Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
دەنگ  لە شیعری   کەریم دەشتی  دا

دەنگ لە شیعری کەریم دەشتی دا

Closed
by October 9, 2012 ئەدەب

 

 

تەوەری یەکەم:….

 

         ” ناڵەناڵی (نالی) یە وا خەڵقی خستە زەلزەلە،

          یانەخۆ حەشرە، گونەهکارە وەها هاوارییە؟! (١)

                                                     (نالی)

 پێشەکی:

ناونیشانی لێکۆڵینەوەکە:

“دەنگ” لە شیعری ” کەریم دەشتی” دا، شیکردنەوەو لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنی ئەدەبی هاوچەرخە، بە پشتبەستن بە ڕێبازەکانی ڕەخنەی ئەدەبی تازەو و میتۆدی سەردەمانە، بە مەبەستی تاوتۆکردنی بابەتێکی تەمومژوای و ئەفسوناوی پڕ لە نهێنی وەک  “دەنگ” کە ڕەهاێکی بێسنووری  لە ئەدەب و ژیاندا هەیە، کڕۆکی ئەم بابەتەیە.

هۆی هەڵبژاردنی بابەتەکە:

هەژاری و دابڕانی ڕەخنەی شیعری تازەی کوردی ، لە شیکردنەوەو قوولبوونەوە بە ناو زاراوەیەکی وەک ” دەنگ”، هاندەرو ڕێخۆشکەر بوو، بۆ شکاندنی سەهۆڵبەندانی ئەم ڕێچکەیەو کردنەوەی دەروازە داخراوەکانی بەردەم ئەم جۆرە بابەتە.

ناساندنی پەیامگر ( خوێنەر، بیسەر، ڕەخنەگر) بە روخسارە جوانییەکەی ( ڕەخنەی ئەدەبی)، بە کاڵکردنەوەو ئاریشتکردنی ڕووە راستەقینەکەی جوانی شیعر، لە ڕێگەی داتەکاندنی تەپ و تۆزی گومان و بژارکەنی زۆڵەگیای هزرو ڕێکخستنەوەی تاجینە گوڵی رۆح و پشکەشکردنی بە چاوی ڕوون و ڕەوشەنی پەیامگر.

ئاشناکردنی خوێنەر بە تازەترین ڕێبازی لێکۆلێنەوەی ئەدبی سەردەم و دەوڵەمەندکردنی ڕەخنەی شیعری کوردی بە ئەزمونێکی کراوەی بە بڕشتی مەبەستئامێز، وەک هەوڵێک بۆ چاککردنەوەی نەوەی دابڕاو لە شیعرو جوانی شیعر ، لەگەڵ روخسارە بەهەشتییەکەی شیعرو تێهەڵچوونەوەی خۆشەرویستی لە گەڵ رۆحی شیعری زیندوو دا. 

 ڕێبازی لێکۆڵینەوەکە:

” شۆرشی زانستی زمانیەوانی  تازە، شۆرشێ شێکردنەوەو کۆمێنت و ڕێبازی تازیە وەک زاراوەو وەک ئامراز.” { عنان ل ٢١}بۆ پێناسەکردن و واڵاکردنی دەروازەی ” دەنگ” وەک زاراوە، ڕێبازی وەسفکردن( Descriptive Method) (٢) بەکارهاتووە.  بۆ شیکرنەوەی بابەتە ڕەخنەیەکانی ئەم باسە، ڕیبازی زمانناسی دەق  

 (٣) (Text Linguistics) وە ڕیبازی زمانناسی رەخنەی

(Critical Linguistics)  (٤)  بەکارهاتووە، لە شوێنی پێویستیشدا ڕەخنەی رۆشنبیری (Cultural Criticism)  (٥)  فەرامۆشنەکراوە.” ڕەخنەی رۆشنبیری پێوایە دەقی ئەدەبی بەشێکە لە چوارچیوەێکی مێژووی لە گەل ڕەگەزە پێکهینەرە ڕۆشنبیرییەکانی دیکە لە کارلێکردندا دەبێت.” { فوئاد ل ٣٣} 

