Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجى لە تەوەرى نوسینو خوێندنەوەدا

عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجى لە تەوەرى نوسینو خوێندنەوەدا

Closed
by July 20, 2008 گشتی

 ئەمڕۆ نێوەندى روناکبیرى کوردى لەکۆمیدیایەکدا ژیان دەکات، بەدەست دەردێکەوە دەناڵێنێت کەدەتوانین بەپەتاى نەخوێندنەوە ناوزەدى بکەین! دەیان روژنامەى زەردء سەدان کتێبى هیچ لەبازاڕدا بەرچاودەکەون، دەزگاگەلێکى چاپء پەخش لەم هەرێمە بچوکەى ئێمەدا دەبینرێن کەبەزەحمەت لە بیۆگرافیاکانیاندا کتێبێک، تەنها یەک کتێبى چاک دەدۆزیتەوە، ئەگەر بەختت هەبێت.
رۆژنامەى هەرزان، نوسەرانى سادەگۆء پیشەیى، روشنبیرى موزەیەفء بەناو روناکبیرى بێئاگا لەدونیا، دەسەڵاتێکى سیاسى بێخەمء بێخەبەر، لە زەمینە سازیەکانى ئەم نەخۆشیەن… ئەمڕۆ لەلاى ئێمە تاڕادەیەک هاوکێشەى نوسەرو خوێنەر لەپێچەوانەبونەوەدان، خوێنەرانێکمان لە ئاستێکدا هەن کەلێناگەڕێن هەموو شتێک بەسەریاندا تێپەڕێت، لەحاڵێکى وادا دەبێت نوسەرى ئێمە حسابێکى جدى تر لەدەیەکانى پێشوو بۆ خوێنەر بکات.
ئێمە لێرەدا لەبارەى گرنگى خوێندنەوەء ئاشنابوون بە کتێبء کلتور، وەک دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەى پێگەى خۆمان جارێک وەک مرۆڤء جارێک وەک نەتەوە، لەمەڕ بەهەند وەرگرتنى مەعریفە وەک مەرجى یەکەم لەپرۆسەى نوسیندا، ئیشى ئیلهامء رۆڵى مەعریفە لەبەرهەم هێنانى دەقدا، لەمەڕ ئەو پاشا گەردانیەى رۆژنامەوانىء رۆشنبیرى کوردى، دەستەیەک روناکبیرء نوسەرى جدیمان لەم تەوەرەدا کۆکردەوەء لەم پرسیارەدا پەیامى خۆمان کورتکردەوە:
 
لەکاتێکدا تێکستە گەورەکانى دونیا زادەى مەعریفەن نەک ئیلهام، کەچى نووسەرى ئێمە کەم دەخوێنێتەوەو زۆر دەنووسێت! نووسینى دواى ئەم هەموو نەخوێندنەوەیە رۆشنبیریى کوردىء بەتایبەتیش ئەدەبیات بەرەو سادەگۆیىء هیچ نەوتن نابات؟

عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجى:

سادەگۆیى ئەوەندە ئیلهامى گەرەکە ئەوەندە مەعریفەى گەرەک نییە دیدو روئیاى گەرەک نییە، نوسینى وەها زادەى ساتێکە نە ئاوڕ لە دواوە ئەداو نە ئاوڕ لە ئایندەء لەگەڵ حازریشا قوڵنابێتەوە

