
حیزبى كوردى و گرفتى تاك
ڕێبوار ڕه‌زا چوچانى……
بۆ قسه كردن له‌سه‌ر گرفته‌كانى تاك، پێویسته هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر هه‌ندێك كێشه‌ى ئاڵۆز بكه‌ین، كه حیزبه كوردیه‌كان بۆ تاكه‌كانیان دروست كردووه‌و پێویسته له‌سه‌ریان ساغیان بكه‌نه‌وه‌و له نێویاندا خۆیان یه‌كلاى بكه‌نه‌وه، چونكه تا ئێستا حیزبه‌كانى ئێمه نه ئه‌وه‌تا پێمان بڵێن كه ئه‌وان كه‌ناڵى په‌ره پێدانى ترادسیۆنه خێڵه‌كى و دۆگماییهكانن، وه نهئهوهتاش خۆیان له‌گه‌ڵ مه‌ده‌نییه‌تدا یه‌كانگیر بكه‌ن، به‌ڵكه حیزبى كوردى له ماوه‌ى ئه‌زمونى مێژوویى خۆیان له ناو ئه‌و كه‌ناڵه نا شه‌فافانه‌ى كه له به‌ر ده‌ستیاندایه جۆره تێكهڵیهكیان دروست كردووه، كه تێگه‌یشتن له باره‌یانه‌وه زه‌حمه‌ته‌و ناتوانرێت به ئاسانى په‌رده له سه‌ر ڕه‌هه‌نده شاراوه‌كانیان هه‌ڵبماڵرێت و نهێنى خوێندنه‌وه‌یان بۆ كۆمهڵگاو ئایدیۆلۆژیا‌و چۆنێتى كارى ڕێكخراوه‌ى و حیزبایه‌تى لاى ئه‌وان بزانرێت و تا به‌بێ په‌رده بزانین كه ئه‌وان چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرۆژه‌و ئایدیۆلۆژیاكانى خۆیان ده‌كه‌ن، چونكه تا ئێستا نه‌یانتوانیوه خوێندنه‌وه‌كانى خۆیان بۆ ئه‌م ڕه‌هه‌ندانه به ئاشكرا ڕاگه‌یه‌نن، له هه‌مانكاتدا شهرلێشواندنێكیان دروست كردووه بۆ خۆیان و بۆ كۆمه‌ڵگایش كه ناتوانن به ئاسانى لێى ده‌رباز ببن.
تاكه‌كانى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه هه‌میشه له ته‌نگه‌ژه‌یه‌كى ده‌رونى و له ململانێیه‌كى بێ مه‌ودادان له‌گه‌ڵ دهوروبهرهكهیاندا و ناتوانن هیچ كاتێك خۆیان له‌و ململانێیه قوتار بكه‌ن، چونكه واقیعى كوردستان وه‌هایه كه هه‌میشه له ناو كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى جۆراو جۆردا خه‌ریكى به‌رێكردنى ژیان و به‌رهه‌مهێنان وپه‌روه‌رده كردنى مرۆڤگه‌لێك بێت، كه‌هه‌ر له سه‌ره‌تاى درككردنیان به‌ژیانه‌وه له ناو كۆمه‌ڵێك ته‌نگه‌ژه‌ى ده‌رونى جۆراو جۆردابن و تا كۆتاى ژیانیشیان كاریگه‌رى سلبى به سه‌ریانه‌وه بهێڵێته‌وه‌و خه‌ریكى بونیاتنانى مێژوویه‌ك بن كه تیكڕاى مه‌ینه‌تیه‌كانى خۆیانى تێدا بنوسنه‌وه، تا له داهاتودا هه‌موو لایه‌ك بزانن كه مرۆڤایه‌تى له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا چۆن ڕوبه‌ڕوى دنیایه‌ك فه‌زاحه‌ت بوهتهوهو چۆن له‌ناو دنیایه‌ك ناعه‌داله‌تیدا ڕوبه‌ڕوى كوشتنى رۆح و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان بوه‌ته‌وه، ژینگه رۆڵێكى كاریگه‌رى هه‌یه له‌سه‌ر لایه‌نى ده‌رونى مرۆڤ، چونكه هه‌میشه مرۆڤ به پێى گه‌شه‌سه‌ندنى ئه‌و ژینگه‌یه‌ى تێیدا ده‌ژى گه‌شه ده‌كات، مرۆڤێك له ناو ژینگه‌یه‌كى پڕ له ترس و گومان و گرتن و كوشتن و شه‌ڕو شۆڕو گرژیدا گه‌شه‌ى كرد، هیچ گومانێكى تێدا نییه كه له لایه‌نى ده‌روونییه‌وه له ناو قهلهقییهكى به‌رده‌وامدا ده‌بێت و ئه‌م قهلهقییهش ره‌نگدانه‌وه‌ى خۆى ده‌بێت به‌سه‌ر كار‌و كردهوهكانییهوه و له دیدگاى جیاوازه‌وه