Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
کچێک لە دوو ئەنفالدا

کچێک لە دوو ئەنفالدا

Closed

 

 

 

 

     وەک هەر ناسیۆلیزمێکی تر، ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیزمی عەرەب ، زۆر بۆچوونی  لە بینای ئاشکراو نەسیجی پەنهانی خۆیدا جێگیر کردووە . ئەم ئایدیۆلۆژیایە ؛ بە زمانی پیاو سالاری دەدوێ ، لە سەرخانی فیکری ئەم ئایدیۆلۆژیایەدا سێکس و لینکەکانی نەک وەک سیفەتێکی سروشتی و بایلۆژی مامەڵەی لە گەڵ دەکرێ ، بەڵکو وەکو : چەک ، کۆد ، وەکو سەنگەرێک کە دەکرێ داگیر بکرێ بە کاردێ دژ بە نەیاران .

       پێشینەی  ئەم پێکهاتە ئایدیۆلۆژیە مێژوویەکی زۆر زووتری هەیە لە کارەساتی جینۆساید کردنی کوردو فرۆشتنەوەی کچانی کورد بە هەندێ لە وڵاتە عەرەبیەکان ، ئەم ئایدیۆلۆژیایە ئەگەر وێنەی بگری قامەتی پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی – سەربازی دەردەکەوێ کە بە دوای تۆڵە کردنەوەیە لە زۆر شت ، بە تایبەتی لەو دوژمنانە (کەمە نەتەوایاتیانەی کە بۆ ئەوە گونجاون نسکۆ سەربازی و شکستی پڕۆژەو خەونەکانی ناسیۆنالیزمیان بەسەربار بکەی ) نەیارەکانی ئەم پیاوە ئامانجن بۆ دەستدرێژی و ئەتک کردن ، نەک تەنیا وەکو ئەتک کردنێکی بایلۆژی و ڕۆحی ، بەڵکو وەکو تەکمیلەی سزادان و بەشێک لە هەڵمەتە جەنگیەکان ، کە بە گولە ناکرێ ، بەڵكو بە جەستە دەکرێ .

      ئیلهامی ئەم پێکهاتەیە لە مێژووی دینیدا لە چەشنی حەڵاڵ کردنی ژن و کچانی کافران ،  لە مێژووی تازەی دروست بوونی دەوڵەتە عەرەبیەکانی پۆست کۆلۆنیالیزم بە تایبەتی ئەوانەی ناسیۆنالیزمی توندڕەو لە دەسەڵاتی سیاسی جێگیربوو ، تەنانەت لە ئەدەبیشدا  پانتایەکی گەورەی هەیە . ئەم پانتایە لە ئەدەبی عەرەبی لە بەشێک لە بەرهەمی نووسەرە ناودارەکانی دونیای ڕۆمان نووسین ، هەر تەنیا دەستی لە کورد و لە کەمە نەتەوایەتیەکانی تر نەوەشاندووە ، بەڵکو لە باری مەعنەویەوە کردنەوەی بەرەیەکیترو جۆرێکیتر لە جەنگ بووە ، کە بە کارهاتووە بۆ شێواندنی گەورەترین پەیوەندیە سیاسی و شارستانیەکاندا ، بە تایبەتی لە حاڵەتی نسکۆ و شکستە سەربازی و سیاسیەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە . لە هەندێ لەو بەرهەمە ئەدەبیانە ئەم بوونەوەرە ، ئەم پیاوە بریتیە لە تەئویل کردنی ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوا نەک وەکو دوو جوگرافیاو دووشارستانیەتی ئەم گۆی زەمینە ، بەڵکو لە  بە جەستەکردنی ئەم دووجوگرافیایە ،  ڕۆژهەڵات وەکو نێر ڕۆژئاواش وەکو مێ !

 نووسەر و ڕەخنە گرێکی عەرەبی وەک (جۆرج تەرابلیشی) زۆر زوو کۆمەڵێ نووسەر و ئەدیبی گەورەی عەرەبی خاوەن جەماوەرو ئۆتۆریتەی گەورەی لە دونیای عەرەبدا لەسەر ئەم تەئویل کردنە دا بەر ڕەخنە . چونکە پاڵەوانی چیڕۆک و ڕۆمانەکانیان کە سێکسیان لە گەڵ ئافرەتەکانی ڕۆژئاوا دەکرد ، سێکس کردنەکەیان دەکرد بە وێنەیەک لە سەرکەوتنی ڕۆژهەڵات و نیشتمان و بە سەر ووڵاتی نەیارو ڕۆژئاوا ! لەوێ ئافرەتی یەهودی و بەریتانی و ئەمریکی پشکی زۆری ئەم ئەتک کردن و نوێنەرایەتیە ڕەمزیەیان بەر دەکەوێ ، بە تایبەتیش قژزەردو چاوشینەکان ، کە هێمایەکی جەستەییە  بۆ جیاوازیە بایلۆژیەکانی  ” ئەویدی ” یەکی بەهێزی سیاسی و جیوپۆلیتیکی لە چڕکردنەوەو خەست کردنەوەیەکی نالۆژیکی بینینی یەک مرۆڤ وەکو ووڵات ، وڵاتێک کە ئەم پیاوە بە هێزی سەربازی دەرقەتی نایەت ، بەڵام لە کاتی سێکس کردندا زۆر فۆکس و دیقەتی ئەوە دەدا تا تەواو بوونی سێکسەکە کچە بیانیەکە لە خوارەوە بێت وئەو لەسەرەوە .

