کاتێک هاوڵاتی خه‌ون به گۆڕینی ده‌سته‌ڵاته‌وه ده‌بینێت،…
کاتێک هاوڵاتی خه‌ون به گۆڕینی ده‌سته‌ڵاته‌وه ده‌بینێت، ده‌بێت ده‌سته‌ڵاتدار چی بکات؟
گه‌لێک بۆچوون و تێڕوانین هه‌ن سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت و چۆنێتی کارکردنی وه‌ک ئامرازێک بۆ ڕێکخستنی پرسه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه که پرسیاری ئه‌وه بکه‌ین که ئایا مرۆڤه‌کان پێویستیان به‌ده‌سته‌ڵات هه‌یه یاخوود پێچه‌وانه‌که‌ی، لێ هه‌ندێ پرسیار ده‌خه‌ینه سه‌ر شیاوترین شێوازی ده‌سته‌ڵات و ئه‌و تێڕوانینانه‌ی که که‌سانێکی زۆر له گۆشه نیگای جیا جیاوه ناوه‌ڕۆکه‌که‌یان شیکرده‌وه. بۆ ئه‌م بابه‌ته که‌ڵک له بۆچوونه‌کانی John Stuart Millه وه‌رده‌گرین، چونکو له مۆدێلی سیاسی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کۆمه‌ڵگاکاندا، بۆچوونه‌کانی ئه‌و سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت ساده‌ترین پێناسه‌ن و باشترین چانسی دامه‌زراندنیان هه‌یه. سه‌باره‌ت به حکومه‌تێک که بتوانێت لانی که‌م نوێنه‌رایه‌تی ڕێژه‌یه‌کی زۆری خه‌ڵک بکات، ستوهرت میڵ به‌م شێوه‌یه ئه‌دوێت: ” له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا و پاراستنی ناسنامه و پێگه‌ی یه‌کسان بوونیان له‌به‌رامبه‌ر یاسادا، سه‌ره‌تاییترین پێشمه‌رجن بۆ درووستی و ئایدیاڵ بوونی هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێک. ئه‌رکی ده‌سته‌ڵاتی سیاسییه که ئه‌و باوه‌ڕه له‌لای هاوڵاتی درووست بکان که ئه‌و به‌شێکه له ده‌سته‌ڵات و ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که په‌سه‌ند و په‌یڕه‌و ده‌کرێن له ووڵاتدا. [ میڵ درێژه به بۆچوونه‌کانی ده‌دات و پێمان ده‌ڵێت] له‌گشت ئه‌مانه‌ش گرنگتر، پێویسته ده‌سته‌ڵات له‌کارکردن و ئه‌نجامدانی ئه‌جیندا سیاسیه‌کانیدا ئه‌وه مسۆگه‌ر بکات که هاوڵاتی چانسی یه‌کسانی هه‌یه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌کانی له ووڵاتدا.” کاتێک له‌م تێڕوانینانه‌ی مێڵه‌وه گرفته پیره‌کانی حکومڕانیکردن له کوردستاندا به‌سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه، هه‌ر زووه له‌وه حاڵی ده‌بیین که ئه‌زموونی حکومڕانی کردن له‌کوردستاندا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک جێگه‌ی بۆ ئه‌و پێشمه‌رج و ئامۆژگاریانه نه‌کردووه‌ته‌وه که مێڵ باسیان ده‌کات. به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی ستۆرت میڵ به‌و مه‌به‌سته نییه که‌له‌و باوڕه‌دا بین که ده‌سته‌ڵاتداران به‌شێوه‌یه‌کی خێرا‌و ده‌ستوبرد ته‌واوی گرفته که‌ڵه‌که بووه‌کانی کوردستان لهچاوتروکاندنێکدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن. لێ ئامۆژگاریه‌کانی میڵ یارمه‌تیده‌رن که‌بتوانین ڕۆشنایی زیاتر بخه‌ینه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی نادیمۆکراسی و پر له قه‌یرانی ده‌سته‌ڵاتدارێتی له کوردستاندا.
