Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کورتەیەک لە سەر ژیانی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی

کورتەیەک لە سەر ژیانی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی

Closed
by February 11, 2011 گشتی

کورتەیەک لە سەر ژیانی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی
١٣٨٩ – ١٣٠٠ واتە 1921 – 2011

مامۆستا بەهاری ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی واتە ١٩٢١ی زایینی لە شاری بانە لە لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لەدایکبووە.
کوڕی شێخ صالح‌ە کە لە سەیدەکانی بەرزنجەبوو؛ شێخ صالح کە لە سەردەمی خۆیدا زانایەکی ئایینی ناودار بوو، دژایەتی حکوومەتی ڕەزاشای دەکرد، بەنهێنی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید ڕێبەری بزووتنەوەی کورد لە سلێمانی پەیوەندی هەبوو، ساڵی ١٣١٩ فەوتی کرد.
مامۆستا زۆری پێخۆشبوو بچێتە خوێندن بەڵام لە شاری بانە هەتا ساڵی ١٣١٥ (١٩٣٦) مەدرەسە نەبوو؛ سەرف ‌و نەحو، قورعان، “گولستان و بوستان” و هی‌دیکەی لەلای بابی خوێند.
ساڵی ١٣١٧ (١٩٣٨) لە گوندی سیسێر لە لای مەلا سەیدحوسەین چووە فەقێیەتی؛ سێ ساڵ لەوێ مایەوە؛ دەچێتەوە بانە و دواتر لە نمەشیر، دیسانەوە سیسێر و ماوەیەکیش لای مامۆستا مەلا باقری بەناوبانگ لە ئاوایی بالیک لە ناوچەی مەریوان خوێندوویەتی.
ساڵی ١٣٢١ (١٩٤٢) بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە ناوچەی موکریان کە لەوێ هەڵسووڕانی سیاسی و هەستی نەتەوایەتی بەرزبوو. ساڵی ١٣٢٢ (١٩٤٣) لە ناوچەی بۆکان، بە نێوی نهێنی “هەوێن” ئەندامەتی کۆمەڵەی ژێ‌کاف ی پێبەخشرا و بووە چالاکی سیاسی.
ساڵی ١٣٢٤ (١٩٤٥) چالاکانە لە ڕێوڕەسمی هێنان و هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان بەشداریکرد.
بەهاری ساڵی ١٣٢٥ (١٩٤٦) دەچێتە مەهاباد کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بوو و ماوەیەک لای کەسایەتی بەناوبانگ مامۆستا مەلاحوسەین مەجدی درێژە بە خوێندن دەدات.
١٣٢٧ (١٩٤٨)  لە لای مامۆستا مەلاعەلی وەڵزی لە گوندی حەمامیان ئیجازەی ئیفتا و تەدریس وەردەگرێت و بە ڕەسمی دەبێتە مەلا و مودەڕیس لە گوندی کانییە ڕەش لە ناوچەی موکریان.
لە نێوان ساڵەکانی ١٣٣٠ هەتا ١٣٣٧ (١٩٥٨- ١٩٥١) لە گوندەکانی کانییە ڕەش، گۆلێ و قارەوای موکریان مەلا و مودەڕیس بووە.
لەم ساڵانەدا چەندین رووداوی گرینگ ڕوویانداوە کە کاریگەرییان هەبووە لەسەر ژیانی مامۆستا؛ لە نێوان ساڵانی ١٣٢٩ هەتا ١٣٣٢ بزووتنەوەی جووتیاران لەو ناوچەیە زۆر بەهێز بووە و مامۆستا کە هەمیشە لایەنگری چینەچەوساوەکانی کۆمەڵگا بووە، کەوتووەتە بەر هێرشی ئاغا و مالیکی ناوچەکە و بەوبۆنەشەوە ناچارکراوە گوندەکەی بەجێبهێڵێت. مامۆستا بە هۆی هەڵوێستی پێشکەوتنخوازانەی کە بوێرانە دەریدەبڕین، لە بواری جۆراوجۆردا بەناوبانگ بوو ؛ بۆ وێنە دژ بە خۆرافاتی ئایینی بوو؛ لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا دژایەتی دەکرد لەگەڵ دیاردەی کچ بە پچووکی بەشوودان، گەورە بە پچووک، ژن بە ژنە و سێ‌تەڵاقە.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمێک لە ئێران کە کێشەی میللی‌کردنی نەوت لەلایەن دەوڵەتی دوکتور محمد مصدق‌ەوە لەئارادابوو؛ لە ئاکامدا کوودیتای ساڵی١٣٣٢ (١٩٥٣) کە بە پشتیوانی بەریتانیا و ئەمریکا کرا دەوڵەتی مصدق ڕووخا و شای ئێران کە هەڵاتبوو بۆ دەرەوە دیسانەوە گەڕایەوە سەر حوکم.
