نیگای دڕک … پۆڵا سه‌عید
نیاگای دڕک بۆ بکه‌ین، که سهرتاپامان
بریینداری گازی ئه‌و بێت؟
گوێ له گرمه‌ی هه‌ورێک بۆ بگرین
که ده‌نگمان نووساوی ناڵه‌ی ئه‌وبێت؟
ناڵه‌ی خه‌ڵکانێک بۆ ئازاردانه
نه‌ک هه‌بوونی خه‌مێک
به‌م بریینه شیینهوهبووانهی که‌مه‌رته‌وه
وه‌ره له باوه‌شما بحه‌وێره‌وه که‌مێک،
له‌وه‌ته‌ی هه‌یت له دارشاتوویهک دهچییت
ده‌نکی شیین و مۆری خه‌مت لێههڵدهوهرێت
له نیشتیمانی ئازارێک ده‌چیت
هه‌رچیی گریه‌ی دونیایه به‌دواتدا ده‌گه‌ڕێت،
ده‌شێت تۆ ئه‌ستێره‌یه‌کی کشاو بیت و
به‌ر نه‌فره‌تی ئێمه‌ی پیاو که‌وتبیت
ده‌شێت لێوی پێکه‌نیینی مانگ بیت و
خه‌نجه‌ری پیاو که‌رتی کردبیت،
بۆیه هه‌میشه ده‌ڕوانیته ئاسمان
نیگای ئه‌ستێره و مانگ ده‌که‌یت
به گله‌ییه‌وه ده‌ڕوانیته کورد
ده‌ڕوانیته کوردستان،
به‌م هه‌موو خه‌مه‌وه به‌فری ته‌نیاییت تیا باریووه
ده‌ڵێی پاییزیت هه‌رچیی گه‌ڵای بهختهوهرییته هه‌ڵوه‌ریوه،
وه‌ره له کانیی چاوه‌کانما خۆت بشۆ
وه‌ره به له‌پی لێوم ده‌نکێ گێلاسی دڵدانه‌وه بخۆ،
وه‌ره له‌گه‌ڵ یه‌کدا بهشیبکهین ژیان
خه‌نده‌یه‌ک بۆ من، قاقایه‌ک بۆ تۆ،
نێوچه‌وان بنێین به نێوچه‌وانی یه‌که‌وه
خه‌ممان هی یه‌ک بێت
پێکی گریه‌ی یه‌ک بخۆینه‌وه،
*
ڕۆژێک دادێت باسمان ده‌که‌ن
به سه‌ری په‌نجه‌ی یاد دهماندوێنن
بۆنی گوڵی نێوانمان ده‌که‌ن،
ڕۆژێک دادێت ته‌نیایی دهمکووژێت
یان ده‌مکات به بکووژێک، که ده‌ست بۆ کووشتنی هه‌موو که‌س به‌رێت،
هێند نیگای دڕکت کردووه
دڕک له چاوتا ڕوواوه
هێند له‌گه‌ڵ دڕکدا ژیاویت
لێوی ماچێکت بۆ گوڵێک چییه نه‌ماوه،
دڕک پێیوایه، که ئه‌و پاسه‌وانی گوڵه
که سهرتاپامان شه‌ڵاڵی خوێن ده‌کات
له‌لای وایه، ئه‌و بۆ گوڵ خاوه‌نی دڵه،
گوڵ پێویستی به دڕک نییه
ئه‌وه دڕکه خۆی کردووه به خاوه‌نی گوڵ
خۆی کردووه به خاوه‌نی ڕۆحی، له تاوان ناکاته‌وه سڵ،
بۆ ههرکوێیه ده‌چیی هه‌ر مه‌مله‌که‌تی دڕکه
دڵنیاییت وا لێ ته‌ره بووه، ده‌ڵیی باڵنده‌یه‌کی سرکه،
ته‌په‌ته‌پ به ناوی دۆسته‌وه له ده‌رگات ده‌ده‌ن
ده‌رگا له که‌س ناکه‌یته‌وه، که‌چیی به په‌نجه‌ره‌ی کراوه‌ی ماڵه‌که‌تدا بازده‌ده‌ن،
وه‌ڵامی زه‌نگی که‌س ناده‌یته‌وه
که‌چیی ڕۆژ نییه له چایخانه‌ی پیاوانی پووچدا ژیانت نه‌نووسنه‌وه،
داوای درکاندنی ڕاستییت لێده‌که‌ن گوایه ده‌تپارێزن
که‌چیی خۆیان پیاوانی ده‌مامکدارن، ناپاک و بێ ڕێزن،
ده‌رگای ته‌نیایی تووند له‌سه‌ر خۆت دابخه گوڵم
جار نییه به هه‌واڵێکت تووشی هه‌ناسه‌بڕکێ نه‌بم دڵم،