خوێندنه‌وه‌ى بۆ ڕه‌هه‌نده ئه‌خلاقى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش ده‌بێت، بۆیه هه‌ڵه‌یه‌كى مه‌عریفیه ئه‌گه‌ر بڵێین فهراههمبونى ئازادى له كوردستاندا له‌م چه‌ند ساڵه‌ى ڕابردوودا بوه‌ته هۆى پێگه‌یاندنى مرۆڤى ته‌ندروست، چونكه تا ئیستاش نه‌توانراوه خوێندنه‌وه‌یه‌كى فیكرى و ریشه‌یى و قوڵ بكرێ بۆ ئازادى، كه تێگه‌یشتنێكى گشتى دروست بكات و هه‌موو تاكێك له مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانى ئازادى تێبگات و له چوارچێوه‌ى ئه‌و سیسته‌مه‌ى كه به‌رێوه‌ى ده‌بات ماف و ئه‌ركه‌كانى خۆى بناسێت و ده‌ستیان پێوه بگرێت و ته‌جاوزى سه‌ر مافى كه‌سانى تر نه‌كات، به پێچه‌وانه‌وه‌ش كه‌سیش ته‌جاوزى سه‌ر مافى ئه‌م نه‌كات، تا ئێستا نه‌ك ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه نه‌كراوه به‌ڵكه رێگه‌شیان نه‌داوه كه ئازادى بهرهنجامهكانى خۆى ببه‌خشێته مرۆڤایه‌تى، وه له زۆر حاڵه‌تیشدا ئازادى بۆ خۆى هه‌میشه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى تیاچوندا بووه‌و زۆرجارانیش تێنه‌گه‌یشتن له مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانى ئازادى وه‌ها ڕه‌وشێكى خولقاندووه، كه مرۆڤ رقى له ووشه‌ى ئازادیش ببێته‌وه.
له فه‌زایه‌كدا كه ئازادى په‌ڕ وباڵى كرا‌و قه‌تیس كرا له هه‌ندێك ماناى بچوكداو نه‌توانرا پێناسه‌یه‌كى گشتگیر بكرێت بۆ ئازادى و، نه‌توانرا بنه‌ماو مهبدهئهكانى ئازادى شرۆڤه بكرێت، له هه‌مانكاتدا هه‌وڵدرا بۆ كوشتنى ئازادى به پێچه‌وانه كردنه‌وه‌ى ئازادى و نغرۆ كردنى مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانى، ئیتر ڕه‌وشێك دروست ده‌بێت كه زه‌مینه سازى ده‌كات بۆ دروست بوونى سته‌مكارى و به كۆمه‌ڵێك پاساوى پڕ و پوچیش شه‌رعیه‌ت به‌و سته‌مكارییه ده‌درێت، كه مرۆڤ هه‌میشه له ناو مشتومڕێكى به‌رده‌وامى ده‌روونیدا ده‌بێت تا بتوانێت توخمه سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دیارى بكات و بزانێت كه ئایه ده‌سه‌ڵاتێكى سته‌مكاره یان نا؟
هه‌تا ئێستاش لاى ئێمه ئازادى بچوككراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه خۆشبه‌ختانه ناهێڵن به زۆر بمانبه‌ن بۆ سه‌ربازى له فاوو ناوچه‌كانى تر‌ى عێراق و، دیموكراسى وا پێناسه ده‌كرێت كه رێگه‌مان ده‌ده‌ن له چایخانه‌كاندا ره‌خنه بگرین و له ده‌ره‌وه‌ى چایخانهكهیش ئازادى قسه كردن و نوسینمان هه‌بێت به زمانى كوردى !!! ،به‌ڵام ئایه به‌ته‌نیا ئه‌مه كافییه بۆ ماناداركردنى ئازادى و چه‌سپاندنى بنه‌ماكانى ئازادى ،ئایه ته‌نیا ئه‌وه مافى هاونیشتیمانیانه له چوار چێوه‌ى سیسته‌مێكى دیموكراسیدا كه هه‌میشه بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین سیسته‌مى حوكمڕانى ئێمه نمونه‌ى دیموكراسییه‌ته له ناو چه‌كه‌دا و خه‌ڵكى به‌خیلیمان پێده‌به‌ن، نه‌بونى بچوكترین مافى سه‌ره‌تایى بۆ هاونیشتیمانییان و نه‌بونى ئازادى بیروڕا له نێو سیسته‌مى ههردهسهڵاتێكدا، كافى