Skip to Content

321 Views

(ئۆلیڤەر تویست)* وەرگێڕانی ڕۆمانێک بەزمانی دڕک! … هەڵمەت عوسمان

(ئۆلیڤەر تویست)* وەرگێڕانی ڕۆمانێک بەزمانی دڕک! … هەڵمەت عوسمان

Be First!
by April 16, 2017 General, Literature
image_print

ڕۆمان ناسنامەی هەر کۆمەڵگایەکە، گەر بیەوێت خۆی بە کۆمەڵگایەکی دیکە بناسێنێت. هەرچەند مێژووی سەرهەڵدانی هێند کۆن نییە، بەڵام توانیویەتی ببێتە یەکێک لە جۆرە زیندووەکانی ئەدەب. لەئێستادا نووسینی ڕۆمان، زیاتر لە هەر چەشنێکی دی برەوی زیاترە، وەرگێرانیشی شان بەشانی نووسینی دەڕوات. نووسینی ئەم چەشنەی ئەدەب کارێکی هەستیارە، چونکە مامەڵە لەتەک مێژوودا دەکرێت، واتا ڕۆمان نووسینەوەی مێژووە بە چەشنێکی دی، جیا لەوەی مێژوونووسان ئیشی لەسەر دەکەن، بۆیە نووسینی ڕۆمان چەند هەستیارە، وەرگێڕانی زیاتر! چونکە گەیاندنی پەیامی نووسەرە بە ئەمانەتەوە. ئەمەش کاتێک دەبێت، زمانی دووەم هێندە و بگرە زیاتر لە زمانی خۆت شارەزاتربیت، لەبەرئەوەی زۆرجار نووسەر پەیامەکەی خۆی لە چوارچێوەی پەند و ئیدیۆمە باوەکانی زمانەکەی دەردەبڕێت، کاتێکیش وەرگێڕ شارەزایی لەم ئیدۆمانە نەبێت، ئەوکات لە وەرگێڕانەکە دەچێقێت و خوێنەریش توشی جۆرێک لە سەرلێشێوان دەکات! بۆیە لە وەرگێڕاندا زمانی دووەم و ڕێنووسی زمانی دایک لەکاتی وەرگێڕان و گەیاندنی بە خوێنەر، دەبێتە مەرجی سەرکەوتنی وەرگێڕ… واتا ڕێنووس دەتوانێ دوو ئیشی لێک جیا بکات، هەم دەتوانێ دەقە وەرگێڕدراوەکە بکات بە لۆکە و هەمیش دەتوانێ بیکات بە دڕک و وشەکانی بچەقێت بە چاوی خوێنەر!
خوێنەر چەند مایەی بەزەییە، کاتێ ناونیشانی کتێبێ دەبینێ و بە هەڵەداوان هەوڵی بەردەستخستنی دەدات، بەڵام کاتێ هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەک، لەبەر پەرپوتی ڕێنووسەکەی و جۆری وەرگێڕانەکەی دڵی سارد دەبێتەوە! هەمان ئەم بارەی باسم کرد، بەسەر من داهات.
ئەوەی من دەمەوێ زیاتر بدوێم، لایەنی زمانی وەرگێڕان و خاڵبەندی دەقەکەیە.
لە ئەنجامی نەبوونی دەزگایەکی وەرگێڕان، هەمیشە کاری بێ سەروبەری دروست دەبێت لەم بوارە، کاتێ دەزگایەکی لەم جۆرە نەبوو، ئەوسا ئەرکەکە دەکەوێتە سەر هەوڵی تاکەکەسی، زۆرجاریش ئەم هەوڵە تاکەکەسیانە، نەک هەر بە باشە ناشکێنەوە بۆ پڕکردنی خەرمانی کتێبخانەی کوردی، بەڵکو نا ئاگایانە، کتێبخانە دەبێتە زبڵخانە! بۆیە ئەگەر دەزگای وەرگێرانیش نییە، چاپخانەکان دەبێت فلتەرێکیان هەبێت، تا لای کەمی ئەم هەڵانەی بەسەر هەڵەچنی کتێبەکەش تێپەڕیوە، ئەوان چاکی بکەن.
