Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
كىَ گەندەڵە ..؟ تاكى كورد یان دەسەڵاتى كوردستانى ئازاد ….!؟

كىَ گەندەڵە ..؟ تاكى كورد یان دەسەڵاتى كوردستانى ئازاد ….!؟

Closed
by May 28, 2008 گشتی

  توێژەرى كۆمەڵایەتى :حەمەى ئەحمەد رەسوڵ…….
 خوێندنەوەیەكی سۆسیۆلۆژییانە……….

 
         تاكی كوردی ئەمڕۆى سەدەی بیستویەك ، بونەوەر و مرۆڤەو هەستو سۆزو بیركردنەوەی هەیە ، وەكو سەراپای مرۆڤەكانی جیهان ، بەڵام مرۆڤێكە خەسڵەتی دەروونی و كۆمەڵایەتیو سیاسی تایبەت بە خۆی هەیەو لە مرۆڤی دەوروبەرو دراوسێكانو هەرێمو جیهاندا كەمتر ئەم نموونەیە بەدیدەكرێت ، ناخ و هزر و بیركردنەوە و رەفتار و دەروونـــى ( ڕێژەیەكى زۆر لە خەڵكى رەشۆك و عەوامى كوردستانى ئازاد .. ) شێواو و پەشێو و هیلاك و ماندووە … پاساوی دیارو ئاشكراشمان ئەوەیە : كە ئەم بونەوەرە بە گشتیو بە ڕێژەیەكی زۆر پابەند نییە بەخاكەكەیەوەو هیچ وابەستەیەكی پتەوی بۆ نیشتمانەكەی نەماوە ،نەك هەر ئەوەندە بەڵكو ئیلتیزام و ئینتیماى بۆ خێزان و دایرە و كۆڵان و شەقام و بۆ خودى خۆشی كەمتر و كاڵتر بۆتەوە ..  لە خێزاندا سەقامگیرو بەهێزو یەكگرتوو نییە ، خۆشەویستى و ڕێز و مەحەبەت تنۆك تنۆكى لێهاتووە ..  لە دەزگاكانی دیكەدا سەركەوتوو نییە ، بە بێگارى و بە تۆپزى دەچێتە دەوام و كاركردنەكەى نیوەناچڵە … بەرهەم هێنو داهێنەر نییە ،درۆكردن و ساختەبازى و گزیكردن و كار رانەپەڕاندن ، بۆتە خولیا و خووى تاكى كوردى مووچە خۆر .. لەكاركردندا ، لە ڕەفتار نواندندا ، لە قسەكردن  و بەڵێن بەخشیندا  گەندەڵەو هەتا بە تەوقی سەری دەگات لە نایاساییو نامەدەنییەت و ناشارستانیدا نوغرۆ بووە ! ( مەبەست لە كارمەندى پلە یەك و دوو هەتا سێ و رەنگە چواریش بگرێتەوە/ وەلی ئەوانى تر كە بڕیاریان بەدەست نییە و چەندین ساڵە خزمەتدەكەن و پلەوپایەشیان نەدراوەتىَ  رێز و حورمەتم هەیە بۆیان !!)
            لەم بارەیەوە  دەمەوێت زۆر  ڕاشكاوانەو بەوپەڕی  ئازاییو بوێرییەوە ، ڕەوشو دیاردەو خەسڵەتو نەخۆشیو ریزبەندی ئەو بارودۆخانە بخەمە بەرچاو كە ئەم مرۆڤەی لە كۆمەڵگای كوردیدا دەژیو دوچاری گەندەڵى بووە  ، هەروەها ئەو دۆخەى ئەو تەنگژەو قەیرانەی پێك هێناوە كە ئەمڕۆ دوچاری بووینو گەورەترینو بەرزترین ئاستی لە بێئومێدیو بێَباوەڕٍیو ڕەشبینی فەراهەم كردووەو زاری هەر كەسێك مۆڵەتی گفتوگۆ و كرانەوەی بۆ هەڵكەوێت دەڵێت : ژیانمان زۆر ناخۆشو دژوارەو هیچ تامێكی نەماوەو زۆر بێزارو بێتاقەتم … هەموو شتێكم بەرچاو كەوتووەو هەموو شتێك درۆیەو … هتد !
 لە ڕاستیداو پێویستیشە لە بەراییدا لە تاكی كوردی ناو خێزانەوە دەست پێبكەین كە بەرچاو ڕوونتربینو بزانین بۆچیو لەسەرچاوەوە گرفتەكە لە كوێدایەو هێدی هێدی نوومایشیان بكەین …
          تاكی كورد هەر لە سەردەمی مناڵییەوە لوتی بە بەردی ئەلحەدی ڕەشەوە دەتەقێو دەبینێ پەیوەندی نێوان گەورەو بچووك لە خێزانێكدا تەواو نیەو لەسەر پشكۆو ژیلەمۆ وەستاوە ، پەیوەندی نێوان باوانو ڕۆڵەكان ، بە تایبەت باوكو كوڕ ، دایكو كچ لەپەیوەندی نێوان پۆلیسو تاوانبار دەچێت ، پەیوەندی نێوان نێرو مێ لە خێزانێكدا لە پەیوەندی  نێوان ئەفسەر و سەرباز دەچێت …. لە (شەڕی) نێوان دوو كەڵەشێر دەچێت ، نێرسەردەستەو قسە ڕۆیشتووی بەناز پەروەردەیەو ڕەگەزی مێ  ژێر دەستەو زەلیلو پەراوێز كراوی گوێ لێنەگیراوە .. كوڕ خاوەنەو كچیش كۆیلە ..!