نییه بۆ ئه‌وه‌ى بڵێین ئه‌و سیسته‌مه سیسته‌مێكى حوكمڕانى دیموكراسى نییه و تا سه‌ر ئێسقان پێچه‌وانه‌ى ئازادییه‌و له زۆر حاڵه‌تیشدا دژایه‌تى كرانه‌وه‌و به مه‌ده‌نى بوونى كۆمهڵگاو به دیموكراسیبوونى سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شى ده‌كات، له‌كاتێكدا كه بانگه‌شه‌ى ئازادى و دیموكراسى ده‌كرێت و به‌ڵام هه‌ر ئه‌وانه‌ى كه ئه‌م بانگه‌شه‌یه ده‌كه‌ن و گوێچكهكانیان پڕ كردووین له دروشمگهلى مه‌ده‌نیه‌ت و دیموكراسى و مافى مرۆڤ و …..تاد، كه‌چى هه‌ر ئه‌مانه هه‌وڵى ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى ئازادى ڕاده‌ربڕین و ئازادییه سه‌ره‌تاییه‌كانى مرۆڤ ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت هه‌مووان كۆپى یه‌كبن و رێبه‌رانى رۆشنبیریش ئه‌وانه بن كه له رووى رۆشنبیرى و دنیابینیه‌وه كڵۆڵترین مه‌خلوقى ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ن ، ده‌سه‌ڵاتێك كه نه‌یتوانیوه بچوكترین ماف بۆ هاو نیشتیمانیان فه‌راهه‌م بكات، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ردا بۆ مرۆڤگه‌لێكى دیاریكراو هه‌موو شتێك به ره‌واببینێت هه‌ر له ڕهفاهییهتى ژیانه‌وه بگره تا گوێنه‌دان به به‌ها گشتییه‌كانى كۆى كۆمه‌ڵگایه‌ك، ئیتر نازانین شێوه‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه به‌چى بچوێنین و چ پێناسه‌یه‌كى بۆ بكه‌ین تا پڕ به پێستى خۆى بێت، ئاماده نه‌بوونى به‌رپرسه باڵاكانى ده‌سه‌ڵات كه به ڕاشكاوانه وه‌ڵامى رۆژنامه‌نوسێك بداته‌وه ، كافى نییه بۆ ئه‌وه‌ى بڵێین شه‌فافیه‌ت و باسكردن له شه‌فافییه‌تى نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك له وه‌همێك زیاتر هیچى دیكه نیه، چونكه تا ئێستاش به‌رپرسه باڵاكانى لاى خۆمان ئاماده‌نین وه‌ڵامى رۆژنامه‌نوسانى خۆمان بده‌نه‌وه، جگه له‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ى كه زۆرجار به پێى ته‌وجیهاتى خۆیان پرسیار ده‌كه‌ن و هێنده به ترس و شه‌رمه‌وه به‌رانبه‌ریان داده‌نیشن، مرۆڤ كه ده‌یانبینێت به‌زه‌یى پێیاندا دێته‌وه ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش واقیعى په‌یوه‌ندى نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك بێت، ئه‌وا به بڕواى من باس كردن له شه‌فافیه‌ت له بێماناى و خۆ گێل كردن له به‌رانبه‌ر ڕاستییه‌كاندا زیاتر هیچ شتێكى تر‌ى لێبه‌رهه‌م نایه‌ت و له‌وه به‌و لاوه‌ش هیچیتر نادات به ده‌سته‌وه، له هه‌مانكاتدا گوناهباركردنى ئه‌وانه‌ى كه ده‌یانه‌وێت موماره‌سه‌ى ئازادى ڕاده‌ربڕین بكه‌ن به تێكده‌ر، گوناهێكى گه‌وره نییه كه ده‌رهه‌ق به ئازادى و دیموكراسى ده‌كرێت و له خاچدانى ڕۆحییه‌تى ئازادى نیه به ده‌ست بكوژانى ئازادییه‌وه؟ ، لێره‌وه هه‌موومان ده‌گه‌ینه قه‌ناعه‌تێك تێكراى ئه‌وانه‌ى كه هه‌ر له خۆڕا پێناسه‌ى ئازادى و دیموكراسى و شه‌فافیه‌ت ده‌كه‌ن هێشتا زۆریان ماوه كه به ته‌واوه‌تى قودره‌تى ئه‌وایان هه‌بێت له مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانى ئازادى تێبگه‌ن و تا ئێستاش نه‌یانتوانیوه خوێندنه‌وه‌یه‌كى جدى بۆ واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى كۆمه‌ڵگاى كوردى بكه‌ن ، ئه‌مانه هێزگه‌لى وێرانكه‌رن و ئامانجیان كه‌وى كردنى كۆمهڵگاو ته‌شه‌نه سه‌ندنى زیاترى به‌ربه‌ریه‌ته له ناو فه‌زاى كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
له كۆمه‌ڵگا داخراوه‌كاندا هه‌میشه هێزگه‌لێك ئاماده‌ن بۆ به‌ر په‌رچدانه‌وه‌ى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى كه بۆ كرانه‌وه‌ى تێكڕاى ره‌هه‌نده‌كانى ژیان ده‌درێت، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌یه تا فه‌زایى كۆمه‌ڵایه‌تى غه‌رقى گرفته جهوههرییهكانى پاشكهوتووى بێت، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئاڵۆزییه‌كى وا روو ده‌كاته كایه‌كانى ژیان كردن، كه مرۆڤ هێنده‌ى سه‌رقاڵى شته ڕووكه‌شیه‌كان بێت، هێنده نه‌توانێت له ڕه‌هه‌نده فیكرییه‌كانه‌وه تێرامان له واقیعى كۆمه‌ڵگاكه‌ى خۆى بكات، هێنده به پیرۆزییه‌وه له‌سه‌رووى خۆى ده‌ڕوانێت، هێنده ناتوانێت هه‌وڵى تێكشكاندنى پیرۆزییه‌كان بدات، بۆیه ئیتر پێوه‌رێكیش نامێنێت تا ئاستى هۆشیارى و رۆشنبیرى و چۆنێتى دنیابینى مرۆڤه‌كان دیارى بكات و، هه‌ر كه‌س له لایه‌ن خۆیه‌وه ده‌ست ده‌كات به هات و هاوارو له كایه‌ى رۆشبیریشدا ژاوه‌ژاو دروست ده‌كه‌ن و ژینگه‌ی رۆشنبیرى واپیس ده‌كه‌ن، كه مرۆڤ نه‌توانێت به ئاسانى ده‌نگه نه‌شازه‌كان جودا بكاته‌وه و سه‌ر لێشواندنێك دروست ده‌بێت، كه كایه فه‌رهه‌نگییه‌كان هێنده‌ى ده‌بنه كه‌ناڵى په‌خش كردنى جه‌هل و به‌ربه‌ریه‌ت، هێنده ناتوانن ببنه سه‌رچاوه‌كانى مه‌عریفه، تا ڕۆڵیان هه‌بێت له هۆشیار كردنه‌وه‌ى كۆمهڵگاو هه‌نگاونان به‌ره‌و به مه‌ده‌نى كردنى ئاراسته‌كانى ژیانكردن، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش كه سه‌رى هه‌ڵدا ئیتر له هه‌موو رویه‌كه‌وه كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و داغانبوون ده‌ڕوات و سه‌رله‌به‌رى پێكهاته‌و دامه‌زراوه ژیارییهكانى به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و داڕمان ده‌ڕوات، كه هه‌ر هه‌موشیان حیزب لێیان به‌رپرسیاره، دواتر گرفته دهروونیهكانى تاك زیاتر ده‌بێت ، چونكه هه‌ست ده‌كات ئه‌م خاوه‌نى ده‌زگاگه‌لێكى به ناو فه‌رهه‌نگییه كه رۆژ به رۆژ غه‌رقى نه‌گبه‌تى و نه‌زانینى ده‌كه‌ن و هه‌میشه تێڕوانینه‌كانى بۆ ئازادى و دیموكراسى و هه‌تا لایه‌نه فهرههنگیهكانیش، تێروانینێكى ته‌واو نابێت و هه‌میشه له نێوان پرسگهلێكدا به‌بێ وه‌ڵام ده‌تلێته‌وه، هۆكاره‌كه‌یشى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه هه‌موو ئه‌و باسگه‌ل و خوێندنه‌وانه‌ى ئه‌م له باره‌ى ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌وه بیستوویه‌تى، زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌سڵى مهسهلهكاندا.