بۆ هه‌موومان ئاشکرایه ماوه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارێتی له‌فه‌رهه‌نگی سیاسی ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ڕێگه‌ی به زۆرێک له سه‌رکرده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، به‌وانه‌ی کوردستانیشه‌وه، داوه که زیاتر له دوو ده‌یه دڕێژه به ده‌سته‌ڵاته‌کانیان به‌ده‌ن. ئه‌کرێت ده‌ست له‌سه‌ر زۆر هۆکار دابنێین بۆ ئه‌م جۆره ده‌سته‌ڵاتدارییه دوور و درێژه‌ی ئه‌وان. بۆ نموونه، سه‌رۆکی میسر حوسنی موباره‌ک، له‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی هێزی سه‌ربازییه‌وه هاته سه‌ر ده‌سته‌ڵات، وه به‌رده‌وام بوو له به‌کارهێنانی میتۆدێکی تۆتالیتاری له حکومڕانیکردنهکهیدا. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه به‌شێکن له‌فه‌رهه‌نگ و مێژووی حکوم ڕانی زۆرێک له‌ووڵاتانی تریش. کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری جۆراو جۆر هه‌ن بۆ زۆری ماوه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارێتی سه‌رۆکه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، که هه‌ندێک له‌و فاکتۆرانه ده‌ره‌کیین و هه‌نده‌که‌ی تریشیان ناوخۆیین. ڕازیکردنی دۆسته به‌هیزه‌کان له ڕۆژئاوا یه‌کێکه له‌و فاکته‌ره ده‌ره‌کییانه‌ی که کۆمه‌کی به‌مانه‌وه‌ی سه‌رکرده پیره‌کانی ڕۆژههڵاتکردووه. موباره‌ک ساڵانه 4.6 $ بلیۆن دۆلاری له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه پێ به‌خشراوه له‌ژێر ناوی کۆمه‌که‌کانی ئه‌مریکا بۆ وه‌به‌رهێنان، وه به‌شێکی زۆری ئه‌م کۆمه‌که بۆ کڕینی که‌ره‌سته‌و پێداویستییه‌کانی سوپاکه‌ی بووه به‌مه‌به‌ستی به‌رگریکردن و به‌رگرتن له پلان و گه‌شه‌کردنی ڕێکخراوه تیرۆریستیه‌کان له ناوچه‌که‌دا. ئه‌مه ئه‌و خاڵه‌یه که له دوای 11 سێپتێمبه‌ره‌وه زۆربه‌ی سه‌رۆکه‌کانی ووڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌که‌ی له یه‌ک بازنه‌دا کۆده‌کرده‌وه. سه‌رۆک و داروده‌سته‌کانیان له‌بری بیرکردنه‌وه له دابینکردنی خزمه‌تگوزاری بۆ هاوڵاتیان و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری به‌هێز و نوێنه‌رایه‌تیکردنی ڕای گشتی کۆمه‌ڵگاکانیان، به‌هێزکردنی سوپا و ئه‌و بازنه بچووکه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆیان خۆلیای سه‌ره‌کییان بووه.
ئه‌فسووس له‌به‌ر نه‌بوونی هیچ داتا‌و زانیاریه‌ک ئێمه نازانین ئاخۆ ده‌سته‌ڵاتدارانی کورد له‌لایه‌ن هاوه‌ڵه‌کانیانه‌وه ئه‌رکی ڕاونانی گرووپه تیرۆریستیه‌کانیان پێ‌سپێردرا یاخوود نا. لێ ئه‌وه‌تا زوو زوو سه‌رکرده کورده‌کان بانگ ده‌کرێن بۆ ووڵاتانی جۆراو جۆر تاکو له‌نزیکه‌وه ئامۆژگاری بکرێن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م گوێڕایه‌ڵ بوونه‌وه‌ش سه‌پۆرتی ئه‌وان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن بۆ حوکمڕانیکردن. ئه‌وه‌تا سه‌رکرده کورده‌کان به‌و په‌ڕی په‌رۆشییه‌وه زیاتر له نه‌ته‌وه‌کانی تری نێو عێراق باسی یه‌کپارچه‌ی خاکی عێراق ده‌که‌ن. ئه‌م هه‌وڵه بۆ ڕازیکردنی زلهێزه‌کانه، ئه‌گینا کێ هه‌یه نه‌زانێت که خه‌ڵکی کوردستان چه‌ند په‌رۆشه بۆ ئه‌وه‌ی ئازادانه چاره‌نووسی خۆی دیاری بکات.
