Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شلێر دەروێشی ” بێژەری هەم هونەرە و هەم ڕۆژنامەنووسی یە

شلێر دەروێشی ” بێژەری هەم هونەرە و هەم ڕۆژنامەنووسی یە

Closed
by August 21, 2008 گشتی

 شلێر دەروێشی ” بێژەری هەم هونەرە و هەم ڕۆژنامەنووسی یە
  سازدانی: مەریوان عبدالڵە
 
 
 شلێر دەروێشی لە ساڵی 1981 لە شارى چوار چرای شارى مەهابادی پێشەوا قازی محەمەد لەدایك بووە، خوێندنی لەم شارە تەواو كردووە و بڕوانامەى دیبلۆمی لە ڕشتەی ئەدەبیات وەرگرتووە، هەر لە قوتابخانەدا خولیای هونەرى هەبووە و لە شانۆی قوتابخانەكەیان بەشدار بووە، پاشان وەك بێژەر دەستی داوەتە كار و ماوەى سێ ساڵ لەم بوارەدا كارى كردووە، دواتر وازی هێناوە و لەگەڵ هاوسەرەكەى ڕێگەى شارى بانەیان گرتۆتەبەر و ماوەى سێ ساڵ لەوێ وانەى كوردی بۆ كۆمەڵی فەرهەنگی سۆماگوتوەتەوە و وەك مامۆستایەكی زمانی كوردی خزمەتی بە خاك و نیشتیمانەكەى كردووە، هاوكات وەك پەیامنێری ڕۆژنامەى دەنگی كۆمەڵگاى بانە و نداى جامعە كرماشانی كارى كردووە، بەهۆی گیرانی هاوسەرەكەى لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە و پاشان ڕاكردنى هاوسەرەكەى لە زیندان بەرەو كوردستانى باشوور دێت و ڕێگەى غەریباتی دەگرێتە بەر، لەشارى ڕانیە دەگیرسێتەوە و ماوەى 2 ساڵ لە تەلەفزیۆنی گەلى كوردستان كەناڵی ڕانیە وەك بێژەری هەواڵ و بەرنامەكان دادەمەزرێ و لەم ماوەیەدا بەبەرنامەكانی مەشخەڵ و كاروانی هونەر خزمەتێكی بەرچاو بە ناوچەكە دەكا و دەتوانێ وەك سەركەوتوو ترین بێژەرى ئەم دەڤەرە خۆی بسەلمێنێ، ماوەى یەك ساڵ لە تەلەفزیۆنی زاگرۆسى ڕانیە كارى كردووە و یەكێك بووە لە بێژەرە سەر كەوتووەكانی ئەم تەلەفزیۆنە بەتایبەتی لەبەشی دەنگ و باس. بە ئامادە و پێشكەش كردنی بەرنامەى سۆزی بەیان لە ڕادیۆی دەنگی كوردستان لە ڕانیە توانیویەتی جێگەى خۆی لەناو دڵی بیسەرانی ڕادیۆی دەنگی كوردستان و تەلەفزیۆنی زاگرۆس دا بكاتەوە، بەرنامەى جەژنانە كە لە تەلەفزیۆنی زاگرۆس بڵاو كرایەوە و لەلایەن خۆی و هاوسەرەكەیەوە (جەمال پوور كەریم) پێشكەش و ئامادەكرا، توانی جارێكی تر دڵی بینەرانی شاد بكا و بۆ ساتێك بزە و خۆشی بەرێتە ناو ماڵەكان  خاتوو شلێر ئێستاماوەى 4 مانگەلە كەناڵى ئاسمانى حیزبى دێموكراتى كوردستان (كورد كانال ) بێژەرى دەنگ و باسەكانە و لەم كەنالەش توانیویەتى سەركەوتن وەدەست بێنى بەم بیانووە ئەم دیدارەمان لەگەڵ خاتوو شلێر سازدا.
 پ: شلێر خان ماوەیەك بوو بوارى تەندروستیت باش نەبوو ئێستا چۆنی؟
 شلێر دەروێشی: ئێستا بارى تەندروستیم باشە و هەر لێرەشەوە سپاسی سەرجەم ئەم بەڕێز و خۆشەویستانە دەكەم كە لەو ماوەى كەمن نەساغ بووم سەردانیان كردم و پێمەوە ماندوو بوون.
 پ: بۆچی لەناو تەلەفزیۆنەكانی ئێمەدا بەرنامەى سیاسی و ئابوورى و تەنانەت دانیشتنە گرنگەكان دەدرێتە پیاوان و نادرێتە ئافرەتان؟
