Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
فەنتەڵۆس كۆمیدیاى كۆمەڵایەتى بوو….

فەنتەڵۆس كۆمیدیاى كۆمەڵایەتى بوو….

Closed
by October 6, 2008 گشتی

 فەنتەڵۆس كۆمیدیاى كۆمەڵایەتى بوو  … باشترین دراماى ڕەمەزان بوو..
 حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
 
 ساڵانێکە و لەگەڵ خۆشەویستتر بوونى تەلەفزیۆندا ، کە بە زۆرى زۆردارەکى جێگەى سینەماى گرتەوە بەتایبەت لاى ئێمەى رۆژهەڵاتیى.. هەروەها بۆ شەوچەرەى ئێمە ومانان کەشەوانە دەستبەتاڵین و شوێنى دڵخواز و ئاسان بەدەستمان نییە رووى تێبکەین و دوچارى سەریەشەى خراپیى رێگ و بان و هەڵمەتى وێڵى سەرخۆشان نەبین .. بۆیە وەکو مۆدێلێکى رەمەزانیى لێهاتووە و لەو مانگەدا بەلێش و دراماى هونەرى و زنجیرە تەمسیلى کوردى و عەرەبى لە کەناڵە ئاسمانى و لۆکاڵییەکانەوە نوومایش دەکرێت ، بەڵام جەخار و مەخابن بە دەگمەن هەڵدەکەوێت ئەو درامایانە بتوانن گوزارشتێکى دەقاودەق لە کۆمەڵگا بکەن و دیاردە کۆمەڵایەتییە هەنووکەییەکانمان بخەنەبەر شەنوکەوى لێکدانەوە و شرۆڤەکارى ، بە دەگمەن لاى ئێمەى کورد هەڵدەکەوێت دراماى هونەرى هاوچەرخ " سەرەڕاى ئەو هەموو ئامێرە تەکنیکى و ئیمکانییاتە ماددییانەش ! " بتوانن سەرنج و دیدگاى زۆرینەى خەڵکى بەلاى خۆیاندا رابکێشن و لەگلەیى و گازەندەیان قووتاربن .!
 ئاشکرایە کە پەیامى هونەر ئەوەیە کە هونەر ئاوێنەى ژیان و واقیعە .. ئەرکى هونەرە بەگشتى و هونەرى کوردییە بەتایبەتى کە : هێز و بڕستى ئەوەى هەبێت کۆمەڵگاکەى خۆى واقیعییانە بخوێنیتەوە ، راستگۆ بێت لە ئاشکرا کردن و بەردە لادان بێت لە ئەخلاقییاتى راستەوخۆ و پەنهانى و شاراوەى دەسەڵات و خەڵک .. ئازادانەو ئازایانە بتوانێ دەست بخاتە سەر برینەکان – هەر چەندە بڤەو قەدەغەش بن ..!
 ئەرکى هونەرە لەپاڵ گرتە و لەقتەى دوو کەپڵى عاشق و لەتەک دەرخستنى دوو لەقتەى رۆمانسیدا ، گوزەرانى دژوارى زۆرینەى میللەتێک نوومایش بکات کە هێدى هێدى ژمارەیان لە ملیۆن نزیک دەبنەوە و دەچنە ژێر هێڵى هەژارییەوە لە كوردستانى ئازاددا..!
 ئەرکى یەکەمینى نووسەر و سیناریستەکانە ، گەندەڵییەکانى دەسەڵات و کەموکوڕى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان " کە ئەلفباى بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنى حکومەتن " لەسەر سکرین پیشانى بەرپرس و مەسئولەکانى بداتەوە . ئەرکى هونەرمەندانە ، ژیانى کۆمەڵایەتى (ئابوورى) سیاسى کۆمەڵگاکەیان لەنێو دراماکەیاندا تەوزیف بکەن و ئەوە بکەنە پەیامى راستەقینەى خۆیان کە پێشنییارى رێگەچارە و ئەلتەرناتیڤەکان دەخەنەوە بەردەم حکومەت و راوێژکارە بێشوومارەکانیان ………!!!!!