پڕۆگرامی لێکۆڵینەوەکە:

هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ پڕاکتیزەکردنی ئەو میتۆدە رەخنەیە تازانەی لە سەرەو ئاماژەیان پێکراوە، لەسەر بابەتی ” دەنگ” لە شیعری ” کەریم دەشتی” دا، لێکۆلینەوەکەیان بەسەر پێنج تەوەر دابەشکردوە:

تەوەری یەکەم:

شتێ دەربارەی دەنگ( Sound Phenomenon) ، بڕگەکان بریتین لە:

دەنگ چیە؟

کام دەنگ؟

دەنگ لە زماندا.

دەنگ لە ئەدەب و هونەردا.

تەوەری دووەم:

دەنگەکان لە شیعری ” کەریم دەشتی”  دا

(Sounds in Kareem Dashti’s poems)، بڕگەکانی:

دەنگی گەرووی شاعیر.

دەنگی زماندارەکان.

دەنگی بێزمانەکان.

دەنگە نەیستراوەکان.

دەنگە خەفەکراوەکان.

دەنگی خودا.

دەنگە ئەفسانییەکان.

دەنگی پرس.

دەنگدانەوەی دەنگەکان. 

 تەوەری سێیەم:

ڕەهای دەنگەکان ( Sound Dimensions)، بڕگەکانی:

تەمەنی دەنگەکان.

فەزای دەنگەکان.

دەنگ لە ناو دەنگدا.

دەنگی شاعیر لە ناو دەنگەکاندا.

وەرگێرانی دەنگەکان یان قەسابخانەی دەنگەکان؟

 

تەوەری چوارەم:

شیکاری ئاوازی دەنگەکان , (Sound Analyzing)  بڕگەکانی:

شاعیری گۆرانیبێژ یان گۆرانیبێژی شاعیر؟

بونیادی دەنگەکان.

ئیستاتیکەی دەنگەکان.

تەوەری پێنچەم:

سایکۆلۆژیای دەنگەکان ( Psychology of Sounds)، بڕگەکان:

مرۆڤایەتی لە دەنگەکاندا.

ئازار لە دەنگەکاندا.

خۆشەویستی لە دەنگەکاندا.

نائومێدی لە دەنگەکاندا. 

پاشکۆ:

پوختەی بابەتەکە بە زمانی عارەبی و زمانی ئینگلیزی، لەگەڵ پەراوێزو سەرچاوەکان.

تەوەری یەکەم:

شتێ دەربارەی دەنگ( Sound Phenomenon) : 

دەنگ چیە؟

” دەنگ :  Sound / Voice ” پتر لە پێناسەێک هەڵدەگرێ، بگرە هەر بابەتێکی ئەدەبی و زانستی  لە چوارچێوەی چەمکە مەعریفییەکەی خۆیەوە پێناسەیەک یان چەند پێناسەێەکی بۆ داڕشتووە. بۆیە پێناسەی ” دەنگ”  لە زانستی زامانناسی  Linguistics)) دا جیایە لە گەڵ ئەو  فۆڕمەی لە زانستی فیزیکدا (Physics) بەرچاومان دەکەوێ .  ئەوانیش یەکناگرنەوە لە گەڵ پێناسەکانی زانستی فەلسەفە بۆ ” دەنگ”، کە ئەیش چەند فەرسەخێک دوورە لە لێکدانەوەکانی زانستی سایکۆلۆژی بۆ هەمان زاراوە. بۆیە ، بۆ بەرچاو ڕوونی خوێنەر، لە دەروازەی پێناسەێکی فیزیکەوە دەچمە ناو بابەتەکەوە، کە دەڵێ :” دەنگ بریتییە لە لە رینەوەکان لە ماددەکاندا کە شیواندنی شێوە شەپۆل پەیدا دەکەن و بەناو تەنە ڕەق و شل و گازیەکاندا بە هەموو ئاراستەکاندا بڵاودەبێتەوە.” (٦)  [ فیزیا/ کتێبی پۆلی دوانزدەمی زانستی. بڵاوکراوەی کۆمپانیای جیۆیرو جێکیتسن/ لوبنان . چاپی یەکەم. ل: (٩٩) هەر ئەم زانستە ئەوەی سەلماندوە کە ” لەرەلەر، ژمارەی لەرینەوەکانە لە یەکەی کاتدا، ئەو شەپۆلە دەنگیانەی هە گوێی ئاسای مرۆڤ دەتوانی بیانبیسێت پێیان دەوترێت ‘ شەپۆلە بیستراوەکان” کە کەرەکەرەکانیان دەکەوێتە نێوان(  20 HZ – 20000 HZ) (HZ = هێرتز ؛ یەک کەرەلەرە لە یەک چرکەدا)  (٧) ل ٩٩. کەواتە ئەوەی دەبێتە هۆی گۆرینی دەنگەکان و دروست بوونی هەزارەها چەشنە دەنگ ، “گۆرین و پلەی لەرەلەرەکانی ماددەکانە کە سەرچاوەی دەنگەکانن”. (٨) ل ١٠٠

 دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگرین کە دەنگ خۆی لە خۆیدا ” وزەیە” چونکە ئەو شەپۆلە دەنگیانە لە هەوادا بڵاودەبنەوە درێژن ، کاتێک ئەم شەپۆلانە لەسەر چاوەکانیان دوور دەکەونەوە وزە لە گەردێکی هەواوە بۆ گەردێکی تر دەگوازرێتەوە. بە تێکرای کاتی تێپەڕبوونی ئەو وزەیە لە یەکەی رووبەری شەپۆلی تەختدا دەوترێت ” توندی شەپۆل ( Wave Intensity) .(٩ ل ١٠٥)

‘دەنگ” وەک وشە، لە  فەرهەنگی هەمبانە بۆرینەدا وا ڕاڤەکراوە: دەنگ: نووزە لە قوڕگەوە/  ١. هەرچیەک گوێ دەیبیستی، ٢. خەبەر ، باس” (١٠) هەمبانە ل ٣٢٩

 دەنگ قامتە وشەێکی لێدەکەوێتەوە، وەک ( دەنگانە / دەنگ بڕ / دەنگدار / دەنگدان / دەنگ زار / دەنگۆ / دەنگە / دەنگەشە / دەنگەوەرە / دەنگین / دەنگەدەنگ )

ئەو ئۆرگانە هەستەوەرەی ” دەنگ ” وەردەگرێ ” گوێچکە”یە، کە ئامێری بیستنە. هەستی بیستنیش ، یەکێکە لە پێنچ هەستەکانی مرۆڤ: بیستن و بینین و بۆنکردن و تامکردن و دەست لێدان.

بایەلۆجیستەکان(Biologists) تا ئێمرۆ کۆک نین لەسەر ئەوەی کە گوێچکە ، کۆئەندامێکی سەربەخۆیە یان  تەنیا بەشێکە لە پێکهاتەی سەرودەم وچاو. بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە ڕێکن کە زانستی توێکاری(Physiology) دەڵێ  گوێچکە یەکەمین ئەندامە کە لە جەستەی کۆرپەلەدا خەلق دەبێ. هەر لە حەفتەی دووەمی تەمەنی (جنین) لە زێدانی دایکدا،  کۆئەندامی بیستن دروست دەبێ و دەست دەکا بە نشونما. کۆڕپەلەی تەمەن چوارمانگان لە ناو سکی دایکیەوە توانای بیستنی هەیە، بەڵام  ئەو هەر هەست بە دەنگەکان دەکات وناتوانێ  تێیان بگات. لە بیست و چوارەمین هەفتەدا هەر سی بەشەکەی گوێچکە – دەرەوە ، ناوەند وناوەوە – کامیل دەبن و پەیوەندی نێوان کۆرپەلەو جیهانی دەرەوەی سکی دایک دەست پێدەکا. سەیر لەوەشدایە کە لە کاتی مردندا، دوا ئۆڕگانی جەستەی مرۆڤ، کە لە کار دەکەوێ، گوێچکەیە. کەواتە گوێچکە یەکێکە لە هەرە هەستیارە بەهادارەکانی جەرستەی مرۆڤ، کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆی هەیە: 

ئەوە گوێچکەیە کە شەپۆلی دەنگەکان وەردەگرێ و دەیانکات بە دەستەێک لە هێماو ڕەمز ی دەماری (عصبی) و دەیانداتە مێشک ، کە ئەیش هەڵدەستێ بە وەڕگێران و شیکردنەوەی ئەو هێماو رەمزانە.