          كەواتە وانەی یەكەم بۆ فێربوونی جیاوازیو نایەكسانیو ناعەدالەتی لە پەروەردەی خێزانی كوردیدایە ، خێزان بۆ گۆشكرنی مناڵەكانی (كە وەكو پەیامێك نەوە دوای نەوە دەیداتە دەست یەكتری ) پەناو پشتی بریتیە لە چەند كەناڵێك كە هەرهەموویان زانستیو مەعریفیو مێتودیو لۆژێكی نین ، كە هەرهەموویان (یاسای نەریتیو نەنوسراوو ڕێسای خێڵو هۆزن ) بۆ پەروەردەكردن ، خێزانی كورد پشت بە ئایینو بیروباوەڕەكانی دەبەستێ+ نەریتخوازى و عەقڵییەتى هۆز و خێڵ ، بەڵام خۆزگە رستە بەناوبانگەكەی ئیمامی عەلییان پیادە دەكرد كە فەرموویە :
 (مناڵەكانتان بۆ سەردەمی خۆتان گۆش مەكەنو بۆ دەموەختێكی دیكەی دوای خۆتانیان پەروەردە بكەن ( !….
          كەناڵێكی دیكەی خێزان بۆ پەروەردەكردنی مناڵ ، دابونەریتی باووبەربلاوی كۆمەڵایەتیو كەلتووری كۆمەڵگایە ، كە گەورەترین نەهامەتییەكانی نایەكسانیو ناعەدالەتیو نائازادی مرۆڤی كوردی تیادا مەیسەر دەكرێت ، جیاكردنەوەی گەورە لە بچووكو تەواو سەركوتكردنی مناڵ لەلایەن گەورەكانەوە لە كەلتوورو دابونەریتی كۆمەڵاتییەوە سەرچاوەی گرتووە ،كە دیارە حوكمی ئەوە ئەدات پەروەردەیەكی مەدەنیو سیكۆلار فەراهەم نەكاتو پتەو و سیستماتیك نەبێت … كە لە كەسێتی تاكە كەسدا رەنگ دەداتەوەو دواجاریش لە كۆمەڵو كۆمەڵگادا ڕەنگ دەداتەوەو ئاكام مرۆڤێك دروست دەبێت كە جیاوازیو ركێفی نێوان نێرومێ قبوڵ بێت ، بڕیاری پێشوەختی بۆ خەمڵیوە كە بە توندی لەگەڵ رەگەزی بەرامبەرو لەگەڵ كەسی بەرامبەردا رەفتار بكاتو كەسی لەخۆی بچووكتر یان لاوازتر یان جیاوازتری قبوڵ نەبێتو سازشی لەگەڵدا نەكات ، هەروەها دروست نەبوونی دیالۆگو گفتوگۆو ئەرگومێنت لەنێوان پیرو گەنجدا ، یان باوانو ڕۆڵەكانیاندا ،یان نێرو مێدا ، یان بگرە رەشو سپید ! هەروەها كەناڵێكی دیكەی گرنگ كە تاكی كورد پشتی پێدەبەستێت ، رۆشنبیریو زانستو مەعریفە نیە ، بەڵكو نەخوێندەواریو جەهالەتە …!
         گرفتی گەورەی جەهالەتیش ئەوەیە كە مرۆڤی كورد ، نەتوانێت مافو ئەركەكانی خۆیو دەسەڵات بزانێت ، تەنها پشت بەنەریتو دابونەریتی نەنوسراوو پێشینەی دواكەوتوو ببەستێ ، ملكەچی خورافەو سیحرو هێزی نادیارو ئەفسانەو غەیبیات بێت ،لە جیاتی ئەوەی فەرمایشتو تێورییە زانستیەكانی زاناو دانا جیهانیەكان ئەزبەرو دەرخبكاتو كرانەوەو مێشك فراوانبوونو خۆ وشیار كردنەوەو خۆبەزانستو رۆشنبیری پِڕچەككردن بگرێتە بەر ، تا بتوانێت تاریكی وەلا بنێو تیشكی گەرمو پڕ ژیانی روناكی هەڵبژێرێت … تاك بە موخەیەر گۆش بكات نەك موسەیەر .. ویستو ئیرادەو خولیای خۆی بەكاربهێنێ نەك كەلتوورێكی كۆنی تۆز لێنیشتوو بكاتە قیبلەنوما ، ئازاو جەربەزە بێت نەك ترسنۆكو تۆقیوو ، ئازادی بەشێوازی یەكەمی ژیان دابنێ نەك كۆتو بەندی فشاری چەپاندن بخاتە سەرمێ وبێهێزو لاوانو گەنجان ، هێڵی سوورو مەترسیدار لەبەردەم بابەتو دۆزی تابووكراو حەرامدا دانەنێتو هەڵیبگرێت …!