ئەتوانین ئەم تەوەرە دابەشبکەینء بیکەین بەچەند لقێکەوە، هەرچەندە هەمویشیان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە چونکە کێشەیەکى رۆشنبیرى ئەیانلکێنێتەوە بەیەکەوە.
راستە چاپەمەنىء دەزگاى بڵاوکردنەوە زۆربون، دەزگاى حکومىء رەسمىء دەزگاى ئەهلى، هەندێکیان کەوتونەتە بازرگانیکردن. رەواج بە کتێبى وەها ئەدەن کە لاى نەتەوەکان خۆیان ئەرزشێکى وەهایان نییە.
من کە سەردانى کتێبخانەکان ئەکەم چیرۆکء رۆمانى فارسى وەهام بەرچاو ئەکەوآ لاى ئێرانییەکان خۆیان هیچ بایەخێکیان پێنادرآء حسابیان بۆ ناکرآ. وەک ئەوەى بکەوێتە لیستى لێکۆڵینەوەو بایەخدانى رەخنەگرانء نوسەرانەوە، کەچى ئەوانە ئەکرێن بەکوردىء بڵاوئەبنەوەو زۆریشیان لێئەفرۆشرآء بگرە نۆبەى چاپیان دەگاتە حەوتء هەشتء نۆ. نمونەیەکت بۆ ئەگێڕمەوە، ساڵى 1975 کە لە ئێران گەڕامەوە کۆمەڵێک کتێبى فارسیم لە تەک خۆما هێنا، یەکێک لەوانە ڕۆمانێکى ئاسایى بوو، من بۆ زمانەکەى سودم لێبینى. لە ئێران حەفدەجار چاپکرابووەوە. باوەڕ بکە گێڕانەوەیەکى ئاسایىء روداوى خۆشەویستى ئاسایى بوو.
لەم ساڵانەدا لەسەر شۆستەکان بینیم کرابوو بە کوردىء نۆبەى چاپەکەیشى گەیشتبووە هەشت. ئەم ڕۆمانە لە ئێراندا هیچ نرخێکى نییە، مەبەستم لەنرخ ئەوەیە کە لەسەر ئاستى راستەقینەو رەخنەو لێکۆڵینەوە بەهیچ شێوەیەک باسناکرآ.
دەیەها کتێبم لەسەر ڕءمانءچیرۆکى ئێرانى خوێندۆتەوە هیچیان ئاماژەیەکیان تیا نییە بۆ ئەم ڕۆمانە. کەچى لا لە رۆمانە چاکەکانى ئێران ناکرێتەوەء نایەن نمونە چاکەکان وەربگێڕن.
خۆ هەندێک رۆمانى ئێرانى چاک کراون بە کوردى بەڵام فرۆشیان نییە. دیاردەیەکى وەها پەیوەندى بەسآ شتەوە هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کەسێک وەرناگیرێت کە بە ماناى وشە وەرگێڕ بێتء کردبێتى بە پیشە کەسانێک هەر ئەوەیە زمانى فارسى ئەزاننء بەڕێکەوت لەو نمونە لاوازەى سەرەوە کە باسمکرد، ئەخوێننەوەو ئینجا ئەبینآ دەرگاکان واڵان دێت ئەیکات بەکوردى. ئەمانە نابن بە وەرگێڕ، چونکە وەرگێڕ هەر ئەوە نییە زمانەکە بزانێتء بەس بەڵکو ئەو کەسەیە کە ڕۆشنبیرەء رادەى بیرکردنەوەى وا دەکات حیسى رەخنەیى لا درستببێتء بۆ مەسەلەى هەڵبژاردن چاکء خراپ جیا بکاتەوە. ئینجا دێتە سەر دەزگا، ئەبینآ دەزگاکەیش هەر لە ئاستى خۆیایەتى، پاشان نۆبە دێتە سەر خوێنەر، ئەبینین ئەویش کارە خراپەکەى لەوەدا ئەبینرآ کە رەواج بەو نمونانە ئەدات.. ئەوە، ئەفسانە دروستئەکات پێوەرکان تێکئەدات، خراپەکە وا لێئەکات جێگاى کارە باڵاکە بگرێت. ببورە مەبەستم لە هەموو خوێنەرێک نییە. بەڵام وەک چۆن نوسەرى جدى کەمە خوێنەرى جدیش کەمە، ئەم دوانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. کتێبى جدىء چاک کەمە بەڵام هێشتا ئەو خوێنەرەیش کەمە کە تواناى کەشفکردنى هەبێت. دەنگ بدۆزێتەوە بە ئینسافەوە لەلایەن خۆیەوە نوسەر وەک دەنگ، نەک وەک ناو کەشفبکات.