سه‌رکرده‌کانی کوردستان جیاواز نیین له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چونکو له‌پرسه ناوخۆیه‌کاندا، ئه‌مانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وان هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن. ئه‌وان به‌ئه‌ندازه‌ی سه‌رۆکه‌کانی ناوچه‌که، کاتیک ڕه‌خنه‌یه‌کیان لێده‌گیرێت، یه‌کسه‌ر ده‌که‌ونه هێڕشکردن و توڕه بوون، وه‌ئه‌وه به‌چاوی خه‌ڵکدا ده‌ده‌نه‌وه که گوایه له‌ڕیگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه هاتوونه‌ته سه‌ر کورسی. ئه‌وان له‌بری ووردبوونه‌وه له ڕه‌خنه‌و گازنده‌کان، له‌بری هه‌ڵوێسته‌کردن له‌و نایه‌کسانییه‌ی که درووستیان کردووه، له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که خۆیان بۆ یه‌ک چرکه بێکاره‌با نه‌بوونه و که‌چی نه‌یان توانیوه له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا ئه‌م مافه سه‌ره‌تاییه بۆ خه‌ڵکی کوردستان دابین بکه‌ن، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ئه‌که‌ن که ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌سێک ئه‌م وه‌زعه تێکبدات لێی قبوڵ ناکه‌ن.
ڕه‌نگه هه‌موومان هاوڕا بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که تایبه‌تمه‌ندییه‌ک هه‌یه له نێوان هه‌لومه‌رجی ناوچه‌کانی تری عێراق و کوردستاندا، وه ئه‌مه وای له سه‌رکرده‌کان کردووه ناوه ناوه ئه‌و ئارامی و سهقامگییریهی کوردستان به‌چاوی خه‌ڵکیدا بده‌نه‌وه. به‌ڵام بۆ جێگیربوونی باری ئاسایشی کوردستان، ده‌سته‌ڵات هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر گه‌وره ده‌کات کاتێک به‌ته‌نیا پاداشتی خۆی ده‌کات. کاتی خۆیه‌تی وه‌بیریان بهێنینه‌وه که هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ ئه‌و ئارامییه خه‌ڵکی کوردستان خۆیانن، چونکو ئه‌وان به‌هێچ شێوه‌یه‌ک سه‌پۆرتی توند‌و تیژی ناکه‌ن، پاڵپشتی ئه‌و ئایدیایانه ناکه‌ن که له‌ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ڕهواجییان هه‌یه. کاتی خۆیه‌تی ئه‌وه بهدهستڵاتدارانی کوردستان ڕابگه‌یه‌نین ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که له‌کوردستان فه‌راهه‌م بووه، زۆر له و قوربانی و ماڵوێرانیانه که‌متره که خه‌ڵکی کوردستان چێشتیان له ڕابردوودا. ئه‌م جۆره هه‌ڕه‌شه‌و پاساوانه به‌ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی ساردکردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه درووستهکانه له ده‌سته‌ڵاتی چه‌وت و نابه‌جێی ده‌سته‌ڵاتداران له کوردستاندا. مرۆڤی هوشیار له‌وه حاڵییه که ئه‌زموونه‌کان ئه‌و ڕاستیه‌یان سه‌لماندووه، کاتێک ده‌سته‌ڵات گوێده‌گرێت و داواکارییه‌کانی زۆرینه‌ی خه‌ڵک جێبه‌جێده‌کات، ئارامی و پێشکه‌وتنی زیاتر فه‌راهه‌م ده‌بێت له کۆمه‌ڵگادا. ئه‌مه ئه‌و پێشمهرجهیه بۆ په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سته‌ڵات و هاوڵاتی که مێڵ له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێده‌کات. بۆنمه‌نه، کاتێک توونسییه‌کان سه‌رۆکه‌که‌یان له ووڵات ده‌ربه‌ده‌رکرد بۆ ئه‌وه نه‌بوو که باری ووڵات تێک بده‌ن، بۆ ئه‌وه نه‌بوو ئه‌وه‌ی بنیاتیان ناوه بیڕۆخێنن، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ئۆقره‌ی له‌وان بڕی گوێنه‌دانی سه‌رۆک بوو به گرفت و کێشه‌کانیان، ئه‌وه‌ی توونسییهکانی هه‌راسانکرد پارهوپوولکۆکردنهوه و دزینی سه‌ره‌وه‌ت سامانی ده‌وڵه‌ت بوو له‌لایه‌ن سه‌رۆک و بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه. ئه‌وان وویستیان به‌ر به ئه‌و دزی و تاڵانی و پاشاگه‌ردانییه‌ی ووڵاته‌که‌یان بگرن، که زه‌ین و ئیبنهکانی العابید له‌ووڵاته‌دا یاریکه‌ری سه‌ره‌کی بوون.