           تاكی كورد لەو قەیرانو پەنگزێوییەدا دەژی كە خولیاو ئارەزووەكانی ، ویستو تواناو ئیرادەكانی بچەپێندرێتو بەزویندوویی زیندەبەچاڵ بكرێت ، مێشكو بیركردنەوەو ڕەفتارو تواناو داهێنانەكانی رام بكرێتو كۆتو بەند بكرێت ، بونەوەری كورد لەزەلیلیو ستەمكاریدا ژیانی بردۆتە سەرو بەو شێوازە لە قاڵبدراوەو گۆشكراوەكە ئەندێشەو خەیاڵو خەونەكانیشی یاساغو قەدەغەو سانسۆر كراوبێت ، وزەو دینەمۆو توانای لە بننەهاتووی بۆ كاری لابەولاو رقو كینەو بوغزو تێركردنی گەدەو غەریزەو ئارەزووی سێكسی بێكۆتایی بەكاربێنێ ، لە شەڕانگێزیو كوشتارو توندوتیژیو دڕندەییدا زیرەكو ئیرادەو ئازایەتیو جەنگاوەری خۆی بەكاربێنێ ، بونەوەری كورد مەسرەفگەراو بەكاربەرو مشەخۆرو نائاكتیڤو ناچالاكە …!
           كەواتە سەرچاوە هەرە گەورەو گرنگەكە ، خێزانەكە لە دروستبوونی ئەو دیاردەیەو هەڵاوسانی تەنگژەیەدا رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت ، بۆ وێنە كەمترین رێژە لە باوانی كورد دەتوانن مەشخەڵو پەیامی رابەرایەتیو فێركاری زانستیو مەعریفی تەندروست بەرزبكەنەوە ، ئەفسووس ، ناتوانن رۆڵەیەكی ژیروداناو وشیارو هێمنو دەروون تەندروستو كەسایەتیەكی پتەوو سەقامگیر خەلق بكەن كە داهێنەرو ئاقڵ بێت ، دژواریو رەوتی ژیانی خۆیو دەوروبەرەكەی خۆی كۆنترۆڵ بكاتو خاوەنی پرۆژەو بەرنامەی مۆدێرن بێتو پرۆسەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی ئافەریدە بكات … ! هەر خێزانە كە دیاردەی دروستكردنی كاریزماو كەسایەتی ئاینیو سیاسی پیادە دەكاتو دواجار بیروباوەڕی وشكو دیماگۆگو ئایدیۆلۆژیای چەقبەستوو بەرهەم دێنێ ، كە مرۆڤی ڕەقو پەڕگیرو توندوتیژو كەللەڕەقی لێوەدەستەبەر دەبێت ، بوونەوەرێك دروستدەبێ ، یان زۆر سپیەیان زۆر ڕەش ، لەو نێوەندەدا خۆڵەمێشی قبوڵ نیە ، نەسوورو نەڕەنگاو ڕەنگی پێ هەرسناكرێت ، هێندە كەللە پووتە ، هەتا مردن ئاڵای شەڕو شەڕانگێزیو یەكتر قبوڵنەكردنو لێكتر نەبووردنو رەخنە لە خۆنەگرتنی زانستیانە بەرز بكاتەوە ….!
          ترسنۆكو بوودەڵە پەروەردە دەكرێت ، نەدەتوانێ بەتەنیا بنوێتو شەو بەڕێدا بڕوات،نەدەتوانێت ریسكی جەربەزەییو ئازایەتی ئەنجام بدات،ناشتوانێت هەقبێژ بێت، راستگۆیی ناكاتە مێتۆدو شوناسی خۆی ، پەنا بۆ درۆكردنو لەخشتەبردنو فێڵبازیو قۆڵبڕینو فریودانی بەرامبەر دەبات ، چونكە باوەڕی بەخۆی نیەو هەمیشە دوودڵ و گوماندارە ……. متمانەو باوەڕی بەخۆیو بەكەسیش نیە !