لە ڕیگای بیستنەوەو زمان فێردەبین و دەزانین مامەڵەی پێبکەین . ئامرازی فێربوونی زانست و مەعریفەیەکانە.

بیستن، چێژی دەنگە خۆشەکانی مۆزیک و سروشت ، لە دەنگی تەیروتوارو دارودرەخت و باووباران…… بە مرۆڤ دەبەخشێ.

بیستن پارێزگاری لە ژیانی بوونەوەرەکاندا دەکات، بە ئاگادارکردنەوەیان لە کاتی نزیک بوونەوەی مەترسییەکان، تەنانەت لە کاتی نووستنیشدا کۆئەندامی بیستن بەخەبەرەو دەتوانێ لە ورینی سەگ و تەقەت تفەنگ و شووتی ئاگرکوژێنەوە ئاگادارت بکاتەوە. 

پاراستن و هاوسەنگی لەشی زۆربەی بوونەوەرەکان، لە بەلاداچوون و کەوتنەخوارەوەو قیت ڕاوەستان و باڵا ڕاگرتن بە هۆی بەشێکی ناوەوەی گوێچکەیە.

هێندی بوونەوەر ، وەک دۆلفین و شەمشەمەکوێرە، لە رێگەی بیستنەوە خواردن  پەیدادەکەن و خۆیان لە دوژمنەکانیان دەپارێزن. 

سەرەڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە، تاقمێ لە پسپۆڕانی هەستی (دەنگ) یان ، لە سەرووی هەستی( بینین)ەوە ، داناوە: 

بینین بە بێ ڕۆناکی نابێ، بیستن لە هەموو کات و شوێنێکا رۆڵی خۆی دەگێڕێ.

بینین هەستێکی شعورییە، لە ژێر ئیرادەو کاریگرەی خاوەنەکەیەتی، دەتوانێ چاوی بنووقێنێ یان هەڵیهێنێ. گوێچکە بست و چوار سعات کاردەکا ناتوانی نەبیستی کەی.

چاو دەخەوێ، گوێچکە خەوی نییە.

زانستی فیسۆلۆژی بیستنی بۆ سێ جۆر پۆلینکردوە:

١. هەستکردن بە دەنگ ، بەبێ ئەوەی تێیبگەی، وەک ئەو دەنگەی کۆرپەلە لە سکی دایکیەوە دەیبیستێ، یان دەنگی ئەو ئاژەڵانەی ئێمە تێیان ناگەین. 

٢. هەستکردن بە دەنگ و تێگەیشتن لە هێماکانی، وەک ئەوەی کە دەڵێن  ( مانگ) دەزانین هێمای چییە.

٣. ئەو  دەنگانەی تێیاندەگەین وپەیرەویان دەکەین و ملکەچیان دەبین یان ڕەفزیان دەکەینەوە.

نابێ ئەوەشمان لە بیرچێ، کە دەنگ ئامرازێکی کوشندەیە. گوتمان دەنگ وزەیە، کاتێ ڕادەی شەپۆلەکانی پتر بوو لەوەی کە گوێچکەی مرۆڤ دەتوانێ بە ئاسانی بیبیستێ ، ئەوا  وزەوێکی یەکجار زۆر کاردەکاتە سەر مێشک وهەناو و کۆئەندامی هەناسەدان و دڵ و سووری خوێن و فشاری خوێن. دەنگی زۆر زۆر بە هێز، تەقینەوە لە ناو جەستەی مرۆڤ دروستدەکات و پلەی گەرمایی دەگەێنتە (٤٠٠) پلەی سەدی و پلەی پاڵەپەستۆی هەوا بەرزدەکاتەوەو سییەکانی مرۆڤ شەقدەکاو توشی خوێن بەربوونی دەکاو دەیکوژێ. خودا لە آ

