خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ په‌رتووکی (The Shock Doctrine)
II.
کلاین، له به‌شی دووه‌می په‌رتووکه‌که‌یدا، به‌ناوی یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه، باس له چیلی و پینۆشێت ده‌کات. بێگومان هاتنی «سلفادۆر ئه‌لێندی» بۆ سه‌ر حوکم به پرۆسێسی هه‌ڵبژاردن، گرتنه‌به‌ری ڕێگای سێهه‌م، گۆڕینی باری ژیانی خه‌ڵك به نه‌هێڵانی بێ‌کاری و هه‌رزانکردنی پێداویستییه‌کانی ژیان و کارئاساکردنی باوکان و دایکان له ناردنی منداڵانیان بۆ به‌رخوێندن و چاره‌سه‌ری خۆڕایی و بهکارهێنانهكانی ده‌سگه خزمه‌تگوزارییه‌کان به خۆڕایی یا به پاره‌یه‌کی که‌م و …هتد، ترسێکی زۆری خسته دڵی «ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریکا»وه، به تایبه‌ت له کاتێكدا که ئه‌وان ماوه‌یه‌ك بوو جێ پێی خۆیان له‌وێ کردبووه‌وه، زیاتر له‌وه‌ش ده‌ترسان، که چیلی ببێته نموونه‌یه‌کی زیندوو و سه‌رکه‌وتوو بۆ وڵاته‌کانی تری ئه‌مه‌ریکای لاتین، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی «نیکسن» به‌تایبه‌ت «هێنری کیسه‌نجه‌ر» به هاریکاری له‌گه‌ڵ (CIA)دا که‌وتنه هه‌وڵی له‌ناوبردنی «ئه‌لێندی»، بڕوانه نامه‌کی کیسهبجهر بۆ سه‌رۆك نیکسن؛ "نموونه‌ی سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی حکومه‌تی مارکسیستی له «چیلی»، به‌دڵنیاییه‌وه کاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه و هه‌تا پێشتریش بایه‌خی خۆی له سه‌ر باقی به‌شه‌کانی تری جیهان به‌تایبه‌ت ئیسپانیا هه‌بووه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م لاساییکردنه‌وه له شوێنه‌كانی تردا له‌لایه‌ن خۆیه‌وه به ئاشکرا کاردانه‌وه‌ی خۆی له سه‌ر باڵانسی جیهان و مه‌وقیعی ئێمه تیایدا هه‌یه" ل451. ئه‌وه بوو سه‌رئه‌نجام حوکمی «ئه‌لێندی»یان ڕوخاند. کاتێك که هێڕشی ده‌بابه‌کان و هێزی سه‌ربازی چوونه سه‌ر کۆشکی کۆماری و گه‌مارۆیان دا، «ئه‌لێندی» ده‌یزانی سات و ده‌قه‌ی کۆتاییه‌تی، به‌ده‌م به‌رگریکردنه‌وه له ڕێگه‌ی ڕادیۆوه، دوا وته‌ی خۆی بۆ خه‌ڵکی چیلی ڕاگه‌یاند و وتی "من دڵنیام ئه‌و تۆوه‌ی که چاندوومانه له به‌هاری هوشیاری و مێژووی هه‌زاران هه‌زار «چیلی»دا ، ناتوانرێت به ته‌واوی له ڕه‌گه‌وه ده‌ربهێنرێت …… ئه‌وان هێزیان هه‌یه، ده‌توانن ملکه‌چی خۆیانمان بکه‌ن، به‌ڵام ناتوانن پرۆسێسی پێشه‌وه‌چوونی کۆمه‌ڵگه چ به تاوان و چ به زۆرداری ڕاگرن. مێژوو هی ئێمه‌یه و خه‌ڵك ده‌توانێت دروستی بکات" ل103. ئیدی "پینۆشێت به بڕوایه‌کی گه‌وره‌وه دوای یاسا و ڕوڵه‌کانی قوتابخانه‌ی شیکاگۆ که‌وت و هه‌ندێك له موڵکه‌کانی ده‌وڵه‌ت یا ئه‌وه‌ی که سه‌ر به ده‌وڵه‌ت بوو، کردنی به موڵکی تایبه‌تی له‌وانه زۆربه‌ی کۆمپانیاکان و چه‌ند بانکێك، هه‌روه‌ها ڕێگه‌شی دا که فۆرمێکی نوێ بۆ بۆرسه‌ی مالی دابنرێت، سنووری بۆ هاوردنی شتومه‌ك له ده‌ره‌وه کرده‌وه، ئه‌و شورهیهی ڕوخاند، که ماوه‌یه‌کی درێژ بوو، پارێزگاری له کارگه و کۆمپانییه‌کانی خودی چیلی ده‌کرد، له سه‌دا 10% پاره‌ی له خه‌رجی داموده‌سگه و کاروباره خزمه‌تگوزارییه‌کاندا که‌مکرده‌وه. به‌ڵام هه‌زێنه‌ی بۆ بواری میلیته‌ری زیادکرد، هه‌روه‌ها کۆنترۆڵی نرخی نه‌هێشت، بۆیه نرخی پێداویستییه‌کانی ژیان به ئاره‌زووی فرۆشیاره‌کان و بازاڕ چووه سه‌ره‌وه، له‌وانه نان و ڕۆن و شه‌کر و چاو…. هتد" ل79 .. له کاتێكدا له سه‌رده‌می «ئه‌لێندی»دا نان و شیر و هاتوچۆ بۆ سه‌ر کار له سه‌دا 17% مووچه‌ی خه‌ڵکی ده‌برد، به‌ڵام له سه‌رده‌می پینۆشێت دا له سه‌دا 74 ی مووچه هه‌ر به ته‌نها بۆ نان ده‌ڕۆیشت. هه‌ر له‌و کاته‌دا قه‌رزی چیلی چووه 14 ملیارد دۆلار. پینۆشێت که‌وته به‌رده‌م دووڕیانێك (دوو هه‌ڵبژێر)؛ یه‌کامیان، به‌رده‌وامیدان به‌و ڕامیارییه‌ی که له سه‌ری ده‌ڕۆیشت یاخود گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌لێندی. پینۆشێت ڕێگه‌ی دووه‌می هه‌ڵبژارد و زۆربه‌ی کۆمپانیاکان، که کاتی خۆی کردبوونی به که‌رتی تایبه‌تی، هه‌مووی کردنه‌وه به موڵکی ده‌وڵه‌ت و زۆربه‌ی کوڕانی «شیکاگۆ»شی له فه‌رمانه‌كانیان ده‌رکرد؛ له‌وانه «دی کاسترۆ»، که سه‌رۆكی لیژنه‌ی ڕاوێژکاری ئابووری چیلی بوو له هه‌مان کاتیش‌دا ڕاوێژکاری پینۆشێت خۆیشی بوو.