ڕاگه‌یاندن و کۆنفرانسه ڕۆژنامه‌وانییه‌کان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن که ده‌سته‌ڵاتدارانی کوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی بیر له چاکسازی ده‌ستبه‌جێ و ده‌ستگیر بوون له ووه‌ڵامێکی درووست و بنیاتنانی ده‌سته‌ڵاتێکی ته‌کنۆکرات و عه‌قڵانی بکه‌نه‌وه له‌به‌رامبه‌ر نیگه‌رانییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا، ئه‌مجاره‌شیان له‌ڕێگه‌ی بڵاکردنه‌وه‌ی ووتاری توند و هیز نواندنی چه‌کداری و ڕاگه‌یاندنی حزبه‌کانیانه‌وه درێژه به‌و گه‌نده‌ڵی و پاشاگه‌ردانییه‌ی کوردستان بده‌ن که تێیدا سه‌روه‌ت سامانی گشت ووڵات به‌سه‌ر دوو بنه‌ماڵه‌دا دابه‌ش کراوه. پێده‌چێت ئه‌وان هێنده “ناحاڵی” بن درک به‌وه نه‌که‌ن که له‌ئێستادا به‌هێز بوونی هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێک له‌گره‌وی ئه‌وه‌دایه که پشت به‌ستوو بێت به تێگه‌یشتنه نوێیه‌کانی نێو زانستی سیاسی سه‌رده‌م، نه‌وه‌ک یه‌که‌ی سه‌ربازی و هێزی تایبه‌ت. بۆ نمونه، له دنیای بچوکی ئه‌مڕۆدا چیتر سوپا و تانک و تۆپ و ژماره‌ی زۆری سه‌رباز به‌ته‌نیا به هێز ناژمێردرێن، له‌دنیای ئه‌مڕۆدا، ئه‌وه‌ی به‌هێز ده‌ناسرێته‌وه، پێشکه‌وتنه له بواری پیشه‌سازی و ئابووری و که‌لتووریدا، داهێنانه له بواره زانستیه‌کان و به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ی که ده‌بنه مایه‌ی ئاسانکاری له‌ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤه‌کاندا. ئه‌مڕۆ زۆرێک له ووڵاتان عه‌وداڵی بنیاتنانی ئه‌م جۆره هێزه‌ن که له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا پێی دوترێت “soft power “. که‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه، له‌بری بیرکردنه‌وه له‌م جۆره شاکارانه، ده‌سته‌ڵاتدارانی کوردستان تازه به‌تازه هه‌ناسه‌بڕکێی و ململانێی ئه‌وه‌یانه چۆن میلیشیاو پاسه‌وان و هیزه تایبه‌ته‌کانی خۆیان زیاتر به‌هێز و پڕ چه‌کتر بکه‌ن. تازه به تازه کوڕ و برازا‌و که‌سه نزیکه‌کانی خۆیان له‌جێگا هه‌ستیار و سه‌ربازی و سیخووڕیهکاندا ده‌که‌نه فه‌رمان ڕه‌وا. له‌گشت ئه‌مانه‌ش ناشرینتر، ئه‌مانه تاکو ئێستاش پڕ ده‌ده‌نه خه‌ڵکانی ئاکتڤیست و له ژووره تاریک و زیندانه نهێنیه‌کانیان ده‌ئاخنن. ئاخر ئه‌مه نه‌خۆشیه‌کی زۆر ترستناکه بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک که بۆ چه‌ندین ده‌یه‌یه له ژێر زه‌بر و چه‌وساندنه‌وه‌دا بیت، به‌ڵام کاتێک نیمچه ده‌سته‌ڵاتێکی په‌یداکرد، ناشترین شێوه‌ی ده‌سته‌ڵات پێکه‌ش به‌خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی بکات.
