Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
وێنەکەت بدەم بە کێ، شێرکۆ بێکەس؟

وێنەکەت بدەم بە کێ، شێرکۆ بێکەس؟

Closed
by August 5, 2013 گشتی

 

 

 

بە نیاز بووم مانگی ئۆکتۆبەر کاتێ دێمە کوردستان، وێنەکەتت لەگەڵ خۆم بۆ بهێنم، کە ئەم زستانەی ڕابردوو کێشاومە، بەڵام چاوەڕێت نەکرد و ڕۆیشتیت. لە یەکەم سەفەریشم بۆ کوردستان هیوام دەخواست بتبینم، بەڵام ئەوسایش لەوێ نەبوویت. کتێبی (سێ زمان و چوار قامچی Tre sprog og fire piske)م لەگەڵ خۆمدا هێنابوو، بۆ ئەوەی ئیمزای خۆتم بۆ لەسەر بکەیت، کە دوای ئەوەی بە زمانی دانمارکی خوێندمەوە، زانیم تۆ چەند شاعیرێکی گەورەیت، بەڵام بە داخەوە ئەوسایش تۆ لە سوید بوویت. ئەو نهێنییە چییە، شێرکۆ گیان، هەر جارێ من بێم بۆ کوردستان تۆ لە سوێدیت؟ با وا نەڵێم، چونکە لە سەفەری دووەممدا خۆشبەختانە تۆم بینی، کە هاتیتە پێشانگاکەم لە هۆڵی تەوار و دواتریش دیسان یەکترمان بینی. بێگومان ئێوارەیەکی زۆر تایبەتی تەمەنمم لە یەکێ لە ڕێستۆرانتە نایابەکانی سلێمانی لەگەڵ تۆدا بە سەر برد، کە (کاروان کاکەسوور)، (سۆران ئازاد)، (بەهرە) و (نەهرۆ ساڵح دەلۆی)ی هاوسەریشیمان لەگەڵ بوون. وەک هەموو کۆبوونەوەیەکی کوردی پڕ بوو لە قسەی خۆش و پێکەنین، لە کاتێکدا کۆمەڵێک گەنجی باکووری کوردستان بە دەم گۆرانی و موزیکەوە جوانترین سەمایان دەکرد. من خۆم حەزم لێ بوو هەندێ دانس بکەم. ئەوە بوو چووم بەشداریم کردن. دوام لە تۆیش کرد لەگەڵم دانس بکەیت، بەڵام نەهاتیت. مرۆڤ ئەگەر شیعرەکانی تۆی خوێندبێتەوە و خۆتی نەدیبێت، ڕەنگە باوەڕ نەکات تۆیەکی شاعیری سێریەس (جددی) لە ژیانی ڕۆژانەتدا هێندە دەمبەپێکەنینیت. تۆ تەنیا لە (دەربەندی پەپوولە)دا دەیان کێوی سەختت بڕیوە. باران، بەفر، تەرزە و ڕەهێڵەی هەموو وەرزەکانت بەر کەوتووە. کیمیابارانی شار و گوندەکانت دیوە. بە لای مرۆڤی سووتاو، ئاژەڵی سووتاو، باڵندەی سووتاو و درەختی سووتاودا تێپەڕیویت و دەشتوانیت پێبکەنیت و گاڵتە بکەیت. ئەمە مانای وایە تۆ شاعیرێکی کوردیت، شێرکۆ گیان. تۆ لەوەتەی هەیت بە دوای دەنگی ڕووبار، دەنگی گەڵا، دەنگی کەو، دەنگی بەرد، دەنگی ئەسپ، دەنگی منداڵ، دەنگی ژن و دەنگی پیرەکاندا دەچیت، بەڵام ئەمجارەیان سەرت هەڵگرتووە تاکو بە دوای دەنگی خۆتدا بگەڕێیت، بۆیە دەزانم سەفەرەکەت بێکۆتاییە. دەزانم سەد جاری دیکەیش بێمەوە کوردستان، ناتبینمەوە، چونکە لەو سەفەرە بێکۆتاییەت ناگەڕێیتەوە، بەڵام پێم بڵێ وێنەکەت بدەمە کێ؟

 

هاوڕێت ئەنیتا ئێسپاندەر

sherko_anita_356898602.jpg

وەرگێڕانی لە دانمارکییەوە ئاراس وەهاب

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.