كۆتایی دنیا كوێیه؟ … محه‌مه‌د كوردۆ
ڕۆژێكیان نامه‌یه‌كم له خوێنه‌رێكی ئازیزه‌وه بۆ هات، لێی پرسی بووم: به‌بڕوای تۆ كۆتایی دنیا كوێیه؟ من ئه‌گه‌رچی زۆر دڵنیا نه‌بووم ئه‌و خوێنه‌ره ئازیزه له‌چ ڕوانگه‌یه‌كه‌وه ئه‌م پرسیاره ده‌كات و به‌دوای چ جۆره وه‌ڵامێكدا وێڵه و بۆچی حه‌ز ده‌كات بڕوای من له‌و باره‌یه‌وه بزانێت؟ به‌ڵام له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دوودڵییم نه‌كرد. بۆم نووسی: به بڕوای من كۆتایی دنیا ڕێك له‌و شوێنه‌دا ده‌ست پێده‌كات كه خه‌ونه‌كانی مرۆڤ كۆتاییان پێ دێت. لێره‌وه ده‌مه‌وێت باسی خه‌ون بكه‌م. هه‌موو كاره گه‌وره و مه‌زنه‌كانی مرۆڤ سه‌ره‌تا به‌خه‌ون ده‌ست پێده‌كه‌ن. ده‌شێت دوایی به‌شێك له خهونهكان ببن به واقیع، به‌ڵام چۆن واقیعێك؟ واقیعێكی خه‌وناوی و بارگاوی به خه‌ون. زۆر جار مرۆڤ بۆ ڕاكردن له واقیع په‌نا بۆ خه‌ون ده‌بات. ڕاسته خهونهكان جارێكی دی ده‌یخه‌نه‌وه باوه‌شی واقیع، وه‌لێ چۆن ده‌یخه‌نه‌وه باوه‌شی واقیع؟ هه‌ڵبه‌ت به‌جۆرێك كه پێشتر واقیعه‌كه‌ی به‌و جۆره نه‌بینیووه. خهونهكان واقیع به خۆیان بارگاوی ده‌كه‌ن. كارێك ده‌كه‌ن مرۆڤ توانای به‌رگه‌گرتنی واقیعی زۆرتر بێت. به بڕوای من ئه‌و بۆچوونه‌ی پێی وایه مرۆڤی خه‌ونبین، یان مرۆڤی خه‌وناوی، له‌واقیع دابڕاوه، ڕاست نییه. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و مرۆڤه به‌هێزێكی گه‌وره‌تره‌وه ده‌چێته ناو واقیعه‌وه. ده‌توانین به واتایه‌كی دی بڵێین: ئه‌وه‌ی سیما و ڕوخسار به ژیانی مرۆڤ ده‌به‌خشێت، له‌پێش هه‌موو شتێك‌دا خه‌ونه‌كانێتی. ئه‌وه‌ی مرۆڤه مه‌زنه‌كان له‌مرۆڤه‌كانی دیكه جیا ده‌كاته‌وه، به‌ر له هه‌ر شتێك جۆر و قه‌باره‌ی خه‌ونه‌كانیانه. مرۆڤ ئه‌گه‌ر خه‌ونی مه‌زنی نه‌بێت چۆن ده‌توانێت مرۆڤێكی مه‌زن بێت؟ ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ونی مه‌زنیان نییه به‌كام ڕێدا به‌ره‌و مه‌زنی ده‌ڕۆن؟ چۆن ده‌توانن پێی بگه‌ن؟ هه‌موو ساڵێك زۆربه‌مان به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێوه ده‌یان نامه و كارتی پیرۆزباییمان بۆ دێت. من هه‌میشه یه‌كێك له ده‌سته‌واژه ساده و جوانه‌كانی ئه‌و كارت و نامانه به‌لامه‌وه ئه‌وه بووه كه بۆیان نووسیووم: (به هیوای به‌دیهاتنی خه‌ونه‌كانت). هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه ئه‌وه نییه خهونهكان به‌دی دێن یان نا؟ به‌ڵكو ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌میشه خه‌ونی هه‌بێت. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێم جوانه خۆزگه‌ی به‌دیهاتنی خهونهكان بۆ یه‌كدی بخوازین.
*************
• گۆشه‌ی ڕاز و نیاز، كوردستانی نوێ، ژماره (5811)، 22/6/2012