ساڵی ١٣٣٧ (١٩٥٨) لە مەهاباد دەبێتە مودەریس لە مەدرەسەی علوومی دینی؛ لەو سەردەمەدا مامۆستا لایەنگری بیروبۆچوونی شێخ محمد عبدە بوو؛ بۆ وێنە کتێبی “رسالة التوحید”ی ئەوی دەگوتەوە.
ئەو کەسانەی کە لەلای مامۆستا شێخ عێزەدین خوێندوویانە، چ لە مەهاباد و چ ساڵەکانی پێشووتر، لە پەنای خوێندنی ئاسایی فەقێیەتی و ئایینی، لەگەڵ مێژووی تێکۆشان و خەباتی گەلی کورد دژ بە ستەمی میللی ئاشنا دەبوون؛ تێکۆشەری بەناوبانگ مەلا ئەحمەد شەڵماشی ناسراو بە مەلا ئاوارە یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لای مامۆستا خوێندبووی.
ساڵی ١٣٤٧ (١٩٦٨) بوو بە ئیمام جومعە لە مەهاباد.
هەر ئەو ساڵە شەپۆلێکی بەکۆمەڵ گرتنی تێکۆشەرانی کورد کەوتەڕێ و بەتایبەت پادەگانی جەڵدیان بوو بە زیندانێکی گەورە. مامۆستا بۆ ماوەیەکی کورت گیرا؛ لەو ماوە کورتەیشدا کەسایەتی ئایینی شاری مەهاباد و خەڵکی شار کەوتنە گەر و ئەگەری خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی هەبوو.
لەو ساڵانەدا کە لە مەهاباد بوو بەردەوام لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ، ئەندامان و خەباتکارانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەت لە ساڵەکانی ١٣٤٧-١٣٤٦(١٩٦٨- ١٩٦٧)دا پەیوەندی گەرم و گوڕی هەبوو لەگەڵ تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کوردستان.
١٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٧ واتە ٧ی مانگی شەشی ١٩٧٨ لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تێکۆشەری لە مێژینە عەزیز یوسفی کە تازە بە نەخۆشی لەزیندان ئازاد کرابوو وتارێکی گرینگی پێشکەش کرد. ئەم ووتارە لەسەر گۆڕی ئەو تێکۆشەرە لە شاری مەهاباد کە بە بەشداری هەزاران کەس لە هەموو شارەکانی کوردستانەوە بەڕێوەچوو، دەنگدانەوەیەکی ئێجگار زۆری هەبوو. ئەمە بە دەستپێکی بزووتنەوەی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە دژی حکوومەتی شا دەژمێردرێت.
بەدرێژایی ئەو ساڵە پڕ لە ڕووداوە مامۆستا کە لە مانگی خەزەڵوەردا ببووە سەرۆکی شورای شاری مەهاباد، بەردەوام لەو شارە و لەشارەکانی دیکەی کوردستان لە بۆنەی جیاوازدا قسەی بۆ خەڵک دەکرد و هانیدەدان بۆ خەبات.
بە ڕووخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران، رۆڵی مامۆستا شێخ عێزەدین زۆر بەرجەستە بووەوە. هەموو نوێنەرانی حکوومەت و کاربەدەستانی ناوچەکە کاتێک دەهاتنە کوردستان دەچوونە لای مامۆستا.
رۆژی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ (١٨ی مانگی دووی ١٩٧٩) یەکەم دەستەی نوێنەرایەتی حکوومەت کە داریوش فروهر یەکێک لە ئەندامانی بوو، هاتە مەهاباد و یەکڕاست چوونە لای مامۆستا. دواتر لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا بڕیارنامەیەک لەلایەن نوێنەرانی شارەکانی کوردستانەوە (لەوانە رێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵە) پێشکەشی نوێنەرانی دەوڵەت کرا کە یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەبوو کە مامۆستا شیێخ عێزەدین دەسەڵاتی ئەوەی هەیە سەرۆکایەتی هەر هەیئەتێک بکات کە لەلایەن گەلی کوردەوە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی‌دا دەکەوێتە وتووێژ.
