سۆفیا لۆرین به هه‌وێداری
(( هیچ شتێكی نوێ له ژێر رۆشنایی خۆردا روو نادات)).
( ته‌ورات )
له ژیانی هه‌موو مرۆڤێكدا واقیع هه‌یه، ده‌شێت واقیعی هه‌ر تاكێكیش بگێڕدێته‌وه، جا چ له ڕێگه‌ی رۆمانه‌وه بێت، یاخود له رێگه‌ی چیرۆكه‌وه بێت. وه‌لێ ناشێت گێڕانه‌وه‌كه وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك بێت، به‌ڵكو دروستكردنی دیمه‌نێكی تر بێت له‌ناو ئه‌و واقیعه‌دا. گێڕانه‌وه‌ی هونه‌ریانه و سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و واقیعه‌ی كه هه‌یه بیڕوخێنێت و به پارچه‌كانی ئه‌و واقیعه ڕووخاوه، واقیعێكی تر دروست بكات. ده‌شێت ناوی بنێین دروستكردنی واقیعی خه‌یاڵی له ناو واقیعی دونیادا، یاخود دروستكردنی واقیعی ئاینده و پێشبینی له واقیعی ئێستا و گوماندا. به شێوه‌یه‌كی گشتی رۆمان و چیرۆكی كوردی زیاتر خۆی له نێوان دوو بازنه‌دا قه‌تیس كردووه.
بازنه‌ی یه‌كه‌م : شێوازی گێڕانه‌وه‌كان زۆر واقیعین، هه‌روه‌ك له شیعری كوردی ساڵانی حه‌فتاكاندا بوونی هه‌بووه، كه ئاوێنه‌یه‌ك بووه بۆ شه‌قامی كوردی. زۆرجار چیرۆكی كوردیش ئاوێنه‌ی هه‌لومه‌رجه‌كان بووه وه‌ك خۆی و نه‌یتوانیوه له ناو ئه‌و واقیعه‌ی كه هه‌یه واقیعێكی تر دروست بكات.
بازنه‌ی دووه‌م : شێوازی گێڕانه‌وه‌كان زۆر خه‌یاڵین، به واته‌ی دابڕانی واقیع له چیرۆكه‌كه‌دا، یاخود لادانی چیرۆكنووس له هه‌ردووك واقیعه‌كه‌دا، بۆیه ده‌شێت بڵێین : رۆمان و چیرۆكی كوردی به شێوه‌یه‌كی گشتگیر ته‌واو نه چۆته ناو رۆحی ماده و كه‌رسته بێ گیانه‌كانه‌وه. ده‌توانین بڵێین : له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌دا وه‌سفی ماده‌كانی كردووه. وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی سارد و سڕی به‌فر بكه‌ی له پشت په‌نجه‌ره‌وه.
زۆرجاران له ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردی ئه‌و پرسیاره خۆی له‌به‌رده‌مماندا قیت ده‌كاته‌وه، كه بۆچی زۆربه‌ی ئه‌دیبانی كوردی، سه‌ره‌تای نووسینیان به شیعرنووسین بووه و دواتر هه‌نگاویان ناوه بۆ لقه‌كانی تری ئه‌ده‌بیات. له كاتێكدا شیعر به‌ر ته‌سكترین و چڕترین لقی ئه‌ده‌بیاته. وه‌لێ خاڵی بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه شیعری كوردی هێنده هه‌ژاربووه، هه‌موو شتێكی پێ نووسراوه‌ته‌وه. ئه‌مه وه‌ك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه بۆته كولتوورێك. وه‌لێ ئه‌و شاعیرانه‌ی كه چیرۆك ده‌نووسن، زمانی گێڕانه‌وه‌یان هێنده تۆكمه‌یه، خوێنه‌ر ناتوانێت ته‌نانه‌ت یه‌ك تاكه وشه‌یش لابه‌رێت، ئاخر چیرۆكه‌كه خۆی ئه‌و په‌ڕی كورتبڕی كردووه‌و به‌كه‌مترین وشه نووسراوه‌ته‌وه. كه‌واته زمانی شیعر چییه كاتێك ده‌نووسین ئه‌و چیرۆكه زمانی شیعری به‌سه‌ردا زاڵه؟ زاڵبوونی زمانی شیعر به‌سه‌ر چیرۆكدا، تاكو چ ئه‌ندازه‌ی خۆی شیاوه، ئه‌گینا له فه‌زای چیرۆك ده‌رده‌چێت. یه‌كێك له شاعیرانه‌ی كه كورته چیرۆكیش ده‌نووسێت ( عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف )ه، كه له كتێبی ( سۆفیا لۆرێن به هه‌وێداری )دا چل و پێنج كورته چیرۆكی كۆكردۆته‌وه(1). زمانی شیعر ئه‌و شاعیره كۆمه‌كی باشی كردووه له‌سه‌ر وه‌ختی نووسینی كورته چیرۆكه‌كانی. وه‌ك ئه‌زموونی هه‌میشه‌یی نووسینی ع ، ع ، یوسف كورتبڕی بوونی هه‌یه، كورتبڕی به‌و واته‌یه‌ی كه زۆرترین مانا‌و ڕووداو، به كه‌مترین وشه و گێڕانه‌وه. ئه‌مه هه‌م له شیعره‌كانی به شێوه‌یه‌كی گشتگیر، هه‌میش له‌م كورته چیرۆكانه‌ی دا. ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌كی گشتگیر فه‌زای نووسینه‌كانی له ره‌هه‌ندی واقیعی ده‌ره‌وه و واقیعی دووره په‌رێزدا ده‌خولێنه‌وه، وه‌لێ فه‌زاكان بازنه‌یی نین! فه‌زاكان مۆڕك و جێ په‌نجه‌ی ئه‌ویان به‌سه‌ره‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر بشێت له‌هه‌ر لقێك له لقه‌كانی ئه‌ده‌بدا بنووسین و نووسه‌ربین، ده‌بێت خاوه‌ن مۆڕك و تایبه‌تمه‌ندی خۆمان بین له نووسیندا. نووسه‌ر ده‌بێت خاوه‌ن فه‌زای نووسینی خۆی بێت، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر نه بێته خاوه‌ن فه‌زای نووسینی خۆی، باشتره زۆرتر بخوێندنه‌وه و كه‌متر بنووسێت.
ئه‌گه‌ر بڕیاره چیرۆك بنووسیت، وه‌ك چیرۆكه‌كانی ( كتێبی لم و چیرۆكێك له بۆرخیس)ی نووسه‌ر و چیرۆكنووس خۆرخه لویس بۆرخیس و چیرۆكه‌كانی ناو كتێبی ( گه‌ڕان به‌دوای قوڵاییدا)ی چیرۆكنووس پاتریك زوسكیند بنووسه و هه‌وڵبده فه‌زای نووسینه‌كه‌ت له فه‌زای چیرۆكه‌كانی ئه‌وانیشدا تێبپه‌ڕێت، ئه‌گه‌ر نا چیرۆك بۆ ئه‌وه مه‌نووسه كه چیرۆكیش ده‌نووسیت. له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا مه‌به كه هه‌ر ده‌بێت چیرۆك بنووسیت، ئاخر نه‌جیب مه‌حفوز ته‌نها به‌هۆی رۆمانی ( كوڕانی گه‌ڕه‌ك )ه‌وه توانی گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی جیهانی نۆبڵ به ده‌ست بهێنێت. محه‌مه‌د شوكری به هۆی رۆمانی سه‌رگوشته‌ی ( نانی ڕووت)ه‌وه