Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
هەشتــــــى مارس… تریفە دۆسکى

هەشتــــــى مارس… تریفە دۆسکى

Closed
by March 6, 2008 ئەدەب

هەشتى مارس هاتە بەر دەرگاى شعرم
بەڵام دەرگاکەم داخستبوو
هێشتا لە خەونى ژنبوونى خۆمدا
بزرببووم

هیچ خەونێکى مەخمەلى بە مارس نابینم
باخچەکانى سنۆبەر و چنارەکانى جەستەم
بۆنى پیاوێکیان لێدێت کە ژنەکان پۆلین دەکات

تاکەى خەون بە کچێنى منەوە دەبینى و دەستەکانت بەرەو بەهەشت دەبەى
تا کەى لە ژنایەتى من دەترسێى؟
ناوێرى نێزیکم بیت، نەوەک پیاوێک لە چاوانمدا ببینى، سەما دەکات
لە خەمى ژنایەتى مندا ببیە فرمێسک

هەشتى مارس هیچم ناوێ
نە داوەتێک بۆ دواهەمین باخچەى سەفەرى روحمان
نە گوڵێک کە بۆنى پرتەقالى لێبێت

تەنها و تەنها پیاوێک هەبێت
لە تەمەنى ژن نەترسێت
پیاوێک لە هەموو سەردەمەکان روحم داگیر بکات
پڕم کات لە ونبوون
پیاوێک ماچم بکات بێ ئەوەى بزانێت کە کچم یا ژنم یا بێوەژن؟


 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.