نەورۆزی ١٣٥٨ (١٩٧٩) دوای کارەساتی خوێنین لە شاری سنە، مامۆستا لایەنێکی سەرەکی بوو لە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەت کە بریتی بوون لە رفسنجانی، بنی‌صدر، بهشتی، طالقانی و . . . کەسانی دیکەیش. لەو کۆبوونەوەدا بوو کە مامۆستا لە کاتی فڕینی فرۆکە شەڕکەرەکان بەسەر شاری سنەدا و لەگەرمەی وتووێژەکاندا گوتی “فەرقی تاج و عمامە چییە؟ حکوومەت نەگۆڕدراوە، تاجی پاشایەتی لاچووە و عمامە هاتووەتە جێگای.”
رۆژی شەشی خاکەلێوەی ١٣٥٨ (٢٦ی مانگی سێی ١٩٧٩) مامۆستا رایگەیاند لەبەر ئەوەی ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی نادیارە لە ریفراندۆمدا بۆ دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەشداری ناکات.
مانگێک دواتر واتە لە مانگی گوڵاندا لەسەر بانگهێشتنی وەزیری ناوخۆ سەفەرێکی کرد بۆ تاران و قوم؛ لەم سەفەرەدا لەگەڵ خومەینی، بازرگان سەرەکوەزیر، وەزیری ناوخۆ و چەندین کەس لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دیدار و گفتوگۆی کرد.
لە دیدار لەگەڵ خومەینیدا کاتی خوداحافیزی خومەینی دەڵێت هێمنایەتی کوردستانم لە تۆ دەوێت، مامۆستایش دەڵێت منیش خودموختاری کوردستانم لە ئێوە دەوێت.
لەو سەفەرەدا لە “زانکۆی صنعتی شریف‌”ی تاران لەناو هەستی زۆر گەرمی دەیان هەزار خوێندکاری زانکۆ لە وتارێکدا وتی: “ئەو ئایینەی خەڵک بەگژیەکدا دەکات، ئایینی ئیلاهی نییە. . . سانسۆر نموونەیەکە لە گەڕانەوەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی. کۆنەپەرستی لە هەر جلوبەرگێکدا و بەهەر ڕەنگێک بێت مەحکوومە . . . ئێمە لایەنگری هەڵسووڕانی هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانین . . شۆڕش هێشتا بە ئاکام نەگەیشتووە چونکوو ئامانج لە شۆڕش گۆڕانی بنەڕەتییە.”
سەرەتای مانگی جۆزەردانی ١٣٥٨ (١٩٧٩) مامۆستا شێخ عێزەدین لەناو بەخێرهێنانی ئاپۆرەی خەڵکدا کە بە دەیان هەزار لە سەر جادە و لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان ریزیان بەستبوو گەڕایەوە بۆ کوردستان و لە شاری سنەوە، بە دیواندەرە، سەقز، بانە و بۆکاندا گەڕایەوە بۆ مەهاباد.
پێنجی پووشپەڕی ١٣٥٨ (٦ی مانگی شەش ١٩٧٩) هۆشداریدا: “ئەگەر وریا نەبین تووشی شەڕی چەکداریمان دەکەن. . . پارێزگاری لە شارەکان دەبێت لەژێر چاوەدێری شۆرای شارەکاندا بێت. . بڵاوکردنەوەی چەک لە کوردستان [لە لایەن حکوومەتەوە] وایکردووە کە ئەگەر کارێکی بۆ نەکرێت، کوردستان لەسەردەری شەڕی ناوخۆدا دەبێت.”
٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ (١٩ی مانگی هەشت ١٩٧٩) فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان دەرچوو؛ مامۆستا لە گەڵ تێکۆشەرانی گەلی کورد چووە شاخ و لە ڕێگای ڕاگەیاندن و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانییەوە دەنگی گەلی کوردی بە هەموو جیهان دەگەیاند.
چەند هەفتە دواتر “دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی” بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی مامۆستا پێکهات کە ئەندامەکانی ژمارەیەک لە کەسانی نزیک لە مامۆستا و تێکۆشەرانی خەڵکی چەند شارێکی کوردستان بوون.
ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٥٨(یەکی مانگی یازدەی ١٩٧٩) لەسەر داوای مامۆستا بەبۆنەی جێژنی قوربانەوە بە سەدان هەزار خەڵکی کوردستان لە شارو شارۆچکەو لادێکاندا خۆپیشاندانی پڕشکۆی جەماوەری و سەرتاسەرییان رێکخست بە پشتیوانی لە بزووتنەوەی کوردستان، بۆ ڕیزگرتن لە شەهیدان و دژ بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی. 
لە پاییزی ئەوساڵەدا چەندین کۆبوونەوە کرا لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەت کە لە تارانەوە هاتبوون بۆ دێهاتی ناوچەی سەرسنووری سەردەشت کە مامۆستا رۆڵی سەرەکی هەبوو لەو کۆبوونەوانەدا.