     لە جینۆسایدی کوردا ، هەڵبژاردەیەک لەکچانی هەرزەکارو پێگەیشتوو لە ڕێگەی دام و دەزگاکانی جاسوسی دەوڵەتدا دەفرۆشنەوە بە مەلهاکانی میسرو بە دەوڵەتی تری عەرەبی . هەموو دەزانین : ئەم کارە هیچ مەرامێکی ئابووری لە پشتەوە نەبووە ، تەنانەت ژمارەکەشیان زۆر کەمە لە چاو ئەم هەموو ئەو قوربانیانە خرانە ژێر لمی بیابەنەکان ، ئەم فرۆشتنە خزمەتە بە گرێ ی فرۆشتنی شەرەفی دوژمن و نەیار . 

 ئەم کارە بەپێ ی دۆکۆمێنتەکانی دەزگا سەرکوتکەرەکان  لەسەر پێشنیاری دەزگا باڵاکانی ڕژێمدا کردوویانە ، تاڵان کردنی سێکسیانەی دایک و کچ و ئافرەتانی نەیار لە مێنتاڵێتی ئەم پیاوە ، کە لە دوای وەستان و خامۆشی جەنگەکان و داگیر کردنی دووا سەنگەرەکاندا و لە ژماردن و جیا کردنەوەکان دەست پێ دەکا ، دەبێتە بردنەوەی یەکجارەکی نەک تەنیا سەربازی ، بەڵکو وەکو جێهێشتنی خەنجەرێک لە بیرەوەری و یادەوری کلتوری کۆمەڵایەتی نەیار .

 ئەم تۆڵە کلتوریە بۆیە پیادە دەکرێت چونکە تارمایی خێڵ و جیهان بینیەکەی ستراکتۆرەکەی ئەوەندە بەهێزە ، کە هەموو فیکری ناسیۆنالیزمی عەرەب نەیتوانی تەجاوزی بکات ، نەیتوانی تەجاوزی ئەو موتوربە بەهێزە بکات لە نێوان هەردوو کەلەپوری دین – خێڵ کە تەنانەت لە دوای کزبوونی ناسیۆنالیزم وجێگرتنەوەی بە بزوتنەوە جیهادیەکان هێشتا لە نێو پراکتیک و زمانیان توندتر لە سەردەمی ڕەونەقی ناسیۆنالیزم درێژە بە خۆی دەدا . 

ئەم درێژە دانە لە ئەمڕۆدا لە فەتواکانی بەرەی نووسرە لە حەلال کردنی سێکسیانە کچان و ژنانی کوردی سوریا خۆی نیشان دەدا ، هەروەکو چۆن 25 ساڵ لەمەوبەر هەمان لۆژیک بوو کەوای لە عەلی کیمیاوی کرد سەبارەت بە کوردەکانی موسڵ ئاوا بدوێ :- ((  ئێمە داوامان لە پارێزگاری موسڵ کردووە ، هەموو ئەو کوردانەی لەوێ دەژین دووریان بخەنەوە بۆ چیاکان بۆ ئەوەی لەوێ وەک بزن بژین . دایکیان بگێن ، بۆچی خۆتان جەنجاڵ و شپڕزە کردووە بە مانەوە ؟ ))

ئەم پیاوە بەربەریە ، ئەم بوونەوەرە ئایدیۆلۆژیە ، لە ڕوخساردا بەرگە سەربازیە ڕەنگ زەیتونیەکەی گۆڕیوە ، تێکەڵێک لە جلی عەرەبی بادیەو شەڕواڵێکی ئەفغانی پۆشیوە ! بەڵام وەکو قامەت ، وەکو جیهان بینی درێژەی هەمان دونیاو ، درێژەی هەمان عەودالییە بۆ جێکردنەوەی ” بوون ” ی خۆی ، ڕەنگە بتوانێ تا دوا نەفەسیش هەر خوێن بڕژێنێ و ئەتک بکا ، بەڵام لە کۆتاییدا هەر خەنجەری کلتور ، کلتورێکی تر کە موڵکی هەموانە ، ئەو دەتەپێنێ .

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.