 شلێر دەروێشی: ئەوەى ڕاستی بێ كۆمەڵگاى ئێمە تاكو ئێستاش نەیتوانیوە ئەوە بسەلمێنێ كە ژنان و ئافرەتان دەتوانن هاوشانی پیاوان و بگرە زۆر جار لەپێش پیاوانیش بكەون و هەروەكوو بەچەندەها ئافرەتی كوردمان هەبووە كە توانیویانە سەركردایەتی هۆز و عەشیرەت و گەلێك بكەن. جا هەر بۆیە من واى بە پێویست دەزانم كە ئافرەتان خۆیان بۆ خۆیان هەوڵ بدەن و تێبكۆشن بۆ وەرگرتنی مافەكانیان، چونكە ماف نادرێ، ماف دەستێندرێ، دڵنیاشم ژنان دەتوانن لەهەموو بوارەكاندا جا چ سیاسی بێ و چ ئابوورى و هونەرى بێ بەرنامە پێشكەش بكەن و زۆریش سەركەوتوو بن.
 پ: بەڕای تۆ بێژەر هونەرمەندە یاخوود ڕۆژنامەنووس؟
 شلێر دەروێشی: خۆى لە بنەڕەتدا بێژەر، لە ڕاستیدا ڕۆژنامەنووسە، پەیامنێرە، سیاسەتەوانە، واتە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا پێویستە شتێك بزانێ.
 پ: بە چ كەسێك دەوترێ بێژەرى سەركەوتوو؟
 شلێر دەروێشی: بێژەرى سەركەوتوو بەڕاستی دەبێ هەندێك تایبەتمەندی خۆی هەبێ، من دەڵێم تاوانە گەر كەسێك نە لە بوارى سیاسی، ئابوورى، كۆمەڵایەتی، فەلسەفە و ئەدەبیات، شارەزایى هەبێ بكرێتە بێژەر، بێژەر دەبێ خوێندەوار بێ، بەردەوام بخوێنێتەوە، خۆی بۆ خۆی خوێندنەوەى بۆ بابەت و بۆ شتەكان هەبێ، بێژەر دەبێ ئاستی سەقافەت و ڕۆشنبیرى زۆر بەرز بێ، ئەم لایەنە لایەنی ڕۆژنامەنووسیەكەیەتی، لایەنی هونەریەكەى بێژەر پێویستە لەكاتی پێشكەش كردنی هەر بەرنامەیەكدا وا لە بینەرەكەى بگەیەنێ كە بینەرەكەى هەست بە بوونی شاشەیەك لەنێوان خۆی و بێژەر نەكا واتە بتوانێ وا هەستی خۆی دەرببڕێ كە بینەر وا بزانێ بێًژەر یان پێشكەشكارەكە ئەوا لە تەنیشتی دانیشتووە و قسە بۆ ئەو دەكا، دەتوانم بڵێم بەداخەوە تاكو ئێستاش لە كوردستاندا بێژەرێك نەیتوانیوە ئەم تەلیسمە بشكێنێ و بتوانێ بەشێوەیەكی غەیرە سەناعی پەیوەندی لەگەڵ بینەرەكەی هەبێ.
 پ: لەگەڵ سینەما بەینت چۆنە؟
 شلێر دەروێشی: كارى ڕاگەیاندن بەگشتی هەموویان وەك دەنكەكانی زنجیرەوان و پێكەوە گرێدراون و هیچ كامیان لێك جیانین، سینەماش حەز و ئاواتی منە و هەربەم هۆیەشەوە توانیومە كورتە فیڵمێك بەناونیشانی (ژانی سەدەیەك) كە لە ڤیستیڤاڵى گوڵە مێخەك وەك میوان بەشدارى كرد ئامادە بكەم.
 پ: ئەگەر لە ڤیستیڤاڵدا خەڵات وەرنەگرى چ دەكەى؟
 شلێر دەروێشی: وەكو باسم كرد سینەما حەز و ئارەزوومە و بۆ خەڵات نایكەم و ئامانجیشم تەنیا ئەوەیە كارى هونەرى و سینەمایى لە وڵاتەكەم بەرەو پێشەوە بچێ.
 پ: لە كۆتایدا چیت ماوە؟
 شلێر دەروێشی: لە كۆتایدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی هاوسەرەكەم بكەم كە بەڕاستی لەسەرجەم كارەكانمدا دەورێكی باشی هەبووە و توانیویەتی هاندەر و مامۆستام بێ، سوپاسی سەرجەم ئەم خەڵكە بەڕێز و خۆشەویستە دەكەم كە لە بازاڕ و شوێنەكان ڕێزێكی تایبەتیم لێ دەگرن و پێیان دەڵێم كە ڕێز گرتنیان لەمن نیشانەى بەڕێزی و ڕێزدارى خۆیانە، سوپاسی ئێوەش دەكەم كە ئەم دیدارەتان لەگەڵ سازدام .
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.