حیزبى كوردى و گرفتى شوناس
له لایه‌كى تره‌وه نه بونى كارى رێكخراوه‌یى و حیزبایه‌تى مۆدێرن لاى حیزبه كوردییه‌كان واى كردووه كه ته‌نگه‌ژه دهرونیهكانى مرۆڤ له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا به به‌رده‌وامى بمێنێته‌وه، چونكه خودى ئه‌و حیزبانه‌ش له‌ناو كۆمه‌لێك گرفتى گه‌وره‌دان و تائێستا نه‌یانتوانیوه شوناسى ڕاسته‌قینه‌ى خۆیان بدۆزنه‌وه‌و هه‌میشه له‌نێوان كۆمه‌ڵێك دروشمى وه‌همیدا خه‌ریكى هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنى خۆیان وكۆمهڵگان و نه‌یانتوانیوه به پێى ئه‌و دروشمه زه‌به‌لاحانه‌ى كه ههڵیانگرتون، كارى رێكخراوه‌یى و حیزبایه‌تى خۆیان به‌ڕێوه به‌رن.
یه‌كێك له گرفته جهوههرییهكانى حیزبه كوردیه‌كان( به‌ناو عهلمانیهكانیان ) نه‌بوونى جورئه‌تى خۆ یه‌كلاى كردنه‌وه‌یه له نێوان دوو ته‌وژمى دژ به یه‌كدا، كه ئه‌مه‌یش ڕه‌نگه زۆرجاران گرفت دروست بكات بۆ دروست بونى تیگه‌یشتنێكى كامڵ لاى تاكى كورد بۆ واقیعى حیزبایه‌تى له كۆمه‌ڵگاى كوردیدا‌و وه له هه‌مانكاتدا ده‌رخه‌رى كه‌متوانایى حیزبه كوردییهكانیشه له ئاست گۆڕانكارییه‌كاندا، كه له توانیاندا نیه گۆرانى جه‌وهه‌رى دروست بكه‌ن و كۆمه‌ڵگا له پێكهاته‌یه‌كى سونه‌تى و مه‌زهه‌بى و خێڵه‌كی و داخراوه‌وه، بگۆڕن بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى كراوه‌و شه‌فاف و مۆدێرن، تا له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانى سه‌رده‌مدا یهكانگیربێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌وژمه به هێزانه‌ى كه ئه‌مڕۆ ته‌واوى جیهانى به‌ره‌و قۆناغێكى نوێ بردوه‌و مرۆڤایه‌تیشیان روبه‌روى كۆمه‌ڵێك تێفكرین كردۆته‌وه كه ئیتر پێویسته وازبهێن له تێروانین و بیركردنه‌وه‌ى كۆنكرێتى، تا هه‌میشه به‌رز ڕاگرتنى بههامرۆڤایهتیهكان و كرانه‌وه‌و به مهدهنیبوونى زیاترى كۆمه‌ڵگاكان له سه‌رووى هه‌موو كار‌و كرده‌وه‌كانیانه‌وه بێت، به‌ڵام تا ئێستا حیزبه‌كانى لاى خۆمان نه‌یانتوانیوه له نێوان دوو هه‌وڵدا خۆیان یه‌كلاى بكه‌نه‌وه، هه‌وڵێكیان بۆ مانه‌وه‌ى ئه‌و ترادسیۆنهى كه ئیدامه به داخرانى كۆمه‌ڵگا ده‌دات و هه‌میشه هه‌وڵى به‌رز ڕاگرتنى پێكهاته خێڵه‌كییه‌كان و ده‌زگا سونه‌تیه‌كان ده‌دات، هه‌وڵێكیش بۆ كرانه‌وه‌ى كۆمهڵگاو به مهدهنیبونى تێكڕاى ده‌زگاو دامهزراوهكانیهتى، ئه‌م حاڵه‌ته‌یش وا ده‌كات كه حیزبه‌كانى ئێمه هه‌میشه له‌نێوان دوو ته‌وژمدا خۆیان بهێڵنه‌وه‌و نه‌توانن ده‌ستبه‌ردارى هیچ كام له‌و ته‌وژمانه ببن، تهوژمێكیان ته‌وژمى دنیا ویستى و ده‌ست گرتنه به شته دنیایهكانهوهو گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ لاى شوناسه ڕه‌سه‌نه‌كانى خۆیان، كه ئه‌ویش عه‌لمانیه‌ت و بنهماكانییهتى.
یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته دیاره‌كانى عه‌لمانیه‌تیش، وازهێنانه له بیر‌و باوه‌ڕه كۆنه‌كان و خۆ دور گرتنه له خورافیات و به باد كردنى ئه‌و ترادسیۆنانهیه كه ئیعتیبار بۆ ڕه‌هه‌ندى عه‌قڵانى ئینسان دانانێن و هه‌میشه هه‌وڵده‌ده‌ن مرۆڤایه‌تى له‌سه‌ر یه‌ك بیروباوه‌ڕ و له سه‌ر یه‌ك ئاراسته‌ى تیفكرین هه‌مویان پێكه‌وه گرێ بده‌نه‌وه و بیانكه‌نه جه‌نگاوه‌رى ئه‌و بیر و باوه‌ڕانه‌ى كه‌تا هه‌نوكه‌ش زۆرترین مرۆڤیان له ده‌ورى خۆیان كۆ كردۆته‌وه، ئه‌وه‌یش به كۆمه‌ڵێك موژده‌ى دور مه‌ودا ده‌بێت، كه ئه‌و بیر و باوه‌ڕانه له ڕێگه‌ى تێكسته‌كانیانه‌وه ده‌یبه‌خشنه مرۆڤ و كۆمه‌ڵه مرۆڤێكیش زو ده‌كه‌ونه دواى ئه‌و به‌ڵێن و موژدانه‌ى كه ئه‌و بیر‌و باوه‌ڕانه پێیان ده‌به‌خشن، ئه‌مانه‌یش له زۆر حاڵه‌تدا ده‌بنه هۆكارى بڵاو بونه‌وه‌ى كه‌لتورى توندوتیژى و تیرۆر به‌رهه‌م ده‌هێنن، شوێن كه‌وتوانى تیرۆرزم ،ئه‌و دوژمنه سه‌ر سه‌خته‌ى كه ژیان و مرۆڤایه‌تیان تۆقاندووه‌و وه‌ك حاڵه‌تێكى خهتهرناكیش هه‌موو ده‌مێك هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ووجودى مرۆڤ و هه‌موو ده‌مێك هه‌وڵى دروست كردن و ئیدامهدانن به‌و هه‌ڕه‌شه‌یه تا هیچ كاتێك ئه‌وه‌نده‌ى مرۆڤ بیر له مه‌رگ و خۆدزینه‌وه له مه‌رگ و مه‌رگه‌ساته‌كانى تیرۆرزم بكاته‌وه، نیو هێنده نه‌توانێت بیر له گه‌شه سه‌ندنى زیاترى كۆمهڵگاو ره‌وتى په‌ره‌سه‌ندنى ژیانى خۆى و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى بكاته‌وه، ئه‌وانه هێنده‌ى شوێن كه‌وتوانى ئه‌و موژده‌و به‌ڵێنانه‌ن كه ئه‌و بیر و باوه‌ڕانه پێیان ده‌به‌خشن، هێنده هه‌ڵگرى ئه‌و ململانێ فیكریانه نین كه‌له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا له نێوان تێكڕاى فه‌لسه‌فه‌و ئاین و بیر‌و باوه‌ڕو ئایدۆلۆژییه‌كان به درێژاى مێژووى به‌شه‌ریه‌ت بوونى هه‌بووه، به‌ڵام تا ئێستا حیزبه عه‌لمانییه‌كانى ئێمه نهیانتواتیوه له نێوان ئه‌و هه‌موو دژ به یهكییهى كه عه‌لمانیه‌ت و ترادسیۆنه سونه‌تییه‌كان هه‌یانه له‌گه‌ڵ یه‌كدا، خۆیان ساغ بكه‌نه‌وه‌و لایه‌كیان هه‌ڵبژێرن، تا ئێستاش دروشمگهلى حیزبه كوردییه‌كان له‌سه‌ر ووشهگهلێكى باق و بریق و زه‌به‌لاح و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه دروست بوون وه‌كو ئازادى و دیموكراسى و كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و مرۆڤسالارى و………..