌دیارده‌كه‌وێت. له‌م ڕۆمانه‌دا نووسه‌ر كۆمه‌ڵێ ڕووداوی كۆمه‌ڵایه‌تی و باری تایبه‌تی كه‌سه‌كانمان بۆ باسده‌كات، ئه‌ویش له ڕێگای به‌كاربردنی ته‌كنیكه‌كانی ڕۆمانه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه و ده‌مانه‌وێت كۆده‌كه‌ی بكه‌ینه‌وه ئایا ئه‌م به‌رهه‌مه ده‌چێته خانه‌ی ژانری ڕۆمان، یان ژیاننامه؟ به‌بڕوای ئێمه بنه‌ماكانی هه‌ردوو ژانره‌كه‌ی تێدا ده‌دۆزینه‌وه، لێ زیاتر له‌ژانری ڕۆمان نزیكتره، چونكوو ته‌كنیك و هونه‌ره‌كانی ڕۆمانی تێدا به‌كاربردراوه. دایه‌لۆگ یێكێكه له‌ته‌كنیكه‌كانی ڕۆمان، له‌م ڕۆمانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رچاو به‌كاربردراوه، ئه‌گه‌ر سه‌یری لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه بكه‌ین، له‌هه‌موو لاپه‌ڕه‌یه‌ك هونه‌ری دایه‌لۆگمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت، بۆیه به‌پێویستی نازانم نموونه‌ی ئه‌م ته‌كنیكه بهێنمه‌وه.” هه‌روه‌ها له ژیاننامه‌دا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانی ژیانی تایبه‌تی و تاكه‌كه‌سی له‌ته‌نیشت ڕووداوگه‌لی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ئاشكرا بكردرێن” (2) لێ له‌ڕۆماندا ڕه‌نگه به‌و شێوه‌یه نه‌توانرێت هه‌موو ڕووداوه‌كان و لایه‌نه تاكه‌كه‌سییه‌كان به‌و شێوه‌یه باسبكردرێن. له (هوتێل ئه‌وروپا)دا ڕۆماننووس هه‌وڵیداوه هه‌ندێك لایه‌نی تاكه‌كه‌سیی خۆی له‌و كاته‌ی په‌ناهه‌نده بووه باسبكات، لێ زیاتر تیشكی خستۆته سه‌ر ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی (محه‌مه‌دی حاجی زاده) كه مه‌لایه‌كی ئێرانی بووه و خه‌لعی لیباس كراوه، واته ئیشی له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ژیانی كه‌سێكی تر كردووه، خۆی وه‌كوو گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كه، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌و بڕیاره‌مان نزیك ده‌خاته‌وه كه ئه‌م به‌رهه‌مه ڕۆمانه. كۆمه‌ڵێ بابه‌تی ئاینیی و سیاسی و ژیانی په‌ناهه‌نده‌كان باسكراوه. ململانێی نێوان جووله‌كه و موسڵمان به‌گشتی و ئێران به‌تایبه‌تی خراوه‌ته به‌رباس. هه‌رچه‌نده (محه‌مه‌دی حاجی زاده) مه‌لا بووه، لێ له‌ده‌سه‌ڵات یاخیبووه، داوای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئایینی كردووه ، ئه ململانێیه مێژوویه‌كی دوورودرێژی هه‌یه، بۆیه زۆرن ئه‌و مرۆیانه‌ی بوونه‌ته قوربانی ئه‌م بیركردنه‌وه و ململانێیه، ڕۆماننووس هه‌موو ئه‌و پرسیارانه ده‌ورووژێنێت، كه ته‌نانه‌ت جوانترین عه‌شق و ئه‌ڤینداری بوونه‌ته قوربانی ئه‌و بیركردنه‌وانه، لێ عاشقی ڕاسته‌قینه نامرێت و كۆڵنادات، بۆیه (مسیۆ لووسیانا) هه‌رچه‌نده جووله‌كه‌یه به‌دوای خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا بۆ ئێران ده‌چێت و تاكوو ئێستاش دیارنامێنێت. بۆیه ده‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پرس و باسانه‌ی نێو ڕۆمانه‌كه، خوێنه‌ر هه‌ستده‌كات ئه‌مه ژیاننامه‌ی(فه‌رهاد پیرباڵ) له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراو، لێ ئه‌وه‌نده به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری باسی ده‌كات، زیاتر له‌ژانری ڕۆمان ده‌چێت، له‌هه‌مان كاتیش‌دا له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی له‌چێژی ژیاننامه بێ به‌ش نابین. ئه‌مه‌ش دوو شاكاری ئه‌ده‌بیمان بیرده‌خه‌نه‌وه، ئه‌وانیش (نانی ڕووت)ی (محه‌مه‌د شوكری) و (هونه‌رمه‌ند له‌تافی لاوی‌دا)ی (جیمس جۆیس)ن. هه‌ردوو شاكاره‌كه گێڕانه‌وه‌ی ژیانی تایبه‌تی نووسه‌ره‌كانیانه، له‌گێڕانه‌وه‌یشدا هه‌ست به‌ڕاستگۆیی گێرانه‌وه‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش یێكێكه له خه‌سڵه‌ته هه‌ره گرنگه‌كانی ژانری ژیاننامه، بۆیه ده‌بینین ئه‌و كه‌سایه‌تییه سیاسیانه‌ی ئێستای كورد كه ژیاننامه‌ی خۆیان ده‌نووسنه‌وه خاڵیه له‌م خه‌سڵه‌ته‌ی سه‌ره‌وه، بۆیه هیچیان هونه‌ری و ئه‌ده‌بی نین.