Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خۆكوشتن و مامەڵەى راگەیاندن

خۆكوشتن و مامەڵەى راگەیاندن

Closed
by July 14, 2008 گشتی

 زێدڕۆیی نییە كاتێك دەڵێین، خۆكوشتنی ئافرەتان، گەرمترین ئەو هەواڵانەن كە رۆژانە لە رووپەڕی میدیاكان دەیخوێنینەوە. بەڵام كەمترین ئەو بەدواداچوونانە دەبینین كە دەكەونە پشت خۆكوشتنەكانیانەوە. بەو واتایەى ئەگەر بە راستی ئەركی راگەیاندن  پێدانی زانیاری و هەواڵ بێت، ئایا راگەیاندن لەدەرەوەى وروژاندن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەواڵانە بكات؟ لەكاتێكدا بۆ بڵاوكردنەوەى ئەو جۆرە هەواڵانە سىَ بۆ چوون هەن: یەكەمیان پێی وایە ئەو هەواڵانە هێندە بە زەقی نمایش نەكرێن، چونكە دەبێتە هۆی  هاندان و (تحریچ) بۆ خۆكوشتن، دووەمیشیان پێی وایە ئەركی راگەیاندنە لە تەك نمایشكردنی هەواڵ، هۆكار و چارەنووسی ئەوانەش پیشان بدرێت كە هۆكاری خۆكوشتن بوون بۆ ئافرەتەكە. سێیەمیشیان پێی وایە مادامەكىَ هەواڵ و زانیاری رەگەزی سەرەكی راگەیاندنن، رەوایە بێ بەدواداچوون و وەك و خۆی بڵاوبكرێنەوە. (كە بەڕای ئێمە ئەوەى سێیەمیان كەمتر خۆی لە پیشەیی و پرۆفیشناڵی دەدات و دەچێتە خانەى وروژاندن. بەداخەوە ئەوەى لە راگەیاندنی كوردی پیشاندەدرێت بەشی هەرە زۆری دەچێتە خانەى خاڵی سێیەمەوە). لە كاتێكدا  كە بەڕاى من ئەركی راگەیاندنە خۆی لە هی دووەمیان وەدۆزێ و هۆكار و رێگە چارە و بەدواداچوون بخەنە روو بۆ درووستكردنی فشار بۆ سەر لایەنە پەیوەندارەكان.
 با روونتر لەو پرسەیە بڕوانین، گومانی تێدانیە هۆكاری سەرەكی خۆكوشتنی ئافرەتان و هەوڵدان بۆی، ئەو توندوتیژیانەیە كە لەلایەن باوك و برا و مێردەكانیانەوە دەرهەقیان دەكرێت، بە پێی ئامارێك 70% ئافرەتان دونیا توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت و لە هەر 18 چركەیەك ئافرەتێك ئازار دەدرێت. رەنگە مەودای نووسینی ئێمە نەخوازێت زیاتر لەسەر ئەو ئامارە تراژیدیانە بدوێین، هێندە نەبێت بپرسین  ئەگەر 70% ئافرەتان لە دونیا توندوتیژیان بەرامبەر بكرێت، كورد چەندی بەر دەكەوێت؟ كە بەداخەوە ناچالاكی و نەبوونی سەنتەرهایەك بۆ ئامار بەو پرسە هەستیارنە، ئەو پرسیارە بەبێ بەرسڤ جێدەهێڵێت.
 لىَ گرنگە پرسیار بكەین، تاچەند راگەیاندنی كوردی توانیوویەتی لەپشت دەرخستنی هەواڵ، فشار بخاتە سەر حكومەت و رێكخراوەكانی تایبەت بە ئافرەتان بۆ ئەوەى چالاكتر كار بۆ بنبڕكردنی ئەو توندوتیژییە بكەن؟ لەكاتێكدا ئەو دیاردەیە نەك هەر كەم نەبۆتەوە، بەڵكو بە رێژەیەكی زیاتر رووی لە لادىَ و شارۆچكەكان كردووە. ئایا هۆكارەكانی چین؟ چۆن مامەڵەى لەگەڵ بكرێت؟ ئایا بەتەنها بڵاوكردنەوەى ئەو كۆهەواڵانەى كە رۆژانە لێرەو لەوىَ لە مەڕ خۆكوشتنی ئافرەتان لە رووپەڕی رۆژنامە و سایتەكانی هەواڵ و  كەناڵەكانی دیكەى راگەیاندن دەیبینین، بێ بەدواداچوون و دەرخستنی هۆكار و بیركردنەوەى جدی و فكرى بۆ ریفۆرم، چ ئیزافەیەك دەخاتە سەر بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە؟ ئەگەر بەتەنها وروژاندن و هاندانی لێنەكەوێتەوە. بەڕای من بەشێكی لە غیابی وشیاری و درك نەكردنی كەناڵەكەوەیە لە ترسناكی بڵاوكردنەوەى هەواڵەكە وەك خۆی و لە دیوێكی تریش پەیوەندی بە ناپیشەیی و نا بەرپرسیاریەتی خودی كەناڵەكەوە هەیە لە چارەسەركردنی هەواڵەكە،  كە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت بەشێكی زۆری كەناڵەكانی راگەیاندنی كوردی دركیان بە ترسناكیەكەى نەكردووە.

 r_ragaz@yahoo.com
 
 به‌شی یه‌که‌م

به‌شی دووه‌م

به‌شی سێیه‌م

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.