به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌و زمان بۆ ئه‌و زمان وه‌رده‌گێڕدرا، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا له وڵاتی مغریب هیچ ده‌زگه‌یه‌ك ئاماده نه‌بوو به‌رهه‌مه‌كه‌ی ( رۆمانی نانی ڕووت ) بۆ چاپ و بڵاوبكاته‌وه. رۆماننووسی پورتوگالی ( خۆزه ساراماگۆ) به‌هۆی رۆمانی ( كوێرییه) خه‌ڵاتی نۆبڵی جیهانی وه‌رگرت. رۆمانی كوێرییه له ڕاده‌به‌ده‌ر ناوبانگی به‌خشییه خۆزه ساراماگۆ و وه‌رگێڕدرایه سه‌ر (30) زمانی دونیا. ئاخر رۆمان و نووسینی جوان به هۆی زمانی پاراوه‌وه باڵی لێ ده‌ڕوێت و به‌هۆی پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕانیشه‌وه ده‌فڕێت. ماكسێنس فارمین له رۆمانی ( به‌فر)دا به‌زمانێكی هێنده چڕ و كوتبڕ باسی هایكۆی شیعری یابانی ده‌كات، هه‌ر ده‌ڵێی له‌گه‌ڵ میژووی شیعری هایكۆی یابانی تاوتوێ ده‌كات و قسه‌كردنه له‌باره‌ی شیعری هایكۆوه. ماكسێنس فارمین هێنده به‌كورتی و جوانی باسی هایكۆی كردووه، خوێنه‌ر حه‌ز ده‌كات كتێبی تریش له‌باره‌ی هایكۆوه بخوێنێته‌وه. ئارام شێخ وه‌سانی له كورته رۆمانی ( سه‌مای سڕبوون)دا هونه‌ری كورتبڕی پیاده‌كردووه‌و هێنده‌ی تر به‌رهه‌مه‌كه‌ی جوان كردووه. حوسێن ئه‌حمه‌د له چیرۆكی ( مریه‌م خانم)دا هێنده چڕ و پڕ چیرۆكه‌كه‌ی نووسیوه، خوێنه‌ر به‌جارێك خوێندنه‌وه ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری چیرۆكه‌كه‌ی بێت. كه‌واته كه نووسه‌ریت متمانه‌ت به فه‌زای ناو نووسینه‌كانت هه‌بوو، بیر له‌وه مه‌كه‌وه كه به‌رهه‌مه‌كه‌ت له‌لایه‌ن ده‌زگه‌كانه‌وه چۆن چۆنی پێشوازی لێده‌كرێت، ئاخر رۆژگارێك كه چاپ بوو، خوێنه‌رێكی هۆشیار له‌سه‌ر سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو به‌رهه‌مێكی جوان چاوه‌ڕێیه‌و چاوه‌ڕێی به‌رهه‌مه‌كه‌ی تۆشه. ده‌شێت ئه‌مه ئاوێنه‌یه‌ك بێت بۆ كورته چیرۆكه‌كانی عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف. بێگومان تێڕامان و نووسین له‌باره‌ی به‌رهه‌مێكی وه‌ك (سۆفیا لۆرێن به هه‌وێداری )دا ده‌شێت كارێكی وه‌ها ئاسان نه‌بێتو له چه‌ندین ره‌هه‌ند و دیدگه‌وه خوێندنه‌وه و ڕانانی بۆ بكرێت و رۆشنایی بخرێته سه‌ر هه‌ر چل و پێنچ كورته چیرۆكه‌كانی. به شێوه‌یه‌كی گشتگیر ئێمه چه‌ند تێڕامانێك له‌باره‌ی كۆی كورته چیرۆكه‌كان ده‌كه‌ین و دواتر كورته چیرۆكێك وه‌ك نموونه‌ی كاره‌كانی هه‌ڵده‌بژێرین و ده‌یخه‌ینه به‌ر رۆشنایی تیفكرینمانه‌وه و رانانی خوێندنه‌وه‌كه‌مانی بۆ ده‌كه‌ین.