له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی که ئابووری چیلی له هه‌ره‌سی ته‌واو پاراست، ئه‌وه بوو که پینۆشێت قه‌ت کۆمپانیای کۆ دیلکۆی چیلی ( Codelco, the state copper mine company ) نه‌كرد به که‌رتی تایبه‌تی ئه‌م کۆمپانیایه له‌سه‌رده‌ستی «ئه‌لێندی»دا کرابووه موڵکی ده‌وڵه‌ت، ئه‌م کۆمپانیه، کۆمپانیای کانهكانی به‌رهه‌مهێنانی نوحاس که له سه‌دا 85% داهاتی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی چیلی پێکده‌هێنا.
وه‌کو «کلاین» باسی ده‌کات "ئه‌و شه‌ڕه‌ی که وا باس ده‌کرا، که شه‌ڕی ده‌وڵه‌مه‌ندان بوو دژی خه‌ڵکانی هه‌ژار و چین و توێژه ناوهنجییهکان "، بارودۆخێکی زۆر خراپی له «چیلی»دا خولقاند، که له ساڵی 1988دا ئابووری تۆزێك به خۆیدا هاته‌وه، هێشتا 45% خه‌ڵکی ژیانیان له ژێر هێڵی برسییهتییهوهه بوو، له‌و لاشه‌وه 10% ده‌وڵه‌مه‌ندانی چیلی، داهاتیان به ڕێژه‌ی 83% چووه سه‌ره‌وه. ته‌نانه‌ت له ساڵی 2007یشدا چیلی به یه‌کێك له کۆمه‌ڵگه هه‌ره نابهرابهرهکانی جیهان داده‌نرا و له‌و بواره‌دا له نێوان 123 وڵات‌دا، چیلی له پله‌ی 116دا خۆی ده‌بینێته‌وه، که له لیسته‌که‌دا، هه‌شته‌م وڵاتی نایه‌کسانی بوو. ئه‌مه له‌کاتێكدا، که پینۆشێت به لانیکه‌مه‌وه خۆی 125 حسابی بانکی له‌ژێر ناوی جیاجیادا بۆ خۆی و خێزانه‌كه‌ی هه‌بووه، بۆ ئه‌م ئامارانه‌ی سه‌ره‌وه بڕوانه ل85 و 86.
III.
ئه‌م بار‌و دۆخه ته‌نها له چیلی دا نه بوو به‌ڵکو له بۆلیڤیا و «ئه‌رجه‌نتین»یش که ده‌ستی ریفۆرمیان له‌سه‌ر ده‌ستی کوڕگه‌لی شیکاگۆدا گهیشتبویێ، له ئارادابوو. له بۆلیڤیا که سه‌رچاوه‌ی ژیانی به‌شی زۆری خه‌ڵکه‌که‌ی (کۆکا)یه که (کۆکاین)ی لێ دروست ده‌که‌ن، داهاتیی کۆکاین له‌وێ زیاتر له نیوه‌ی داهاتی وڵات پێکده‌هێنێت. به‌ڵام له ساڵی 1984 سه‌رۆك «ڕێگن» به یارمه‌تی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌وکاته‌ی بۆلیڤیا هێڕشی کرده سه‌ر کێڵگه‌کانی کۆکاین و كێڵگه‌وانه‌كان، بۆ وێرانکردنی داهاتیان، که ئه‌مه‌ش بارێکی خراپی له‌وێدا خولقاند. دواتریش که سه‌رۆك «باز» به هه‌ڵبژاردنی دیمۆکراتیانه هاته سه‌ر حوکم، که ماوه‌یه‌کی زۆر بوو فهرمانڕهواهکانی پێش خۆی له ڕێگای کوده‌تاوه هاتبوون، به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیکالی هه‌بوو له چاککردنی باری ژیانی خه‌ڵکدا به نه‌هێڵانی بێ‌کاری، کۆنترۆڵی نرخ و دابه‌زینی، به ده‌وڵه‌تیکردنی به‌شێکی کۆمپانیا تایبه‌تییه‌کان، دابه‌شکردنی زهویو زار، دابه‌زاندنی هه‌ڵئاوسانی پاره. به‌ڵام هه‌ر به‌هاتنه سه‌ر حوکمی له هه‌موو به‌ڵینه‌كانی په‌شیمان بووه‌وه. و سه‌رۆكی پێشوی بۆلیڤیا «كۆنزالۆ سه‌نچیز دی لۆزاده»، که له بۆلیڤیا به کۆنی به‌ناوبانگ بوو، کرده سه‌رۆكی لیژنه ئابووریه‌که‌ی. ئه‌م کابرایه زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده ماوه‌یه‌کی زۆر له ئه‌مه‌ریکا