Skip to Content

Saturday, May 21st, 2022

پێنج شیعری محه‌مه‌د كوردۆ

Closed
by February 1, 2011 ئەدەب

(1)
مه‌له‌كردن له‌ دڵخۆشییدا

دڵخۆشم به‌وه‌ی
(قه‌ده‌ر)م ئه‌وه‌ی به‌ ڕه‌وا بینی
ژیانی خستمه‌ سه‌رده‌می تۆوه‌..!
دڵخۆشم به‌وه‌ی
وه‌ك منداڵێكی گه‌وره‌ و سه‌رسپی
له‌ جیاتی دایكم
ده‌تریقێمه‌وه‌ به‌ ده‌می تۆوه‌..!
دڵخۆشم به‌وه‌ی
وه‌ك عاشقترین پیاوی سه‌ر زه‌وی
بۆ مه‌له‌كردن له‌ دڵخۆشییدا
به‌ توندی خۆمم
خستۆته‌ چه‌می
په‌رچه‌می تۆوه‌..!
دڵخۆشم به‌وه‌ی
بۆ گاڵته‌كردن به‌ ده‌ردی پیریی
تۆ ڕێگه‌م ده‌ده‌ی
ده‌مم بخه‌مه‌ ناو ده‌می تۆوه‌..!!

(2)
به‌ نوشته‌ و جادوو ده‌تكه‌م به‌دارێ‌

سڵاو ئه‌ی یاری جوان و ڕووخۆشم
ئه‌مشه‌و من بێ‌ تۆ
مات و دڵته‌نگ و
په‌ست و نه‌خۆشم
ئه‌مشه‌و سه‌به‌ته‌ی ڕه‌زه‌وانێكم
ترێی ته‌نیایی كه‌وتۆته‌ كۆشم
باخه‌وانێكم
نه‌ك باخه‌كانم
خه‌زانی دوریت گه‌یشتۆته‌ خۆشم
سه‌رگه‌ردانێكم
به‌ ڕووت و قووتی
وام له‌ ناو سه‌رمای دوور له‌ تۆییدا
شوێن له‌ ژێر پێما بۆته‌ ئاسن و
كات له‌سه‌ر دڵما بۆته‌ قوڕقۆشم
بۆیه‌ ده‌مه‌وێ‌
وه‌ك جادووكارێ‌
به‌ نوشته‌ و جادوو
بتكه‌م به‌ دارێ‌
به‌رله‌وه‌ی سه‌رمای دووری و دابڕان
ڕه‌قمكاته‌وه‌
به‌ گه‌ڵا و گوڵه‌ نازداره‌كانت
خۆم دابپۆشم..!

(3)
دێم ئه‌مجاره‌یان ده‌تكه‌م به‌ كۆتر

ئه‌مشه‌و شه‌وێكی ته‌واو جیاوازه‌
من به‌ دڵێكی به‌خته‌وه‌ره‌وه‌
له‌ ژووری تار و ته‌نگی ته‌نیاییم
دێمه‌ ده‌ره‌وه‌
دێم ئه‌مجاره‌یان به‌ نوشته‌ و جادوو
ده‌تكه‌م به‌ كۆتر
له‌ بری منیش
له‌زه‌تی فڕین تاقیكه‌ره‌وه‌
بفڕه‌ زۆر بفڕه‌ تا ماندوو ده‌بی
دوایی وه‌ره‌وه‌
له‌ ناو قه‌رسیلی سه‌وزی سینگمدا
بنیشه‌ره‌وه‌
به‌ ته‌نها من و ئاسمان بناسه‌
ژیانی پێشووت
له‌ بیر به‌ره‌وه‌..
ڕوو بكه‌ خۆم و پشت بكه‌ دنیا
باڵی دڵخۆشیت
به‌سه‌ر سینگمدا شۆڕ بكه‌ره‌وه‌..
دڵم بكه‌ره‌ هێلانه‌ی گه‌رمی هه‌تا هه‌تاییت
كه‌ تیای هه‌ڵكورمای
به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك
هیچ بانگكردن و ده‌نگێك مه‌بیسته‌
به‌ تاقی ته‌نها
وه‌ڵامی ده‌نگی خۆم بده‌ره‌وه‌..!

(4)
دره‌وشانه‌وه‌

به‌رله‌وه‌ی تۆ بێی
به‌رله‌وه‌ی گرێی نه‌هامه‌تییه‌كان
هه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌
من وێڵگه‌ردێك بووم
په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌رمم نه‌مابوو
نه‌ به‌ زه‌مین و
نه‌ به‌ زه‌مان و
نه‌ به‌ شوێنه‌وه‌
به‌رله‌وه‌ی تۆ بێی
هه‌موو شته‌كان له‌ چاوی مندا
وه‌ك جلوبه‌رگی بێوه‌ژنانه‌ی
دایكم تاریك بوون
كه‌وتبوومه‌ ناو
ژاوه‌ژاوێكی سه‌ریه‌شێنه‌وه‌
به‌ڵام له‌وساوه‌ كه‌ تۆ په‌یدا بووی
سه‌رم ئارامه‌ و هه‌موو شته‌كان
له‌ ناو چاومدا
وه‌ك زیوی به‌رخۆر ده‌دره‌وشێنه‌وه‌..!!

(5)
هه‌ستی پیاوانه‌

ئای چه‌نده‌ خۆش بوو
دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژگار به‌ كاره‌ساتێك
عیشقی له‌ دڵی منا كپ كرد و
منی له‌ بیری عیشق برده‌وه‌..
تۆ له‌ پڕێكا
هاتیت و دڵی پڕ په‌ژاره‌مت
به‌سه‌ر كرده‌وه‌
به‌رگی خه‌مناكیت
له‌به‌ر داكه‌نم
به‌رگی شادیمت
له‌به‌ر كرده‌وه‌..
وای چه‌نده‌ خۆش بوو
كه‌ تۆ هاتیت و
به‌ بۆنی گه‌رم و
گوڕی ژنانه‌ت
هه‌زاران هه‌ستی خه‌وتووی پیاوانه‌ت
له‌ ژووری دڵما خه‌به‌ر كرده‌وه‌..!

*ئه‌م شیعرانه‌ له‌ ژماره‌ (5) ی (ئاسۆی ئه‌ده‌ب) دا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.

Previous
Next