ئەم نۆڤلێتە بە جۆرێ وەرگێڕدراوە، خوێنەری نەشارەزاش دەتوانێ لە ڕووپەڕێ، دە بۆ پانزە هەڵەی ڕێنووس بدۆزێتەوە! ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کاری وەرگێرانەکە، یەکەم (وشەبەوشە)بووە، دووەمیش هەڵپەیی کراوە لە بڵاوکردنەوەی “هەروەک لە پێشەکییەکەی بەڕوونی ئەوە دیارە” تا ئەوەی پێداچوونەوەی وەردی بۆ بکەن. کەواتا لەوەرگێڕان و نووسین، چۆنایەتی گرنگە، نەک چەندایەتی. هیوادارم ئەم کارەی ئێمەش وا لێکنەدرێتەوە بخرێتە خانەی دوژمن کارانە، بەڵکو ئێمە زیاتر مەبەستمان هاوخەمییە بۆ زمانەکەمان تا لەم تەنگەژەیەی تێیکەوتووە، بە هەموومان وابکەین دەربازی بکەین و بەرگێکی جوانتری بۆ بدرووین…
ئەو هەڵانەشی ئـێمە دیاریمان کردووە تەنها لە بەشی یەکەمی نۆڤلێتەکەیە، ئەم بەشەش تەنها پێنج ڕووپەڕە! بۆ ئەوەی خوێنەر بزانێت ئەگەر تەنها لەبەشیکی پێنج ڕووپەڕی ئەم خەرمانە هەڵەیە هەبیت، ئەبی ئاخۆ هەر (١٥١) ڕووپەڕەکە دەبێ چەند خەرمانی دیکە هەڵەی تیابێت!؟
لەسەرەتاش دەمەوێ سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕابکێشم، ڕستەی ناو سەرجەم جووت کەوانەکان(( )) هی وەرگێڕن و تاک کەوانەکانیش( ) هی منە.
بەشی یەکەم// لاپەڕە ١٣…
(( ئۆلیڤەر تویست لە هەتیوخانەیەك لە دایك بوو دایکی لە کاتی لە دایك بوونی ئەودا مردبوو کەس نەی دەزانی لە کوێوە هاتبوو و خێزانەکەی کێ بوون” باوکی ئۆلیڤەر چەند مانگێک بەر لەوەی ئۆلیڤەر لە دایك ببیت مردبوو،))
(ئۆلیڤەر تویست لە هەتیوخانەیەك لە دایكبوو، دایکی لە کاتی لە دایكبوونی مردبوو، کەس نەی دەزانی لە کوێوە هاتبوو و خێزانەکەی کێ بوو، باوکیشی چەند مانگێک بەر لەوەی ئۆلیڤەر لەدایك ببێت مردبوو) جوانتر دەبوو لەبری هەتیوخانە”خانەی بێسەرپەرشتان”ی بنووسیبایە.
(( ئەو وەک هەتیوی هەتیوخانە یەك گەورە بۆ هەر زەلیل و برسی و سووك لای هەموویان و کەس بەزەیی پێدانەدەهاتەوە.))
(ئەو وەک هەتیوی هەتیوخانەیەك گەورە ببوو،هەموویان بە سوک و زەلیلی لێیان دەڕوانی و کەس بەزەیی پێدانەدەهاتەوە.)
(( لە دوای هەشت نۆ مانگی دوایدائۆلیڤەر نێچیریی مامەڵەی خاراپ و برسیێتی بوو.))
( لە دوای هەشت نۆ مانگ، وەک نێچیر مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرد.)