 کام دەنگ؟

زانایانی بواری ڕەنگ ، ژمارەی تونی ڕەنگەکان بە نزیکەی سی و یەک ملیۆن جۆرە ڕەنگ مەزەندە دەکەن. بەڵام دەربارەی ژمارەی دەنگە جیایەکان، لەم هەسارەیەدا، سنوورێکە کراوەیەو نەتواندراوە بە ژمارەێکی ماقوول بخەملێندرێن.

ئێمەی مرۆڤ بۆ وەرگرتنی دەنگ بە شێوەێکی ئاسایی چوار دەستەواژە یان زاراوە بەکاردەهێنین کە هەموویان لە ڕێگای کۆئەندامی گوێچکەوە مەبەست دەپێکن:

بیستن ،( بە مەبەست و بە بێ مەبەست)

گوێگرتن، ( بەمەبەستی سوود وەگرتن)

گوێلێگرتن ( چڕکردنەوەو ئاوێتەبوونی دڵ و هەستەکان لە گەل گوێگرتندا)

گوێهەڵخستن( خۆ کپ و بێدەنگ کردن بە مەبەستی باشترین بیستن)

زانست سەلماندویەتی کە چگە لە کۆئەندامی گوێچکە، هەستەوەرەکانی تریش وەک  بینین و بۆنکردن و تامکردن و دەستلێدان، بە جۆرێ لە جۆرەکان، دەنگ دەگوێزنەوە لە ژینگەی دەوروبەرەوە بۆ ناو دڵ و ناخی مرۆڤ، بۆیە ئەو دەنگانەی کەرستە و زەخیرەی ئەم لێکۆڵینەوەن، دەچنە خانەی یەکێ لەم پۆلینسازییەی خوارەوە:

1. دەنگی مرۆڤ، ئەمەش سێ چڵی لێدەبێتەوە:

ئاخاوتنە مانادارەکان( Linguistic speech) ،

دەنگە تەعبیرییەکان (Expressive Sounds) کە ڕەمزو هێماو ئیشارەتەکانیش دەگرێتەوە. ،

دیاردەیە نازمانیەکان ( Para Linguistics)کە چالاکی جەستەین، وشەو رستە نین، هەرچەندە هەڵگری واتای خۆیانن وەک گریان و پێکەنین.

2. دەنگی سروشت، ئەویش دەکرێ بە دوو هۆبەوە:

دەنگی بوونەوەرەزماندارەکان، وەک  بولبول و کەوە ئەسپ و رێوی و چەقەڵ.

دەنگی بێزمانەکان، وەک باو و باران و شەپۆل و دارستان و هەورو بوومەلەرزە.

3. دەنگە بێدەنگەکان ( Soundless sounds) زورن ئەو دیاردەو دیمەن و وێنەو ڕووداوانەی، کە جۆرە نەشئەێکی پڕ دەنگ دروست دەکەن، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ هەست و نەستی مرۆڤ دەورژێنن، وەک تریفەی و خەرمانەی مانگ، فڕینی پۆلی مەلان لە تۆقەڵەی ئاسماندا و رەنگی زەردەپەڕ.

4. دەنگە مەجازییەکان (Metaphorical Sounds) کە لە ڕێگای هەستەوەرەکانی ترەوە، بەدەر لە گوێچکە هەستی پێدەکەین. بۆ نمونە هەر جۆرە رەنگێک کە شەپۆڵێکی دیاریکراوی خۆی هەیە، لە ناوخویدا جۆرێک دەنگ هەڵدەگرێ، کە کاریگەری لەسەر مێشک و دڵ و دەروونی مرۆڤدا هەیە. وەک دەنگی ڕەنگی سوور کە جیاوازە لە گەڵ دەنگی ڕەنگی پەمەیی یان وەنەوشەیی.