كورته چیرۆكه‌كانی نێو سۆفیا لۆرێن به هه‌وێداری به شێوه‌یه‌كی گشتگیر به‌رجه‌سته‌بوونی چیرۆكه‌كانی ناو فه‌زای ژیاندۆستی دونیان. زۆرجار كورته چیرۆكیش خۆیان له نێو دوو سروشتی جیاوازدا ده‌بیننه‌وه، كه چیرۆكنووس به زمانی چڕ و ساده‌نووسی ده‌یاننووسێته‌وه. ع ع یوسف به‌دیدگه‌یه‌كی فراوان و زمانێكی چڕ كاری له‌سه‌ر سروشتی ده‌ره‌وه‌ی خۆی و شته‌كانی خۆیدا كردووه. هه‌روه‌ها له سروشتی ناوه‌وه‌ی خۆیشیدا ده‌رهاوێشته‌ی بوونی ئه‌و دونیایه بووه، هه‌ڵبه‌ته بۆ به‌رجه‌سته‌یی فه‌زای نوێتر له‌نێو ئه‌و دونیایه‌ی كه له كورته چیرۆكه‌كانیدا هه‌ن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زمانی ساده و ده‌ربڕینی وشه‌ی هه‌ولێریانه له زۆر شوێندا ده‌بینرێن، وه‌لێ له شوێنی خۆیاندا و بۆ جوانتركردنی فه‌زای كورته چیرۆكه‌كان.
نموونه‌یه‌ك له كورته چیرۆكه‌كانی :
له لاپه‌ڕه دوانزه‌دا كورته چیرۆكێكی جوانی ژیاندۆستی هه‌یه، به‌زمانی منداڵانه نووسراوه‌ته‌وه، وه‌لێ كورته چیرۆكێكی گه‌وره‌ی مرۆیه‌كانه. ئه‌م كورته چیرۆكه باس له دوو منداڵی پارچه‌ڵه‌ی هاوته‌مه‌ن ده‌كات، له به‌یانییه‌كی سارد و جوان‌دا ده‌چنه سه‌ر ئه‌و گۆمه ئاوانه‌ی كه شه‌خته به‌ستوونی. ئه‌وانیش به خڕكه به‌ردی بچووك بچووك شه‌خته‌ی سه‌ر گۆمه‌كه كون كون ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆقه‌كان له ژێر شه‌خته‌كه‌دا بێنه ده‌ره‌وه و له‌و زیندانییه رزگاریان ببێت. دواتریش هه‌ردووك منداڵه خاكییه‌كه ده‌چنه سه‌ر گۆمێكی تر. له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كورته چیرۆكه‌دا شیعره به‌ناو بانگه‌كه‌ی ئیِریش فرۆیدم بیركه‌وته‌وه كه شیعره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه:
بێ گاڵته
منداڵان
بۆ خۆشی
به‌رد ده‌گرنه بۆقه‌كان
بۆقه‌كان
به‌ڕاستی ده‌مرن.2
له‌م كورته چیرۆكه‌ی چیرۆكنووسدا ژیاندۆستی بوونی هه‌یه. دونیای پاكی مناڵانه، خۆشه‌ویستی منداڵان بۆ ئاژه‌ڵ. ئه‌گه‌ر ئه‌م كورته چیرۆكه له‌گه‌ڵ شیعره‌كه‌ی فرۆیددا لیكچوونیان بۆ بكه‌ین. ئه‌وا دوو ئاڕاسته‌ی فیكری جیاواز له كرۆكی نووسینه‌كاندا بوونیان هه‌یه. ئه‌مه‌ی عه‌باس گێڕانه‌وه‌ی ژیانی ته‌نزستان و به زمانی منداڵانه، ئه‌مه‌ی فرۆیدیش گێرَانه‌وه ژیانی مه‌رگه‌سات به‌زمانی منداڵانه. وه‌لێ (( مه‌رج نییه له نێوان دوو شتی جیاوازدا ناكۆكی هه‌بن. هه‌موو بابه‌تێك، له‌ناوخۆیدا كۆمه‌ڵێك ناكۆكی هه‌ڵگرتووه.))3. ئه‌م كورته چیرۆكه وێنای زه‌مه‌نێكی داگیركا‌ر ده‌كات، كه ئه‌میش وێنای میلله‌تی كورد بووه له‌ژێر حوكمی ڕژێمی به‌عسدا. ئه‌م كورته چیرۆكه چه‌ندین ده‌لاقه‌ی تری تێفكرینی هه‌یه، پێم وایه هه‌ر ئه‌مه‌شه ته‌مه‌ن درێژی به كورته چیرۆكه‌كه پێ به‌خشیوه. ده‌شێت له‌چه‌ندین ره‌هه‌ندی ژیانه‌وه له‌م كورته چیرۆكه بنۆڕین. لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌یش كه ئێمه‌ی میلله‌تی كورد جیا له‌وه‌ی كه خوێنه‌ری جددیمان كه‌مه‌و ئاستی خوێندنه‌وه به‌هۆی جیهانی عه‌وله‌مه‌وه( جوڵه‌ی خێرا) كه‌مبۆته‌وه، وه‌لێ نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری خوێنه‌ریشمان كه‌مه، ئاخر ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری جددی و نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری خوێنه‌رمان هه‌بێت، ناشێت به‌رهه‌مێكی وه‌ك سۆفیا لۆرین به هه‌وێداری له‌چه‌ندین دیدگه‌ی جیاوازه‌وه خوێندنه‌وه‌و روانینی بۆی نه‌كرێت. پرۆسه‌ی ره‌خنه‌گرتن له قۆڕ و لیته‌ی شارچییه‌تی و هاوڕێیه‌تی چه‌قیوه‌و چه‌ندین ساڵه نه‌یتوانیوه خۆی رزگار بكات. ئاخر ئه‌وه‌ی هه‌شه‌و ده‌شكرێت، نه‌بوونیان چه‌شنی بوونیانه! ته‌نانه‌ت نالوێت هیچ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی به پێوه‌ری چێژ وه‌رگرتن هه‌ڵسه‌نگێنین، ئاخر پێوه‌ری چێژوه‌رگرتن رێژه‌یییه. ده‌شێت لای تۆ ئه‌وه ده‌قه‌یه چێژی هه‌بوو بێت و لای كه‌سێكی تر ئه‌و چێژه‌یه‌ی نه‌بێت! كه‌سێكی تریش هیچ چێژێكی لێ نه‌كات. لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و تیۆره‌ی كه رۆلان بارت بۆ چیژی كردووه: (( ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌قێك به پێوه‌ری چێژ هه‌ڵسه‌نگێنم ، ئیدی ناتوانم بڵێم كه ئه‌م ده‌قه باشه‌و ئه‌م ده‌قه خراپه. ئیدی نه حورمه‌تێك هه‌یه‌و نه ره‌خنه‌یه‌ك))4.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
(1)سۆفیا لۆرێن به هه‌وێداری – كورته چیرۆك – نووسینی عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف. له‌بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، لقی هه‌ولێر، زنجیره ( 10). چاپی یه‌كه‌م ( 2011). چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات.
(2) غه‌مگینم بۆ هه‌موو شه‌وێكی بێ ئه‌ڤین – شیعر- ئیریش فرۆید، وه‌رگێڕانی له ئه‌ڵمانییه‌وه: سیروان ڕه‌حیم. له بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایێتیی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی، زنجیره‌ی كتێبی هه‌نار( 24) ساڵی (2010)، چاپی یه‌كه‌م.
(3) فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ / د. محه‌مه‌د كه‌مال – فه‌لسه‌فی، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگه‌ی چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م. چاپی دووه‌م 2009. سلێمانی .لا 31
(4) چێژی ده‌ق / رۆلان بارت – وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه : ئیسماعیل زارعی. له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگه‌ی وه‌رگێڕان- زنجیره( 46) چاپی یه‌كه‌م 2007 هه‌ولێر چاپخانه‌ی مناره. لا34
* ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌مان هه‌مان ناونیشانی كۆ كورته چیرۆكه‌كانه.