مامه‌ڵه‌کردنی ده‌سته‌ڵات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی که پرسی ده‌سته‌ڵاتدارێتی بردووه‌ته ژێر پرسیاری گه‌وره‌وه ههمهجۆر و قێزه‌وه‌نن. یاریکردن به پرسی نه‌ته‌وه بۆ بێده‌نگکردنی ئۆپۆزسیۆن یه‌کێکه له‌و شێوازانه‌ی که هه‌میشه به‌کار ده‌هێنرێت . به‌کارهێنانی ئه‌م چه‌مکه له سیاسه‌تکردندا دیارده‌یه‌کی نوێ نییه، چونکو له‌زۆربه‌ی کاته‌کاندا باشترین ئامراز بووه بۆ قایلکردنی خه‌ڵک به‌هه‌لومه‌رجێکی دژوار. ئه‌م پرسه زۆر کارایه، چونکو پێناسه‌کردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یه له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا. له‌مه‌ش گرنگترن، بۆ دوورخستنه‌وه‌ی پرسیاره‌کان له‌سه‌ر چۆنێتی حکومڕانیکردن و پۆخڵاوات و پاشاگهردانییهکان، ده‌سته‌ڵاتداران هه‌میشه له هه‌وڵی درووستکردن و ووروژاندنی ترسێکن له‌سه‌ر نه‌ته‌وه که تاکه‌کان ناچار بکات ده‌ستبه‌رداری ته‌نانه‌ت سه‌ره‌تایی ترین مافیان ببن. بۆ نمونه، له ووڵاتانی عه‌ره‌بیدا درووشمی ئه‌نتی ئیسرایل بوون و یه‌کپارچه‌ی خاکی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ئه‌و ئامرازانه بوون که گه‌نده‌ڵی و پۆخڵه‌واتی سه‌رکرده و ده‌سته‌ڵاتدارانی داپۆشی بوو. دیاره به‌هه‌مان شێوه، ده‌سته‌ڵاتداران له کوردستاندا بۆ چه‌ندین ساڵه له‌ژێر ناوی، ساوا بوونی ئه‌زموونه‌که‌یان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورد و ڕاگرتنی یه‌کڕیزی “ماڵی کورد” دا، رۆژه‌کانی ده‌سته‌ڵاتدارێتی خۆیان و بازرگانی کردن به‌سه‌روه‌ت و سامانی ووڵاته‌وه درێژه پێده‌ده‌ن. هه‌ر کاتێک ڕه‌خنه‌یه‌ک یاخوود هه‌ڵوێسته‌یه‌ک کرابێت لهبهرمابهریاندا، له‌ژێر ناوی ناسکبوونی دۆخی کورد و هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌ورووبه‌ر ئه‌وان یه‌کسه‌ر که‌وتوونه‌ته پاساو هێنانه‌وه. له‌ڕاستیدا، ئه‌وان به دوو باردا که‌ڵک له نه‌یار و که‌سانی شۆڤێنی دژ به کورد وه‌رده‌گرن. ئه‌وه ئه‌وانن که ده‌ست ده‌خنه ناو ده‌ست کونهپهرسترین و شۆفینی ترین سه‌رکرده له ناوچه‌که‌دا له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و دابه‌شکردنی پۆسته‌کان بۆ خۆیان، هه‌ر ئه‌وانیشن ئه‌م جۆره که‌سانه وه‌ک ترس به‌کارده‌هێنن بۆ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان.
