میراتگری شۆڕش…. له فارسیه‌وه: سه‌عید ئه‌مانی
کارلۆس فۆئینتس، نووسه‌ری ناوداری مێکزیکی له ته‌مه‌نی هه‌شتاوسێ ساڵیدا له نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له مێکزیکۆسیتی ماڵئاوایی له ژیان کرد. ئه‌و نووسه‌ری به‌رهه‌م گه‌لێکی وه‌ک “گرینگۆی پیر” و “مه‌رگی ئاڕتیمۆ کڕوس” بوو. ژماره‌یه‌کی زۆر له به‌رهه‌مه‌کانیشی وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی فارسی.
کارلۆس فۆئینتس، نووسه‌ری ناوداری مێکزیکی، ڕۆژی شه‌مه 15 مانگی مه‌ی ساڵی 2012 له ته‌مه‌نی هه‌شتاوسێ ساڵی دا له مێکزیکۆسیتی به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه گیانی له ده‌ستدا. مه‌رگی ئه‌و له‌لایه‌ن جولیۆئۆرتێگاوه، نووسه‌ری ژیاننامه‌ی فۆئینتس و ئوستادی توێژینه‌وه‌ی ئیسپانیایی زانکۆی براون، شوێنێکی که فۆئنتس خۆیشی ساڵانێکی دووروو درێژ له‌وێ ده‌رسی وتۆته‌وه، پشتڕاست کراوه‌ته‌وه.
فۆئینتس به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه له نه‌خۆشخانه گیانی له ده‌ستدا. به‌پێی ڕاپۆرتێکی هه‌واڵنێری ئاسوشیتێد پرێس دکتۆری تایبه‌تی چاره‌سه‌ری فۆئینتس وتوویه‌تی که ئه‌و له ناوه‌وه توشی خوێنبه‌ربوون بووه.
ئه‌م نووسه‌ره مێکزیکیه گه‌لێک به‌رهه‌می وه‌ک شانۆنامه، کورته چیرۆک و ڕۆمانی له‌کارنامه‌دا هه‌یه، به‌ڵام زۆرترین ناوبانگی به نووسینی دوو ڕۆمانی “گرینگۆی پیر” و “مه‌رگی ئاڕتیمۆ کڕۆز” ه‌وه به‌ده‌ست هێناوه. له‌و به‌رهه‌مانه‌ی که له‌م نووسه‌ره کراونه‌ته فارسی ده‌کرێ ئاماژه به ڕۆمانه‌کانی “ئائورا”، “مه‌رگی ئاڕتیمۆ کرۆز”، “گرینگۆی پیر”، “سه‌ری هیدار”، “توێژ هاویشتن”، “ئینس” و “خزمانی دوور” بکرێت.
بیست و چواره‌مین و ئاخرین ڕۆمانی” چاره‌نووس و ئاره‌زوو” ش سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گران و خوێنه‌رانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوه و نیۆیۆڕک تایمز ناوی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی له‌پاڵ ناوی “شه‌ڕ و ئاشتی” لیئۆ تۆلستۆیدا دانابوو به جه‌غتکردنه‌وه له‌وه‌ی که هیچ به‌رهه‌مێکی ئه‌م نووسه‌ره مێکزیکیه لاسایی کردنه‌وه‌ی ڕۆمانی شه‌ڕ و ئاشتی نییه.
فۆئینتس تا ڕۆژی مه‌رگی له‌حاڵی پیاسه کردندا بووه. دواین نووسینی وتارێکی ته‌حلیلی سه‌باره‌ت به ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له فه‌ڕانسه بوو که ڕۆژی شه‌مه 15ی مانگی مه‌ی له ڕۆژنامه‌ی مێکزیکی ڕیفۆڕما بڵاوکرایه‌وه.
فۆئینتس به به‌رده‌وامی چێژی له نووسین وه‌رده‌گرت و ده‌یوت، ته‌نانه‌ت کاتێک که له جێ‌وبانی خه‌ودایه به‌دڵ ئاواته خوازه هه‌رچی زوتر ڕۆژبێته‌وه تا بتوانێ ده‌ست بکاته‌وه به نووسین. ئه‌و ده‌یوت:<< ڕه‌مزی به‌خته‌وه‌ری ئه‌وه‌یه که به‌ڕێوه‌به‌ری کارێک بیت که چێژی لێ وه‌رده‌گری>>. ئه‌و خه‌ڵاتێکی زۆری له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌ده‌بی خۆیدا وه‌رگرت که خه‌ڵاتی سروانتس له ساڵی 1987 دا یه‌کێک له‌وان بوو.
کارلۆس فۆئینتس له دووتوێی به‌رهه‌مه‌کانیدا ده‌ستیداوه‌ته گێڕانه‌وه‌ی مێژووی مێکزیک به ئاوێته کردنی به تێم گه‌لی ئه‌وینداری، مه‌رگ و بیره‌وه‌ری. ده‌وترێ که ئه‌و مێکزیکی له به‌رهه‌مه‌کانیدا دروستکردۆته‌وه؛ هه‌روه‌ک دۆست و هاورێی دێرینی گابریل گارسیا مارکێس که به ڕیئالیزمه جادویه‌که‌ی، شوێنێکی وه‌ک << ماکۆندۆ>>ی خوڵقاند.
