Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سەد و یەکشەوە …. سەباح رەنجدەر

سەد و یەکشەوە …. سەباح رەنجدەر

Closed
by January 14, 2008 ئەدەب

        داوا
تکایە ئەم داوایەم لێ وەربگرن
 نازانم چاوم بە بینینى چى
گەرم بکەم و لە پێناو چیدا بمرم
وەلى دێوانە بۆ ئەوەى چاوى
بە بینینى کۆچى خێڵەسات گەرم بێت
پێوستى بە درەختێکى
چوار وەرزە بەردار هەیە
کاروانچی لە سەر گەڵاکانی نان بخۆن

        پەڕەمووچ
کە بەدیع باباجان لە دایک بوو
بۆ ئەوەى خەونبینینى بە هێز بێت
پەڕەمووچ بە سەر لانکیدا ڕژا
شاعیرانى کلاسیک
لە خەونێکیدا کە ئاوى شەوى
پێشکێش بە مێوانەکان دەکرد
خۆیان پێناساند
سەیرانى زۆر و پیاسەى لەگەڵدا کردن
لە ڕووبارى زەڵم
ڕاوەماسى و مەلەکردن بووە خولیایان
قولاب و داویان بەو تریفەیە سپارد
کە لە ناو ئاودا دەمێنێتەوە
کۆمەڵێک یادگاریان
لە گوێچکە ماسى شاردەوە
من ئەو گوێچکە ماسییانەم بینیوەتەوە
یٍادگارییەکانیان
وەک گردێکى ئەفسووناوى
لە ژیاندا دەهێڵمەوە

     واقوڕمان
ئاگر لە دەست و پەنجەى شیرینەوە
مەشخەڵى بەرزبووەوە
وەفایى لە سەر پەیژە
ڕوخسارى رەنگى تێدا مرد
قەڵەمى دەست و پێى شکا
سەرکەوتن و دابەزینى لە بیرچووەوە
خەون بەوەوە دەبینێ
لە سەر پەیژە نەمێنێتەوە
بۆ ئەوەى ئەوە لە بیر خۆى بباتەوە
کە ئاگر کۆچى پێکردووە
شیعرێکى کردە ئازار
     
       پەراسوو
مەولەوى لە گەڕانەوەى رێوڕەسمى
ئیجازەدانى فەقێیەکى
لە سێبەرى قۆزاخەیەکى ئاوریشم
ئەسپە گوێڕایەڵەکەى ئامۆژگارى کرد و خەوت
خودا یەک دوو پەراسووى دەرهێنا و چاندى
ژن و گوێزى هەورامان
بە باى پەڵە وا ناسک و پربِوونە

 سادەبوونەوە
مەوداکان لە شادمانى دیدارى کێ
دەستیان پێکردووە و بۆ کێ جوانن
گۆران هەندێک
نۆکى برژاو و قەلەخەرمان و باوى
خستە گیرفانییەوە و لە پڕمەى گریانی دا
لکى ئاڵۆزى دارمازوو سادەبوونەوە
با سادەیى ببێتە
چاوساغى  کاروان و شادمانى دیدار

     ئاشنایى
بەیانییەکى زیوینە و ئاوى نەمریی بەم و بەو دەدا
هەڵمى نانى گەرمیش
بەختەوەرى خێزان و ڕۆژە
لە ناو گوڵەکاندا چەند ڕستەیەکى شیعرم
بە خەبەر هێنا
لە گەڵیان دانیشتم
دیوانەکەمیان لە باوەش گرت
تیشکى ئەوەى پێوستە بکرێت درەوشایەوە
هەموو بانگ کردنێک بۆ ئاشنابوون بە گوڵ
هى خۆشەویستییە
خۆشەویستى گوڵى لە بیرنەچوونەوە دەڕوێنێ

     ئاوریشم
ئێمە هەموو گۆڕانى زەمین و ئاسمانمان ناسى
کوڵمى پڕ و ئاڵت
کە بەرەو تۆ و دەرگایەکم دەبات
بەسەر زەمین و ئاسماندا کراوەتەوە
لە دەمى باشدواوم نزیک بکەرەوە
گەزەم لە میوە داوە
لە شوێنى ددانم ئاوریشم پەیدا بووە
بۆ جل و بەرگى ئادەم و حەوا
تاج دانێ و چاوم گەرم بکە
چاوەڕوانى بۆ دواى مردن خامۆشییە
گەرمایى هەست و ختووکەى بەهرە و فڕین
دەمى خۆم بە تۆ دەسپێرم
گەرووم شیعرێکى خەمناکى تێدایە
ئەم شیعرە بهێنە ناو دیوان
مانگ دێتە ژوانى زەوى

