Skip to Content

645 Views

کوشتنی دەق لەپێناو لێدانی نووسەردا … حەمە مەنتك

کوشتنی دەق لەپێناو لێدانی نووسەردا … حەمە مەنتك

Be First!
image_print

ئەمە دووەم جارمە لەبارەی نووسینە بەناو ڕەخنەییەکانی گۆڤاری شیعر دەنووسم، ئەم گۆڤارە یەکێکە لە گۆڤارە هەرە باشەکان، بەڵام بەداخەوە ئەو نووسینانەی بەناوی ڕەخنەی شیعرەوە لە بارەی شاعیرانی کوردەوە (نەك دەقی شیعرەکانیان!) دەنووسرێت، سەنگی ئەم گۆڤارە دەهێنێتە خوارەوە. دەمەوێ بڵێم دوای سێ ژمارە لەم گۆڤارە پارادۆکسێک لەنێوان مانیفێستەکەی و شێوازی نووسین لەبارەی شیعری کوردییەوە هەیە. تەنانەت لەنێوان ئەو توێژینەوە وەرگێڕدراوانەی لەوێدا بڵاودەکرێنەوە لەگەڵ شێوازی نووسینی نووسەرە کوردەکان ئاسمان و ڕێسمان جوایەزیان هەیە.

بە بڕوای من ئەم پارادکسی ئیشکردنە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکیان دیسان جەختی لەسەر دەکەمەوە نەبوونی مێتۆدێکی دیاریکراوە بۆ نووسینی ڕەخنەیی (مێتۆدی زانستی بۆ ڕەخنە دەنا شێوازی ئەوانیش جۆرێک لە مێتۆدە، بەڵام ناچێتە خانەی مێتۆدە ڕەخنەییەکانەوە)، دووەم ئەم برادەرانە هێندەی مەبەستیان بڵێن ئەو شاعیرانەی لە کن خوێنەری کورد جێی باسن (جا بە هۆی دەقی باشەوە بێت، یان هۆکاری دیکە) ئەوان ڕەخنەی لێ دەگرن، بە واتایەکی دیکە دەیانەوێ بڵێن ئەها لەم گۆڤارەدا ڕەخنەی شاعیران دەکەین. من لەمەدا حەقیان پێدەدەم، بەڵێ هێندەی ئەوانە مەبەستیانە لەبارەی شاعیرەکانەوە قسە بکەن، هێندە مەبەستیان نییە لەبارەی دەقی شیعری شاعیرەکان قسە بکەن. ئەمەیش لە سەردەمی فۆرمالیستەکانەوە باوی نەماوە.

لەلایەکی دیکەوە منیش دەمەوێ مۆدێلێکی دیکەی ڕەخنە، کە ڕەخنەی ڕەخنەیە بهێنمە ناو کاری توێژینەوەی کوردییەوە. ڕەنگە پێشتر بە شێوازی دیکە ئەمە کرابێت. بۆ نموونە کاتێك نووسەرێک لەبارەی شیعری شاعیرێکەوە، یان نووسینی نووسەرێکەوە نووسینێکی نووسیبێت، ئەو شاعیرە، یان نووسەرە هاتووە وەرامی داوەتەوە و قسەی لەبارەی نووسینەکەی کابرا کردوە. ئەمە ناچێتە خانەی کاری ڕەخنەی ڕەخنە، چونکە هێندەی ئامانج لێدانی کەسەکە بووە، هێندە قسەکردن نەبووە لەبارەی نووسینەکە. واتە بە شێوەیەکی زانستیانە نەبووە.

من دەمەوێ بە شێوەیەکی دیکە کار بکەم، ئەویش بەراوردی نووسینە ڕەخنەییەکە و دەقەکان بکەم، ئەویش بە ئامانجی دەرخستنی بنەماکانی زمان و ڕەخنە و کەرەسەکانی ڕاڤەکردن، بەڵام بەبێ ئەوەی کارێکم بە کەسی ڕەخنەگرە و شاعیرەوە هەبێت، من لەناو نووسینە ڕەخنەیی و دەقەکەدا کار دەکەم، چونکە ئەمە جەنگ و سەنگەرگرتن نییە لە یەکدی، هێندەی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕەخنەی ئەدەبییە. هاوکات هەڵوەشانەوەی نووسینی ڕەخنەییە بۆ ئەوەی هەموو ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی وەکوو ئایدیۆلۆجیا و باوەڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی ڕەخنەگر وەکوو پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی دەق پەنای وەبەر بردوون دەربخات.

