Skip to Content

Saturday, May 21st, 2022

زمان و ترس …. نوری حەمەئەمین

Closed
by February 7, 2011 گشتی

 

لە دوای ئەو بەیاننامەی گٶڕان بڵاوی کردەوە ئەو ڕەوشەی هاتوەتە ئارا  بووەتە جێی مەترسی هەموو لایەک، ئەگەر چی دەسەڵات شڵەژاوەو بە شێوەیەکی نابابەتی لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە خەڵک و لایەنگرەکانیان بە چەشنێ تر لە جەوهەری بەیاننامەکە ئاگادار دەکەنەوە، لە لایەکی تر دەیانەوێت کاردانەوەی بەشێک لە بەیاننامەکە بە ئاراستەیەکدا ببەن کە بە داخەوە ترس و جۆرێک دڵەڕاوکەی دووبارە بوونەوەی مێژووی لای زۆرێک جێ هێشتووە. ترسگەلێک دواجار هەرچی دەرەنجامە نەگریسەکانی هەیە بخرێتە ئۆباڵی لایەنێکی بێ چەکی بێ دیفاع کە جگە لە زمان هیچی تری لە بەردەستدا نیە. دەکرێ بپرسین ئایا زمان ئەوەندە سامی گرانە کە بە ئاوازێک نەرم بە هەزارەها چەک لە خەو ڕاپەڕێنێ و تانک و زرێپۆشەکانیش گوێ قوڵاخ بکا؟ زمان دەڵێت تفەنگ بە ئەرکی خۆت هەستە تۆ پاسەوانی سنوری هەموومانی، تۆ ئاسایش پارێزی هەمومانی، تۆ هەڵگری زانیاری نیشتمانی، تفەنگ هێمنبەو بزانە من دوژمن نیم. زمان دەڵێت ئاه ئاخر چەند شورەییە گوێلێک گولەو گوێلێک ووشە بە بارتەقای یەک بکێشی. ئێمە دەزانین زمان کایەیەکە لە کایە سەرەکیەکانی گففتوگۆ کە ئاکامەکان بە بێ هیچ زیانێک کۆتایی پێ دێنێت.
هەڵبەتە ئاگەر بە شێوەیەکی وورد تر لە ناوەڕۆکی بەیاننامەکە بنواڕی هیچ لادانێکی ئەوتۆ بە دی ناکەیت لەو چوار چێوە یاسایی و ئەرکگەراییانەی کە ئۆپۆزسێۆن بۆ ئەوەی مانایەک بە ئۆپۆزسێۆنی خۆی بدات دەبێت پابەندی بێت. دەبینین وێڕای ناڕەزای خەڵک و ئۆپۆزسێۆن بەرامبەر ئەو ئەرکانەی کە حکومەت لە ئەستۆی گرتوون خودی حکومەتیش خۆی دان بە کەموو کوڕیدا دەنێت و دان بەوەدا دەنێت لە ئاست جێبەجێکردنی داواو پێداویستیەکانی خەڵکیدا نین، بەڵام پرسیار ئەمەیە ئایا حکومەت ئەگەر توانای هەڵگرتنی حکومڕانیەکی ڕاستەقینەو دڵسۆزانەی نەبێت پێداگیری لە سەر بەردەوام بوونی درێژەدان بە حوکمڕانی چ مانایەک هەڵدەگرێت؟ ئێمە دەزانین پێکهێنانی حکومەت بە دیوە دیموکراتیەکەیدا پەیمانێکی کۆمەڵایەتیەو لە نێوان سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگادا زەمینەی هەڵگرتنی ئەو ئەرکە لە هەڵبژاردندا دەڕەخسێنرێت، دواتر کۆمەڵە خەڵکێکی لێهاتوو گروپی بچکۆلە تر لە جەماوەر پێکدەهێنن، ئەویش لە ئەمڕۆدا ناو دەبرێت بە حیزب(پارت) پاشان دەچنە کێبەرکێی یەکەوەو لە ماوەیەکی دیاری کراودا گوتارو پلانی داهاتویان پێشکەش بە جەماوەر دەکەن و پراکتیزەکردنیش دەکەوێتە سەر ئەگەری دەنگ پێدانیان لە لایەن جەماوەرەوە، ئەمە بە بێ ئەوەی تەمەن و سەروەری و تێکۆشەری حیزبێک بکرێتە هۆیەک بۆ گرتنە دەستی تەواوی دەسەڵاتەکان، کە بە داخەوەم ئەمێستا ئەم جۆرە مۆدێلە لە هەرێمی کوردستاندا کاری پێ دەکرێت و دواتر دێمە سەری، بەڵام سەبارەت بە تیۆرەو