ئه‌م شاره پڕی پیاوی کێرد و چه‌قۆ به ده‌سته
ئه‌وه‌ی له‌م گه‌له‌دا قاتییه مرۆڤایه‌تییه هه‌سته،
*
نامۆیه‌کم ئه‌وه‌م لێ ده‌رنه‌چوو
که دایک و باوکم چاوه‌ڕوانیان ده‌کرد
ئاشقێ بووم نه‌وه‌یه‌کم له‌و کچه نه‌خسته‌وه
که چاوه‌ڕوانی منداڵێکی لێم ئه‌کرد،
هه‌نووکه بوومه‌ته پیاوێک له نامۆییدا
پیاوێکی هێشتا ئاشق
ده‌یه‌وێت بژیی له پیرییدا،
ژیانم تا ئێستا ژیان نه‌بووه
به‌ڵکوو تێپه‌ڕاندنی کات بووه
ئێستا له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌مه‌وێت بژییم
ده‌ستم به‌رێ تا “با”ی مه‌رگ هه‌ڵینه‌کردووه،
ئاشقم ئاشقی بیرکردنه‌وه و ڕاستیی
ئه‌وه‌ی دیم و پرسیارم لێکرد
به‌های ئازادیی نه‌ده‌زانی،
ته‌ماشای ژیانی هه‌رکه‌سێکم کرد
ژیانی به شاخی کاتدا سه‌رده‌خست
هه‌رچییه‌کم دی شیریینی ژیان بوو
که‌چیی هه‌موویان ته‌شیی کاتیان ده‌ڕست،
ئه‌ی گوڵ تۆ له‌ناو مامه‌ڵه‌ی ژیاندا چهقیوویت
به‌ڵام مه‌رگ هه‌موو کات ئاماده‌یه بێته سه‌رڕێت،
که ئه‌و هات ده‌بێت کاتت بۆی هه‌بێت
ئه‌و ناپرسێت، ئاخۆ ئاماده‌یت یان ناته‌وێت؟
چه‌ند ده‌یه‌ی ته‌مه‌نت تێپه‌ڕاندووه؟
چه‌ندی ده‌یه‌ی ته‌مه‌نت ژیاویت؟
چه‌ندت له ژیان و خۆشییدا خه‌رج کردووه؟
چه‌ندی گریاویت؟
گله‌ییی له کورتیی ژیان ده‌که‌ین
بێئه‌وه‌ی بزانین له کاته‌کانی ژیاندا چیی ده‌که‌ین،
چه‌ند کات له هیچدا خه‌رج ده‌که‌ین؟
هیچ ههڵماندهسوڕێنێت
ته‌ماشا بکه‌ن چۆن ژیانمان به‌فیڕۆ ده‌ده‌ین،
دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه هه‌وڵبده بژییت
ژیانێک هی خۆی بێت
له ڕاستییدا، له ئازادییدا، له به‌خته‌وه‌رییدا، کات له‌سه‌رخۆ ده‌ڕوات
ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت به په‌له لێوی په‌پووله‌ی ژیان بگریت،
ئه‌مپه‌ڕ و ئه‌وپه‌ڕی دونیا نێوانمانه
که‌چیی گوێم له ترپه‌ی لێدانی دڵته
پرچت له ڕووخسارم ده‌خشێت
ده‌زانم به‌خته‌وه‌ریی ژینته،
*
بوونه‌وه‌رێکی خه‌مبارین
بۆیه هه‌ر په‌نا بۆ به‌خته‌وه‌ریی ده‌به‌ین،
کێ ناڵێت ئه‌م به‌خته‌وه‌رییه له ئاینده‌دا نابێته خه‌م
ژیانمان پڕ ده‌بێت له دڵته‌نگیی
تارییکییمان لێده‌بێت به تروسکه‌ی شه‌م،
ئه‌م هه‌موو گوومانه بۆ ده‌که‌ین
بۆ هێنده ڕه‌شبینین و له ده‌ست مامه‌ڵه‌کانی خۆمان ڕاده‌که‌ین؟
بۆ هێنده په‌نا بۆ مردن ده‌به‌ین؟
که‌نگێ زه‌ماوه‌ندی مه‌رگ بگێڕیین؟
به “با”دا بانگهێشتی کووشتنی خۆمت بۆ بنێرم یان لێگه‌ڕێم؟
له خوێنی خۆمدا خه‌ڵتان بم یان مه‌رگ وه‌ک دڕک بچه‌قێته پێم؟
12ی مارسی 2010یه