فۆئینتس له 11 ی نوامبری ساڵی 1928 له وڵاتی پاناما له دایک بوو. باوکی دیپڵۆمات بوو هه‌ر له‌م ڕوه‌وه ئه‌ویش له ته‌مه‌نی مناڵیه‌وه ڕێگای بۆ وڵاتانی جۆراوجۆری ئه‌مریکای باشوور کرایه‌وه و ماوه‌یه‌ک له‌وێ ژیانی به‌سه‌ر برد. بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ساڵی 1936 دا بۆماوه‌ی چوار ساڵ له واشینگتۆن نیشته‌جێ بوو که ئه‌مه‌ش بووبه هۆی زاڵبوونی فۆئینتس به‌سه‌ر زمانی ئینگلیزی‌دا. ئه‌و ته‌مه‌نی 16 ساڵ بوو که سه‌رئه‌نجام له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌یدا گه‌ڕایه‌وه بۆ مێکزیک.
میرات گری شۆڕش، پابه‌ند به بنه‌ماکانی یه‌کسانی
فۆئینتس یه‌کێک له نووسه‌ره‌کانی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی ناسراوبه “بایه‌قوش” ه که له ده‌یه‌کانی 60 و 70 ی زایینی دا به‌رهه‌مه‌کانی وه‌ک ئاسه‌واری باقی نووسه‌رانی ئامریکای لاتین که‌وته‌به‌ر سه‌رنج و پێشوازیه‌کی به‌رینی ئوروپایه‌کان. له ئه‌ده‌بیاتی ئیسپانیایی زماندا ناوی فۆئینتس هاوشانی باقی نووسه‌رانی گه‌وره‌ی وه‌ک گابریه‌ل گارسیا مارکێز، ماریۆ بارگاز یوسا و خولی‌و کۆرتاسار داده‌نرێت.
هه‌روه‌ها ڕۆمانی گرینگۆی پیر یه‌که‌مین ڕۆمانی نووسه‌رێکی مێکزیکی بوو که توانی له ئه‌مریکای باکوردا پله‌ی یه‌کێک له پڕفرۆش‌ترین ڕۆمانه‌کان به‌ده‌ست بێنێت. ئه‌م ڕۆمانه سه‌باره‌ت به شۆڕشی مێکزیک نووسرا و له‌ساڵی 1985دا له ئه‌مریکای باکور پێشوازیه‌کی باشی له ئاستی گشتیدا لێ‌کرا.
هه‌وێنی سه‌ره‌کی نووسینی گرینگۆی پیر چاره‌نووسی نادیاری ئهمبروز بی یێرس، نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریکایی، بوو که له کۆتایه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستی زایینی دا به نووسینی وتار و ناوه‌رۆکی کتێبه‌کانی ئاژاوه‌یه‌کی زۆری له ئه‌مریکادا دروستکرد بوو. بی ئێرس له‌ساڵی 1913 و له ته‌مه‌نی 71 ساڵیدا چوو بۆ مێکزیک تا به شۆڕشه‌وه په‌یوه‌ست بێ به‌ڵام دوای ئه‌وه هیچ که‌س نازانێ چی به‌سه‌رهات. له‌ساڵی 1989دا فیلمێک له ڕۆمانی گرینگۆی پیر، هه‌ر له‌ژێر ئه‌م ناوه‌دا، دروستکرا به ڕۆڵتێدا گێڕانی جین فۆندا و گریگۆری پێک.
فۆئینتس که له به‌رهه‌مه‌کانیدا باسی مێکزیک ده‌کات، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو که ئاهه‌نگی ڕه‌وتی ژیانی زۆربه‌ی دانیشتوانی مێکزیک زۆر خاوه و ئاوێتهیهکشه له کێشه‌وگرفت، توندوتیژی و ناڕه‌زایه‌تی به‌رده‌وام له بارودۆخی ژیان و داواکار بوو هێز و تینێک بخرێتهوهبهر ئه‌م ئاهه‌نگه نیوه گیانه و ببوژێندرێته‌وه.
کارلۆس فۆئینتس پێیوابوو: << ئێمه ده‌بێ بایه‌خ بۆ فه‌رهه‌نگ، مێژوو، کلتوور و دڵته‌نگیه‌کانمان دابنێین و هاوکات خه‌بات له پێناو هێنانه‌دی و دامه‌زراندنی ئازادی و یه‌کسانیشدا له‌بیر نه‌که‌ین … ئێمه میرات گرانی شۆڕشین و ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش ئه‌رکی نه‌وه‌ی ئێمه بووبێت که بنه‌مای عه‌داڵه‌ت و یه‌کسانی، به‌رابه‌ری و دیموکراسی به کرده‌وه سه‌قامگیر بکات.>>
فۆئینتس نه ته‌نیا له ڕۆمانه‌کانی دا به‌ڵکو له ژیانی سیاسیشی دا پێبه‌ند بوون به‌م بنه‌مایانه‌ی له خۆی نیشان ده‌دا. ئه‌و له ساڵی 1975 دا بووبه سه‌فیری مێکزیک له فه‌ڕانسه، به‌ڵام دووساڵ دواتر له ناڕه‌زایه‌تی به هه‌ڵبژێردرانی گۆستاو دیاز ئۆرداز وه‌ک سه‌فیری میکزیک له ئیسپانیا ده‌ستی له کاره‌که‌ی کێشایه‌وه. هۆی ده‌ست له کاركێشانهوهکهشی ئه‌وه بوو که له کاتی سه‌رۆک کۆماری دیاز ئۆرداز دا له ساڵی 1968 ئه‌ڕته‌ش گولله‌ی به خوێندکارانی خۆپیشانده‌ری ناڕازی له سه‌قامه‌کانی مێکزیکۆ سیتیه‌وه نابوو.
سه‌رچاوه: ئیتێرنێت