کەواتە نەخشەی پۆلینکردنی دەنگەکان ، لەم لێکۆڵینەوەدا، وەک بازنەێکی کراوە، زۆربەی هەرە زۆری دەنگەکانی ئەم هەسارەیە  لە ناو خویدا کۆدەکاتەوە و دەکەونە بەر شەن و کەوی خامەی ڕەخنەگرم لە شیکردنەوەی شیعرەکانی ” کەریم دەشتی” دا. ئەوەندی من زەفەرم پێبردبن و هزرو هۆشم بۆیان چووبێ قەرەم لە قەرەیان داوەو هەوڵمداوە یاقووت و عەقیقە شاراوەکانی ناو ئەو شیعرانە بدۆزمەوەو پێشکەش بە دیدو هەستی پەیامگری ئازیزی بکەم.

دەنگ لە زماندا:

زاراوەی زمان  ( Language) وەک سیستمێکی ڕەمزئامێزی فرە پێکهاتەی هەمە چەشن لە فۆنەتێک  (Phonetics)و ڕێزمان و          (Syntax) مانادا(Semantics) ، یەکێکە لە دیاردە مرۆڤیە هەرە تەمومژاوی و ئاڵۆزەکان، کە بە درێژای مێژوو، بەداوچوون و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوەو وەڵامێکی یەقینیمان وەدەست نەکەوتووە کە ( چۆن و لە بەرچی و لە کۆێ و کەێ ) یەکەم زمان سەری هەڵداوەو پەیدا بووە.  زمان گۆڵەکە ئەستورەکەی بوونی نەتەوەشە، بۆیە تاریق جامبازی دەبێژێ” گەر کوردستان جەستەبێ ، ئەوا زمان گیانەکەیەتی.” { نووسەری نوێ ژ ٥٤. ل ٢٩}

ڕەنگ بێ ، وەک ( Herodotus) باسی لێوە دەکات هەوڵەکەی فیرعەونی  میسری دێرین، کۆنترین پشکنین بێ، دەربارەی چۆنیەتی پەیدا بوونی زمان ئەنجام درابێ. کە دوو منداڵی ساوا لە لای دیدانەوانی کەڕو ڵاڵ پەروەردە دەکرێن،  بەو هیوایەی شتێ لەو لوغزە تێبگەن.

لەو ڕۆژەوە تا ئیمرۆ بێ حەد لێکۆڵینەوەو تۆژینەوە لەسەر ئەسلی زمان کراوە، بەڵام جگە لە خەرمانێ تیۆرو گریمانی گوماناوی شتێکی وامان بۆ هەڵنەکڕاوە وەدەست نەکەوتووە.

لەسەدی نۆزدەو بیستدا جارێکی تر، بە گەرم و گوڕی و حەماسەتێکی بێ ئەنەندازە، پسپۆرانی زمانناسی و شوێنەوارناسی و زانایانی سایکۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆجستییەکان قۆڵی خۆیان لێهەڵماڵی و دەیان تیۆری سەیرو سەمەرەیان دەربارەی دیاردەی ( زمان) هەڵبەست – کە لێرە جێگایان نابێتەوە – تەنانەت بە هاوکاری تەکنەلۆژیای سەردەم، پشکنین بۆپاشماوەی ئێسک و پروسکە بەردینەکانی مرۆڤە کۆنەکان ( ‌Human Fossils) کراوە، بەمەبەستی پەیداکردنی بەڵگەێکی پێکهاتەی فیزیکی لە بەکار هێنانی زمان ، بۆ نمونە کە لە (D N A) ئێسک و پروسکی مرۆڤی کۆندا، بوونی نیشانە جینیەکان ( Genes) وەک ( FOXP2)  وەدەست بێ ، ئەوا دەتواندێ جۆرە پەیوەندێک لە گەڵ زمانی ئێستاماندا لێکدانەوەی بۆ بکرێ.