           لەم ڕووەوە شایانی وتنە ، رژێمە سیاسیەكان كە فەرمانڕەوایی ئێمەی كوردیان كردوە ، تۆتالیتارو دیكتاتۆرو تاكڕەو ستەمكارو زاڵم بوون ، دیارە مەشقو ئاراستەی سیاسیو راهێنانی تیۆریو پراكتیكی ئەوان هاندەر بوون كە مێشكو بیركردنەوەو رەفتارو چالاكی تاكی كورد چەواشەو هەڵە ئامێز بكات ، كرداری ستەمكار چەند توند بێت ، پەرچەكرداری بونەوەری كوردیش (وەكو یاسای كاردانەوە ) توندترو رەقتر دەبێت ، ساڵانێكی زۆرە كار بۆ ئەوە كراوە بەهەموو میكانیزمێك تاكو خێزانو كۆمەڵگای كوردی نەخۆشو نێر جسیو سادیو هەلپەرستو پارەپەرستو خۆویستوریاكارو بودەڵو گەندەڵ بێت! ئەو  تاك و  بونەوەرەش كە ئەم سیاسەتەی قبوڵ نەبووە ، سەرگەردانو بێئومێدو دەربەدەرو هەژارو رەشبینو بێ بڕواو بێ ئینتیماو وابەستەی ژیانو خاكو نیشتمانو تەنانەت خۆشی نەبێتو لە ژیان ولە خەونەكانی بتۆرێ  !  
 ****
       بەڵام ئایا دۆخى گەندەڵى لاى دەسەڵاتى كوردى لە چ بارێكدایە .؟ دەسەڵاتى كوردستان : كە بریتییە لە سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت و پەرلەمان و دایرە و دامودەزگا میرى و فەرمییەكان دەگرێتەوە ، پێویستە بە وردى بچینە ژێر پێستەوە و پێناسەكان وردتر بكینەوە بۆوەی بزانین وەكو هاووڵاتى و موراجیعێك بارودۆخى دەستگاكانى دایرەى  فەرمى وحكومى و حیزبى و تەنانەت رۆشنبیریش لە چ دۆخێكدایە !؟؟
              هەر كە گوێمان لە وشەى دەسەڵات دەبێت , دەمودەست حكومەتمان بیر دێتەوە , كە گوێمان لە وتە زای (حكومەت) یش دەبێت , یەكسەر كۆمەڵگەى مەدەنیمان دێتە پێش چاو , ئەو چەمكەش بەرەو تەلار و باڵەخانەكانى ( دەوڵەت و دەستگا)كانمان كێش ئەكات , دەوڵەت ڕاستە و ڕاست گرێدراوى یاسایە ,یاساش , پرەنسیب و سەنتەرى پاراستن و دەستەبەركردنى مافى مرۆڤە لە كۆمەڵگەدا , لەهەر جێگەو كاتێكدا یاساو مافى مرۆڤــ بەركەمالأ بوو , ئیدى ئاسوودەیى ژیان و دابینكردنى گوزەرانی تاكەكان مسۆگەر كراوە و مرۆڤـــ  لە ژێر سایەو ساباتى :یەكسانى ودادوەرپەروەریى و برایەتى دەژى ودەمرآ ! /كە دروشمە گرنگ و پیرۆزەكانى شۆڕشى فەڕەنسى بوون ! /
            بەڵام ئایا لە كۆمەڵگە هەناسەساردەكەى ئێمەدا ئەو چەمكە جوان و ڕەنگینانە نەخەمەڵیوون  ! ئەگەر بوێر و جەربەزە بین و ڕاستگۆ بین لەگەلأ خۆمان و لەگەلأ دەوروبەرەكەماندا ,ئەبێت خیانەت لە( زانست و مەعریفە)یەك  نەكەین كە پێوەى ئەنازین و هەر لە پێناوى ئەویشدا ژین بەسەرئەبەین, ئەبێت لە وەڵامدا بڵێین , نەخێر ! حاشا لە كۆمەڵگەى ئێمەدا ئەو چەمكانە , ئەو جومگە گرنگانەى نێودەوڵەت و كۆمەڵَگا پێشكەوتووەكانى دونیا ,هێشتاكە فەراهەم نەبوون و وا زوو بە زوویش پەیدا نابن ! ئەوەى لاى ئێمە هەیە كۆپیەكى خوارو خێچە و درێژكراوەی كۆمەڵگە و كۆمەڵێكی خێڵەكی و هۆزگەراییە و بە هیچ جۆرێكیش مەدەنی و ڕەسەن و تێرو تەسەل و كاملأ نیە !
                 + بۆچى …؟! لەبەرئەوەى فاكتەرى زۆر پاسیڤ و خراپى لەپشتەوەیە.. هۆكارى سیاسى و ڕۆڵى بەرتەسكى – حیزبیانەى حیزبە زۆرو بۆرەكانمان لە گرنگترین ئاستەنگ و بەربەستەكانن كەوا لەبەردەم هەنگاونانى كۆمەڵگەو دامودەزگاكاندا قووت بوونەتەوە و ڕۆڵى تەواوى پۆزەتیڤیانەى دەزگانیان قووت داوەو نوغرۆى ئەو نسآ وهەڵدێرەى ئەكەن كە بە بەرژەوەندى خۆیان ئەشكێتەوە !