، ئێمه زیاتر به‌م دواییه دوو ژیاننامه‌مان بینیووه كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌م ڕاستگۆیه‌یان تێدابووه، ئه‌وانیش (زاكیره‌ی با)ی (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) و (سه‌فه‌رنامه)ی (هیوا قادر)ه، هه‌رچه‌نده ئه‌مانه له‌كاتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان ته‌كنیكی هونه‌ری و ئه‌ده‌بییان تێدا به‌كاربردووه، لێ زۆر به‌ڕاستگۆیی ڕووداوه‌كانییان گێڕاوه‌ته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌یان به‌لاوه گرنگ بێت، گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێك ڕووداو كاریگه‌ریله‌سه‌ر كه‌سایه‌تییان ده‌بێت.بۆ نموونه (هیوا قادر) له (سه‌فه‌ر نامه)دا باسی ئه‌وه ده‌كات له‌كاتی خۆی له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی چوونه‌ته به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی كاری سێكس ده‌گه‌ڵ سۆزانییه‌كان ئه‌نجامبده‌ن. هه‌رچه‌نده پێشتریش ژیاننامه نووسراوه وه‌كوو (چێشتی مجێو‌ر)ی (هه‌ژار)، (هێمن موكریانی) و چه‌ندانی تر. له‌م ڕۆمانه‌شدا ڕۆماننووس هه‌ندێك لایه‌نی ژیانی خۆی له‌و كاتدا به‌ئاشكرا باسكردووه، وه‌كوو په‌یوه‌ندی ئه‌و له‌گه‌ڵ (ساقی گوڵچین). كه‌واته مرۆ ده‌توانێت ده‌نێو ژانری ژیاننامه‌شدا داهێنانی جوان بكرێت، هه‌رچه‌نده (گۆتێ) پێیوایه و ده‌ڵێت:” پێویست به‌نووسینه‌وه‌ی بایۆگرافی ناكات، چونكوو هه‌موو كارێكی ئه‌ده‌بیی بریتییه له‌جۆرێك بایۆگرافی” ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی نووسه‌ر هه‌ر كارێكی ئه‌ده‌بی بنووسێت، بێبه‌ش نییه له ژیانی خۆی و ماسكێك بۆ خۆی به‌كار ده‌بات، به‌ڕوویه‌كی تره‌وه ده‌نێو ده‌قه‌كه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، خوێنه‌ری شاره‌زا و جیدی زوو ده‌توانێت په‌ی به‌و شته ببات و نووسه‌ر له‌ژێر ئه‌و ماسكه بناسێته‌وه.
ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه ئه‌سته‌مه دیاریبكرێت، چونكوو ده‌سپێكردنی ڕۆمانه‌كه له ناوه‌ڕاسته‌وه‌یه، واته له‌و كاته‌ی كه سێ ساڵ به‌سه‌ر هاتنی (محه‌مه‌دی حاجی زاده) وه‌كوو په‌ناهه‌نده له فره‌نسا تێپه‌ربووه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته خاڵێكی تری به‌هێزی ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه زیاتر ژانری ڕۆمانه، نه‌ك ژیاننامه. چونكوو وه‌كوو ده‌زانین ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان له ژیاننامه‌دا له‌سه‌ره‌تاوه بۆ ناوه‌ڕاست و دواتر بۆ كۆتاییی ده‌بێت، هه‌روه‌ها له ژیاننامه‌دا ناوی ته‌واوی نووسه‌ر و ساڵی له‌دایكبوون و ژیانی منداڵی به‌زنجیره تاكوو ئه‌و كاته‌ی ده‌یه‌وێت به‌بێ پاش و پێشكردن باسده‌كات. لێ له‌ڕۆماندا ئه‌م گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان پاش و پێش ده‌كرێت، ڕۆماننووس به‌ئاره‌زووی خۆی و ئه‌و ته‌كنیك و هونه‌ره‌ی خۆی به‌كاریده‌بات ده‌ست پێده‌كات، هه‌یه له‌سه‌رتاوه ده‌ست پێده‌كات، ڕۆمان هه‌یه له‌ناوه‌راسته‌وه ده‌ست پێده‌كات.