له‌کۆتایدا کاتی ئه‌وه هاتووه که ده‌ستڵاتدارانی کوردستان درک به‌وه بکه‌ن که رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به هه‌رێمه‌که‌ی ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وانیشه‌وه بهئاڵوگۆڕێکی ڕیشه‌ییدا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌مڕو هاوڵاتی چی له‌کوردستان یاخوود له میسر چ له یه‌مه‌ن یاخوود له تونس شه‌ڕی جێکه‌وته‌کردنی تێڕوانینه‌کانی جۆن مێڵ ستوهرت ده‌که‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن که مێڵ کێیه. ئه‌مڕۆ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه خێرایه‌وه، ئه‌وان ئه‌وه ده‌بین که چۆن هاوڵاتییان له‌ووڵاتانی رۆژئاوادا به ئاره‌زووی خۆیان قسه‌ده‌که‌ن، بۆچوونه‌کانی خۆیان به‌یان ده‌که‌ن، ئه‌وه ده‌بینن که کوڕ‌و که‌سه نزییکه‌کانی سه‌رۆک نابن به میراتگری سیاسی له‌ووڵاتدا. ئه‌وه ده‌بینن که چۆن ده‌سته‌ڵات به شێوه‌یه‌کی هێمنی ده‌ستاوده‌ستی پێده‌کرێت و له‌که‌سێکه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ که‌سێکی تر. ئه‌وه ده‌بینن که چۆن له‌سه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی ته‌نانه‌ت زۆر بچووکیش ده‌سته‌ڵاتداران ده‌بردرێنه به‌ر دادگا‌و لێپرسینه‌وه‌یان لێده‌کرێت. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌توانین به‌ئاسانی قامک له‌سه‌ر چه‌ندین گرفت و کێشه دابنێن له‌ووڵاتانی به‌ناو “دیمۆکراسی” له رۆژهه‌ڵاتدا، لێ ئه‌وان توانیوویانه ده‌رس له ئامۆژگاریه‌کانی مێڵ و که‌سانی له‌بابه‌تی ئه‌و وه‌ربگرن. ئه‌وان و ده‌سته‌ڵاتداره‌کانیان توانیویانه په‌یوه‌ندیه‌کی ئارام تر درووستبکه‌ن که نه سه‌رۆک هێنده له هاوڵاتی بترسێت و نه پێویستی به‌زمانی هه‌ڕه‌شه بێت، نه هاوڵاتیش خه‌ون به ژێر‌و ژوورکردنی ده‌سته‌ڵات و سووتاندنی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ته‌وه ببینێت. تاکی ڕۆژهه‌ڵاتی به هی کوردستانیشه‌وه چیتر ناتوانێت چاو له ئاست ئه‌و پاشاگه‌ردانی و نا یه‌کسانییه بپۆشێت که له‌سایه‌ی ده‌سته‌ڵاتداراندا ڕۆژ دوای ڕۆژ درێژه‌ی هه‌یه. بۆیه بۆ هاوڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی و خه‌ڵکی کوردستان کاتی ئه‌وه هاتووه و مافی خۆیانه سه‌رله‌نوێ ئه‌و سیسته‌مه سیاسیه‌ی که پێیان خۆشه ده‌سته‌به‌ری بکه‌ن. له پرۆسه‌ی به‌ده‌ستهێنان و فه‌راهه‌مکردنی ئه‌م خواستانهشدا، تاکه کارێک که بۆ ده‌سته‌ڵاتداران ده‌مێنێته‌وه به ئه‌وانه‌ی کوردستنایشهوه ئه‌وه‌یه که گوێگرتن و ڕازی بوونه به داخوازیه‌کانی خه‌ڵک و هیچی تر.
كاوه حه‌سه‌ن
2 ی فێبروه‌ری 2011
ڤانکۆڤه‌ر-که‌نه‌دا