لەهەمان لاپەڕە وتەواوی لاپەڕی ١٤…
لە بری هەتیوخانە، ((هەیتوخانە)) نووسراوە، ئەم هەڵەیە چوارجار دووبارە بوویتەوە!
(( لە دواییدا دەسەڵاتی هەیتوخانە کە بڕیاری دا بێ گوێزێتەوە هەیتوخانەیەکی لاوەکی لەوێدا سێ هەیتوی تر لە ژێر بارودۆخێکی خراپدا دەژیان))
(لە دواییدا، دەسەڵاتی هەتیوخانەکە بڕیاریدا بی گوازێتەوە هەتیوخانەیەکی لاوەکی، لەوێدا سێ هەتیوی دیکە، لەژێر بارودۆخێکی خراپدا دەژیان.)
سەرنجێکی یەکلایی کەرەوە، کە پێویست ناکا هەموویان دەستنیشان بکەم، چونکە ئەگەر وابکەم هێندەی ژمارەی ڕووپەڕی ڕۆمانەکە، دەبێ هەڵە دەستنیشان بکەم، ئەویش ئەوەیە لە پێش هیچ کام لە (چونکە و بەڵام) فاریزە”وێرگوڵ، بۆر” دانەنراوە!
(( جەژنی لە دایك بوون)) …(جەژنی لەدایکبوون)
(( لێیان درابوو دەرگایان لەسەر قفڵ درابوو چونکە وێرا بوو یان بڵێن: برسیانە.))
(لێیان درابوو، دەرگاشیان لەسەر داخرابوو، چونکە وتبوویان: برسیمانە.)
((مستر بە مبڵ))… ( مستەر بەمبڵ)
((فەرمانبەرێک بوو)) … (فەرمانبەرێکبوو)
ناوی ئەم “مستەر بەمبڵ”ە داماوە ، هەرجارێ بە جۆرێک نووسراوە ” بەمڵ ، بە مبڵ، بەمبڵ”
((خانمی هەیتوخانە لاوەکیەکە دا چلەکا بەم سەردانە لە ناکاوە و بە گوێ ی یاریدەدەرەکەی دا چریکاند کە ئۆلیڤەر و دوو منداڵەکەی تر لە کۆگاکە دەربهێنێ و بیان شوا، مستەر بەمڵ پیاوێکی قوڵەو و هەستی پڕ بوو لە خۆ بەگرنگ زانین مەبەست لە سەردانە چاوەڕوان نەکراوەکەی گەڕاندنەوەی ئۆلیڤەر بوو بۆ هەتیوخانە سەرەکی یەکەی.))
(سەرپەرشتیاری هەتیوخانە لاوەکییەکە، داچڵەکا بەم سەردانە لە ناکاوە و بە گوێی یاریدەدەرەکەی دا چریکاند، کە ئۆلیڤەر و دوو منداڵەکەی دیکە، لە کۆگاکە دەربهێنێ و بیان شوا، مستەر بەمبڵ پیاوێکی خۆ بەگەورەزان و قەڵەوبوو، مەبەست لە سەردانە چاوەڕوان نەکراوەکەی گەڕاندنەوەی ئۆلیڤەر بوو بۆ هەتیوخانە سەرەکییەکەی.) ئەوەی لێرە سەیرە، لەسەرەتا “هەتیوخانە”بە هەڵە نووسراوە و لە کۆتاییش بە ڕاستی! ئەوە لەلایەک، لەلایەکی دی لە وشەی “چریکاند” تۆنی دەنگ زۆر بەرزە و ناشێ مستەر بەمبڵ لەبەر دەرگابێت و خانمی سەرپەرشتیاریش چریکاندبێتی بە گوێی یاریدەدەرەکەی! بۆیە “چرپاند” بۆ ئەو شوێنە دەبێت. ئەگەر لێیەوە دووربووبێت، ئەوسا ” بانگکردن” بەکاردێ بەم جۆرە “بانگی یاریدەدەرەکەی کرد”.
(( خێرا شووردرا و بە پیش خۆ درا)) ئەمە سەرباری هەڵەی هەڵەی ڕێنووسی، ڕستەیەکی تەواو ناوچەییە! کە کاری وەرگێڕان زۆر لەوە گرنگترە، شێوەزار زاڵبێت بەسەریدا. لەم ڕستەیە وادەردەکەوێت ئەوەی ئۆلیڤەری شوشتووە، نازاندرێ کێیە! لەکاتێکدا خانمی سەرپەرشتیار بانگی یاریدەدەرەکەی کردووە و فەرمانی پێکردووە بیشوات، بۆیە ڕاستییەکەی ئاوایە(خێرا شوشتی و بە پێش خۆی دا.)