            هۆكارێكى دیكەى گرنگتر :ئەوەیە كە دابونەریت و بەهاى كۆمەڵایەتى خەڵكانى ئێمە , لە پنتیكى داخراو و تاریكەوە هەڵئەقوڵآ و بەرەو بازنەیەكى چەقبەستووى داهێزراو مل ئەنآ و دواجار بەسەر نەزۆكى وهەرەس و داڕمانى خۆیدا دائەخرێتەوە .. دیاردەى هیچ بەرهەم هێنى خەڵكى , كە تەنها ڕووكەش و ڕواڵەت خوازەو هەنگاوەكانى  قەتیسن , ڕێگە بەوە نادات ئیش و كار  ,خزمەتگوزارى و دینامیكیەتى كارو بەرهەمى تەكنۆكراتەكان , دەزگاو جومگەكانى دیكەى (ئیدارەكان) بەشێوەیەكى ئۆتۆماتیكى و دیسپلینكراو ببات بەڕێوە ….
        ئەو دابونەریتە كۆمەڵایەتییانەى لە زێدى ئێمەدا باوون , ڕەگ و ڕیشەیان لە نێو خێلأو هۆزو تایفەگەرییەوە داكووتیوە بارگاوییە بە یاسا جەنگەڵى و بەڕبەڕییەكانەوە , دابونەریتى كۆمەڵایەتى ئێمەیە كە بۆتە كەلتوورو فەرهەنگى كوردى كۆمەڵى ڕەوەندى و ڕاوشكارى و پاشان كشتوكاڵى , پەیوەندى كۆمەڵایەتى خۆجێیى و لۆكاڵی و داخراو پێك دێنێت , بیركردنەوە و هزرى چەقبەستوو ,گرێدراو بە زەوى و نفوزو شەرەف و تۆڵە كردنەوە و جەنفیدایى و شاسوارىو قارەمانێتییەك كە لە بازنەیەكى داخراودا بسووڕێتەوە، پەیوەندى نێوان تاكەكانى كۆمەڵگەش داهێزراوتر و فشەڵتر بكات بەمشێوەیە, ڕەنگدانەوەى ئەو حاڵەتەش لە كارو كردەوەى كۆمەڵایەتى خەڵكاندا ڕەنگ ئەداتەوە و كۆمەلأ كۆمەلأ و گروپ گروپ پێك ئەهێنرێت بۆ ئەوەى ژیان و گوزەران پێكەوە ببەنە سەرو ئاكامىئەو بارودۆخە  ناجۆرەش , ئەو كەس وپێكهاتانەى  كە لەدەرەوەى ئەو گروپ و كۆمەڵانەدان وەكو نامۆو نەناس حیسابیان بۆدەكرێت و دیاردەكانى خزمایەتى و واسیتە و بەرتیل و پارە دان بۆ ڕایییكردنى ئیشوكار سەرهەڵئەدەن !!
      كۆمەڵگەى ئەمڕۆى كوردى , بەحیساب كۆمەڵگەیەكى مۆدێرێن و هاوچەرخەو نزیكبۆتەوە لە كۆمەڵگەى شارستانى و مەدەنى بەڵام لە ڕاستیدا , پەیوەندى كۆمەڵایەتى و عەقڵییەتى كوردى , هەر پەیوەندى و عەقڵییەتە كۆن و داخراو و چەقبەستووەكەیە , دینامیكییەتى ئیش پێكردنیشی لاوازو سست و پەككەوتەیە …. میكانیزمییەت و ئالییەتى دەزگاكان , ئەو بارودۆخە فەراهەم ئەكات كە لەگەلأ دەستبەر بوونى كاركردن و بەڕێوەبردنیدا تووشى ئیفلیجى و گەندەڵى و پەتا زۆرو زەوەندەكانى دوواكەوتن و داهێزران و چەقبەستن و پەنگخواردنەوە ببێت , چونكە دوو هۆكارى زۆر گرنگى لە پشتەوەن و ئەو دوو هۆكارەن بەڕێوەى ئەبەن : یەكەمیان ئەوەیە تەنها گۆڕانێك دروست بووبآ لە كۆمەڵگەى كوردیدا ئەوەیە لادآو گوندەكان لە دواى ڕووخان و سووتاندن و ڕاگوواستنیاندا بەرەو شارو شارۆچكەكان , ئیدى هەمان عەقڵیەت و شێوازو مۆدێلى بیركردنەوە لەلادێوە گواسترایەوە بۆ شار , بەپێچەوانەوە ئەوكارو بەرهەمەى جوتیارو پاڵەو باخەوان لە گوندەكاندا پآ ى هەڵدەستان , لەشاردا ئەوەش نەماو ناچاربوون ببنە باخەوان و پاسەوان و فەڕاش و حەس حەس و پۆلیس و ڕێژەیەكى كەمیشیان بوون بە شۆفێر !