لەم ماوەیەدا “دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد” بە سەرۆکایەتی مامۆستا بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵت پێکهات کە حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و ڕێکخراوی چریک فیدایی ئەندامەکانی بوون.
٢١ی سەرماوەز واتە ١٢ دیسامبر یەکەمین و تەنها کۆبوونەوەی ڕەسمی نوێنەرانی حکوومەت لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد پێکهات.
هەتا کۆتایی ساڵ بەردەوام کۆبوونەوە دەکرا لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەت و نوێنەری تایبەتی خومەینی بۆ قسەوباس لەسەر چۆنییەتی درێژەدان بە وتووێژ بەڵام سەرەڕای هەوڵدان و خۆش مەبەستی مامۆستا هیچ ئاکامێکی نەبوو.
خاکەلێوەی ١٣٥٩ (مانگی چواری ١٩٨٠) مامۆستا سەفەرێکی دەستپێکرد لە مەهابادەوە بۆ بۆکان، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان و بانە و لەهەموو لایەک لە کۆڕ و خۆپیشاندانی دەیان هەزارکەسیدا رایدەگەیاند گەلی کورد خوازیاری مافی ئاسایی خۆی و ئاشتی و پێکەوە هەڵکردنە و دژ بە دەستپێکردنەوەی شەڕە. وێنە و فیلمی ئەم سەفەرە سیمای رێبەرێکی زۆر خۆشەویست و لەناو دڵی خەڵکدا نیشاندەدات کە خەون و ئارەزووەکانی خۆیان لە هەڵوێست و دەربڕینەکانی مامۆستادا دەدیتەوە. بەداخەوە هەر لەو مانگەدا خولی دووهەمی هێرشی بەرینی کۆماری ئیسلامی بۆسەر شارەکانی کوردستان دەستی پێکردەوە.
سەرەتای ساڵی ١٣٦١ (١٩٨٢) مامۆستا نوێنەری خۆی ناردە دەرەوە بۆ ئورووپا بۆ ئاگارکردنەوەی بیروڕای جیهانی لەسەر بارودۆخی گەلی کورد و بزووتنەوەکەی و تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی. مامۆستا بەو نوێنەرەیدا چەندین نامەی نارد بۆ پاپ لە ڤاتیکان، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و چەندین سەرۆکی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و یاسر عەرەفات. هەروەها پەیامێکی تایبەت بۆ ڕای گشتی جیهان و ئێرانییەکان و کوردەکان لەدەروەی وڵات کە بە زمانەکانی کوردی، فارسی و فەرانسە بڵاو کرایەوە. دواتر ڕاپۆرتی ئەم سەفەرە کە فەرانسە و بەریتانیا و ئەڵمان و دەرباری ڤاتیکان و ئیتالیا، سووریا و لوبنانی گرتەوە بەوردی بۆ بیروڕای خەڵکی کوردستان و ئێران بڵاوکرایەوە.
لە پاییزی ساڵی ١٣٦١دا (١٩٨٢) مامۆستا سەفەرێکی نۆ هەفتەیی کرد بۆ پاریس و دواتر بۆ عەرەبستان بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنج بۆ بارودۆخی گەلی کورد. لە سەفەری پاریسدا جگە لە چاوپێکەوتن و قسەوباس لەگەڵ رادیۆ، تەلەڤیزیۆن و رۆژنامە گەورەکانی فەرانسە، لەگەڵ رادیۆ بی‌بی‌سی بەشی فارسی گفتوگۆیەکی گرینگی کرد. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و شاعیران و رۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانی فەرانسە، ئینگلستان، ئیرلەند، ئاڵمان و ئیتالیا و ئێرانی و کورد دیدەنیان کرد. مامۆستا لەهەموو ئەو دیدارانەدا بە وردی لەسەر بارودۆخی کوردستان و خەباتی ڕەوای میللەتی کورد و ئاشتیخوازانەبوونی بزووتنەوەی کوردستان و ڕەوابوونی داواکانی دوا. هاوکات تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکرد. لە عەرەبستان مامۆستا هاوکات حەجی عەمرەی بەجێهێنا.
لە ساڵەکانی ١٣٦٤ هەتا ١٣٦٧(١٩٨٨- ١٩٨٥) دا مامۆستا لە هەل‌ومەرجێکی دژواردا لە ناوچەکانی سەرسنووری کوردستان لە نێوان عێراق و ئێراندا دەژیا و بەردەوام بوو لە چالاکی سیاسی و دەرکردنی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ڕاو بۆچوونەکانی. هەر لەم ساڵانەدا بوو کە مەقەڕی نیشتەجێبوونی خۆی و بنەماڵەکەی لە ناوچەی سەرسنووری پارێزگای سلێمانی کەوتە بەر پەلاماری فرۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراق کە لە ئاکامدا زۆر بەداخەوە دایکێک و منداڵەکەی شەهیدبوون، مامۆستا و سەیدزادە خانمی هاوسەری و نۆ پێشمەرگەیش برینداربوون.