لاپەڕە ١٥…
(( ئۆلیڤەر بە تەمابوو بڵێ بەڵێ کاتێ خانمەکەی دی ئافرەتەکە ئەو کاتە لە پشت کورسیەکەی مستەر بەمبڵ وەستابوو و مشتی دەستی لێ ڕادەوەشاند ئۆلیڤەر هەڕەشەکردنەکەی تێ گەیشت)) بەڕاستی بەداخەوە، کەسێ سەرەتاییترین “ئەلف و بێ”ی کوردی بزانێ، دەتوانێ ئەم وشانە جوانتر بخاتە پاڵ یەکدی. (ئۆلیڤەر بەتەمابوو بڵێ:بەڵێ، کاتێ خانمەکەی دیت، لە پشت کورسدیەکەی مستەر بەمبڵ وەستابوو، پەنجەی لێ ڕادەوەشاند، ئۆلیڤەر لە هەڕەشەکەی تێگەیشت.)
(( ئۆلیڤەر خۆی وا پیشاندا کە برسیەتی و مامەڵەی خراپ گەورەترین یاریدەدەرن گەر بتەوێ بگریەی)) من کە هیچ لەم ڕستەیە تێنەگەیشتم، دەشکرێ هۆی ئەمەش ئەوەبێ، خاڵبەندی کە لەبری ئاوازی دەربڕین بەکاردەهێنرێت، لێرەدا و لەسەرتاپای کورتە ڕۆمانەکە، نەک هەر کەم بەکارهاتووە وەک پێویست و لە شوێنی گونجاو، بەڵکو نابینرێت!
(( ئەوە ئەنجوومەنەکەی بەڕێوەی دەبرد یاسای تایبەتی خۆی هەبوو،))
( ئەو ئەنجومەنەی بەڕێوەی دەبرد، یاسای تایبەتی خۆی هەبوو.)
((ئۆلیڤەر و هاوەلەکانی ئازاری لە برسانی مردنی هێواشیان چەشت بۆ ماوەێ (٣)مانگ تا لە کۆتاییدا دانیشتنێکیان بەست بۆ گفتوگۆکردن لە مەسەلە کە بڕیاریان دا ))
(ئۆلیڤەر و هاوڕێکانی، ماوەێ (٣)مانگ ئازاری برسییەتییان چەشت، تا لە کۆتاییدا دانیشتن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە و بڕیاریان دا.)
(( چێشت لێنەرەکەی لە تەنیشت مەنجەڵە گەورەکەوە وەستاوت دوو یاریدەدەرەکەی لە دوایوەی وەستان شۆڕباکەیان پێ دراو خێرا برز بوو.)) … (چێشت لێنەرەکە لە تەنیشت مەنجەڵە گەورەکەوە وەستا و دوو یاریدەدەرەکەی لە دواوەی وەستان، شۆرباکەیان پێ دان و خێرا ڕۆیشتن.)
((ئینجا کوڕ کان بۆیە کتریان چرپیاند و ئیشارەتیان بۆ ئۆلیڤەر کرد.))
(ئینجا کوڕکان بۆ یەکتریان چرپاند و ئاماژەیان بۆ ئۆلیڤەر کرد.)
(( مستەر بەمبڵ یەکسەر گەیشتە.)) لێرە وەرگێڕ پێمان ناڵێت گەیشتە کوێ و خێرا خاڵێکی داناوە!
((تەکانی دا بەرەو ئەو ژوورە)) …( چووە ئەو ژوورەی)
((بم بوورە گەورەم ئۆلیڤەر داوای چێشتی زیاتری کردووە ترسێکی گشتی باڵی کێشا…))
(بمبورە گەورەم، ئۆلیڤەر داوای چێشتی زیاتری کردووە. ترسێکی زۆر باڵی کێشا…))
(( ئایە تۆ مەبەستت ئەو داوا زیاتری کرد ووە بە دوای ئەوەی…))
( ئایە تۆ مەبەستت ئەوەیە، داوای زیاتری کردووە؟! دوای ئەوەی …))
(( یەکەسەر دەرگای لەسەر قلڵ درا.))… (یەکسەر دەرگای لەسەر داخرا)
((تێ بینیەك)) …( تێبینییەك)