      هەرچى خەڵكى ناوشارەكانە, خوێندەوارن و خاوەن بڕاوانامەن ,بەڵام مەخابن لەبەرئەوەى كە میتۆد و بەرنامەى پەروەردەیى خوێندن و فێركردن سەدان ساڵە لەم ووڵاتە دواكەوتووەى ئێمەدا , هەر شێوازە كۆنەكەیەتى و دەرخكردن ( ئەز بەر كردن ) و وتنەوەى لەشێوەى حوجرەو مزگەوت و و نەببونى لابۆر وتاقیگە و زانستی مەیدانی  , ئەو بارودۆخەى چێكردووە كە خوێندەواران  و ڕۆشنبیرو هۆشیارو زانانیان لێدەرنەچێت ….بەڵكو تەنها خوێندەوارن وئەتوانن تایتلأ و بۆردى هاتووچۆ بخوێننەوەو هیچى تر……! واتا دروسبوونی توێژێكی ناشارەزا و نا تەكنۆكرات و كەمتەرخەم و بێ هەست بەرانبەر بە بەرپرسیارێتی ..!
     هۆكارى دووەم : ڕۆَڵى نابەجآ و پاسیڤ و نێگەتیڤى حیزبەكانە , لەسەرووى هەموویانەوە حیزبانى دەسەڵاتدار ….هەر ئەو  ئەو حیزبانەن كە  دەزگاكان دروست ئەكەن و هەیكەلى بەڕێوەبردنى بۆ بنیات ئەنێن , پڕى ئەكەن لە كەسانى حیزبى و كەس و ناسیاوى خۆیان , ئەكرێن بە بەڕێوەبەرو جێگرو بەرپرسیارى گشتى وئەمین سندوقى پارەو دارایى دەزگاكان .. مافیان !!
          ئەوانەش هەموویان تێكڕاو بآ لێدەركردنى هیچ كەسێك ,  كەمتەرخەم و ئینتیهازی و تەمەڵ و بێسەواد و مشەخۆر و كاسەلێس و جەردە و نە شارەزاو نابەڵەدو ناهۆشیار و كاڵفام و نەخوێندەوار و جاهیلن , لەسەدا یەك و دووانیان نەبێت , نازانن كۆمپیوتەرو ئینتەرنێت بەكاربهێنن !؟ ئەمەش كارەساتێكى زۆر تراژیدى و دڵتەزێنە و كۆمەڵگە بەرەو مەرگێكى موحەقەق ئەبات ….
      دەزگاكان پڕن وسیخناخن لە  بەرتیل و بەرتیل خواردن , پڕئەبێت لە دزى وپارە لوولدان ( لەڕێگەى لیژنەى موشتەریات و تەندەر لێدانەوە ) , دەزگاكان تژى و پڕن لە گەندەڵى و بیرۆكراسییەت , لە كار ڕایی نەكردن  و كار كەڵەكەبوون , پڕن  لە واسیتەو خزم خزمێنە و مەحسوبییەت و حیزبایەتى و ملی یەكتر شكاندن و داهێنەر و شارەزاكوژ !    
       هەر بۆ وێنە : هیچ دەزگایەك نییە –موعامەلەیەكى سادەش بە چەند هەفتەیەك  بەرێت بەڕێوە و تەواو بكات!   بەڵام ئەگەر پارەو دیارى و واسیتە و تەزكییەى حیزبى و تەلەفۆنى ئەم بەرپرس و نامەى ئەو سكرتێرى حیزبەت  كرد بە گژیاندا ، ئەوا دەستبەجىَ و بە قودرەتى قادر موعامەلە هەناسە ساردەكەت گرەوى بردۆتەوە , بەڵام ئەفسوس دەزگاكە جآى باوەڕو میسداقییەتى نامێنآو بەرەو نوغرۆ بوون هەنگاو ئەنێت !  
     گەندەڵى و كارنەكردن و واسیتە و بەرتیل خواردنیش , هۆكارى گرنگى خۆیان هەیە , لە خۆ ڕانییە : كارمەندێك لاسایى بەڕێوەبەرو سەركارو بەرپرسەكانى نێو دەزگا ئەكاتەوە … ئەو تەماشاى گەورەكان ئەكات : ئەبینآ ئەوان كەوتوونەتە گیانى هاوڵاتى و ڕاووڕوتیان دەست پێكردووەو چاك ئەزانن كە دەرفەت وهەلێكى چاكەو بۆیان هەڵكەوتووە , لە دووتوآ و لەو بوارەوەیە كەئەتوانن دەوڵەمەند بن و ئوتومبیلى تازە مۆدێل  بخەنە ژێر خۆیانەوەو ڤێلاى لەمەڕمەڕ دروستكراو بنیات بنێن … سەفتە لە دواى سەفتە و دەفتەر لەپالأ دەفتەردا بەرزبكەنەوەو بڕوایان وایە كە كەسایەتى ئەوانیش بەو دەفتەرو سەفتە دۆلارەوە بەندەو (نفوز و نقود ) ئەكەن بەدرووشمى ژیانیان …كارمەندو فەرمانبەرى پلە نزم چاو لە بەرپرس و بەڕێوەبەرو  وەزیرەكان ئەكەن ,ئەزانن ئەگەر ئەوانیش بەرتیل و پارە خۆرى و پارە لوولدانیان خستە گەڕ كەس لێیان ناپرسێتەوە و, هیچ جۆرە كۆنتڕۆڵێك لە ئارادانییە! چاك ئەزانن كە ئابووری و هێز و توانای مانەوە لەوەدایە كە خاوەن سەرمایە بن و شەڕی گەورەی دونیاش لە نێوان بەهێز و بێهێزدایە .. مانەوەش بۆ بەهێزە ،ئەگەرچی لە بواری سیاسەتیشدا ئەمڕۆ دۆڕان بەڵام سبەینێ بە سەرمایە و بە زەبری پارە براوەن !!