لەلایەکی دیکە دەبێتە هۆکارێك بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هووشیاریی خوێنەر، ئەویش لەپێناو ئەوەی خوێنەر یەکڕاست نەکەوێتە بەر کاریگەری بۆچوونەکانی ڕەخنەگر، بەڵکوو ئەو بۆچوونانە ‌هەڵسەنگێنێ و لێکدانەوەیان بۆ بکات. بەمەیش پێوەندییەکی تازە لەنێوان خوێنەر و دەق و ئەو نووسینە ڕەخنەییەی لەبارەی دەقەکەوە نووسراوە، دروست دەکات. لێرەدا لەبارەی هەرسێ نووسینی: (شیعر و یاخیبوونی ساختە)ی “ئارام سدیق”، (سەردەمی نەهامەتی و پاشەکشەی شیعر لای بەڕۆژ ئاکرەیی)ی “پشتیوان عەلی” و (شاعیری پۆزەتیڤ)ی “زانیار محەمەد” بدوێم و ڕەخنەی خۆم لە نووسینەکانیان بنووسم، بە ئامانجی سەرخستنی مێتۆدی ڕەخنەی ڕەخنە.

یەکێک لە بنەماکانی ڕەخنەی ئەدەبی (بە هەموو ژانرەکانییەوە) نابێت نووسینەکە بۆچوونی ڕەها و گردەبڕی تێدا بێت، چونکە ئەمە لە بڕیار دەچێت، لە ڕەخنەی ئەدەبیشدا بڕیاردان جێی نابێتەوە. ڕەخنە شوێنێك نییە بۆ دادگەیی دەقی شاعیران و نووسەران، بەڵکوو شوێنێکە بۆ ڕاڤەکردن و کردنەوەی کۆدەکانی دەق. ڕەخنەی گردەبڕ ((جۆرە ڕەخنەیەکە پێشتر بڕیاری لەسەردراوە.))١ ئەم شێوازە لە ڕەخنەیە، کێشە بۆ نووسەرەکەی دروست دەکات، چونکە تووشی پارادۆکسی لەگەڵ نووسینەکانی پێشتر و بۆچوونەکانی پێشتری دەکات.

بۆ نموونە لە نووسینەکەی “ئارام سدیق”دا بۆچوونی لەبارەی زۆربەی شیعری کوردی وەهایە: ((ئەزموونی بەشی هەرە زۆری شاعیرانی کورد ئەوەمان پێدەڵێت، کە شیعر وێنەگرتنی دونیا و دیاردەکانە و لاواندنەوەی کارەساتەکانە. ئەگەر هەوڵی کەم و تاقانە و هەندێجار شەرمنانە هەبێت بۆ یاخیبوون و تێپەڕاندنی دۆخی باو، ئەوا هەوڵی شەرمنانە و ناکاریگەر و نابەردەوامن و لە خالێکدا دەگەنە کۆتایی و پەشیمانبوونەوە.))٢ هاوکات دەڵێت: ((یەکێك لە کێشەکانی شیعری کوردی بە درێژایی مێژووەکەی تەقدیسکردن و ستایشکردنی بووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی قەبارەی ڕاستەقینەی بە نادیاری بمێنێتەوە. بە درێژایی ئەم مێژووە خوێندنەوەی ڕەخنەیی ئەزموونەکانی شیعری کوردی نەکراوە لە ئەحمەدی خانی و نالییەوە تا دەگاتە شیعری دوای ڕاپەڕین، هیچ ئەزموونێکی شیعری، ڕووبەڕووی پرسیاری فیکری نەکراوەتەوە و تەنانەت لە سیاقی خۆشیدا نەخوێندراوەتەوە.))٣ ئەم بڕیارە گردەبڕەی نووسەر، پارادۆکسە لەگەڵ کۆی نووسینەکانی خۆی لەبارەی شیعری کوردییەوە.