للاپەڕە “١٨”ی نۆڤلێتەکە پێویستی بەوەیە وەک خۆی بینووسمەوە، دواتریش هەمان نووسراو بە دروستی دەنووسمەوە. پاشان ئێوە بڕیاربدەن.
(( مستەر بەمبڵ ڕۆژێکیان دەگەرایەوە هەتیوخانە کە کاتێ لای دەرگاکە چاوی بە مستەر ساوەبێری کەوت، کە مردوو نێژیك بووە پیاوێکی درێژ و ئیسقانەکانی دیاربوو، جلێکی شڕ ڕەشی لەبەردابوو ” ساوەبێری ووتی: من ئەندازەی دوو ئافرەتی مردووم وەرگرتووە شەوی ڕابردوو مستەر بەمبڵ: مستەر بەمبڵ ووتی: تۆ پارەی زۆرت دەست دەکەوێ مستەر ساوەبێری مردو نێژەکە ووتی:تۆ وابیر دەکەیەوە؟ ئەو پارانەی لەلایەن ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنەوە ڕێیان پێ دەدرێ زۆر کەمن”مستەر بەمبڵ” مستەر بەمبڵ ووتی هەر وەک بچووکی تابوتەکان “مستەر ساوەبێری بۆ ماوەیەکی درێژ بەم نوکتەیە پێ کەنی و لە کۆتاییدا ووتی باشە باشە باشە، مستەر بەمبڵ” من کاتوانم ئەوە بشارمەوە لە وەتەی ئەو ڕژێمە تازەیەی خواردن دەستی پێ کردووە تابوتەکانیش تەسکتربوونەتەوە لەوەی کە پێویستە ، بەڵام ئێمەش دەبێ هەندێ قازانج بکەین، دار گرانە مستەر بەمبڵ ووتی:هم” وئینجا بە ووردی سەیری مستەر ساوەبێری کرد ووتی: ئای هیچ کەسێک دەناسی کە منداڵێکی بوێ؟ مردوو نێژەکە هاواری کرد: ئا” ئەوە گرنگترین شتەکە بمەوێ لەبارەیەوە قسەت لەگەڵ دا بکەم… هەیتوخانەکە))
بەڕاستی نازانم چۆن باوەڕ بەوە بهێنم، ئەم چیڕۆکەدرێژە، هەڵەچنی و پێداچوونەوەی بۆ کرابێ! ئاخر تا سەیری دەقەکە دەکەی، بەزەییت بە زمانی کوردیدا دێتەوە! ئێستا ئەوەم بۆ دەردەکەوێت کاتێ دەڵێن: لەبواری وەرگێڕان کاری باش نەکراوە، ئەمە ئەوە هۆکارەکەیەتی کە کردەی وەرگێڕان وەک پێویست خەمی لێ نەخوراوە. ئەگەر وانییە، چۆن دەبێت لە تەنها ڕووپەڕێک دەیان هەڵەی مانا و ڕێنووس و خاڵبەندی هەبێت؟! ئاخۆ ئەگەر دوو سێ وەرگێڕی لەم جۆرەمان هەبێت، دەبێ زمانەکەم پاش چەند ساڵێکی دی چی بەسەربێ؟! لەگەڵ ئەوەش تاکەی دەبێ چاپخانەکان فلتەرێکی ڕێنووسیان نەبێت؟! ئێ خۆ ناکرێ هەرچی شەش پەڕی نووسی و بێ سێ و دوو چاپخانەکان ئەرکی لە چاپدانی بگرنە ئەستۆ؟! کەواتا چەندە خودی وەرگێڕان و نووسین گرنگە، ئەوەندەش گرنگە دەزگا چاپەمەنییەکان، پێداچوونەوەیەک بەلایەنی ڕێنووسی دەقەکە بکەن، ئەویش لەلایەن لیژنەیەکی “چەندکەسی” شارەزا لەبوارەکە.
(مستەر بەمبڵ ڕۆژێکیان دەگەرایەوە هەتیوخانەکە، کاتێ لای دەرگاکە چاوی بە مستەر ساوەبێری مردوو نێژ کەوت، پیاوێکی درێژ و ئیسقانەکانی دیاربوو، جلێکی شڕو ڕەشی لەبەردابوو. ساوەبێری وتی: مستەربەمبڵ، شەوی ڕابردوو ئەندازەی دوو ئافرەتی مردووم وەرگرتووە ، مستەر بەمبڵیش وتی: تۆ پارەی زۆرت دەست دەکەوێ. مستەر ساوەبێری وتی: تۆ وابیر دەکەیەوە؟! ئەو پارانەی لەلایەن ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنەوە پێمان دەدرێت زۆر کەمە. مستەر بەمبڵ وتی:”هەر وەک بچووکی تابوتەکان” مستەرساوەبێری بۆ ماوەیەکی درێژ بەم نوکتەیە پێکەنی و لە کۆتاییدا وتی: باشە… باشە… باشە مستەر بەمبڵ، من ناتوانم ئەوە بشارمەوە لەوکاتەوەی ئەو ڕژێمە تازەیەی خواردن دەستی پێ کردووە، تابوتەکانیش تەسکتربوونەتەوە، بەڵام ئێمەش دەبێ هەندێ قازانج بکەین، دار گرانە. مستەر بەمبڵ وتی:هم وئینجا بە ووردی سەیری مستەر ساوەبێری کرد وتی: ئایە هیچ کەسێک دەناسی کە منداڵێکی بوێ؟ مردوو نێژەکە هاواری کرد: “ئا” ، ئەوە گرنگترین شتەکە بمەوێ لەبارەیەوە قسەت لەگەڵ دا بکەم… هەتیوخانەکە)

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*نووسینی (چارلز دیکنز) و (ئازاد بلال بهاءالدین) وەریگێراوە، (سەربازکانەبی یابە) ئامادەیکردووە بۆ لەچاپدانی، ساڵی ٢٠١٦ لە چاپخانەی (شەهاب) چاپکراوە.


هەڵمەت عوسمان _ کۆیە

Previous
Next

Leave a Reply