ژیاوه، له گه‌ڵ لیژنه‌كه‌دا بۆ ماوه‌ی 17 ڕۆژ به‌بێ ئاگاداری په‌ڕله‌مان له داڕشتن و کاکڵهکردنی به‌رنامه ئابووریه‌که‌دا بوون، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ش به سوودی خه‌ڵکه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی ئه‌وێ و بانکی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریکا ته‌واو بوو، دوای 17 ڕۆژه‌که بۆ ده‌نگ له‌سه‌ر دان بردیانه كۆنگریسه‌وه. بێ مشتومڕکردن له سه‌ری به زۆر به سه‌ر خه ڵکدا سه‌پێنرا. زۆر له ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان ڕازی نه‌بوون و ده‌ستیان له‌کار کێشایه‌وه. چونکه به‌رنامه‌که له‌بری باشکردنی ژیانی خه‌ڵك، بگره خراپتری ده‌کرد. بۆیه به‌شداربووانی داڕشتنی به‌رنامه‌که خۆیان زۆر زۆر له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی دژیان، ده‌ترسان. بۆ نموونه «فێرناندۆ پرادۆ» که لاوترین ئه‌ندامی لیژنه‌كه بوو، وتی "هه‌موومان ده‌کوژن"، ئه‌مه پێشبینی ئه‌و بوو. «بێدریگال»یش که دارێژه‌ری یه‌که‌می به‌رنامه‌که بوو، خۆیانی به ڕه‌وتی فرۆکه‌ی جه‌نگی هێڕش به‌ر دهچووان "ئێمه پێویسته وه‌کو فرۆکه‌وانه‌که‌ی هێرۆشیما بین، که کاتێك که بۆمبا ئوتۆمهکهی به‌ردایه خواره‌وه، نه‌یده‌زانی چیده‌کات، به‌ڵام کاتێك دووکه‌ڵی بینی، وتی ئهه ببورن. ئێمه‌ش ده‌بێت ده‌قاو ده‌ق ئه‌وه بکه‌ین، به‌رنامه‌که پێشنیار بکه و بیخهگهڕ دوایش بڵێ ئهه ببورن " ل147 سه‌رۆك «بازا» له ساڵی 2001 دا مرد و ئه‌و نهێنیه‌ی هه ر نه‌درکاند، هۆی چی بوو، که به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی گۆڕی به‌و به‌رنامه ڕادیکالییه.
ئه‌رجه‌نتینیش له‌ژێر بارێکی خراپتردا له سه‌ر ده‌ستی کوڕگه‌لی شیکاگۆ و له ژێر باری قه‌رزی بانکی جیهانی (IMF) ده‌ی ناڵاند. له ساڵی 1976 که «جه‌نه‌تای» سه‌ربازی ده‌ستی به‌سه‌ر حوکم دا گرت له ماوه‌ی ساڵێکدا مووچه 40% نرخی خۆی ونکرد، کارگه‌کان داخران ، هه‌ژاری بڵاو بووه‌وه. پێش ئه‌وه‌ی «جه‌نه‌تا» ده‌ست بگرێته سه‌ر حوکم له‌وێ خه‌ڵکانێکی که‌م هه‌بوون، له هه‌ژاریدا بژین، که‌متر له فه‌ره‌نسا و ئه‌مه‌ریکا، ڕێژه‌ی هه‌ژاری ته‌نها 9% بوو، ڕێژه‌ی بێکاریش ته‌نها 4.2% بوو. به‌ڵام له سه‌رده‌می «جه‌نه‌تا»دا ئه‌رجه‌نتین، نیشانه‌ی گه‌شه نه‌كردن و په‌ره‌نه‌سه‌ندنی پێوه دیار بوو. له سه‌رده‌می ئه‌ماندا ”قه‌یرانی قه‌رز" قه‌یرانێکی گه‌وره بوو. "له سه‌ر ده‌ستی ئه‌ماندا، قه‌رز چووه 45 ملیارد دۆلار، له ساڵی 1989 به‌رز بووه‌وه بۆ 65 ملیارد دۆلار …… دوای 6 ساڵ چووه 100 ملیارد" ل159 له ساڵه‌کانی ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکاندا قوتابیانی شیکاگۆ به مه‌رامی خۆیان گه‌یشتن و ئه‌و بارودۆخه‌ی که خولقاندبوویان بۆ دۆکتهرینهكهی مامۆستاکه‌یان فرێدمان، به سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌یان ده‌زانی.
IV.