من تەنێ لە سایتی دەنگەکان نێزیك بە بیست نووسینی “ئارام سدیق”م لەبارەی شیعر و ئەزموونی شاعیرانی کورد سەیرکردن، لە کۆی ئەو نووسینانەشدا پەسنی شیعر و شاعیریەتی هەموویانی داوە.٤ ئەم پارادۆکسەی نووسەر لە بۆچوون دەربڕین بۆ کێشەی نەبوونی مێتۆد و کۆنکرێتنەبوونی نووسین دەگەڕێتەوە. هاوکات بەڵگەی ئەوەیە تەنێ بۆ ئەوەی بڵێن ڕەخنەمان هەیە لەبارەی ئەزموونی شیعری فڵانەوە، واتە نووسینەکان بە مەبەستی توێژینەوە و ڕەخنەی شیعری نەنووسراون، بەڵکوو پێشتر بڕیاریان لەبارەوە دراوە.

کەواتە “ئارام سدیق” لەنێوان دوو بەدارش ماوەتەوە، لەلایەك لە ساڵانی پێشتر پەسنی شیعر و شاعیرانی کورد دەدات و لەلایەکی دیکەوە ڕەخنەی ئەوەی لە شیعری شاعیرانی کورد هەیە، کە یاخی نەبوونە، ئەگەر تاقە دەنگێکیش هەبووبێت ئەوا کاریگەری نەبووە و لە شوێنێکدا کۆتایی هاتووە. کەواتە نووسەر کۆی نووسین و ڕایەکانی پێشتری ڕەتکردۆتەوە و لێیان پەشێمان بۆتەوە. ئەگەر گلەش لە ڕەخنەگران و نووسەران دەکات، کە تەقدیس و ستایشی شیعر و شاعیرانی کوردیان کردوە، ئەوا خۆی یەکێکە لە کاریگەرترین ئەو کارەکتەرانەی، کە بەرهەمهێنەری ئەم تەقدیسکردن و ستایشکردنەیە، کەم کەس هێندەی “ئارام سدیق” پەسنی شیعر و شاعیرانی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینی داوە. کۆی نووسینەکانی لەم بارەوە باشترین گەواهین.

ئاخر نووسینەکانی بەشێکن لە بەرهەمهێنانی ئەم تەقدیسکردنە، کەم شیعر و شاعیری دوای ڕاپەڕین هەیە، نووسینەکانی ئەم نووسەرە ستایشی شیعر و شاعیریەتیان نەکردبێت، لەو ژمارەی سەرەوە باسم کرد، هەموویان بە دەنگی نوێ و تەنانەت هێندێکیان بە داهێنەر و هێندێکی دیکەیان بە خۆجوداکەرەوە وەکوو دەنگێکی نوێ هەژمار دەکات. کەواتە منی خوێنەر مافی خۆمە گومان بکەم، جا گومان لە نووسینەکانی پێشتری بێت، یان ئەم نووسین و بۆچوونەی ئێستای، چونکە ئەم بۆچوونەی کۆی بۆچوون و نووسینەکانی پێشتری خۆی ڕەت دەکاتەوە. ئەمەیە ڕەخنەی پێشتر بڕیار لەسەر دراو، نەك ڕەخنەیەك پاڵپشت بە مەعریفە و بیرکردنەوەی قووڵ.

“پشتیوان عەلی” لە نووسینەکەیدا (سەردەمی نەهامەتی و پاشەکشەی شیعر لای بەڕۆژ ئاکرەیی)دا نیوەی نووسینەکەی کورتکردنەوەی ئەزموونی شاعیرە لە یەك دێڕ (پەنا دەبەینە بەر بیرەوەی)، دیسان دەیڵێمەوە لە ڕەخنەی ئەدەبییدا نابێت کۆی ڕەخنەکەت لە یەك دێڕدا کورت بکەیتەوە، ئاخر ئەدی کۆی تێکستەکە؟ دەق بە زمان دەنووسرێت، ناکرێت زمانیش لە سیاقی بەکارهێنانی دەقەکەدا داببڕیت.