ئه‌وه‌ی ئاسووده‌ییم پێده‌به‌خشێت بیرکردنه‌وه‌یه له مه‌رگ
باڵای به‌رزی ئه‌م تهمهیه،
بۆ وه‌ک مه‌لێکی ئازاد ناده‌م له شه‌قه‌ی باڵ
بۆ ژیانم پڕکردووه له ده‌نووکی ڕه‌قی داڵ؟
چاوه‌ڕوانی چیی ده‌که‌م، که ده‌لاقه‌یه‌کم بۆ ژیان نه‌بێت؟
گه‌رووم پڕ بێت له خۆڵی گریان
ڕووخسارم بۆ خه‌نده‌یه‌ک چییه نه‌بێت،
ئه‌ی تۆ چلۆن به‌خته‌وه‌ر ده‌بیت
که له ههڵفڕیینمدا کشهیهک نه‌بیت؟
منی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی خه‌مبارم
به بێهێزیی خۆم تاوانبارم،
خه‌ڵکیی ناچارم ده‌که‌ن، تووندڕهوبم
خه‌ڵکیی ناچارم ده‌که‌ن، له نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌دا که‌ڕاکته‌رێک بم،
من یان دیلم یان ده‌سته‌ڵاتدار
هه‌ق ته‌نها بۆ به‌هێزه‌کانه
مافی ژیانی کوا هه‌یه مرۆڤی بێهێز و نه‌دار،
*
به‌م هه‌موو خه‌می ڕۆژه‌وه به‌خته‌وه‌ریی له‌کوێیدایه؟
که ده‌روازه‌یه‌ک نه‌بێت بۆ خۆشیی
“زین”ی ژیان له چییدایه؟
چڵێک نێزگز دڵخۆشم ناکات، ئه‌گه‌ر دڵم پێی خۆش نه‌بێت
ده‌نگێک له دووره‌وه ئاسووده‌م ناکات
ئه‌گه‌ر نیگام له گۆمی چاوه‌کانیا مه‌له نه‌کات،
به‌م هه‌موو په‌ڵه مۆرهوهبووهی ده‌روونمانه‌وه ڕووبکه‌ینه کوێ؟
ئه‌و خاکه له‌کوێیه، که خۆری ته‌نها بۆ ئاسووده‌یی لێ هه‌ڵدێ؟
لێره مرۆڤه‌کانیش ئۆبیه‌کت و موڵکی یه‌کدیین
نێوچه‌وانمان ناوه به نێوچه‌وانی یه‌که‌وه، له خه‌می یه‌کدییدا ده‌گریین،
هێند ته‌نهاین خه‌ریکه ده‌بینه بوونه‌وه‌رێکی دڕ
به‌ده‌م “با”ی ئه‌م هه‌موو ئازاره‌وه بووینه‌ته په‌نجه‌ره‌یه‌کی کراوه‌ی شه‌ق و شڕ،
کامه نانی ژیانه، که به‌بێ خوێی خۆشه‌ویستیی ده‌خورێت؟
نه‌زان ئه‌و که‌سه‌یه خاکێک شکبهرێت بۆ به‌خته‌وه‌ریی و هه‌نگاوی بۆ نه‌نێت،
منی مرۆڤ چییم؟
باوه‌ڕ به ئێستام بکه‌م وه‌ک ڕاستیی
یان ئه‌و خه‌ونه‌ی، که دوێنێ دیم؟
ئاژه‌ڵ نیم زیاترم له‌و
خودایه‌ک نیم ڕووناکیی ونبکهم و جیهان بکه‌م به میوانی شه‌و،
من بوونه‌وه‌رێکم بوونیهتم به‌سه‌رخۆمدا ده‌هێنم
به مامه‌ڵه و ویستی ئازاد خۆم له قوڕی ژیاندا دهگلێنم،
بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن گرێم
جارێک به خه‌تای خۆم
جارێکیش بێ تاوان به ده‌ستی که‌سێکی تر له‌دار ده‌درێم،
خاوه‌ن ویستی ئازادم، به‌شێکی ژیانم ئاوتۆماتیک ده‌ڕوات
خاوه‌ن مامه‌ڵه‌ی ئازادم، هه‌ندێکیان سه‌ری خۆم و هی خه‌ڵکانی تریش ده‌خوات،
من مر‌ۆڤم، بوونه‌وه‌رێکی سهرسووڕهێنهرم
لێره پاڵه‌وانی ئازادیی و
له شوێنێکی تردا دیکتاتۆرێکی داگیرکه‌رم،