له چاپته‌ری شه‌شدا "جه‌نگ پاراستی "، باس له گه‌ڕانه‌وه‌ی «فێردریك هه‌ییك» ده‌کات، که له ساڵی 1981 له چیلیی بوو و گه‌ڕایه‌وه، که یه‌کێك بوو له که‌ڵه پیاوانی قوتابخانه‌ی شیکاگۆ. «هه‌ییك» له‌م سه‌فه‌ره‌یدا زۆر موعجیب بوو به پینۆشێت و قوتابیانی شیکاگۆ، هه‌ر له‌و هه‌ڵوێسته‌وه نامه‌یه‌کی بۆ «مارگرێت تاچه‌ر»ی ئه‌و کاته‌ی سه‌رۆك شالیاری به‌ریتانی ده‌نوسێت، له نامه‌که‌دا داوا له «تاچه‌ر» ده‌کات، که نموونه‌ی ئه‌مه‌ریکای لاتینی ببینێت وه‌کو مۆدێلێك بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنی ئابووری به‌ریتانی له «كێنزی»یه‌وه، گه‌ر چی «تاچه‌ر» زۆر موعجیب بوو به مۆدێلی چیلی، به‌ڵام له وه‌ڵامی نامه‌که‌ی «هه‌ییك»دا که له مانگی شووباتی 1982دا نووسرابوو و نامه‌یه‌کی نهێنی بوو، تێیدا نووسیبووی " من دڵنیام که تۆش له‌گه‌ڵمدا هاوڕای، که له هه‌بوونی دامه‌زراوه‌یه‌کی دیمۆکراسی له به‌ریتانیا، پێویست به هه‌بوونی ڕه‌زامه‌ندی له لایه‌ن ده‌سته‌یه‌کی به‌رزه‌وه ده‌کات، چونکه هه‌ندێك له‌وانه‌ی که له چیلی کراون، لێره ملیان پێ‌نادرێت. ڕیفۆرمی ئێمه ده‌بێت له شانی ڕێسا و ده‌ستورمانه‌وه بێت" ل133. که‌چی شه‌ش هه‌فته دوای نووسینی نامه‌که‌ی گۆڕانێکی سه‌یر به سه‌ر ڕای «تاچه‌ر»دا هات، ئه‌وه بوو جه‌نگی فۆکلاندی به‌رپا کرد. ئه‌وه جه‌نگی فۆکلاند بوو، که زه‌مینه‌ی بۆ به‌رنامه شاراوه‌که‌ی «تاچه‌ر» سازکرد، وه‌کو پێشتر باس کرا پڕۆگرامی ڕادیکالی سه‌رمایه‌داری جێبه‌جێ کرد و به‌ریتانیای گۆڕی به خۆرئاوایه‌کی لیبراڵ.
V.
له به‌شی چواره‌م ، له چاپته‌ری نۆدا، کلاین باس له پۆڵۆنیا و چین و قه‌یرانه‌كانیان ده‌کات. له‌م چاپته‌ره‌دا، دێته سه‌ر چین و هه‌ندێك زانیاریمان ده‌داتێ، که بۆ خه‌ڵکانی وه‌کو ئێمه شاراوه بوون.
له ساڵی 1949وه، چین به‌هه‌ق و ناهه‌ق له لایه‌ن سه‌رجه‌می نه‌یاریان و دۆسته‌کانییه‌وه به ڕژێمێکی سوشیالیستی یا کۆمونیستی ناسراوه، بۆیه هه ر له‌وکاته‌وه له‌به‌رده‌م فشاری ئه‌مریکا و یابان و وڵاتانی ئه‌وروپای خۆراوادایه و به‌رده‌وام به دیکتاتۆر ، به‌ڕبه‌ڕیه‌ت، وڵاتێك که مافی مرۆڤی تیادا پێشێل کراوه و به وڵاتێکی داخراو پێناسه کراوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که سه‌رمایه‌داری له لای گرنگ نه‌بووه، پرسی مافی مرۆڤ بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئه‌مان له وڵاتانی وه‌کو چین و سه‌رجه‌می وڵاتانی تری گه‌شه نه‌كردوو جیاده‌کاته‌وه، شێوه‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤه نه‌ك خودی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. له ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ئه‌وروپای خۆراوادا، ڕه‌نگه خه‌ڵکی له سه‌ر بیروباوه‌ڕی جیاجیا ده‌ستگی نه‌كرێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌ت ڕازی نابێت به ڕودانی خۆپیشاندانێك، که به‌مۆڵه‌تی خۆی نه‌بێت و به هه‌ڵواسینی دروشمێك یا وتنی هیتافێك، که ئاسایش له‌ق بکات و پشێیوی بنێته‌وه، سنوور نه‌به‌زێنێت. له هه‌ر شیوێنێکی ئه‌م وڵاتانه بزوتنه‌وه‌یه‌کی به‌هێزی وه‌کو بزوتنه‌وه‌ی کۆنی کوردی سه‌ر هه‌ڵبدات و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تێکه‌وه پشتگیری لێ بکرێت، ئه‌وه‌ی که به‌عس به کورد و شیعه‌ی کردوه ئه‌مانیش ده‌یکه‌ن.