 بەڵام ئەم داواکارییەى بەندە ، هەروا ئاسان نییە و لە دەست هەموو کەسێک نایەت .. بێجگە لە باکگراوندى مەعریفى و فەرهەنگى ، کەسێتییەکى بوێر و بە جەرگ و هەقبێژى گەرەکە .. کەسێتییەک لە وێنەى یڵماز گۆناى و بەهمەنى قوبادى بچێت ..!
  وەلێ بەنیسبەت هونەرى کوردییەوە ، دراما و کارە هونەرییەکانى (بەرنامەى بەرنامە ) وەک نموونە باس بکەین ، ساڵانێکە دەنگ و رەنگى تایبەت بەخۆى پەیداکردووە کە نووسەرى تەنز ئامێز دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵڵا لە پێشتییەوە راوەستاوە ، توانیوویەتى بوێرانە و بەوپەڕى سەلیقەیى و وریاییەوە ببێتە زمانحاڵى نەک رەخنەگرێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى ، بەڵکو توانیوویەتى وەک ئەنتى و ئۆپۆزسیۆنێکى بێوەى و پۆزەتیڤ ، گەندەڵییە سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئیدارى و ئاکارییەکانى دەسەڵات و خەڵکى لەسەر سکرین نومایش بکات و وەکو ئاوێنەیەکى ساماڵ جارێکى دیکە و لەئاستێکى بەرز و راقیدا پیشانى هەموو لایەکى بداتەوە..! بەڵام فەنتەڵۆس ، کۆمیدیایەکى کۆمەڵایەتى دڵگیر و دڵتەزێن بوو  ..! زاراوەى فەنتەڵۆس ، وەکو دکتۆر شێرکۆ خۆى پێى راگەیاندم ، ناوێکە بوونى جوگرافیى نییە و تەنها وەکو ناوێکى داهێنراوى نووسەر و هاوڕێکانى کە لەسەر زار مۆسیقى و خۆش ئاواز بووە ئافەریدەیان کردووە و ئەمێستا وەکو هێما بۆ کۆمەڵگاى کوردستانى باشوور بەشێوەیەکى فانتازییانە بەکاریهێناوەتەوە .. فەنتەڵۆس زاراوەیەکە لە نادیارەوە گۆڕا بۆ دیار ، لە ناشوێنەوە بوو بە شوێن ، لە نەزانراوەوە بوو بە زانراو ..!
 فەنتەڵۆس هەر کوردستانەکەى خۆمانە و بە دیقەت و شارەزاییەکى هونەرى بەرزەوە پۆشاکى درامایى – هونەریى پۆشیووەتەوە  .. نووسەر وەکو توێژەرێک و مێژوونوسێک توانیوویەتى کۆمەڵگا و زێدەکەى خۆى بە وردى بخوێنێتەوە ! فەنتەڵۆس وەکو هەرێمە ئازادکراوەکەى خۆمان بووە بە دووبەشەوە ،كە  دوو دەڤەرى جیاوازن و ، جلوبەرگ و رەفتار و رووخسار و ئەدەبییات و سیاسەتییان جیاوازە .. خەڵکەکەى ساویلکە و دڵسافن ، زوو لەخشتە دەبرێن ، کاڵفام و بێسەواد و نەخوێندەواریان زۆرە .. کەمتر خەمخۆرن و خەمساردن ، هێواشن و بەرەو ڕووى گۆڕان ناچن ، بۆیە پەیکەرى کیسەڵەکە وەکو مۆنێمێنتى فەنتەڵۆس وایە و بۆتە هێماى وڵاتێکى دواکەوتوو .. زانست و مەعریفە لەفەنتەڵۆسدا جێى نابێتەوە .. خەڵکى هەمیشە شێلم دەخۆن و موریدى خورافە و ئەفسانە و دابونەریتى چەقبەستوون .!