منی مرۆڤ دڕم
دڵێکی بچووکم هه‌یه بۆ ئاشتیی
ویستێکی گه‌وره‌ش بۆ ده‌سته‌ڵات، بۆیه مۆڕاڵ به ههرزانتریین نرخیش ناکڕم،
*
سه‌راپای جه‌سته‌م بۆنی ته‌نیایی گرتووه
وه‌ک پیره‌مێردێکی ون ملی ڕێگایه‌کی نادیارم گرتووه،
ده‌ڕۆم و ئاوڕ ناده‌مه‌وه
پیره‌مێردێکی خه‌مبارم وه‌ڵامی سڵاوی که‌س ناده‌مه‌وه،
ده‌ڕۆم تا شه‌و دادێت
تا ئه‌و کاته‌ی مانگ به له‌پی لێو لایه‌ک له ڕوومه‌تی زه‌ویی ده‌گرێت،
بیری که‌س ناکه‌م
به ئه‌سپای مۆمی ڕۆحم بۆ ڕێگای ونم هه‌ڵده‌که‌م،
شه‌ق له به‌ردێکی سه‌ر ڕێگا هه‌ڵده‌ده‌م
بیره‌وه‌رییه‌ک دامدهنهوێنێ
ده‌بینم ڕووخسارته وه‌ک مانگ هه‌ڵدێ،
ڕوومه‌تی ساف و لووس وه‌ک شووشه
سپیی وه‌ک به‌فر، ڕۆمان ئاسا پڕ له وشه،
دوو برۆی وه‌ک که‌وان
نیگایه‌کی پڕ نهێنیی وه‌ک خامۆشیی شه‌وان،
دوو چاوی قاوه‌ییی
لێوێکی سوور وه‌ک گزنگی به‌یانیی،
بیرهوهرییت له خۆیدا هه‌ڵمده‌گرێت ده‌مکات به ماڵ
ئه‌ی ژنی جوان سنگ و گه‌ردن خاڵیی له خاڵ،
پرچ قه‌ترانیی
لووت نه بارییک نه گۆشتن
که‌ی بێت شه‌وێک له باوه‌شما بنوویت تا به‌یانیی،
*
جیاوازیی نێوان ویست و ترس دوورگه‌یه‌که
که‌چیی ترس هه‌میشه بیانووی بۆنه‌یه‌که،
ده‌ترسم یان ویستم نییه
ئه‌و کاتانه‌ی دوو ده‌ست وه‌ک پشتوێن خۆیان له که‌مه‌رم تووند ده‌که‌ن
منیش زمانی هه‌ڵهێنانه‌وه‌ی وشه‌یه‌کم نییه،
*
ماندووم جه‌سته‌م شه‌که‌ت که‌لله‌م خاڵیی
بوومه‌ته کۆتری ئه‌شقت، بوومه‌ته که‌وێکی ماڵیی،
بیر له ژیان له به‌هارێکی هه‌میشه‌ییدا ده‌که‌مه‌وه
سه‌راپات چقڵی ژانه، هه‌ر ڕۆژه‌ی دانه‌یه‌کت لێده‌که‌مه‌وه،
دهتلاوێنم وه‌ک ساوای باوه‌شی دایکێک
هه‌ر جارێک قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌که‌م، وشه‌یه‌کت ده‌که‌م به یادگارێک،
ماندووم ماندووی چاوه‌ڕوانیی
ئه‌و ڕۆژانه‌م بیردێته‌وه، ئازارێ بووم، که‌س ههواڵمی نه‌ده‌زانیی،
وه‌ک په‌روانه‌یه‌ک له نیوه‌ی شه‌ودا لێتنزیک ده‌بمه‌وه
ئه‌و کاته‌م له‌لا ژیانه، که له خۆشه‌ویستییدا دهکووژێمهوه،
ده‌سووتێم به ئهویینت
به‌ڵام بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌بمه هه‌وێنی ژیینت،
ماندووم ده‌ڕۆم و نازانم بۆ کوێ
خاوه‌نی ئازارێکی مه‌زنم، ده‌ست بۆ هه‌ر په‌ڵه‌یه‌کی شیینهوهبووی ڕۆحم ده‌به‌م
چزه له هه‌ناوم هه‌ڵده‌ستێ،
نازانم منی مرۆڤ چیم
بوونه‌وه‌رێکی ده‌روونیی یان بیۆلۆگییم؟
ماریۆنێتی تووخمهکهمم یان ئازادم؟
له‌گه‌ڵ تۆدا بوومه‌ته ئه‌مه‌ی، که هه‌م
یان خۆم گۆڕان به‌سه‌ر خۆمدا دێنم؟
*