ئه‌مان زیاتر به‌ده‌ربه‌ست کرانه‌وه‌ی چینه‌وه بوون یا ڕونترکردنهوهی بازاڕه‌که‌یه‌وه بوون، بۆ کاڵای به‌رهه‌مهێنراوی خۆیان. بۆیه فرمێسكڕشتنیان بۆ نه‌بوونی مافی مرۆڤ، ته‌نها دێوجامه‌یه‌ك بووه بۆ شاردنه‌وه‌ی پلانه شاراوه‌کانیان. خۆ گه‌ر پرسی مافی مرۆڤ و هه‌بوونی دیکتاتۆری بووایه، ئه‌وا له کوشتاره‌که‌ی (تایه‌مه‌ن سکوێر)دا «هێنری کسنجه‌ر»، ئه‌مه‌ی نه‌ده‌ووت "پارت هیچ ههڵبژرێکی تری له به‌رده‌مدا نه‌مابوو، هیچ حکومه‌تێك له جیهاندا مل به‌وه نادات، که گۆڕه‌پانی سه‌ره‌کی پایته‌خته‌که‌ی له‌لایه‌ن ده‌یه‌ها هه‌زار خۆپیشانده‌ره‌وه داگیربکرێت…… له‌به‌ر ئه‌وه سهرکوتکردنهكه بێ گه‌ڕانه‌وه (حه‌تمی) بوو" ل 189.
ئه‌وه‌ی که ڕاگه‌یاندنه‌كانی سه‌رمایه‌داری له سه‌ر کوشتاره‌که‌ی (تایه‌مه‌ن سکوێر) ڕایان گه‌یاند و ڕایده‌گه‌یه‌نێن، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ڕاستییه‌کانه. ئه‌مان وایان ڕاده‌گه‌یاند، که خۆپیشاندانه‌كان و ئیحتیسامهکان دژی ڕژێمی دیکتاتۆری بهناوکۆمونیستی بوون، دژی نه‌بوونی مافی مرۆڤ بوون، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هه‌ر ته‌نها دوای 5 ڕۆژ پاش سهرکوتکردنهكه، «دێنگ شیاوپین» له وتاردانهكهیدا که بۆ گه‌لی چین، ئه‌وه‌ی به ته‌واوی ئاشکرا کرد و وتی " ئه‌وه‌ی که کرا، بۆ پارێزگاریکردن له کۆمۆنیزم نه‌بوو، به‌ڵکو بۆ پارێزگاریکردن بوو له سه‌رمایه‌داری" ل189.
ئه‌مه که «دێنگ» وتی، ڕاستی بوو. چوونکه ده‌وڵه‌تی چین و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی کۆمونیستی بڕیاریان دابوو، که ئیدی ده‌بێت ناوهڕۆك و ڕواڵه‌تی خۆیان بخه‌نه ڕوو، چونکه بڕیار درابوو، که سنووری داخراو ئاوه‌ڵا بکه‌ن، بچنه نێو رێکخراوی بازرگانی جیهانی و ده‌ستیش کرابوو به تایبه‌تیکردنی که‌رته گشتییه‌کان، له‌و لاشه‌وه تامی که‌ڵه‌که‌بوونی پاره و هه‌بوونی مووڵك و خانوو و شتی تر چێژرا بوو. " به پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی 2006، 90% ملیاردلێره‌کانی چین -به پاره‌ی چینی نه‌ك دۆلار- منداڵانی که‌سه باڵاده‌سته‌کانی پارت، بوون" ل 190 .
كه چین ئاوا بڕوات و بییه‌وێت پێبنێته قۆناخێکی تازه‌ی وه‌کو ئێستاوه، بۆ «دێنگ» ڕه‌وا بوو، له 1989دا له‌باره‌ی کوشتاره‌که بڵێت "له وشه‌یه‌کدا، ئه‌مه تاقیکردنه‌وه‌یه‌ك بوو، تێیدادهرچووین"، هه‌روه‌ها درێژه‌ی به قسه‌که‌ی دا و وتی "ڕه‌نگه ئه‌م شته خراپه وامان لێ بکات، که بتوانین ڕیفۆرمهکهمان بکه‌ین و ڕامیاری کردنه‌وه‌ی ده‌رگامان سه‌قامگیرتر بێت، باشتر و هه‌تا خراپتریش بێت….ئێمه هه‌ڵه نه‌بووین. له سه‌ره‌تا بنچینه‌ییه‌که‌دا هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك نییه (له ڕیفۆرمی ئابووریدا)، ئه‌گه‌ر شتێکی هه‌ڵه‌ش هه‌بووبێت، ئه‌وا ئه‌م پرنسپڵانه به ڕێکوپێکی به‌جێنه‌هێنراون" ل189.
3 ساڵ پاش کوشتوبڕهکه، چین بۆ به‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌ی بێگانه به‌ته‌واوی خۆی کرده‌وه. کاتێك که ئه‌م هه‌واڵه نوێیه‌ی بڵاوکرده‌وه، ئه‌وه‌شی بیری گه‌ل (نه‌ته‌وه) خسته‌وه" له کاتی پشێویدا، گه‌ر پێویست بکات ئه‌وه‌ی له‌توانادا بێت بۆ نه‌هێڵان و لابردنی ئه‌و پشێویه‌ی ئاینده، هه‌ر به‌سه‌ر هه‌ڵدانی، ده‌کرێت. حوکمی عورفی یاڕێگهیهکی تووند و تیژتر به‌کار ده‌هێنرێت" لا190 .