بەڵێن جێی خۆیەتی لێرەدا ئەوە بە بیر بهێنمەوە لەم سەردەمەی ئێستادا کۆمەڵێک ئامێری زانستی تۆمارکاری وا پەیدا بووە ئەو ئاسانکاریانە بکات کە هەمیشە بەڵێنەکانی کەسانی هەڵبژێراو بخەنەوە یادمان هەر وەک ئەو چرکەساتەی کە تیایدا بەڵێن دراوە. لە لایەکی تر دەبینین ئەوەی بەشداری دەکات لە هەڵگرتنی ئەو ئەرکەو جڵەوی حکومڕانی لە دەست دەگرێت دواجار دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتی وەزیفی کارەکەیەوە، هەروەها ئەمەش تا ئەوێ شەرعیەتی پێ دەبەخشرێت کارەکانی بە دڵسۆزیو شەفافیەت و سەرکەوتوویەوە ئەنجام بدات، ئەگەرنا لە سەریەتی گەر وەزیرە پێویستە دەست لە کار کێشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێت، وەهەروەها ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی حکومەت لە ئاست توانای خۆیدا نیە پێویستە هەڵبوەشێتەوەو ڕێبدات ئەو ئۆپۆزسێۆنەی کە پێی وایە ئەتوانێت کارەکانی حکومەت لە ئەستۆ بگرێت و ئەڵتەرناتیڤی چارەسەر کردنە. لە حاڵەتی وادا پێویستە لە ڕێگەی ڕەزامەندی خەڵکەوە بە شێوەیەکی کاتی ڕێی پێ بدرێت، تا هەڵبژاردنێکی سەرتاسەری پاک دیسانەوە لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە ئەنجام دەدرێت و خەڵکێکی نوێ، دەسنیشان دەکرێت بۆ پڕ کردنەوەی ئەو جێگای.
ئیتر من پێم وایە قەیرانێکی گەورەیە هێشتا دوای چارەکە سەدەیەک بەڕێوبەرانی حکومەت لە ڕێگەی خەباتی ڕابوردوەوە دێن ئەم مافە بە خۆیان ڕەوا دەببینن و شۆڕش دەکەنە پەردەی داپۆشینی ئەو هەموو کەلێنانای کە لە ئادای بەڕێوە بردنی حکومڕانیدا بەرچاو دەکەوێت، یاخود حوکمڕانی دەکەنە سفرەی ئەبەدیەت. پێویستە بزانرێت چیتر هیچ لۆجیکێک ڕێ بەوە نەدات  لە سەروەری و مێژوو  شۆڕشگێڕیەوە  بێیت و مافی  پاوانگەرایی و دەسەڵاتەکان بە خۆت ڕەوا ببینیت، لە نێو سووری خوێنە ڕژاوەکانی شەهیدی دژ بە داگیرکەرانەوە بێیت و تۆش نیشتمان داگیر بکەیت! چرکەساتی ئەم سەردەمە پێمان دەڵێت کەس مافی تاهەتایی بەسەر دەسەڵات و پێکهاتەی حکومەتەوە نیە، ئەوانەش پێیان وایە ئەمە ڕایەکی چەوتە پێویستە لە ناو قەڵاکانیانەوە بێنە دەرێ و باش بزانن ئایندەیان باشتر نابێت لە سەدام و بن عەلی و موبارەک. پێویستە بزانن شوراو پاسەوان و زێڕوزیو هێندەی تۆزقاڵێک متمانە دادیان نادات. جا ئیتر کاتی ڕیفۆرمەو دەسەڵاتی ئەم هەرێمەی خۆشمان پێویستە ڕاچڵەکێت لە خەوی بیست ساڵەیی و چاوێک بخشێنێت بە کۆمەڵگاکەیدا و بزانێت تا چەند ڕێز لە هەڵگرتنی کاری حوکمڕانیەکەی  دەگیرێ. پێویستە چیتر دەست لە یەقەی سەروەری و شۆڕش و شەهید دان و ئەم شتانە بکاتەوەو خوێندنەوەی هەر یەک لەو چەمکانە وەکو ئەوە بکات کە حەقیقەت و ناوەڕۆکی چەمکەکە دەیبەخشێت. ئیتر کاتی ئەوەیە ئەم مێزو کورسییەی دەسەڵات لە سفرە (خوان)وە بگۆڕڕێت بە ئەرکی دیبلۆماسیەتێکی هاوچەرخ و ڕاستەقینە کە کار لە سەر سیاسەتێکی بونیادگەرانە بکات.

Previous
Next