ده‌مه‌وێت هه‌میشه بیرت بکه‌م
بوونه‌وه‌رێکی خۆشییبهخشی پێمخۆشه قۆڵه‌کانم وه‌ک ملوانکه له ملت بکه‌م،
ده‌مه‌وێت خۆشمبوێیت
مرۆڤێکی میهره‌بانیت له‌گه‌ڵ ژه‌هری ماردا ده‌مه‌وێیت،
ده‌مه‌وێت خه‌وت پێوه ببینم
هێنده‌م خۆشده‌وێی له ئاستتدا که‌سی دیکه‌ی تر نابینم،
له‌گه‌ڵ تۆدا ئه‌وه‌م، که هه‌م
له‌گه‌ڵ تۆدا ژیانێک ده‌ژییم، خاڵیی له خه‌م،
*
خاوه‌نی ده‌روونێکی شپرزه‌م
له ده‌ڤه‌رێک ده‌چم وشک و برینگ بێ هه‌وا و کزه‌م،
بێ سنوور خه‌مبارم له ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی خۆم تووڕه‌م
ڕۆحم دیلی جه‌سته‌مه بۆ ئازادکردنی ئاماده‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌م،
بوومه‌ته پشیله‌یه‌ک ده‌ستی سۆزی دڕندهیهکیشم پێویسته
من چییبکهم چوار ده‌ورم ته‌نراوی مرۆڤی ئیگۆئیسته،
وێرانم و هه‌نگاوم شله ناگه‌مه گوڵه گه‌نم
ڕۆحێکی هه‌لاهه‌لام هه‌یه
ده‌فی سه‌رم به تووڕه‌بوون ده‌ژه‌نم،
به‌م نیوه شه‌وه ناوێرم له ده‌رگات بده‌م
سه‌گوه‌ڕ ده‌وری ماڵتانی گرتووه
شه‌سته‌بارانه چه‌ترێک نییه بۆ ئارامییم ههڵیبدهم،
بێهێزییه بیر له ڕۆیشتن ده‌که‌مه‌وه
یان ڕۆیشتن ناهێلێت ده‌رگا له بێهێزیی بکه‌مه‌وه؟
دیلم لێره یان ئێره دیلی کردووم
نامۆیه‌کی خه‌مبارم ته‌نیاییم کردووه به خووم،
*
مرۆڤه‌کان به ڕێژه بوونه‌وه‌رێکی ئایینیین
ئه‌و کاتانه‌ی بیر له بوونی خودا ده‌که‌نه‌وه
قووتابییه‌کی سه‌ره‌تایین،
کێشه‌ی من له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ره ئایینییه‌کاندا
کێشه‌یه‌کی بێ کۆتایین،
له‌و شوێنه‌ی ئه‌وان زاڵدهستن من باڵنده‌یه‌کی به‌رزه‌فڕم
ئه‌و کاته‌ی هێرشم بۆ دێنن، من به وێنه‌ی کێویلهیهک دڕم،
له‌و شوێنه‌ی ئه‌وان بوونیان نییه
هه‌ناسه‌م خاوێن، ڕه‌نگی ژیانم ئاوییه،
ده‌ژییم له‌گه‌ڵ باروودۆخه‌کانی ڕۆژانه‌مدا
مرۆڤێکی نامۆم خه‌مه‌کانی جیهانم داوه به شاندا،
*
که‌نگێ دێیت به‌لامه‌وه
منی نه‌خۆشی ته‌زیوو، که‌ی گهرمدهکهیتهوه؟
که‌نگێ ده‌ستێکی سۆزم بۆ درێژ ده‌که‌یت
که‌نگێ کراسێکی به‌خته‌وه‌رییم له‌به‌رده‌که‌یت؟
ته‌نیام له جه‌سته‌ی خۆمدا نامۆم
ڕۆحێکی خه‌مبارم هه‌یه، هیوایه‌کی کردووه به مۆم،
ئه‌ی ئاریادنای به‌جێهێڵراو، من دیۆنیسۆسی تۆم
ئه‌ی ئیسۆلۆدهی خه‌مبار من تریستیانتم
من تۆم کردووه به چه‌قی بیرکردنه‌وه‌ی خۆم،
هۆشیاربه ئه‌ی ڕۆحی ته‌زیوو تۆ خاوه‌نی ڕۆحی منیت
هۆشیاربه من ئاوێنه‌ی ڕاستییهکانتم
من هه‌وێنی ژیانت و تۆش کوانووی گه‌شانه‌وه‌ی منیت،
26.02.2010