 حیسى رەخنەیىء رۆشنبیریى وەهاى لا هەبآ پێش پروپاگەندە بکەوێت. من هەندآ جار خەم بۆ ئەوانە ئەخۆم یان بەزەیم بەحاڵى ئەو نوسەرە داهێنەرانەدا دێتەوە کە نە دەزگایەک نە نێوەندى ئەدەبى دەربەسە نرخى داهێنانیان بدۆزێتەوە.
هێشتا زۆرى ئەوآ نمونەى ئەوجۆرە خوێنەرانە سەرهەڵبداء زۆر بێت. وتەیەکى رەخنەگرى سعودى عەبدوڵڵا غەزامیم دێتەوە یاد کە ئەڵآء ئەپرسآ: باشە چى ئەبوو ئەگەر جەماوەرى عەرەب دکتاتۆرێکى وەک نزاریان لە رۆشنبیرى عەرەبیا دورستنەکرایە؟
مەبەستى عەبدوڵڵا ئەوەیە کە هەر جەماوەرە بەپێى ئاستء زەوقى خۆى لەڕێگاى کۆمەڵێک نەسەقەوە دکتاتۆر لەناو رۆشنبیریدا ئەسەپێنآ. ڕێگا لە دەرکەوتنى سروشتى کەسە داهێنەرەکانى تر ئەگرآ. هەر جەماوەرى عەرەبە نزار ئەکا بە نمونەى باڵا، بەڵام نمونەى باڵاى وەک ئونسى ئەلحاج پەراوێز ئەخات.
ئیتاعەتى کوێرانەى خوێنەر، بێپرسینەوەو بێوەگەڕخستنى خەیاڵ وا ئەکات کەسێکى وەک نزار زیاتر پەرە بە ئەنساقەکانى خوآ بدات، دەنگە جیاوازەکانى تر ئەو بایەخەیان پێنەدرآ.
رەنگە جۆرێک بێئینسافى بکەین ئەگەر بڵێین دەزگاکانیش هەموو وەک یەکنء کتێبەکانیشیان بەبآ جیاوازى لە یەک شێوەو ئاستان، چونکە هیچ نەبآ، باوەڕناکەم  دەزگایەکى وەک سەردەم یا ئاراسء هەندێکى تریش خاڵیبن لە شتى باشء کتێبى باشیان چاپنەکردبآ. کتێبەکانیان زۆرنء کتێبى زۆرى تیایە، کە رەنگە ئەگەر بەرنامەیەکى تۆکمە دارێژرآء بەباشى کارى بۆ بکرآ، ئەو کاتە پێویست نەکات هەمو کتێبێک چاپبکرآ. بەڵام بۆ شێوە گشتییەکەو حاڵەتە گشتییەکە لەگەڵتام. پێموایە وەزارەتى رۆشنبیرىء چەندین دەزگاى رۆشنبیرى بێپرۆژەن لە کارکردنیانا. ئەمەش لەلایەکەوە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە وەزارەتى رۆشنبیرى بووە بە دەزگایەکى ئیدارى خۆى وەزارەتى رۆشنبیرى بوو بە دەزگاگەلى ئیدارىء زیاتر بۆ ئیدارە ئیشى تیا کرا نەک بۆ ئەنجامدانى ئەرکى رۆشنبیرى ئەوە ئەوکاتە کارەکانى دەوەستن.
یاخود ئەگەر کاربەدەستە باڵاکانى  بوون بەکەسى ئیدارى روت ئەوە ئەو کاتە ڕێگاى پڕ ئەبآ لە مەترسى، یاخود وەزارەتى پەروەردە وایلێهات بەهەمان شێوەى بەسەردآ ئەم جۆرە وەزارەتء دەزگایانە پێش ئەوەى ئیدارەبن بریتین لە کارى رۆشنبیرىء زانستى. راوێژکارى رۆشنبیرى، پسپۆرء چەندین پلەى تر ئەبآ رۆشنبیرء بەتوانا بن، ئەبآ بتوانن چوار پرۆژەى رۆشنبیرى دابڕێژن، بزانن کارە رۆشنبیرییەکان بە چ ئاقارێکدا ئەبەن. بەڵام راوێژکارێکى رۆشنبیرییە ئەبینین کارەکەى ئەبێتەوە بە کارى ئیدارى روتء هیچ خەمء بەرهەمێکى رۆشنبیرى نابآ . ئەگەر خەممان هەر لە پێناوى نوسیندا بێت بآ خوێندنەوە ئەوە شتى باش نانوسین. ناشآ نوسینى بێخوێندنەوە بڕ بکاتء هێزى تیا بێت.. ئەوەندە دەربەسى نوسین دێین ئەوەندە بیر لەوە ناکەینەوە بخوێنینەوە. من لەو باوەڕەدام ئەگەر زۆر بخوێنینەوە لە ئاستى نوسینى جیهان تێئەگەینء ئەو کاتە سڵ لە نوسینء زۆر نوسین ئەکەینەوە. حەسرەت بۆ ئەو نوسینە جوانانەى دنیا ئەکێشین هەموو شتێک ناخەینە سەر کاغەز. کە نوسین خوێندنەوەى لە پاڵدا نەبوو شتەکان بەسادەیى دەخەینە روو، خۆمان لە تەنکاو ئەدەین. هەر وایشە ئەمە واقیعى حاڵى رۆشنبیرىء نوسینى کوردییە.