زمانی گێڕانه‌وه‌ی (فه‌رهاد پیرباڵ) به‌گشتی له‌چیرۆك و ڕۆمانه‌كانیدا، زمانێكی ساده و ساكاره. له‌م ڕۆمانه‌دا زمانه‌كه‌ی له‌ئاستی كه‌سه‌كان به‌كاربردووه، بۆ نموونه سه‌ره‌تای هاتنی (محه‌مه‌دی حاجی زاده) زمان و بیركردنه‌وه‌ی، زمان و بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئایینیه، كگاتێك ده‌ڵێت:” سیسته‌می كۆماری ئیسلامی له‌هه‌موو سیسته‌مێكی تری سیاسی، بۆ ئێمه‌ی موسلمانان گونجاوتره” (3) لێ دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی ده‌ژیێت، تێكه‌ڵاوی كلتوور و زمانی ئه‌وروپی و فره‌نسی ده‌بێت، ئه‌وا بیركردنه‌وه و زمانی ده‌گۆڕێت، بۆ بیركردنه‌وه‌یه‌كی عه‌لمانی. له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌ر كه‌سایه‌تییه و زمانه‌كه‌ی له‌ئاست ئیش و بیركردنه‌وه‌ی به‌كارهێنراوه. واته به‌گوێره‌ی پله‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تییان. زمانه‌كه‌ی دووره له ئاڵۆزی و سیمبوول، هه‌روه‌ها زیاتر زمانێكی واقیعیی تێیدا زاڵه، نه‌ك زمانی ئه‌فسانه و خه‌یاڵئامێز، ئه‌م زمانه‌ش زیاتر له‌زمانی ژیاننامه ده‌چێت. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه، ئه‌م به‌رهه‌مه ژیاننامه و یاداشت بێت. هه‌روه‌ها زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری ڕه‌خساندووه بۆ زمانی هه‌ریه‌ك له‌كه‌سایه‌تییه‌كان و هه‌موویان په‌یامی خۆیان ده‌گه‌یه‌نن” كاتێك گێڕه‌ره‌وه/نووسه‌ر شاره‌زایی ته‌واوی له‌گه‌ڵ بابه‌تی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا هه‌یه زۆر به‌سانایی ده‌یگێڕێته‌وه، به‌ڵام كاتێك خه‌یاڵه ده‌ستكرده‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌زموونی تایبه‌تی ئه‌ودان ئه‌و گفتوگۆیه نامێنێت و ده‌نگی ناسازی گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان و پاڵه‌وان یان كپه، یانیش ئه‌گه‌ر ده‌قێك له‌ئارادا بێت ته‌نیا ده‌بێته هۆی ئازاری گوێی خوێنه‌ره‌وه و ماندووبوونی”(4) كه‌واته له‌گێڕانه‌وه‌دا ڕۆماننووس سه‌ركه‌وتوو بووه، هه‌روه‌كوو خه‌یاڵی تێدا به‌كاربردراوه بۆیه خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه لای خوێنه‌ر سانایه و چێژی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و خوێنه‌ر ماندوو ناكات.
حه‌مه مه‌نتك
سه‌رچاوه‌كان:
1.یاده‌وه‌ری له‌نێوان شێواندن و هونه‌ری اڵادا، سواره نه‌جمه‌دین، پاشكۆی ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر، ژ:227، 23/8/2010،ل4.
2.نه‌ریت و دژه نه‌ریت له‌گێڕانه‌وه‌یه‌كی پیاوانه‌دا،د.هاشم ئه‌حمه‌دی زاده، فه‌رهه‌نگ، ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر،ژماره:42، 31ی ئابی2010 ،ل6.
3.هوتێل ئه‌وروپا،ڕۆمان، فه‌رهاد پیرباڵ،ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2010.
4. نه‌ریت و دژه نه‌ریت له‌گێڕانه‌وه‌یه‌كی پیاوانه‌دا،د.هاشم ئه‌حمه‌دی زاده، ل10.