ساڵی ١٣٦٧(١٩٨٨) سەفەرێکی کرد بۆ وڵاتی توونس بۆ دیدار لەگەڵ یاسر عەرەفات و دواتر سەردانی سوێد و فەرانسەی کرد و پاشان گەڕایەوە بۆ کوردستان.
لە کۆتایی هاوینی ساڵی ١٣٦٩(١٩٩٠)دا لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو.
مامۆستا یەکێک بوو لە بەشدارانی کونفرانسی ستۆکهۆلم کە سەرەتای ساڵی ١٩٩١ لە شاری ستۆکهۆلم گیرا سەبارەت بە بار و دۆخ و دواڕۆژی کوردستان کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە مێژوونووسان، سیاسەتمەداران، نووسەران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد و بیانی تێیدا بەشداربوون.
لە پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە بروکسێلدا چەند ساڵێک چالاکانە بەشداربوو؛ هەروەها لە چەندین کونفرانس و کۆنگرەی دیکە لە فەرانسە و ئەڵمان بەشداری هەڵسووڕاوانەی کردووە. مامۆستا بە درێژایی ژیانی دۆستایەتی نزیکی هەبووە لەگەڵ زۆربەتی تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و بەردەوام پشتیوانێکی شێلگیری خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بووە لە سەرانسەری کوردستان.
جۆزەردانی ١٣٨٣ (٢٠٠٤)  رێز لێنانێكی تایبەت لە مامۆستا لەلایەن “انجمن پژوهشگران ایران” لە کونفرانسێکدا لە ستۆکهۆلم بەڕێوەچوو کە بریتی بوو لە قسەوباس لەسەر کەسایەتی مامۆستا و رێزلێنان بۆ ئەو هەموو ساڵە خەبات و تێکۆشانەی.
لەو ماوەی کە لە سوێد بوو، بێ ووچان و چالاکانە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ سیاسەتمەداران، نووسەران، شاعیران و کەسایەتی دیاری ناو بزووتنەوەی کوردستان و ئێران بەردەوام تێدەکۆشا لەگەڵ راگەیاندنی هەڵوێست و بیروبۆچوونی خۆی، گوێبیستی بیروڕای ئەوانی دیکەیش بێت.
مامۆستا بە درێژایی ژیانی خەریکی خوێندنەوەی کتێب بووە و لەم بوارەش دا گرینگی بەوەداوە تا چ ڕادەیەک لە باری مێژوویی، زانستی و ئایینییەوە ناوەرۆکی کتێبەکە بەپێز بووە؛ هەربۆیە تا دوایین رۆژەکانی ژیانی بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا کتێبی خوێندووەتەوە.
لە ڕێگای تەلەڤیزیۆنی سەتالایتەوە و هەرەوەها رادیۆ کوردییەکان، بەردەوام گفت‌وگۆی کردووە و سەرەڕای دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی و لێکدانەوەی هەل‌ومەرجی کوردستان، سەبارەت بە بیرو بۆچوونەکانی خۆی لەمەڕ ئایین، حکوومەتی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی بەوردی لێدوانی داوە.
دوایین دەرکەوتنی مامۆستا لە میدیاکاندا  رۆژی ١٦ی خەرمانانی ١٣٨٩ (٧ی سیپتامبر ٢٠١٠) لە تەلەڤیزیۆنی فارسی بی‌بی‌سی لە پرۆگرامی “بەعبارت دیگر”دا بوو؛ لەوێدا وتووێژێک بە زمانی فارسی لەگەڵ مامۆستا بڵاوکرایەوە کە لە ئاستی کوردستان و ئێران و دەرەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. ئەم گفتوگۆیە زۆرێک لە بیروبۆچوونەکانی مامۆستای تێدایە لەسەر کوردستان، ئێران، ئازادی و دیموکراسی، دین و بیروباوەڕ، پرسی ژن، ڕۆڵی حکوومەتی دینی و هەروەها بزووتنەوەی سەوز.

. . . . . . .
مامۆستا شێخ عێزەدین و سەیدزادە خانمی هاوسەریان حەوت منداڵیان هەیە: ئایشێ، فاطمە، جمال‌الدین، شیرین، پەروین، سەیران و جەمیلە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.