سادەگۆیى ئەوەندە ئیلهامى گەرەکە ئەوەندە مەعریفەى گەرەک نییە. دیدو روئیاى گەرەک نییە، نوسینى وەها زادەى ساتێکە نە ئاوڕ لە دواوە ئەداو نە ئاوڕ لە ئایندەء لەگەڵ حازریشا قوڵنابێتەوە.
بەڵآ زۆر بوونى دەزگا، زۆربوونى رۆژنامە کارێکى سلبى هەیە.
راستە زمانى ئەدەب جیایە لە زمانى رۆژنامە، بەڵام ئەمە بووە بە پاساوێک لە رویەکى خراپەوە ئەخوێنرێتەوە، دەرگاى کردۆتەوە بۆ ئاسانکردنى دیدو بۆچونء بابەتء قسەگێرانەوە. نەخێر رۆژنامە هەر شێوەى دەرکردنى هونەرى نییە، راگەیاندن هەر فێربوونى بەکارهێنانى کامێرا نییە، رۆژنامە رۆشنبیرییە، هەر تەنها ئەوە نییە فێربین چۆن هەواڵێک دائەڕێژینء ئیتر لێخۆرەو بڕۆ.
پەیوەندیمان لەگەڵ کتێبدا کزە. دۆستایەتى لەگەڵ کتێبدا ئاگاداریمان بۆ فراهەمدەکا. نەک تەنها رەخنەو لێکۆڵینەوە کە هەواڵەى سەرچاوەو کتێبى زۆرو جۆراوجۆرمان ئەکات بەڵکو شیعرو چیرۆکیش هەر وەهایە بۆ نوسین. شیعر هەر تەنها زادەى ساتێکى خێرا نییەو دەسى لێبشۆ.
شیعرى وەها هەیە بەزۆر ئەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرچاوەکانى؟ شیعرى وەها هەیە هەواڵەى خوێندنەوەى دەیان رۆمانمان ئەکات.
بەداخەوە ئەو پەیوەندییە لە تەک کتێبدا دروستناکەین. راستە تێربونء موچەى باشء ژیانى خۆش ڕێگایەکە بۆ نزبکبوونەوە لە دنیاى کتێب، بەڵام ئەدیبى وا هەیە کتێبیشى بۆ بکرى نایخوێنێتەوە باوەڕ بکە هەن تاقەتیان نییە ڕۆژنامەیش بخوێننەوە.ئیتر چۆن ئاگامان لە دنیا ئەبآ؟
من لە سەرەوە وتم هەر نوسەرەکە نییە ئەنوسێتء ناخوێنێتەوە، خوێنەریش ئەو خوێنەرە بەئاگایە نییە، ئەوەش زۆرى ئەوآ. بەڵام ئەوەیش ئەڵێم کە خوێنەرەکە زیاتر بەدواى کتێبدا ئەگەڕآ وەک لە نوسەرەکە، ئەمەیش لە ئامادەبونمەوە ئەڵێم لە زۆر پیشانگاى فراواندا. ئەمساڵ ڕۆژانە لە پیشانگاى نێودەوڵەتى کتێبدا بووم کە لە هەولێرو سلێمانى ساز کرا. ئەگەر لەڕۆژى کۆتاییدا پێمبوترایە ئامارێک بکە بۆ ئەو توێژانەى کە سەردانیانکردووە. بێگومان ئەموت چەند نوسەرێکى کەم نەبن، نوسەران سەردانى پێشانگاکەیان نەئەکرد، مامۆستایانى زانکۆ ئامادەییان نەبوو. پێمناڵێى مامۆستاى زانکۆ چۆنچۆنى ئەتوانآ بابەتێک بۆ لێکۆڵینەوى قوتابى هەڵبژێرآ یا چەند سەرچاوەیەکى بۆ دەستنیشانبکات ئەگەر ئاشنایەتى لەگەڵ کتێبا نەبێت؟
خوێنەر ئامادەیى چاکترى هەبوو. ئەمە موفارەقەیەکى سەیرە ئەوەى کە چاوەڕوانە نوسەر زانیارىء چێژى پێببەخشآ لە نوسەرەکە شارەزاترو بەئاگاتر بێت لە دنیاى کتێب!!

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.