      لە هەمووى ناخۆشترو جەرگبڕتر دەزگا ڕۆشنبیرییەكانە : ئەم دەزگایانە وان بەدەست ڕۆشنبیرو كۆلكە ڕۆشنبیرەوە , بگرە هەندێك لەو دەزگا ڕۆشنبیرییانە  وان بە دەست كەسانێكى نیمچە خوێندەوارو نیمچە ڕۆشنبیر و حیزبییەوەن ( تەنانەت پڕن لە كۆنە بەعسی !! ).. هیچ جیاوازییەكیان  لەگەلأ دەزگاكانى تردا نییە  و بگرە خراپتریشن , چونكە ئەم دەزگایانە ئەبووایە گەندەڵى و واسیتەو مەحسوبییەتى تێدا نەبووایە و پێوەرى ئاستى ڕۆشنبیرى و بڕى زانستى و مەعریفەو زانینى  (بەرهەم و ماددەو كتێبەكان ) بكرایە بە سەنگى محەك , بەڵام لە ڕاستیدا ئەو پێوەرەى كە بەكار نایەت و ناخرێتە گەڕ لەو دەزگاو پەخشى بڵاوكردنەوە و ڕۆشنبییرییانەدا ئەو پێوەرانەن كە باسم لێوەكردن …..!!
       ئەبوایە ناوى نووسەرو دانەرو وەرگێڕو ڕووناكبیرەكان بەهێند وەرنەگیرابایە وئاستى زانستى بابەتەكە بكرایە بە پێوەر بۆ  ریزبەندى و سەرەگیرى كتێب و بابەتەكان و پەخش و بڵاوكردنەوەیان , نەك ئەو بەرپرس و سەرپەرشتكارانە ببنە دیكتاتۆر و كەسانێكى گرگن  و نەخۆش و كورسى پەرست , تەنها پیشەى هەڵپەو لرفە و چاوچنۆكى و پارە خواردن و مامە حەمەیى و ماستاو ساردكردنەوە بۆ كەسانى نێو كایەى حیزب و دەزگاكان….!
        دیاردەى سەیرو سەمەرە لەو دەزگا ڕۆشنبیرییانەوە دێنەدەرآ و تێكەلأ بە ڕەنگ و دەنگى سیما ناشرینەكانى كۆمەڵگەى كوردیمان ئەبنەوە , ڕەنگە نەخۆش و قێزەونەكان بە دەستى ڕۆشنبیرو نیمچە ڕۆشنبیرە حیزبیەكان تۆخ و تۆختر ئەكرێتەوە , ڕێگە و شێواز زۆرن بۆ ئەوەی قەڵەم و ئازادی نووسەر و ڕووناكبیران بكڕنەوەو بێدەنگ و خپ و خەساویان بكەن  ….! ئەو دەزگایانە ئیش و مەرام و پەیامی خۆیان گەیاندووە ..  ئەفسووس و سەد حەیف !!وایان لە ڕووناكبیر و خامە بەدەستی كوردی كردووە تەنها بیری لای ئێوارە و مێزی خواردنەوەو فیشكەی سیگار و سمتی خانمانی سەر شەقامەكان بێت و ئەوەی بیری لێناكەنەوە كۆمەڵگە و مۆمەڵگەی كوردییە !
       پەیمانى كۆمەڵایەتى نێوان ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانەى ئەم دەزگا ڕۆشنبیرییانە لەوەدایە , كە پاداشت و هەقدەستى نووسەران لە نێو یەكدیدا بە یەكسانى دابەش ئەكەن و ئیدى سەرەى نووسەرێكى بآ پشت و پەناى پآ ئەفرۆشنەوەو كتێبەكەى بۆ زووتر لەچاپ ئەدەن…..