 دەست
مانگ دەستى خستە ناو دەستم
پەیمانى ڕوانینمان مۆر کرد
قاوەی ئاسوودەیى دواى بڕیارمان خواردەوە
تا پێڵووم خوناوى لێکەوت
بێ پاشماوە ونبوو
دەبێ تا دەرکەوتنێکى دیکە ئۆقرە بگرم
ڕۆبۆت و منداڵ لە ناو گوڵاندا
شۆڕشێک بەرپا دەکەن
دەستەکان وەک دەستى خدرى زیندە
پاک دەکەنەوە و پاشان
چلچرا و ترپەى دڵ
دەکەنە پەیام و بوونى پێ کۆدەکەنەوە

  مەشخەڵ
دەموچاوى ژنى دوو گیان
ئاگاى لە گەشەى گەڵا و گوڵ هەیە
بەهار گەنجینەى گەورە و مەشخەڵى
دەستى دایە زەمینە
مراوى کێوى کە گیرۆدەى ئاوە
حەزى خۆنقومکردن و مەلەوانى نییە
خۆى دەشوات و بە سەرچارۆگەى پاپۆڕ
دەنیشێتەوە و خۆى دەداتە بەر خۆر
هاوەڵى راوچییەکان دەکات
چاوەڕێى کەسێکە
ناونیشانى هەموو کەسێک دەزانێ
 
 کۆشک
پیاوێک بە ناوی نالی چووە
کۆشکی ئەمارەتی بابان
کەس لەوێ نەبوو
لە پێناوى خەونبینینێک مایەوە
سەرى لە ناو پەنجەرەیەک دانا و خەوت
بەیانی وەک هەموو بەیانییە ڕوو لە خێرەکان
زوو لە خەو هەستا
لە سەر گردى بەرانبەر ماڵان
 درەختێکى ڕوواند
بەسالمى گوت زۆربەى ژیانم
لە ڕوواندنى ئە م درەختەدا سەرف کرد
 بەچى دەچێ و دەبێتە چى
کە یاداشتى بزربووى
دوازدە سوارەى مەریوان
لە سَیبەریدا نەدۆزرێتەوە

    پەلە
بەیانى چاوم لە ناو چاکەکارى دەسووڕێتەوە
فریاى سروەى نەرم دەکەوێت
بە ئارەزووی گەرمەوە باسى ژیان
لەگەڵ ئەو هەڵمە دەهێنمە گۆڕێ
لە گوڵەکانى باخچەى ماڵم بۆن دەفڕێنێت
کەس هێندەى هەڵم
هەڵپە و پەلەی نییە بۆ بەرزبوونەوە
خودا ئاسمانى پڕ کردووە لەسەر سامى
گەنجینەی ئەوینی خۆشی دەدا
بە هەموو کەسێک

   بەخشین
ژیانى خۆم کردە چەند وشەیەک
زایەڵە
نوێژ
پەنجەرە
خۆرى بەخت گەشیم شیعر
کێڵگەى خۆزگەخوازى دۆزییەوە
هێزى بەخشییە ڕووەکەکان
لە سەر کورسى خۆی دانیشت
بەرپیێ هەموو تاج بوون
پاشاکان لەبەر پێى نزیک بوونەوە
تاج لە گەروویان گیربوو بووە خاچ وپاچ

  پەڕاندنەوە
شێر دارستانى ئەوبەرى
بە پڕ ئاسکى گۆشتن و کەروێشکى خرپن زانى
هەوڵى پەڕینەوەی دا
فیل وەک یارمەتى
لووتى خۆی بۆ درێژکرد
لە سەرى دانیشت و دەستەکانى بە گوێیەوە گرت
لە ڕووبارى بێ بوار پەڕاندیەوە
ئەسپى باڵدار حیلەیەکى کرد
گڕى ئەم پەڕاندنەوەیە چەند بەدفەڕە

