ژیاننامه‌ی مردنێك … دلێر ڕامان
سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له ئه‌مڕۆ باران به هه‌ڵه منی هێنایه ئێره
من مرۆڤێکی زۆر کۆنم
ئێستاش به بنمیچی هه‌وره‌کانه‌وه ده‌نگی ترپه‌کانی دڵم ماون
له‌وێ بوو من راستگۆیانه فێری گریان بووم هه‌ر له‌وێش بوو فێری ئه‌وه بووم
له ناو خه‌رمانه‌ی ئه‌ستێره‌کانه‌وه چۆن که‌پره ڕووته‌کانم خۆش بوێ
له‌وێ بوو که‌من به زمانێکی دیکه ده‌دوام
له ئێواره‌کاندا زۆر به ئاسانی ده‌متوانی
له‌گه‌ڵ مانگ دابنیشم و قسه بکه‌م
تریفه‌ی نیگاکانمان له سه‌ر یه‌ك مێزی ژووانا تێکه‌ڵ بکه‌ین
من له‌وێ هه‌ر به‌وه ڕاهاتبووم
هه‌موو عه‌سرانێك به‌سه‌ر شه‌قامه ته‌ڕه‌کانی بارانا پیاسه بکه‌م
هه‌رگیز گه‌ڵا وه‌ریوه‌کانی پرچی ئه‌ستێره نه‌تۆرێنم
دڵی هه‌موویانم وه‌کو یه‌ك نه‌وا ده‌کرده‌وه
شه‌وێ له ماڵی گه‌لاوێژ و شه‌وه‌كه‌ی تر له ماڵی کاکێشانه‌وه ده‌بوومه میوان
حیکایه‌تی عه‌شقم بۆ کاروان کوژه ده‌گێرایه‌وه
من سه‌ر به‌هۆزی یه‌که‌م منداڵدانی باران بووم
له‌بیرمه یه‌که‌م قیژه‌ی تریشقه‌ی گه‌واڵه له ناخی منه‌وه ڕژا
یه‌که‌م کلو به هه‌ناسه‌ی ساردی منه‌وه بوو به به‌فر و
یه‌که‌م چزورهی قه‌دی ڕێواسیش له باڵای منه‌وه سه‌ری ده‌رهێنا
ئاگام لێ بوو بۆ یه‌که‌مجار سه‌مای کانیاو له به‌ر ئاوێنه‌ی حه‌زی منه‌وه شه‌رمی شکا
یه‌که‌م دره‌ختیش هه‌ر به‌به‌رجاوی منه‌وه خۆی ڕووت کرده‌وه
ئیستاش بیرم ماوه
یه‌که‌م مێژووی ڕووبار که لهتاڤگهی چاوه‌کانی منه‌وه هاته ڕه‌وت و
ئه‌وه‌ڵ قدوومی شنه‌ی شه‌ماڵیش له که‌ژو کۆڵانه‌کانی مهستیبوونی منه‌وه چه‌که‌ره‌ی کرد
من له‌وێدا فراوێنی سبه‌ینانم له‌گه‌ڵ مه‌له‌کان ده‌خوارد
له ده‌نووکی ئه‌وانه‌وه خۆم ده‌ژه‌نی و له‌ژێر باڵی ئه‌وانا سه‌فه‌رم ده‌کرد
له‌وێ ته‌نها نیشتیمانی مۆسیقا له دایك ده‌بوو
هه‌ر له‌وێ بوو مه‌لۆتکه جۆگه‌له‌کان زیاتر به مه‌مکی مێرگهوه سهرخۆشتر ده‌بوون
گمه‌ی کۆتره‌کانیش هه‌ر له‌وێ بوو ده‌بوون به شمشاڵی خه‌وی سوکنایی
باخچه‌ش هه‌ر له‌وێ کتێبه‌کانی سه‌مای گوڵ و گه‌ڵای نوسیه‌وه
به‌ڵام ئیستا که هه‌ڵه‌ی بارینێك منی هێناوه بۆ ئێره
به‌حاڵ فریای سپێده‌یه‌ك ده‌که‌وم قاوه‌یه‌کی تاڵی له‌گه‌ڵدا بنۆشم
من لێره پڕ پڕکراوم له چه‌تره‌کانی هه‌مان ئه‌و بارانه ی پڕ بوو له‌هه‌ڵه‌ی بارینم
لێره هێند ده‌که‌م دره‌ختێکی ته‌نیاتر له خۆمم پێ رازی ناکرێ و نابێته دڵدارم
لێره ناتوانم ئاشنای ئه‌م په‌نجه‌ره ته‌مبه‌ڵانه ببم و مۆم به دوای مۆم
شهوهکانمی ته‌مه‌نمی بۆ داگیرسێنم
لێره به‌رگه‌ی ئه‌م بێ به‌زه‌ییه ناگرم هه‌موو ڕۆژێ چه‌مه‌کان به ته‌کما بڕۆن و
سڵاوێکی میهری بارانم لێ نه‌که‌ن
لێره من نازانم به چ زمانێکی عه‌شقانه دڵی باخچه‌کان پڕکه‌م له چپه و
کامه ئێواره فێرکه‌م له‌ناو ئاوابووندا حه‌زی ماچه‌کانم جێ نه‌هێڵێ
من لێره به‌ر له ڕۆحی گه‌ڵاکان هه‌ڵده‌وه‌رێم و دڵۆپێك شه‌ونم بۆم نابێ به کفن
لێره له ناو دڵی خۆرهتاودام و که‌چی به‌ر له جه‌سته‌ی سه‌رما ڕه‌ق هه‌ڵدێم
من لێره هه‌موو ڕۆژێ سه‌دان جار ده‌مرم و فرمێسکی کانیاوێکم بۆ نابێته پرسه
شنه‌یه‌ك نامباته‌وه گۆڕستان و گۆرانی خوڕه‌ی ئاوێك نابێ به ته‌لقینم
من لێره ته‌نها وه‌رزی سه‌رده‌مێکی به‌سه‌رچووم و نازانم له کوێ هه‌ڵتروشکاوه زه‌مه‌نم
من لێره مرۆڤێکی زۆر کۆنم
به‌هه‌ڵه سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له ئه‌مڕۆ باران منی هێنایه ئێره
سه‌ده‌یه‌كه وا لێره دڵی تابوتێکم داگیر کردووه
! نه ئه‌و به مه‌رگم رازی ده‌بێ و نه منیش به په‌یکه‌ری چاوه‌ڕوانی ئه‌و
دلێر ڕامان
8-10-2012