 هەروەها دیاردەیەكى دیكەى ئەم بارودۆخە ئەوەیە , كتێبى ئەو نووسەرانە پێش ئەخەن كە دانیشتووى هەندەرانن و پارەو هەقدەستى كتێبەكەیان پێشكەش بە بەرپرسى دەزگاكان ئەكەن و خۆیان پێویستیان بەو بڕە پارەیە نییە , سەرپەرشتیكارى لە چاپدانى كتێبیش سەرەیەكى نزیك و دەستوبردى بۆ دروست دەكات بۆ ئەوەى هەقدەست و پارەكەى زووتر بكەوێتە دەستەوە , بەو كارە ناشرین و ناڕەوایەش كتێبى نووسەرانى بآ پشت وپەنا سالأ ودووسالأ دووائەكەوێت و هیچ ویژدان وئاكارو هەقگووتنێك لێى نایەتە دەنگ !!
         ئەو نووسەرانەى كەبێ  پشت وپەنان و سەرانىحیزب و بەرپرسانى هیچ حیزبێك ناناسن , بۆ خۆیان ( سیرو زوڕنا) ئەژەنن ! لەبەرئەوەى بآ پشت و پەناین و بڕواشمان بە واسیتەو دەست ماچ كردن نییە , بە ڕەزالەتى و زەلیلى  و بە چەند ساڵ جارێك كتێبێكمان بۆ چاپ ئەكرێت…..!
 ئەى باشە ئەگەر خوانەكات ئێمە بمانەوێت (20-30) كتێب بخەینە كتێبخانەى هەژارى كوردییەوە بەچەند سالأ چاپ ئەكرێن و چەند جاران تووشى سیل و سەرەتان و پەتا سپیكە ئەبین ؟!
     هەروەها پێش ئەوەی بیرم بچێت و دەمێكە بە واقیعی دیاردەیەكم  بینیوومە : كە زۆربەی دەزگا ڕۆشنبیرییەكان پڕن لە كۆنە بەعسی و كاسە لێس و هیچ لەباردا نەبوو ، زۆرێك لەوانەی لە پشتی مێزی هایلایڤەوەن نووسەری تووڕەهات و بێسەروبەرەن … كەسایەتی نزم و نەفسییەتی نزمیان زۆر عەیانە و بە تاقە چاوێكیش هەستی پێدەكرێت !
 كەواتە تاقە یەك فەلسەفەى كاركردن لەنێو دەزگاكانماندا لەئارادایەو وەكو دروشمێكى پیرۆز وایە و بە ئاوى ئاڵتون نووسراوەتەوە , كەئەویش ئەوەیە " بآ بەرنامەیى و نەخشە ڕێژیى لەسەرووى هەموو شتێكەوەیە "بڕوانامەو ئەزموون و خاوەن پڕۆگرام و شارەزایى و تەكنۆكرات لە گەنجەكان و لەكەسانى سەربەخۆ و ناحیزبى نەكراوە بە پێوەرو سەنگى محەك و وەكو ڕێسایەك پیادە ناكرێت بۆ ئەوەى دەزگاى سیسماتیك و بە پرۆگرام چەككراو و بەرهەم هێن و ئیشكەر فەراهەم بكرێت ..لێپرسینەوە هەر نییە و ناشبێت !
 كەسانى حیزبى و ناشارەزاو جاهێل و نەخوێندەوار و گرگن و چاوچنۆك و داوێن پیس و ناپاك و بآ مەعریفە  لە پێشەوەن  و ڕێبەرى دەزگایەكى ئیفلیج بووى نەخۆش و هیچ بەرهەم هێن و گەندەلأ ئەكەن…!  دەزگاكانمان : تەنها كاركردن و كار ڕاپەڕاندن وخزمەتگوزاری پێشكەشكردن  و ویژدان  و هەق و ڕاستى و داد پەروەرى  و یەكسانى و لێپرسینەوە و ڕۆڵی گرنگی یاسا و نەزاهەت و دادگایان تێدا نییە  , ئیدى هەموو شتێكى  ترى تێدایە و زۆر ڕەشبین و بێئومێدم لە چاكسازى و ڕیفۆرم كردنیاندا بەم نزیكانە!            تێبینى : من بۆیە وتارێكى بێشومار بۆ سایتەكان دەنێرم ، لەبەرئوەیە كە رۆژنامەكانى هاوڵاتى و ئاوێنە و روودا و و تەنانەت ئاڵاى ئازادی و زۆرى دیكە ئەم وتارە ئاگرینیانەم بۆ بڵاوناكەنەوە .. بەڕاشكاوى دەیڵێم ، وەكو چۆن بۆ زۆرێك لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەكان بانگكراوم كە بەرنامەیان لەگەڵدا سازبكەم  و رازینەبووم چونكە ناتوانن بەڵێنم پێبدەن كە دەتوانن  هەقبێژى و رەخنەى توندى بنیاتنەرى دوور لە  موجامەلە و درۆ و ڕییایی  قبوڵ بكەن .. بۆیە باشترین پەنجەرەیەك كە ئازاد بێت و شەفافانە و بێ قرتاندن و لابردنى  هیچ پەرەگرافێك بابەت و وتارەكانى بەندە بلاو بكەنەوە و دابەزێنن .ز ئەم سایتانەن كە لە خوا داخوازین سەرفراز و سەركەوتووبن …! ح . ا. ر
          
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.