«وه‌نگ هیو Wang Hui»، که یه‌کێكه له ڕێکخه‌ره‌کانی ناڕه‌زایه‌تییه‌که‌ی 1989 له ئێستاشدا سه‌رکرده‌ی ڕۆشنبیرانی چینیه، که پێیان ده‌ڵێن "چه‌پی نۆێ" له په‌رتووکه‌که‌ی 2003 دا، که له‌ژێر نه‌زمی نوێی چین ، ده‌ڵێت " خولقاندنی بازاڕی ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگه، سه‌رئه‌نجامی زنجیره‌یه ڕووداوی خۆبه‌خۆیی نین، به‌ڵکو سه‌رئه‌نجامی ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت و توندوتیژیهکهیهتی" .. وه‌نگ هه‌ر له په‌رتووکه‌یدا باس له‌وه ده‌کات، که پرۆتێسته‌کان هه‌ڵقوڵاوی توێژه جیاجیاکانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی چینی بوون، نه‌ك به ته‌نها هی توێژاڵێك له قوتابییه ده‌سته‌بژێره‌کانی زانکۆ، به‌ڵکو کاری هه‌مووان بوو، له کرێکارانی کارگه‌کان، مامۆستاکان و گروپی بزنسهبچوکهکان بوون. ئه‌وه‌ی که داگیرسێنه‌ری گڕی پرۆتێسته‌کان بوو، ناڕهزایییهکی جهماوهریانهیی بوو، به ڕوی گۆڕانکاری ئابووری "شۆڕشگێڕانه"ی دێنگدا، که ئه‌وه‌ش که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه بوو، به‌رزکردنه‌وه‌ی نرخی شتومه‌ك بوو، که بووه هۆی بێ‌کاری و ڕوودانی قه‌یران. به پێی قسه‌ی وه‌نگ " ئه‌م گۆڕانکاریانه بوون به هه‌وێنی بزوێنه‌ری خستنه‌گه‌ڕی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی 1989 "ل187 .
ئه‌وه‌ی که له «چین»دا ڕوی دا، جارێکی تر قسه‌که‌ی «كلاین» ده‌سه‌لمێنیته‌وه، که دیمۆکراسی و بازاڕی ئازاد شان به شانی یه‌ك ناڕۆنه پێشه‌وه و هه‌روه‌هاش بۆ کردنی جۆره ڕیفۆرمێکی ئاوا، ده‌بێت بارودۆخێکی وا له ئارادا بێت، که تاکو خه‌ڵکی گۆڕانکارییه‌کان قبووڵ بکه‌ن.
VI.
له چاپته‌ری دهههمدا، «کلاین» باس له خواروی ئه‌فریکا ده‌کات، کاتێك که مه‌ندێلا Nelson) (Mandela ئازاد بوو و ده‌ست کرا به گفتوگۆ (مفاوه‌زات) له گواستنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه بۆ کۆنگریشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌فریکا (ANC- African National congress). به‌راوردێکی گه‌لێك ورد له نێوان سه‌رده‌می حکومه‌تی نه‌ژادپه‌رست و حکوته‌ته‌که‌ی (ANC) ده‌کات. بێگومان هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌فریکای خواروو سه‌رجه‌می چه‌په‌کانی جیهان، چاوه‌ڕوانیه‌کی جیایان هه‌بوو، وایان پێشبینی ده‌کرد، که هه‌موو هیوا و خواسته‌کان، که ساڵانێکی دوورودرێژ بوو قوربانیان بۆ دابوون، ئیدی له هاتنهدیدان. چ ئه‌وانیش و چ چه‌په‌کانی دنیاش، له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتن که هاتنی (ANC) بۆ سه‌ر حوکم، ته‌نها وه‌ك ڕوخسارێك ده‌بێت، ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ڕاستیی هه‌یه، بزنسمان و کۆمپانیا گه‌وره‌کان و بانکه‌کانن.
گفتوگۆی نێوان (ANC) و حکومه‌تی نه‌ژادپه‌رست، كێشمهکێشێکی گه‌وره بوو له سه‌ر ده‌سه‌ڵات، هه‌رچی «دکتۆر کلارك» و نوێنه‌ره‌که‌ی بوون، ده‌یان ویست که وه‌زاره‌ته گرنگه‌کان له ده‌ستیاندا بمێننه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌شیان له ده‌ست دا، ئه‌وه هه‌وڵی وه‌رگرتنی پۆسته بایاخدارهکانی نێو ده‌سگه بنه‌ڕه‌تییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بده‌ن. هه‌ر له سه‌ره‌تای گفتوگۆکه‌دا نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌یان برده‌وه، که بانکی نێوه‌ندی ده‌بێت له ده‌وڵه‌ت سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵکو ئه‌وه‌شیان به ده‌ست هێنا، که سه‌رۆكی سه‌ره‌کی بانکه‌که هه‌ر ئه‌و که‌سه بێت، که له سایه‌ی ڕژێمی ڕه‌گه‌زپه‌رستیدا سه‌رۆكی بانکه‌که بوو، که ناوی «کریس ستالس Chris stalls» بوو. هه‌ر له ده‌ستدانی بانکی نێوه‌ندی نه‌بوو، به‌ڵکو «دێریك کییس Derek Keyes» وه‌ك سه‌رۆکی ڕێکه‌وتنه گشتییه‌کانی هاتووچۆ و بازرگانی مایه‌وه.
یه‌کێك له به‌نده گرنگه‌کانی ده‌ستوری (ANC، "چاپته‌ری ئازادی یا ڕزگاری بوو"، که باسی له دابه‌شکردنی زه‌وی و زار ده‌کرد و (ANC) که له ئۆپۆزسیۆندا بوو، به‌ڵینی به خه‌ڵکه‌که دابوو، که ڕیفۆرمی زهویو زار بکرێت، به‌ڵام گفتوگۆگهران بڕگه‌یه‌کی تازه‌یان بۆ ده‌ستووره نوێیه‌که زیاد کرد، که پارێزگاری له موڵکیه‌تی تایبه‌تی بکرێت، که‌واته دابه‌شکردنی زه‌وی و زار، بووه کارێکی ئه‌سته‌م.