ئەم نووسەرە هەمان قسەکانی “زانیار محەمەد” لە وتاری (گوللە ساختەکان بۆ جوانکردنی کۆیلەیەتی) لەبارەی چەمکی بیرەوەری لە شیعردا پاتە دەکاتەوە، کە بڤەیە نابێ شاعیر بۆ یادەوەری بگەڕێتەوە، بەڵکوو دەبێ باسی داهاتوو بکات. دەنووسێت: ((بەڵام شاعیران بۆ دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دواوە، خۆ ئەوان خولقێنەرن؟ شاعیر داوامان لێ دەکات بگەڕێینەوە بۆ یادەوەریمان، ئایا ڕابردوو ئەگەرێکی تری تیایە تاقینەکرابێتەوە؟ دەبێت تاقیکرابێتەوە، دەنا چۆن دەبێتە یادەوەری، لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ چرکەساتێکدا نەژیابین.))٥ نووسەر گلەی ئەوە دەکات، یادەوەری لە سەردەمی نەهامەتیدا کۆمەکمان ناکات، نابێت بۆ یادەوەری بگەڕێینەوە، چونکە تاقیکراوەتەوە. کەچی پێشتر “پشتیوان عەلی” بۆ نووسیینی شیعرێک بۆ ڕابردوو گەڕاوەتەوە، ئەویش لە شیعری (کراسی خوێناوی، نێوان من و براکانم بوو)، لەم شیعرەدا سوود لە ژیان و سەردەمی میسرییە کۆنەکان بۆ داڕشتنی تێمەی شیعرەکەی وەردەگرێت.

پێش ئەو شاعیرێکی دیکەی کورد کاری لەبارەی داڕشتنی تێمەی شیعر بە سوود وەرگرتن لە مێژوو و ڕابردوو کردوە، ئەویش “شاڵاو حەبیبە”یە لە پڕۆژەی (میسرناسیی نوێ، کتێبی سەرلەبەری کۆیلەکان)ە، کە بەشێکی زۆری لە ژمارە (٣٥٨)ی پاشکۆی (ڕەخنەی چاودێر) لە ڕێکەوتی (٢٢/٤/٢٠١٣)دا بڵاوکردۆتەوە. ئایا گەڕانەوەی “پشتیوان عەلی” لەم شیعرەی سەروەیدا، کە ئاماژم بۆ کرد، گەڕانەوە نییە بۆ شیعری شاعیرێکی دیکە؟ بە واتایەکی دیکە گەڕانەوە نییە بۆ شیعر، تاکوو لاپەڕەی پێ ڕەش بکاتەوە؟ لەوەش گەڕێ، ئایا میسرییە کۆنەکان ڕابردوو نین؟ بە واتایەکی دیکە ئەوان یادەوەری نین؟ کەواتە نابێت بۆ هیچ شتێکی بەر لە خۆمان بگەڕێینەوە.

هاوکات دەڵێت دەبێت شاعیر سەردەمی نەهامەتی تێپەڕێنێ، چونکە بوونمان لە مەترسیدایە، بەڵام “پشتیوان عەلی” لە شیعرێکی خۆیدا، لە سەردەمی نەهامەتیدا خۆی تەسلیم بە مردن دەکات، نایەوێت ئەو سەردەمە تێپەڕێنێ، کە مەترسییە بۆ سەر بوونی. لە کتێبی شیعری (بەیانییەك بیرم دەچێتەوە ژیان هەیە)، دەڵێت:
وه‌ك گه‌ڵا ده‌ردێكم نییه‌
وه‌ك عه‌رعه‌ر نابمه‌ باڵا
وه‌ك شه‌پۆل ناتوانم بژیم
ئه‌وه‌ منم وه‌ك ته‌رزه‌م
له‌گه‌ڵ خۆری ده‌ستلێدان و به‌ركه‌وتنا
هه‌ر فریای بوون به‌ ئاونگ و ژماردنی مردنه‌كانی خۆم ده‌كه‌م