  مێروولە
مێروولە بە نینۆکى پێم بەرزبووەوە
لەناوچەوانم پشووى دا
دەمامکى کردەوە و تەماشای چیای کرد
مامز فەرمووی لێکرد
گوتى دەتوانى شارت بهێنیتە ناو شاخەکانم
کەو ڕایسپارد
گوتى ئەگەر بتەوێت لەگەڵ هێلکەکانم
لە گەرمى و ساردى دەتپارێزم
پڵینگ بڕواى بە هێزى مێروولە هێنا
گوتى ئایین و ویژدانم
دەهێنمە سەر ئایین و ویژدانت
مێروولە دڵی بەوە خۆشە
خۆی بەچى بچووێنێت خاوەن شکۆ خۆیەتى

 زەلیل
کۆمەڵیک درەخت
دەستیان خستووەتە سەرشانى دیوار
میوەیان بەهاتوچۆکەران بەخشى
پەرژین بووە زەلیلى دەستیان
لە پێشبڕکێ لەگەڵ بەرانبەر
نەرمى نواند
زووش بە نیشانەکانى پاڵەوانى گەیشت
ئیدى شێوەیەکە لە ناو باران
پیاوێک لە هەموو شوێنێک
پێک لە دەستى دایکە زەمین وەردەگرێت
مەست بە جوانییەکانى خوا کرد  

  دەف
ئەمشەو کەم خەو بووم
چاوم لە ئاسماندا لە ناو یار و دیارەکانی
دەسووڕایەوە
بازنەی بە  دەوری ئەستێرەی بەرەبەیاندا
دەکێشا
دڵ ئارام و ئاسوودە دەنگی هەڵبڕی
ئەی خودا دەنگێک لە دەف هەستێنە
چەترێک بە سەر خەوخۆشەکان بکەرەوە
دەف و چەتر لە شێوەی نانن
نێوان دەف و چەتر
کێڵگەی قامیشی شەکرە
 
    سۆما
بنیشەوە لافاو ئەی دیکتاتۆری سەر لێتێکدەر
بە لەرزە و مووچڕکی دڵ هەست پێدەکەم
چایخانە هاوینییەکانی شار و گوڵدانی
پێش دوکانی زیو فرۆشەکان هەڵدەگرێت
لە دڵ لێدانێکدا
درەوشاوەترین ئەستێرەم لە رێگا لا دەدا
ئیدی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ناتوانم
لە لێواری شەقام دانیشم و بە ئومێدەوە چاوم
بە کیژە چاوبازەکانی شار ڕوون بکەمەوە
نێرگز چاوی پڕ سۆما و ڕوونە
تیشکی گڵۆپیش لە ڕۆژدا مردووە

       قەتماغە نەگرتن
سەرچاوە چاوی لەدوای ئەوەیە
لێی جیادەبێتەوە
بۆیە وەک ژنێکی بە بەزەیی
چاوی دوور هەڵخستووە
بێپشوو دەگری و بەردەوام برینی تێدەکەوێت
خان و مانە بەهەزاران جۆگەلەی باڵندە لە لێوار
تەماشای بەژنی باریکی خۆی کرد
پێویستە
بیر لە دەوروبەر بکەمەوە
بریقەی ڕوخساری بۆ دەوروبەر
گرینگ و بەهانا هاتنە
      
         رۆڵ
ئەو هەموو ئەفسوونانە چین
ڕژاونەتە سەر تەختەی شانۆ
داوای ڕۆڵیانە و بەکامی دڵ بیگێڕن
هاوارێکی هەڕەشە ئامێز
لەچاڵێکی تاریکەوە سەری هەڵدا
ڕەنگی ئەم زەوییەم بۆ ناگۆڕدرێت
ڕەنگی ژیان
لە دووباڵی تەنکدا نهێنییە
نهێنی باڵندەیەک بوایە
ئێوارەیەک هەر بە سەر سەرمدا
جووکەیەکى دەکرد و ڕەت دەبوو

پاککردنەوە
دروود بۆ باڵندەی گۆشتخۆر
دەنووکی پڕشنگدارە
ناهێڵێت زەوی بۆگەن بکات
مرۆڤ ئەو پڕشنگەی لە خۆ ئاڵاند
کۆمەڵێک وێنەی بەسەر زەوییەوە
پەرشوبڵاو کردەوە
مەشخەڵی ئاگرێکی کردە دیاری ئاسمان
بەدیاریەوە
سڵاو لە رێبواران وەردەگرێتەوە
دڵخۆشە بە ئاو و هەوا و عەوداڵە ئەوە بزانێت
چ شتێک وا لە تەمەن دەکا
ئاوا بێباک بڕوات
کۆشکیش زۆر بەرز ببێتەوە بزر دەبێت

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.