یارمه‌تیدانی ده‌وڵه‌ت بۆ کهرگهکان له ژێر ده‌ستوری تازه‌دا به هۆی ئه‌وه‌ی که (ANC) ئیمزای بۆ گات (General Agreement on traffics and trade -GATT) کردبوو، قه‌ده‌غه بوو. ئه‌مه‌ش بووه هۆی بێکاریه‌کی زۆر به هۆی داخستنی زۆربه‌ی کارگه‌کان. (ANC) بڕیاری وابوو، که چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی (ئه‌یدز) بۆ که‌سانه‌ی که نه‌خۆشن، به‌خۆڕایی بێت. ئه‌وه‌ش به‌پێی پابه‌ندی مافی موڵکایه‌تی که‌مایه‌تی له‌به‌ر ڕۆشنایی په‌یره‌وی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی (intellectual property rights commitment under WTO – World trade organisation) دا، که بڕگه‌یه‌ك بوو له ده‌ستوری ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی، قه‌ده‌غه بوو. له پرسی دروستکردنی خانووبه‌ره و ده‌سگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیشدا، ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه له ههزێنهدا پاره‌ی وای نییه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که قه‌رزه‌کانی سه‌رده‌می ڕژێمی نه‌ژادپه‌رستیش بووه ماڵ به‌سه‌ریه‌وه و ده‌بێت بیداته‌وه. (ANC) به هۆی نه‌بوونی پاره‌وه، له به‌ڵێنی ڕاکێشانی تۆڕی کاره‌با و لووله‌که‌شی ئاو په‌شیمان بووه‌وه. ئه‌مانه و زۆری تریش، که لیسته‌که تادێت درێژتر ده‌بێته‌وه. ( بۆ ئه‌م زانیارییانه تکایه بڕوانه ل203).
«ڕه‌سول سنیمان Rassool Snyman »، که کابرایه‌کی گه‌لێ چالاکی دژ به ڕژێمی نه‌ژادپه‌رست بوو، به «کلاین»ی وتبوو "ئێمه‌یان ئازاد نه‌كردووه، ته‌نها ئه‌و زنجیره‌که‌ی که ئاڵاندبوویانه گه‌ردنمان، ئێستا کردویانه‌ته ئه‌ژنۆمان" ل 203 .
کلاین، له لاپه‌ڕه 206 دا په‌نجه بۆ ئاماره فه‌ڕمییه‌کان ڕاده‌کێشیت و ده‌ڵێت " پاش ده‌هه‌یه‌ك له حوکمی (ANC) ملیۆنه‌ها که‌س، که پێشتر ئاو و کاره‌بایان هه‌بووه، ئێستا لێیان بڕا. چونکه نه‌یان ده‌توانی پاره‌که‌ی بده‌ن. به‌لانی که‌مه‌وه تا ساڵی 2003، 40% هێڵی ته‌له‌فوونه‌كان ئیشی نه‌ده‌کرد. سه‌باره‌ت به بانکه‌کان و کانهكانی وه‌کو خه‌ڵوز و مس، که مه‌ندێلا به‌ڵێنی دابوو، بیان کاته موڵکی ده‌وڵه‌تی، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌مان ئه‌و 4 پیاوه سپییه (megaconglomerates)دا، مایه‌وه، که له هه‌مان کاتدا کۆنترۆڵی 80% ی بۆرسه‌ی جیهانسبێرگ (Johannesburg)یشیان کردبوو. له ساڵی 2005دا ته‌نها 4% ی ئه‌و کۆمپانیانه‌ی که ناونووس کرابوون، له لایه‌ن خه‌ڵکه ڕه‌شه‌که‌وه کۆنترۆڵ ده‌کران. له ساڵی 2006دا 70%ی زه‌وییه‌کانی خواروی ئه‌فریکا، هێشتا له‌لایه‌ن خه‌ڵکه سپیه‌که‌وه مۆنۆپۆڵی کرابوون، که ته‌نها 10% دانیشتوانی وڵاته‌که‌یان پێکده‌هێنا. لهوهسش ناخۆشتر ئه‌وه بوو، که حکومه‌ته‌که‌ی (ANC) کاتێكی زۆر زیاتری خه‌رج ده‌کرد به نکۆڵیکردن له خراپی بارودۆخی نه‌خۆشی ئه‌یدز، تاکو له دانی ده‌رمانی پاراستنی ژیانی نزیکه‌ی 5 ملیۆن تووشبووی نه‌خۆشی ئه‌یدز به‌رپرسیار نه‌بێت…….. . ڕه‌نگه گه‌ر ئامارێکی کاریگه‌ر بخرێته پێشچاو ئه‌وه بێت، که له ساڵی 1990وه که مه‌ندێلا به‌ندیخانه‌ی به‌جێهێشت بڕی پێشبینیکردنی ته‌مه‌نی ژیانی خه‌ڵکی ئه‌فریکای خواروو 13 ساڵ هاتۆته خواره‌وه" .