ئەگەر بە هەمان ئەو مێتۆدە سادەیەی ئەو بۆ ڕەخنەگرتن لە “بەڕۆژ ئاکرەیی” (نەك دەقە شیعرەکانی) بپەیڤم، “پشتیوان عەلی” نەیتوانیوە سەردەمی نەهامەتی تێپەڕێنێ، بەڵکوو خۆی تەسلیم بە سەردەمەکە کردوە، ئەوەتا ناتوانێ باڵای وەکوو عەرعەر لێ بکات، ناتوانێ ببێ بە شەپۆل، بەڵکوو چۆن تەرزە لەبەر هەتاو دەبێتە ئاونگ و دەمرێت، ئەویش ئاوا دەمرێت. ئەی نووسەری چی بەم ئەزموونەی خۆی دەڵێت؟ خۆ هەموو بۆچوونەکانی ناو نووسینەکەی بەسەر دەقە شیعرییەکەی خۆیدا پراکتیك دەبێت.

سەیرە تاکوو ئێستایش ئەو بۆچوونە باوی هەبێت، کە لە ڕوانگەی شاعیرەوە، یان ژینگەی شاعیرەوە لە دەقی شیعری بنۆڕیت. بەبێ ئەوەی گرینگی بە فۆرم و وێنەی شیعری و شیعرییەت و فەزای دەق بدرێت. ئەمانە شیعر بە وتار، یان نووسینێکی سیاسی تێدەگەن؟! ڕاستە وتار و نووسینی سیاسی دەبێ لە ڕوانگەی کەسەکەوە سەیری بکرێت و ڕاڤە بکرێت. ئەوەی لەم نووسینانەدا کاری لەبارەوە کراوە، شێوازی لێکدانەوە(تەفسیر) نەك توێژینەوە بۆ دەقی شیعری. بەمەیش تووشی فڕێدانی هێندێک قسە دەبن، کە لە دەرەوەی سیاقی دەقەکەوە قسە دەکەن. ئەم لە دەرەوەی دەق قسەکردنە هێنانی چەمک و وشە و ڕستەیە لە دەرەوە و سەپاندنی بەسەر فەزا و دەلالەتی دەقەکە.

دەمەوی بڵێم، ئەم نووسینانە لە ڕێی خەڵکانی دیکەوە بیردەکەنەوە، لەڕێی خەڵکانی دیکەوە قسە دەکەن، لە ڕێی قسەی خەڵکی دیکەوە خۆیان نمایش دەکەن، نووسینگەلی بۆشن، بۆ؟ چۆن؟ توێژینەوەی ورد و زانستی، توێژینەوەی خاوەن مێتۆد، خاوەن بۆچوون و تیۆریای خۆیەتی، واتە خۆی دەپەیڤێ و کۆدەکان دەکاتەوە، خۆی لایەنی تەکنیک و هونەری دەق دەدۆزێتەوە، پاشان بۆ پتەوکردنی بۆچوونەکەی، بۆ زیاتر سەلماندنی بۆچوونەکەی ڕستەیەك، یان چەند ڕستەیەك لە کتێبێك، یان بۆچوونی تیۆرزانێك و نووسەرێک دەهێنێتەوە.

لە نووسینەکەی “ئارام سدیق”دا ئەگەر بۆچوونەکانی “کامۆ” لەبارەی چەمکی یاخیبوونەوە دەربهێنین، تەنێ هێندێک ڕستەی سادە و پاتەی پێشتری لێ دەمێنێتەوە. ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، کە نووسینەکە باسی شیعری کوردی بە گردەبڕی دەکات، سەلماندمان چۆنە.
هاوکات دەنووسێت: ((ئەگەر بە پێی ئەم ڕوانینانە سەیری زۆرێک لە تێکستی شاعیرانی کورد بکەین، دەبینین، کە نە یاخیبوونی ڕاستەقینەن و نە شاعیرێکی ئەفرێنەر، بەڵکو زۆر جار بوونەتە پارێزەر و کۆیلەی سیستەم و بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی جۆرێک لە موقەدەس، کە شێعر ناکۆکە لەگەڵ بوونی هەر موقەدەسێکدا.))٦ پاتەی دەکەمەوە، نووسەر لەو بیست نووسینەی لە سایتی دەنگەکان من بینیم هەموو شاعیرەکان بە دەنگی جوایەز و تەنانەت هێندێکیان بە داهێنەری گەورە لە قەڵەم دەدات.

