Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
لە ماڵى گۆشەگیریدا*….. نورى بێخاڵى

لە ماڵى گۆشەگیریدا*….. نورى بێخاڵى

Closed
by July 14, 2008 گشتی

  -1-
 تەنها شتێك بە خودا ئاشنامان بكاتەوە گومانە، تاكە پردێكیش بمانبانتەوە ئامێزى ئیمان پرسیاركردنە، ئەو پرۆسەیەش بەندە بە وزە و كرانەوەى عەقڵ و راددەى ئازادیمان، چونكە بەبىَ ئەو توانستە عەقڵى و ئازادییەى خود، ئەستەمە واعیزەكان بتوانن بە خودا ئاشنامان بكەنەوە و رۆشنایى ئیمان بخەنەوە ناخمان.
 خودا بۆ خۆى وا لە سەر زەمینى ئازادى بیركردنەوەماندایە و ئیمانیش لە سووچى رۆحماندا گیرساوەتەوە، ئیدى نە كاهینەكان دەتوانن بمانبەنەوە سەر سفرەى حەقیقەت و نە وەعزەكانیشیان چێژى ئیمانمان پێدەبەخشن، بۆیە ئاساییە حیكمەتێك شك نەبەین لەوەى گوێڕایەڵ و سوپاسگوزراى ئەو دەجالانە بین: كە خۆیانمان لە بەرگى فریشتە و وەك نمایندەى خودا نیشان دەدەن و ئیمانیشمان بەسەر پشتى بەرماڵ و لەناو پێچى عەمامە و تاڵەكانى ریشیاندا بەدیارى بۆ دێنن، لەبەر ئەوەى (فیختە) وتەنى "سیستمى زیندووى ئەخلاقى و كاریگەر بریتییە لە خودى خودا، ئێمەش جگە لەو باوەڕە پێویستیمان بە هیچ باوەڕێكى دیكە نییە، لە عەقڵدا شتێك نییە وامان لێبكات لەو سیستمە ئەخلاقییە دەربچین، كە هەموو گەردوونى بەدەستەوە گرتووە".
 
 -2-
 سەیرە! راهاتن هێزى مرۆبوونى لىَ زەوت كردووین، ملكەچى و قایلبوون بە خولانەوە لە بازنەى داخراوى عورفدا بڕستى ژیان و نوێبوونەوەى لىَ بڕیووین، نوچدان لەبەردەم نەریتى باودا بەهاى خودبوون و ئازادى كوشتووین، كەچى نە بوێرى راپسكانمان هەیە لە تەوقى شەرم، نە تواناى تەكانیشمان هەیە بۆ گەیشتن بە كەنارەكانى گۆڕان، بۆیە ناچار بەو هەناسەى مەمرە و مەژییە شەو و رۆژ گرىَ دەدەینەوە.
 بێگومان كە هێزى تەكاندان و تواناى پڕكردنەوەى بۆشاییەكانى رۆحى خۆمان نییە، كە ناوێرین بە چاوى شوبهەتەوە بڕوانینە داب و نەریتەكان، كە بىَ چەند و چوون ئامادەیى ژیانێكى كۆیلەتیمان لەساى ئەو تابۆ و تەوتەمانە هەیە، ئاساییە ئەفراندن بە دونیاى بیركردنەوەى ئێمە نامۆ بێت و زمانى نووسین و ئاخاوتنمان تواناى داهێنانى نەبێت، وەك ئەوەى ئاساییە كە بوون و مەرگمان بىَ كاردانەوەیەك بەردەوامى هەبێت.
 لە كاتێكدا (نیتشە) دەڵىَ "هەندىَ كەس لە پاش مردنیان لە دایك دەبن"، كەچى ئێمە نەك هەر مردووەكانمان، بگرە زیندووەكانیشمان بە مردوویى لە دایك بوونە و دەبن، جا چش لە مردووەكانمان، هەر ئەوەیشە وادەكات سەرگەردان بە بازاڕى ژیاندا گوزەر بكەین و خەمى سبەینىَ و نەوەكانمان لە نوكتەیەك بترازىَ شتێكى تر نەبێت و چراكانى هیوامان لە نێو كاسە سەردا كوژاندۆتەوە و بۆ جارێكیش ئازایەتى (بۆدلێر) نادەینە بەرخۆمان و هەر هیچ نەبێت بڵێین "من خۆم دەكوژم و باكم بە ژیانیش نییە، خۆم دەكوژم چونكە تواناى ژیانم نەماوە، بێزار و ماندووم لەوەى هەموو شەوىَ بنووم و سبەینىَ لە خەو هەستم و بە راستى لەو عادەتە بێزار بووم. من دەمەوىَ یەك جار و بۆ هەتا هەتایە بنووم. خۆم دەكوژم چونكە باوەڕم وایە من نەمرم و تەژیم لە هیوا و ئومێد".
 
 – 3-
 ئێمە نە ئەوینمان كردووە و نە لێى تێدەگەین، چونكە ئەوین راو ناكرىَ و ئەو نێچیرە سەرەڕۆیە نییە بكەوێتە كەمین..ئەوین میوانى چاوەڕوانییەكان نییە و خۆى رادەستى ئەوانە ناكات، كە بەدوایدا راكە راكە و هەناسە بڕكێیانە، بەڵكو ئەو خۆى و لەوپەڕى خافڵگیرى ئێمە و لەپڕێكدا سەر بەماڵى رۆحماندا دەكات..ئەو بەبىَ ئەوەى ئاگامان لێى بێت دێتە ژوان و پڕمان دەكات لە نەشئە، بۆیەشە كە بەڕاستى دێت بەرگەگرتنى ئەستەمە، هەر ئەو نهێنییەى ئەوینیشە، كە دواجار وا لە (ئەراگۆن) دەكات لە ئاستى (ئیلزا)ى مەعشوقیدا بڵىَ "بۆ مرۆ ئاسانترە بمرىَ، وەك لەوەى خۆشەویستى بكات".
 ئەوینى راستەقینە ئەوەیە كە لە ناكاو و لە دەرەوەى ئیرادەى ئێمە و بەبىَ مۆڵەت لە دەرگامان دەدات و بەبىَ گفتوگۆ و پرسیار ناچار بە خۆبەدەستەوەدانمان دەكات..ئەوینێك خۆى ناچار بە ژوانمان دەكات و ویستى نەگریسى شەهوەتمان تیادا بەتاڵ دەكاتەوە..ئەوینێك لە تەنیاییدا سەبوورى و لە یەئسدا هیوا و لە بێبەشیدا دڵنەواییمان پێدەبەخشىَ..ئەوینێك لە ئاست بچووكترین چێژى ژیاندا گەورەترین بڕواى بەخشندەیى و قوربانیدان و حەزى مەرگمان لە پێناو ئەوى دیكەدا پێدەبەخشىَ..ئەوینێك كە لە قەسیدەیەكى (پۆل ئێلوار)دا بۆ (گالا)ى خۆشەویستى وا خۆى پێناسە دەكات:
 "ئارەزوویەكى كەمم لە ژیان پێدەبەخشىَ
 ئارەزوویەكى زۆریش بۆ مەرگ".
 *ئەو نووسینە بەرهەمى دواى خوێندنەوەى پەرتووكى (لە نێوان بلیمەتى و شێتى دا)یە، كە (نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد) كردوویەتیە كوردى.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.