هتد، به‌ڵام له بنه‌ره‌تدا هیچ جیاوازیه‌ك نا‌بینیت، له نێوان حیزبه عه‌لمانیه‌كان و لایه‌نه فه‌نده‌مێنتالیزمه سونه‌تیه‌كان، چونكه هه‌ردوولایان كار كردى سه‌ره‌كیان هه‌وڵدانه بۆ مانه‌وه‌ى هه‌مان ترادسیۆنى دینى كه تا ئێستاش مرۆڤایه‌تى به هۆى باڵا بوونى ئه‌و ترادسیۆنانهوه دوچارى گرفتگهلێكى وه‌ها بووه‌ته‌وه كه‌تا كۆتاى ژیان ده‌رباز بوون لێى مه‌حاڵه، تا ئێستاش حیزبه عهلمانیهكانى لاى ئێمه‌و ده‌سه‌ڵاته عهلمانیهكهیان، له زۆر حاڵه‌تدا په‌نا بۆ مزگه‌وته‌كان ده‌به‌ن بۆ هۆشیار كردنه‌وه‌ى ڕاى گشتى، تا ئێستاش وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و یه‌كێتى زانایانى ئاینى، كلیلى سه‌قامگیر بونى ئارامین و هه‌موو ده‌مێك ده‌بێت له ڕێگه‌ى ئه‌وانه‌وه‌و له‌و بڵندگۆیانه‌ى كه له به‌رده‌ستى ئه‌واندایه‌و له سه‌ر مناره‌ى مزگه‌وته‌كانه، به گوێى خه‌ڵكدا هاوار بكرێت، كه ده‌ست به ئارامییه‌وه بگرن و كه‌لتورى لێبورده‌ى زیندو بكه‌نه‌وه و كه‌لتوورى توند‌و تیژى فره بده‌ن، له كاتێكدا زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى كه په‌ره به تیرۆر ده‌ده‌ن و به ماناى كه‌لیمه تیرۆرستن، ده‌رچوى حوجره‌كانى مزگه‌وتن، لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه بڵێم مزگه‌وت كارخانهى به‌رهه‌مهێنانى تیرۆرزمه، به‌ڵام ئه‌وه واقیعه كه دواى ده‌ستگیر كردنى بانده تیرۆرستیه‌كانى كوردستان، هه‌موویان دانیان به‌وه‌دانا كه له رێى مزگه‌وته‌وه یهكیانناسیوهو له رێگه‌ى مزگه‌وته‌وه تێكه‌ڵ به كارى تیرۆرستى بوون، له هیچ سیسته‌مێكى عه‌لمانى دونیادا نیه‌و نه‌بوه، كه له رێى ئاینه‌وه بانگه‌شه‌ى مه‌ده‌نیه‌ت و كه‌لتورى لێبورده‌ى بكرێت، چونكه دواجار نه‌ك ئه‌وه كارى دامه‌زراوه ئاینیه‌كان نیه، به‌ڵكه ئه‌و دامهزراوانهو كه‌سانى ناویشیان ئه‌و قودرهتهیان نیه ئه‌و كاره بكه‌ن، بیریشمان نه‌چێت كه هه‌میشه هێزێكى ناوه‌كى له نێو ئاینه‌كاندا ئاماده‌ى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى تێفكرینهكانى مرۆڤ به‌ره‌و ئاراسته‌ى توندوتیژى به‌رێت، وه‌ك دروشمه‌كانى (فه‌رمان به‌چاكه‌و نه‌هى له خراپه، وشه‌ى حه‌ڵاڵ و حه‌رام، جیهاد له پێناو خودا، كه ئه‌م حاڵه‌ته‌یان خوێندنه‌وه‌ى زیاتر هه‌ڵده‌گرێت، چونكه ووشه‌ى جیهاد بۆ خۆى یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ى كه مرۆڤ به‌ره‌و ئاراسته‌ى توتدو تیژى ده‌بات، دواجار من پێم وانیه خودا پێویستى به جیهادى به‌نده‌كانى بێت تا په‌یامه‌كانى له سه‌ر زه‌میندا بمێنێته‌وه……..