Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
توندوتیژی لەنێوان تازەگەری و ئاین دا… منی نەجار

توندوتیژی لەنێوان تازەگەری و ئاین دا… منی نەجار

Closed
by March 6, 2008 گشتی

و/هێمن مەحمود_دەربەندیخان

"یوخین هبلر" لێکۆڵیارێکە لە پەمانگای گەشەپێدان و ئاشتی زانکۆی دۆسبۆرگ، تێزی رەخنەیی خۆی بۆ تازەگەری و پەیوەندی بەتوندوتیژییەوە لەمیانەی دەستپێشخەرییەکەی خۆیدا کە تایبەتە بە گفتوگۆ لەگەڵ جیهانی ئیسلامیدا دەخاتە روو.
هەر لەسەردەمی رۆشنگەرییە هیواکان وەهابون کە کۆمەڵگاکان و دەوڵەتەکان بەکەمترین ئاستی توندوتیژی کێشەو ململانێ یەکانی خۆیان چارەسەربکەن. هەر بەفیعلیش جیهانی رۆژئاوایی لەسەدەکانی ئەمدواییەدا کەمترین رێژەی توندوتیژییان لە ناوخۆیاندا بەکارهێناوە.ئەمەش بەپلەی یەکەم بۆ گەشەسەندنی سیستەمی دەوڵەت و کارایی دەزگای دادوەریی و هۆکارە ناوخۆییەکان دەگەڕێتەوە. بەڵام پرۆسەی تازەگەری چەندین دیاردەی ترسناکی دیکەی توندوتیژی لەگەڵ خۆیدا دروستکرد وەک ئیستیعمار و ستالینەیەت و فاشییەت.ئەمە جگە لەوەی کە کۆمەڵگا نارۆژئاواییەکان لەرێگایاندا بۆ گەشتن بە تازەگەری چەندین شێوازی کوشتنی بەکۆمەڵ وجەنگی گەورەیان بەکارهێنا. بۆنمونە قەتڵ وعامی ئەرمەنەکان لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا و دابەشکردنی پاکستان.
کەمتەرخەمیەکە لە رەخنەنەکردنی "خود"دایە
 "هبلر" بڕوای وەهایە رەخنەکردنی خود یەکێکە لەمەرجە بنەڕەتیەکانی لێکۆڵینەوە لەدیاردەی توندوتیژی و خستنەڕوییەتی بۆ گفتوگۆ لەنێوان هەردوو لایەنی رۆژئاوایی وئیسلامیدا.
"عمرو حەمزاوی" کە ئەویش لێکۆڵیارێکە لە دەزگای کارنگی لە واشنتۆن و مامۆستای زانستە سیاسیەکانە لە قاهیرە بەدوای ئەو هۆکارانەدا دەگەڕێت کە بوەتە هۆی شکتسهێنانی چەسپاندنی دیموکراتیەت لەدەیەکانی دواییدا و هەروەها وەرگرتنی پەندیش لەو هۆکارانە.
"حەمزاوی" بڕوای وەهایە کە ونبونی ئەو رەخنەیە بەتایبەت لەو کارە توندوتیژیانەدا بەدیاردەکەوێت کە مەشروعیەتی بۆ دەهێنرێتەوە و خاوەنی مۆرکێکی ئیسلامیانەیە.
ئەوەتا دەڵێت" ئەگەر مشتومڕەکە بگاتە ئیسلام هەموو قسەکردنێک دەوەستێت و دەگەین بەرێگایەکی داخراو".
لەبەرامبەریشدا" هبلر" رەخنە لەو رێگایانە دەگرێت کە رۆژئاوا گرتویەتیە بەر بۆ خستنەرو و هەڵسەنگاندنی ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داون.
ئەوەتا دەڵێت"ئەوەی مایەی سەرسوِرمانە کەلەکاتی خستنەروو و هەڵسەنگاندنی  تاوانەکانمان بەشێوەیەکی هامشی و بچوکی باسیان دەکەین، هەروەها ئەمەش لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت.بڕوام وەهایە کە ئێمە"ئەمەش مایەی سەرسوڕمانە" لەم سیاقەدا هێڵێ مەرکەزییەتی ئەوروپیمان گرتۆتە بەر. بۆنمونە گرنگیمان دەخەینە سەر تاوانەکانی جەنگی جیهانی دووەم و بەدیاریکراویش لە سیاقی تاوانەکانی دژ بە جولەکە"هۆلۆکۆست" تەنها باسی قوربانیەکانی جولەکە ئەوروپیەکان یاخود پۆڵەندییەکان دەکەین، کەچی قوربانیەکانی روسیش گرنگیان پێنادەین".