دواتر ئەوەی زۆربەی شاعیرانی کورد پارێزەر و کۆیلەی سێستەمن، ئەم قسانە هی “زانیار محەمەد”ە لە نووسینی (گوللە ساختەکان بۆ جوانکردنی کۆیلەیەتی) لە ژمارە یەکی گۆڤاری شیعردا. پاشان لە نووسینەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ستایشنامانەی بۆ ئەزموونی “کەژاڵ ئەحمەد” نووسراون، لەبەر مێینیەتی شاعیر بووە، ئەمەیش قسەکی سواو و پاتەبووەوەیە، پێش ئەم نووسینە لە زۆر نووسینی دیکە نووسراوە و تەنانەت ئەم قسەیە بەرانبەر کۆی ژنەشاعیرەکانی دیکەیش گوتراون، کە بەشێکی زۆری ڕاستی تێدایە. دواتر نووسینەکە کۆمەڵێ پێناسەی “کامۆ” لەبارەی چەمکی یاخیبوونەوە دەهێنێتەوە و لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێناسانە باسی یاخیبوون دەکات.

بەڵام بەبێ ئەوەی پێناسەیەکی دیار و تۆکمەی نووسەر بۆ یاخیبوون بخوێنینەوە. هەموومان دەزانین یاخیبوون ڕەتکردنەوەی ئەو شتانەیە دەستوپێی تاك دەبەستنەوە، ئەمە پێناسەیەکی زۆر گشتیی یاخیبوونە. دواتر ئایا تەنێ “کامۆ” باسی یاخیبوونی کردوە؟ ئایا پێناسەکانی “کامۆ” پێناسەی تەواو و کامڵن بۆ ئەم چەمکە؟ نووسەر لە نووسینەکانی پێشتری لەبارەی شیعری شاعیران زۆر جەختی لە لایەنی شیعرییەت و هونەری دەق دەکردەوە، کەچی لێرەدا تەنی بۆ ئەوەی نیشانی بدات ئەو ڕەخنە لە ئەزموونێك دەگرێت تەنێ لێکدانەوەی بۆ شیعرەکان کردوە.

پێشتریش لە نووسێنێکی دیکەی ڕەخنەییمدا لەبارەی نووسینێکی “زانیار محەمەد” ئاماژەم بە سادەیی ڕاڤەکردن داوە. لەم نووسینانەدا هەمان شت پاتەبۆتەوە. لە وتاری (سەردەمی نەهامەتی….)دا جودا لەوەی سێبەری وتاری (هۆڵدەرین و تێڕوانێنێکی فەلسەفیانە)ی “د.محەمەد کەمال”ی بەسەرەوەیە، تەنێ واتای فەرهەنگی (قاموس) وشە و ڕستە شیعرییەکانی لێکداوەتەوە.
ئەمە بەڵگەیە لەسەر لێکدانەوەیی نەك ڕاڤەکردنی شیعرەکان. ئەگەر تەماشای لێکۆڵینەوەکەی “د.محەمەد کەمال” و “بەیان سەلمان” بکەین، ڕوون دەبێتەوە، ڕەخنە و توێژینەوە قسە فڕێدان نییە، بارکردنی وشە نییە، بەڵکوو کەشفکردنی واتای دووەمی وشەکانە، هەڵکۆڵینی شیعرە، دەبینین ئەوان لەناو شیعرەکانەوە واتا و مەدلوول دەردەهێنن. کاتێك “د.محەمەد” بەر وشەی (ئاگر) لە شیعرەکانی “هۆلدەرین” دەکەوێت، نایەت بنووسێت، ئەوە واتای ئاگرە، بەڵکوو مەدلوولی ئاگر لە ئەفسانەی یۆنانی دەدۆزێتەوە. “بەیان سەلمان” لە توێژینەوەکەی لەبارەی شیعرەکانی “ڕامبۆ” تەنێ خۆی بە لێکدانەوەی واتای وشە و ڕستەکان خەریك ناکات، بەڵکوو لایەنی فۆرمی شیعرەکانیش، کە شیعرەکان لە فۆرمی (سێینە و چوارینە)دان، هاوکات نایەت لە کۆی شیعرەکە یەك ڕستە، یان وشەیەك دەربهێنێ و کۆی واتا و مەدلوولی شیعرەکەی لەسەر هەڵچنێ. کەچی لە نووسینەکەی “پشتیوان عەلی”دا لە کوێ پێویستی بە سەلماندنی قسەکانی بووبێت، هاتووە نموونەیەکی بۆ هێناوەتەوە و تەنانەت بە ئاشکرا بۆچوونی خۆی بەسەر نموونەکەدا دەسەپێنێت.