هتد) بۆیه حیزبى كوردى له ماوه‌ى دروستبونیانه‌وه هه‌تا ئێستاش نه‌یانتوانیوه خۆیان له‌و كێشه‌یه ڕزگار بكه‌ن، هه‌میشه حیزبى كوردى به چهپهكانیشهوه خاوه‌نى دووڕون، رویهكیان به لاى ئاین و كه‌ناڵه‌كانى ، ئه‌مه‌یش دوو ئیحتیمال هه‌ڵده‌گرێت، ئیحتیمالێكیان ئه‌واتا كه ئه‌یانه‌وێت له رێگه‌ى ئه‌و كه‌ناڵانه‌وه كار له سه‌ر لایه‌نى عاتیفه‌ى كۆمه‌ڵگا بكه‌ن و زۆرترین ئه‌ندام له ده‌ورى خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه، به‌بێ حساب كردن بۆ دروشمه زه‌به‌لاحه‌كانى خۆیان، وه ئیحتیمالى دووه‌میش ئه‌وه‌یه كه ڕه‌نگه سیاسیه‌كانى ئێمه هێشتا له مانا‌و په‌یامه‌كانى عه‌لمانیه‌ت تێنه‌گه‌یشتون و هه‌ر به زۆر شه‌ڕ به عه‌لمانیه‌ت ده‌فرۆشن، كه بهبڕواى من، واقیعى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له ئیحتیمالى دوه‌مه‌وه زیاتر نزیكه، چونكه تا ئێستاش حیزبه عهلمانیهكانى كورد نه‌یانتوانیوه كاریگه‌ریه‌ك بنوێن، كه كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و مه‌ده‌نى و كرانه‌وه به‌رن، به‌ڵكه له زۆر حاڵه‌تیشدا هه‌ر خودى حیزبه عهلمانیهكانى ئێره بۆ خۆیان له‌مپه‌ریان دروست كردوه له‌پێش ره‌وره‌وه‌ى پێشكه‌وتنه فه‌رهه‌نگى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، تا هه‌موو ده‌م وه‌كو گه‌وره ترین هێزگه‌لى خاوه‌ن بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى فراوان خۆیان مانیفێست بكه‌ن، وه ڕوویهكیشیان ئیدیعا كردنى ئه‌م حیزبانه‌یه بۆ مه‌ده‌نیه‌ت و كرانه‌وه‌ى كۆمهڵگاو به دیموكراسى كردنى داوودهزگاكانیهتى، كه ناتوانن هیچ كاتێك له ئاست دروشمگه‌له زه‌به‌لاحه‌كانیان بن بۆ ئه‌م ڕه‌هه‌ندانه، ئه‌مه‌یش ره‌شبینى لاى تاكى ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه دروست ده‌كات و واده‌كات هه‌میشه خه‌ڵك بێئومید بێت له‌وه‌ى كه گۆراِنكارى و پێشكه‌وتن له فه‌زاى كۆمه‌ڵایه‌تیدا بتوانێت خۆی بسه‌پێنێت، هه‌تا حیزبه كوردیه‌كانیش خۆیان له‌و كێشه‌یه قوتار نه‌كه‌ن وخۆیان یه‌كلایى نه‌كه‌نه‌وه، ناتوانن باس له گۆڕان و به مه‌ده‌نى بونى كۆمه‌ڵگا بكه‌ن، چونكه مرۆڤ ده‌توانێت گه‌وره‌ترین تونڕهوى ئاینى بێت و به‌ڵام به پێناسه‌ى یه‌كێك له حیزبه عه‌لمانیه‌كانه‌وه به‌بێ كێشه موماره‌سه‌ى ئایدیاكهى خۆى بكات، ئه‌مه‌یش كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌و پێویستى به هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردن و چاره‌سه‌ر كردن هه‌یه و پێویسته حیزبى كوردى چاوێك به دروشم و ئایدۆلۆژیهكانى خۆیاندا بخشێننه‌وه‌و بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر شوناسى ڕاسته قینه‌ى خۆیان.
rohani1983@gmail.com