ئەوەتا لە ساڵی (٢٠٠٤) دا زمانناس ( W. Tecumseh Fitch) تیۆری ” زمانی سکماکی” داهێنا ، ئەویش بە پشت بەستن بە چەمکێ کە (داروێن) ئاماژەی پێکردووە بە ناوی ” هەڵبژاردەی خزمێنە Kin Selection” کە پەیوەندیە جینایەتیەکانی نێوان کەسە خزمەکانە. ( Fitch ) دەڵێ ئەسلی زمان لە دایکەوە سەرچاوە دەگرێ بە دروەست بوونی گفتووگۆ و دایەلۆگ لە نێوان کۆرپەڵە تازە لە دایک بوو لە گەڵ دایکدا. لێرە حەزی ئاخاوتن و گوێگرتن دەست پێدەکا. ئەوەئ پەیوەندی بە بابەتەکەمانەوە هەیە ئەوەیە  ‌هێندێ‌ لە  زانایانی زمان  سنوورێک لە نێوان زمان(Language ) وە  ئاخاوتن ( speech) دادەنێن و لێکیان جیا دەکەنەوە. زمان بەبێ ئاخاوتن بوونی هەیە، کاتێ ئاماژەو ئیشارەت و ڕەمزەکانی تر بۆ مەبەستی لێکتێگەتشتن و دەڕ بڕین بەکار دێن،  ئاخاوتن پێش دروست بوونی زمان وجودی نەبووە. ” زمان ڕێگەیەکە بۆ ئاڵوگۆکردنی نیروڕا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ. بە چەند ڕێگەیەک ئەو بیرەی هەیەتی لە مێشکی مرۆڤی تردا دووبارەی بکاتەوە. مرۆڤ بیرەکەی دەخاتە سەر دەنگ” } غازی ڵ ١١{ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بیڵێم : ئەوان هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ” دەنگ” کۆڵەگەێکی سەرەکی ئەم دیاردەیە. کە سەیری ناونیشانی زۆر لە تیۆریەکانی زمان دەکەین دەبینین شێوەی چونیەتی دەنگدانەوەی دەنگکان لە گوێچکەدا کراونەتە سەرەباس وەک:

The mama Theory.

The ta – ta Theory. 

The bow – bow Theory. 

The Pooh – Pooh Theory .

The Dig – Dig Theory. 

The Sing – Song Theory. 

چەندین تیۆری تریش هەیە کە پەیوەندیان لە گەڵ شێوەی و ئاواز و مۆزیک و نەغمەوی دەنگەکان  هەیە وەک گڤەی باو و خوڕەی ئاو وشنەی شەماڵ و چرپەی لێو و مرچەی ماچ و تەپەی پێ و لای لایەی دایکان و چریکەی ژنان…..هتد. مامۆستا عەلائەدینی سەجادی دەڵێ: ئادەمیزادە سەروپێ رووتەکان پێش تاریخ ، کە بەدارەکانا هەڵئەزنان و لەم لق بازیان یەدایە ئەو لق هاواریان دەکرد ڕا ڕا ڕا بو بو بو . تا ئەم دەنگای ئەوان بو بە بناغەی ئەو ئەدەبەی کە ئێستە ئێمە پێیدەڵێن شیعر.” [ مێژووی ئەدەبی کوردی . چاپخانەی معاریف سەردەشت. ١٩٥٢ م ڵ ٧٣} ئا لێرەدا بایەخی دەنگ لە زماندا دەست نیشاندەکرێت. ” مەسەلەی زمانیش لە مەسەلەی خاک کەمتر نییە.” { زمانناس ژ ١١ ل ١٠٩}

دەنگ لە ئەدەب و هونەردا:

نووسین کە تۆمارگەی رەمزەکانی دەنگە، هەزاران ساڵ دوای داهێنانی زمان هاتۆتە کایەوە، کەواتە کەرستەی بە بڕشتی هەرچی ئەدەب و فۆلکلۆرو کەلتووری سەردەمی پێش مێژووی داهێنانی نووسین هەیە، لە ڕێگەی هات و هاوار و بانگە بانگ و بگرەو بەردەی دەنگەوە هاتۆتە ئاراوەو پشتاو پشت لە دەمی باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە. هیچ کون و کەلێنێکی بەرهەمی مرۆڤایەتی نییە، تێیدا ” دەنگ ” سەرقافڵەچی نەبێ. مێژووی دەنگەکان زۆر کۆنترە لە مێژووی زمان و ئاخاوتن، هەر لە ئەدەبی ئەفسانەو لاهوت و فۆلکلۆر ، بە هەموو لقەکانیەوە، بیگرە، تا دەگەیتە سەر سەکۆی شانۆ و ڕۆمان و چیرۆک و وتارو پەخشان، لە هونەریشەوە ، هەر لە بابەتە کەلتوورەمیللیکانەوە بیگرە ، لە گۆرانی و سەماو هەڵپەرکێ  تا هونەری تازەی مۆزیک و سینەماو تەلەفزیۆن و رادیۆ… کەواتە ” دەنگ ”  دەنگ دانەوەی خۆی ، لە ناو ئەشکەوت و پەرستگاو دیوەخان و مەجلیس و پۆل و هۆڵی دانیشتگا و کۆنفرانسەکان دا هەبووە.” زمان مادەی ئەدەبە، ئەوە ناگەیەنێت کە ئەدەب زمانە.” { هاوژین ل ٢١٢}

 خۆ خەرمانێک شاکاری ئەدەبی جیهانی وەک

 (Homer, John Milton, Helen Keller)) وە ( ابو العلاء المعری، طە حسین ، کامی بصیر) لە ڕێگەی دەنگەوە هەوێنی بەرهەمەکانیان  وەگێرکەوتووە. تێکەڵ بوونی تەکنەڵۆژیا دەنگییە هەمە چەشنەکانی ئەم سەردەمە ، بە کۆی هونەرو و ئەدەبی تازەوە، چەندین ڕەهای تازەگەری داهێناوەو ئاسۆێک جوانکاری نەدیتەی خستە بەر گوێچکەو دیدەی پەیامگر. لە سەرتای داهێنانی هونەری سینەما ، کە هێشتا وا پێش نەکەوت بوو “دەنگ”ی تێدا بێ. لەسەر شانۆ بە مۆزیک و دەنگە کاریگەرەکان (Sound Effects)، گرتە گرتە لە گەڵ رووداوی فلیمەکان دەرۆیشتن. خۆشبەختانە، زانستی دەنگ لە هونەری تازەگەری ئەم سەردەمەدا، هێندە بایەخدارو فرە داهێنانە، کە شان بە شان لەگەڵ ئامێرە دگیتەڵ و کۆمپیەتەرەکاندا بەهەرەمەندانە ، جیهانێکی ئەتویان خولقاندوە، دەتوانم بڵیم دەچیتە خانەی فانتازایاو ئەفسانەوەو، بەڵام بە بەرگی سەدەی بیست و یەک.  ئێمەۆ بەدەگمەن  ژانەرێکی ئەدەبی یان هونەری بەرچاو دەکەوێ کە یەکەی ” دەنگ”ی پێ پەراوێز یان فەرامۆش بکرێت. تەنانەت هونەری پەیکەر تاشی و نیگارکێشان ئاوێتەی “دەنگ” کراون و وەستایانە لە ژێر ئەم ناونیشانانە شاکاری جوان داهێنراون:

 دەنگی هونەر (Sound of Arts)    

 (Sound of Painting)         دەنگی نیگارکێشان    

      دەنگی پەیکەرتاشین (Sound of Sculpture)   

لێرەدا شیعریش وەک براگەورەی ژانەری ئەدەب و هونەر ،دوای هونەری شانۆ، بە درێژای مێژووی خۆی” دەنگ”ی کردۆتە ناوەرۆک و شێوازی پڕ گەوهەری خۆی. ئەمەیش بەگوێرەی کارزانی و بەهرەو تواناوی خولقێنەری شاعیر، رەنگی لە بەرهەمە شیعریەکاندا داوەتەوە. دکتۆر فوئاد رەشید دەڵێ ؛” دەکرێ مرۆڤ لە ڕێگای زمانی ئاخارنیشەوە ، زمانێکی شیعری بەررجەستە بکات.” { فواد رشید ل ٢٨}

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.