(ANC) له گه‌ڵ (کۆمه‌لی کلارك) که ده‌سه‌ڵاتیان له ده‌ستدا بوو، له کاتی پێکهاتن (گفتوگۆکردن)دا له‌سه‌ر پۆسته گرنگه‌کان و کێشه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی تر له مشتومڕێکی گه‌لێك توندوتیژدا بوون ، هه‌ر یه‌که‌یان ستراتیج و تاکتیکی خۆیان هه‌بوو، که له‌به‌رامبه‌ر یه‌کدا به‌رگرییان لێده‌کرد. هه‌رچی ستراتیجیه‌تی (دوکتۆر کلارك) و ده‌سته‌که‌ی بوو پارێزگاریکردن بوو، له مانه‌وه‌یان تاکو ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان بلوێت له ده‌سه‌ڵاتدا بمێننه‌وه، هه‌وڵیان ده‌دا، وڵات دابه‌شکه‌ن به فیدراسیۆنه‌وه و و تاڕاده‌ی هه‌بوونی مافی فیتۆ، زه‌مانه‌تکردنی هێڵانه‌وه‌ی کۆمپانییه گه‌وره تایبه‌تییه‌کان و نه‌كردنیان به که‌رتی ده‌وڵه‌تی ، مانه‌وه‌ی زهویو زاره گه‌وره‌کان له ده‌ستیاندا و دابه‌ش نه‌كردنیان، بایه‌خی زۆریان به پارته بچوکه‌کان ده‌دا. به کورتیه‌که‌ی وه‌کو مه‌ندێلا وتی " پارتی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌وڵی ئه‌وه‌یانه که ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری سپیه‌کان بهێڵنه‌وه، به‌ڵام به‌ڕه‌زامه‌ندی خۆمان".
گه‌رچی (ANC) به ملێونه‌ها خه‌ڵکی به‌ده‌سته‌وه بوو و ملێوێنههای تریش پشتگیریان لێده‌کرد، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام له زۆربه‌ی خاڵه بنه‌ڕه‌تییه‌کانیاندا پاشه‌کشه‌یان کرد؛ بۆ نموونه له به‌ده‌ستهێنانی بانکی نێوه‌ندیدا، که له‌وێ پێی ده‌وترا (بانکی پاشه‌که‌وت The reserve Bank) که توانرا له ده‌وڵه‌ت جیابکرێته‌وه، واته له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا نه‌ما و ئیدی که‌وته ژێر ڕکێفی سندوقی بانکی نێوده‌وڵه‌تی و بۆرسه‌ی «جیهانسبێرگ»ه‌وه و هه‌ر هه‌مان که‌سان، که کاتی خۆی به‌ڕێوه‌یان ده‌برد له به‌ڕێوه بردنیدا مانه‌وه.
ئه‌و شتانه‌ی سه‌ره‌وه، هه‌ر له پرسی پاراستن و هێڵانه‌وه‌ی کارگه و کۆمپانیا گه‌وره‌کاندا، که کراون به‌موڵکی تایبه‌تی، له‌وه‌ی ده‌کرد، که له گه‌ڵ به‌رنامه و ده‌ستوروی (ANC)دا جووت بێت. چونکه له چاوپێکه‌وتنێکی «مه‌ندێلا»دا، که له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه کراوه، ده‌ڵێت " له ڕامیاری ئابووریماندا تاکه نیشانه‌یه‌ك له کردنی که‌رته تایبه‌تییه‌کان به که‌رتی ده‌وڵه‌تی، نییه". ئه‌مه‌ش به‌ڕێکه‌وت نه‌بووه" مه‌ندێلا درێژه‌ی به‌قسه‌کانی ده‌داو ده‌ڵێت " تاکه دروشمێك نییه، که ئێمه به ئایدیۆلۆجی مارکسیستییه‌وه پهیوهستکاتهوه" بڵاوکراوه‌ی دارایی (The Financial press) هانی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م لێدوانه‌ی دا " گه‌رچی (ANC) هێشتا باڵێکی چه‌پی به‌هێزی تیاییه، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌م و قسه‌ی مه‌ندێلا له‌م ڕۆژانه‌دا زیاتر له هی (مسس تاچه‌ر) ده‌چێت تاکو سوشیالیستێکی شۆڕشگێر، که وا ده‌زانرا" ل208.
مه‌ندێلا و سه‌رکرده‌کانی (ANC) ئه‌وه‌نده به‌لایانه‌وه گرنگ بوو، که دڵی کۆمپانییه‌کان ڕاگیرێت، نه‌کا بارگه‌وبنه بپێچنه‌وه و وڵات بهجێبهێڵن، نه‌ك هه‌ر نه‌یانکردن به که‌رتی ده‌وڵه‌تی، بگره نه‌یان توانی به‌ڕاده‌یه‌کی زۆرکه‌میش زیاده باجیك بخه‌نه سه‌ریان. ئه‌وه بوو، که له کاتی پێکهاتن و ئاشتبوونه‌وه‌که‌دا که بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لیژنه‌یه‌ك دروست بوو بوو، بڕیارێکیان ده‌رکرد که 01% باجی کۆمپانییه‌کان به‌ناوی "باجی سۆڵیدارێتی"یه‌وه بۆ یارمه‌تی قوربانییه‌کان ته‌رخان بکرێت، که‌چی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت مێبێکی (Thabo Mvuyelwa Mbeki)، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی که ئه‌مه "مه‌سیجی دژه کۆمپانییه" ده‌نێرێته بازاڕه‌وه، ئه‌م پێشنیازه‌ی ڕه‌تکرده‌وه، له به‌ر ئه‌وه وتی بزنس به‌رپرسیار نییه.
درێژه‌ی هه‌یه…..