"هبلر" تێبینی ئەوەدەکات کە کۆمەڵگا ئەوروپیەکان لەدوای روداوەکانی 11ی ئەیلول و هێرشەکانی دیکەی ئیسلامیەکان لە ئەوروپا، چاویان لەو هۆکارانەی دیکە پۆشیوە کە لەناو توێژە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیاندا توندوتیژی بەرهەمدەهێنن.ئەمەش بەدیاریکراوی ئەگەر بەئەنقسەت بەراوردێکی ئەو مشتومڕەبکەین کە ئەمڕۆ دەربارەی توندوتیژی ئیسلامی هەیە لەگەڵ ئەوەی کە هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی پێشودا لەبارەی تیرۆری کۆمەڵە چەپڕەوە رادیکاڵیەکان هەبوە.
"حەمزاوی" دەڵێت" ئێمە ئەمڕۆ کۆمەڵێک لەوانەمان هەیە کە توندوتیژییان ئەنجامداوە کە هەندێکیان لەئەوروپا لەدایکبون و هەندێکی دیکەشیان لە لوبنان. لەئەڵمانیاش ئارەزوییەکەی سەیر هەیە بۆ دروستکردنی جیاوازییەک کە بڕوای وەهایە ئەوە کۆمەڵگای ئەڵمانی نەبوە توندوتیژی بەرهەمهێناوە بەڵکو ئەوە موسڵمانەکانن توندوتیژی بەرهەمدەهێنن جا عەرەب بن یاخود ئێرانی یاخود ئەوانی دیکە".
توندوتیژی  ئاینی یاخود سیاسی
بەپێی بڕوای "هبلر"خودی ئاین سەرچاوەیەک نیە لەسەرچاوەکانی توندوتیژی بەڵکو ئەوە مرۆڤەکانن دەیخەنە ئەو قاڵبەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخە سیاسیەکە یاخود کۆمەڵایەتی وئابورییەکە رۆڵی خۆیان هەیە لەوەی کە ئاین شێوازێکی هاندەرانە و پڕ لەتوندوتیژی لەخۆبگرێت.
راستە "بن لادن" لە گوتارە سیاسیەکەیدا چەمکی ئاینی بەکاردەهێنێت، بەڵام ناوەڕۆکەکەی بەپێی خوێندنەوەکانی هبلر گوتارێکی سیاسیانەی روتە.
"حەمزاوی" بڕوای وەهایە کە ناتوانرێت لەدیاردەی تیرۆری ئیسلامی لەناوچەی عەرەبیدا تێبگەین گەر لە شوێنی ئاین و کاریگەری ئاین تێنەگەین لە کۆمەڵگاکانی ناوچەکەدا.
"نەسر حامید ئەبو زەید" کە مامۆستای دیراساتە ئیسلامیەکانە لە زانکۆ لایدن، دەڵێت" هۆکاری گەشەسەندن و توندوتیژی رەوتە جیهادییەکان و کۆبونەوەی ئەو هەموو کەسە لەدەوریان دەگەڕێتەوە بۆ بونی دۆخێکی رۆشنبیری وەها کەسورە لەسەر جیاوازیکردن و تاکگەرایی و سەرکوتکردن".
ئەم توێژەرە بڕواشی وەهایە دەتوانین لەرێگای بەکارهێنانی بنەماکانی تەفسیری کلاسیکی قورئانەوە رێگا لەتوندوتیژی بگرین، وهەروەها بڕواشی وەهایە کە ئێستا کاتی ئەوەیە کە دەبێت تەفسیری تازە بۆ قورئان بکەینەوە، ئەوەتا دەڵێت" ئەگەر ئەو سیاقە مێژووییە بۆ قورئان نەگەڕێنینەوە ئەوا گفتوگۆکردن هیچ سودێکی نابێت، و تیرۆر هەر پشت بە دەقە ئاینیەکان دەبەستێت، ئەوانەشی کە پشتگیری تیرۆر دەکەن ناتوانن دەقەکان لە سیاقی مێژوویدا بخوێننەوە".

سەرچاوە/ سایتی قەنتەرە
Hemnm1979@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.