Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
دوا دێڕەكانی سێبەرێكی درێژ….کامه‌ران سوبحان

دوا دێڕەكانی سێبەرێكی درێژ….کامه‌ران سوبحان

Closed
by May 22, 2008 ئەدەب

 زیادەڕۆیی نەبێت، ئەم دوا گۆشەیەم هێندەی هەر 40 گۆشەكەی رابردووم توشی دڵەڕاوكێیكردم، چونكە لە سەرەتایترین پێناسدا بۆ نووسینی دواهەمین گۆشە لای من، وەستانی ڕایەڵەیەو ڕیتمێكە لە نووسین لە نێوان خۆت و ئەو خوێنەرانەت كە زیاتر لە ساڵ و نیوێكە ڕاتهێناون لەسەر شێوازێك لە نووسین، بەڵام ناشكرێت خۆمان لەو ڕاستییە لابدەین كە هەموو پرۆسەیەكی نووسین و ئاڕاستەكردنی گوتارێك پێویستی بە نوێبوونەوەو گۆڕانكاری هەیە، هەر چۆن هەمووشتێك سەرەتای هەیە، كۆتایشی دەبێت، بۆیە گرنگە لە دواهەمین گۆشە و دوادێڕەكانی ئەو نووسینە درێژەدا، كە چڕمكردەوە لە 40 گۆشەی تایبەتدا بە خێرایی چەند پەراگرافێك بە خوێنەرەكانم بڵێم، لەوانەش:
 * ئەوەی زۆر دڵشادی كردم لە ماوەی 40گۆشەی رابردوودا ئەم گۆشەیەم كەمترین هەڵەی چاپ، یان دەتوانم بڵێم بێ هەڵەی چاپ بووە، ئەمەش خۆشترین شتە بۆ نووسەر كە نووسینەكانی بێ هەڵەی چاپبن، بێگومان ئەم حاڵەتەش ماندووبون و دڵسۆزی ئەو خۆشەویستانەم دەردەخات، كە لە ئەدەب و هونەردا كاردەكەن.
 *لە ماوەی ئەو 40گۆشەیەدا باوەڕم بەچی هەبووە نووسیومە، بەبێئەوەی هیچ هیڵێكی سوورم بۆ دابنرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەخلاقی نووسین و رۆژنامەگەریی خۆم، بۆ ئەو مەبەستەش لە بەشێكی زۆری گۆشەكانمدا ڕەخنەی لۆژیكیم ئاڕاستەی زۆر دەزگاو ئۆرگانی هونەریی كردووە، كە ڕەنگە بە گران لەگەڵ ستراتیژی رۆژنامەكە یان نێوەندە هونەرییەكەدا یەكیگرتبێتەوە، لەگەڵ چەندین ڕەخنەی تر لەسەر دەستخستنەكاری هونەریی لەلایەن دەسەڵات و حزبەوە، بەبێ سانسۆرولەمپەر وەك خۆی دابەزیووە، ئەمە بۆ من ئاماژەیەكی گرنگە.
 *دەستنیشانكردنی چوارچێوەیەكی دیاریكراو بۆ نووسینی گۆشە، كە هەروەك لە یەكەم گۆشەوە لە نێوان من و ئەدەب و هونەردا ڕێكەوتین كە گۆشەكە پێویستە 400وشەبێت، ئەم ڕێكەوتنە پەیوەستییەكی زۆری بۆ دروستكردنم، بۆ ئەوەی یەك وشەی زیادە لە رستەیەكی گۆشەكەمدا نەبێت، بێگومان ئەمە راهێنانە لەسەر بەكارهێنانی دەستگرتن بەوشەو زیادەڕۆیی لە نووسیندا وتاقیكردنەوەیەكی گەورەشبوو بۆ من لە ئەزموونی نوسینی گۆشەی هونەرییدا، بە پێی ستانداردی رۆژنامەنووسی.
 *گەورەترین گرفت و كێشەی نێوەندی هونەریی و شانۆیی لە وڵاتی ئێمەدا، نەبوونی نووسین و ڕەخنەی هونەرییە، بەتایبەتیش گۆشەی شانۆیی، كە پێش من، بیرم نایەت لە هیچ رۆنامەو گۆڤارێكی كوردیدا، گۆشەی شانۆیی هەبوبێت، دیارە ئەمەش موغامەرەیەكی گەورە بوو بۆ من، كە بتوانم بە بەردەوامی و بەبێ دواكەوتن هەموو مانگێك دوو گۆشەی تایبەت لە سەر كێشە گەردوونی و بەهاییەكانی كاری شانۆیی بنوسم،  ئەمەش كارێكی تا ڕادەیەك قورس بوو.
 * بڕیاریشە لە دوای ئەم گۆشەیە زەمینە سازی بكرێت بۆ چەند هونەرمەندێكی تری بواری شێوەكاری و مۆزیك، بۆ ئەوەی درێژە بە گۆشەی هونەریی بدەن، دیارە ئەم كارەی (ئەدەب و هونەر) هەوڵێكە بۆ درێژەدان بە نووسینێكی درێژ لەسەر لایەنە هونەرییەكان، كە ئەمڕۆ لە چاو ئەدەب بەشەكەی تری ئەم رۆژنامەیە تا ڕادەیەكی زۆر هەژارو بێبەرهەمە، هیوادارم ئەو هاوڕێیانەی كە درێژە بەم هەوڵ دەدەن، رۆڵییان هەبێت لە فراوانكردنی مەودای خوێنەری بەرهەمە هونەرییەكان كە ئەمڕۆ خوێنەری بەرهەمە هونەرییەكان لە ئاستێكی نزمدایە.
 بۆیە بە خوێنەرەكانم دەڵێم ئەمە گۆشە دوا دێڕەكانی سێبەرێكی درێژن و سوپاس بۆ ئەو خوێنەرەی كە لە ماوەی 41 گۆشەی رابردوودا خوێنەری سێبەر بووە.
 
 
kameransubhan@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.