بۆ نموونە کاتێك دەیەوێ باسی ئەوە بکات شاعیر چ ئینتیمایەکی سیاسی هەبووە و هەیە، یەك دێڕی شیعری دەهێنێتەوە (پەنا دەبەینە بەر بیرەوەری) ئەم دێڕە دەکاتە بەهانەیەك بۆ ئەوەی لە ئینتیمای سیاسی و کەسێتی شاعیر بدات. ئاخر لە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەییدا نەبووە کۆی مەدلوول و واتای ئەودیوی وشەکانی شیعرێک، یان ئەزموونی شاعیرێک لەسەر یەك دێڕ هەڵچنێ. ئاخر ئەگەر مەبەست لێدانی شاعیر نەبێت، هەر تەماشای توێژینەوەکەی “ئالان بادیۆ” بە ناوی (جانەوەر) لەبارەی شیعری ئەم سەدەیەی ماندلشتامەوە، کە “وەلید عومەر” بە کوردی کردوە و لە هەمان ژمارەی گۆڤارەکەدایە، ڕەخنەگر نەهاتووە بۆچوونەکانی بێنێت و لەناو شیعرەکەدا دێڕێك، یان چەند دێڕێك دەربهێنێت و بۆچوونەکانی بەسەر دەقەکەدا بسەپێنێت، بەڵام هاتووە لە کۆی دەقە، لەناو وشە و ڕستە و دەلالەتەکانی دەقەکە واتاکانی دەدۆزێتەوە.

لە نووسینی (شاعیری پۆزەتیڤ)دا “زانیار محەمەد” ئەویش کۆمەڵێک چەمک دەهێنێت، بە دوای گونجاندنی لەناو شیعرەکانی “ڕامیار مەحموود”دا دەدات. من دژی هیچ ڕەخنەیەك لەبارەی دەقەوە نیم، تەنانەت ئەگەر توندترین زمانیش دەکار بخرێت، بەڵام دەبێت هەموو قسەیەک لە جێی خۆی بێت، بە بەڵگەوە قسە بکرێت.
بۆ نموونە کۆمەڵێک چەمکی وەکوو: فاشیزم، ماسۆشیست، ئۆپۆرتۆنیست…تاد لە نووسینەکە دەربهێنین، هیچ قسەیەکی نوێ، یان بۆچوونێکی هەڵقوڵاو لەناو نووسینەکە نابینینەوە. لە نووسینی ڕەخنەییدا ناکرێ چەمك لە دەرەوە قەرز بکەیت و بەسەر دەقیدا بسەپێنیت، بەڵکوو دەبێت لەناو دەقەکە واتای دووەم بدۆزیتەوە. ئەم نووسینە، نووسینێکە نووسەر لە ڕێی بیرکردنەوەی کەسانی دیکەوە خوێندنەوەی بۆ دەقەکان کردووە، ئەویش بە ئامانجی لێدانی شاعیر. لە نووسینەکەدا هاتووە: ((لێرەوە کارمان تەنیا خوێندنەوەی تێکستەکان نییە و ئەفسانەی خوێنەری بێلایەن لە کارمان تێكدەشکێنین، بەڵکو ئەرکمان ڕەخنە و ڕاڤەیە………… میشێل فۆکۆ دەڵێت: نووسین وەك پێویستییەك، کردەیەک بۆ داڕماندن.))٧ مێتۆدە نوێیەکانی ڕەخنە جەخت لەسەر بەشدارییەکی کارای خوێنەر لە بەرهەمهێنانی واتای دەق دەکەنەوە، ئەوە مێتۆدە کۆنەکانی وەکوو: مێتۆدی کۆمەڵایەتی و دەروونشیکاری بوون خوێنەریان پەراوێز دەخست. منیش لەگەڵ ئەوەدام ڕەخنە کردەیەك بێت بۆ داڕماندن، بەڵام هەڵوەشاندنەوە و داڕماندنی بینا و توخم و پێکهاتەی دەق، نەك ئامانج لێدانی نووسەر و شاعیر، چونکە ڕەخنە سەنگەر لە نووسەر و شاعیر ناگرێت، بەڵکوو سەنگەر لە دەق دەگرێت.

لە کۆی ئەو نووسینەدا نووسەر باسی هەر چەمکێك، هەر شتێك بکات دەیبەستێتەوە بە شاعیر، شاعیر دەهێنێتەوە ناو باس. ئاخر نووسەر تەنێ چەمک و تیۆری (مەرگی نووسەر)ی “ڕۆلان بارت” بزانێت، دەزانێ ئەوە خوێنەر و ڕەخنەگرن خاوەن دەقن، ئەوە ئەوانن واتای دیکە بە دەق دەبەخشن. ئەم نووسینانە ناچنە خانەی ڕاڤەکردنەوە، بەڵکوو لێکدانەوەی وشە و ڕستەکانی ناو شیعرن، هەوڵێکە بۆ لێدانی شاعیر.

بەڵێ دەبێت تا ئاستی خاپوورکردن دەق خاپوور بکرێت، ڕەخنە بکرێت، ئەویش بە ئامانجی دۆزینەوەی لایەنە لاواز و ناهونەرییەکانی، بە ئامانجی دۆزینەوەی واتای دووەمی دەلالەتەکان. ڕەخنەی ڕەخنەش دێت ئەم ڕەخنانە هەڵدەوەشێنێتەوە، بەراوردی نێوان دەق و ڕەخنەکە دەکات، بۆ ئەوەی دیوێکی دیکەی ڕەخنەکە بۆ خوێنەر ئاشکرا بکات.

———————–
سەرچاوە و پەراوێز:

١. کارلونی و فیللو، النقد الادبی، ترجمە: کیتی سالم، مراجعە: جورج سالم، منشورات عویدات، بیروت، الطبعە الثانیە، ١٩٨٤، ص٢٥.
٢. ئارام سدیق، شیعر و یاخیبوونی ساختە لە ئەزموونی شیعریی کەژاڵ ئەحمەددا، گۆڤاری شیعر، ژمارە ٣، ٢٠١٧، ل٦١.
٣. سەرچاوەی پێشوو، ل٦٢.
٤. ئەمە ناونیشانی هێندێك لە نووسینەکانییەتی: ئێستا لەنێو مێژوودا (لەبارەی شیعری شاڵاو حەبیبە)، سیانەی لێکترازاو لەبارەی شیعری (من و خۆم)ی حەمەکاکەرەش، ڕوو لە مرۆڤ یان لە خودا لەبارەی شیعری (یاقوتی ڕژاو)ی عەلی پێنجوێنی، شیعر و دۆخی بە لێبووکبوون لەبارەی شیعری لێبووکێك لە ژوورەوە بیر دەکاتەوەی داستان بەرزان، جێگۆڕکێی دال و مەدلوول لەبارەی دیوانی لەبەر با لەبەر باران عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، نامۆبوونی خود لەبەردەم بووندا لەبارەی شیعری ساردە بۆ من ئەم دنیا تازەیەی داستان بەرزان، درۆ و مۆدێرنە لە شیعری حەقیقەتی شاراوەی گۆران ڕەسوول و چەندین نووسینی دیکە.
٥. پشتیوان عەلی، سەردەمی نەهامەتی و پاشەکشەی شیعر لای بەڕۆژ ئاکرەیی، گۆڤاری شیعر، ژمارە ٣، ٢٠١٧، ل١٦٠.
٦. ئارام سدیق، شیعر و یاخیبوونی ساختە لە ئەزموونی شیعریی کەژاڵ ئەحمەددا، ل٦١.
٧. زانیار محەمەد، شاعیر پۆزەتیڤ، گۆڤاری شیعر، ژمارە ٣، ٢٠١٧، ل٢٢٨.

Previous
Next

Leave a Reply