  هەردوو بەشەکەى فەنتەڵۆس خاوەنى بەگ و ئاغا و سەرۆک هۆز و سەرکردەى خۆیانن .. کە هاوشارى و هاوڵاتییەکانیان هەوادار و دەروێشى سەرۆکەکانى خۆیانن ….كە تیایدا دەسەڵاتى رەها بە دەست رەشید بەگ و حەکیم بەگەوەیە .. بەڵام دارۆغا کە رەمزە بۆ دەسەڵاتى پۆلیس و هیزى ناوخۆ ، ناتوانێت سەرپێچى لە حوکم و فەرمایشتى ئەو دوو بەگ و سەرکردەیە بکات و ئەوە بوو بە دادگاییەکى کارتۆنى بەهۆى حاکمێکى بەرتیل خۆرەوە دارۆغا وەدەرنراو شار بەدەرکرا .. حاکم کە هێمایە بۆ پیاوى یاساو دادوەرى زۆر گەندەڵە و لە هەردوولا دەخوات و هەردوولا رازیدەکات .. بەفێڵ و فەرەج حاکمێتى دەکات ، سەروەریى یاسا و فەرمانڕەوایى وەلا دەنێت و هەموو بڕیارێک دەداتەوە دەست هەردوو بەگەکەى فەنتەڵۆسى ژووروو خواروو ..! بەڵام دۆزینەوەى ئاڵتون لە میزى منداڵێکدا ، هەردوو دەڤەرەکەى فەنتەڵۆس لەحیمدەکاتەوە و شایى و لۆغانى لێدەکەوێتەوە / سەرچڵ / ى نامۆ و نەناس بەو بۆنەیەوە دەبێتە راوێژکار و جێى متمانەى سەرکردەکان .. کە هێمایە بۆ / نەوت / ەکەى خۆمان و بۆ سامان و داهاتى نەتەوەیى کە دوو سەرکردەکە برایانە دابەشیدەکەن لە نێوان خۆیاندا بەڵام پێدەچێت دۆزینەوەى ئەو ئاڵتوونە " وەکو نەوت و گومرگەکەى خۆمان" چاو و خەیاڵى دەرو دراوسێکانمان ئەوەندەى دیکە زەق و هۆشیارتر بکاتەوە و ژیانى سادە و ئاساییمان لێناخۆشتر و ئاڵۆزتر بکەن ، پێدەچێت دەستى ئاژاوەگێڕى دراوسێ دوژمنەکانمان نەهێڵن هەرگیز شادمان و ئاسوودە و ئازاد ژیان ببەینەسەر و ئێمەش هەموو وەکو حەکیم بەگ پێکەوە بڵێین : هەرگیز ..!
 دواجار پێویستە ئەوە بڵێم کە کوردستانەکەى خۆشمان وەکو ناوەکەى فەنتەڵۆس وایە و زۆر کەم بیستراوە و دواکەوتووە و تەریک و گۆشەگیرە لەم دونیایەدا .. بۆیە خۆشمان دواکەوتووین و رەفتار و هزرو دەروونمان تەریک و تەنیا و گۆشەگیرە …!
 فەنتەڵۆس ، کۆمیدیایەکى کۆمەڵایەتیانەى تەنز ئامێزى رەخنەگرانەیە ، خوێندنەوەیەکى فانتازیایى واقیعییانەى راستگۆیە بۆ کۆمەڵگا و زێدى کوردستانە ئازاد و زەنگینەکەى خۆمان ، خستنەڕووى دیاردە و رواڵەت و ناواخنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و هەلومەرجى سیاسى دوێنێ و هەنووکەو ئایندەیە .. پەردە لادانە لەسەر عەقڵییەتى دواکەوتووى تاکەکانى ئەم کۆمەڵگایەمان و زەقکردنەوەى گەندەڵییەکانە لە هەموو بوار و کایەکانى ژیاندا .. لە کۆتاییدا وێڕای دەستخۆشیم لەستافى فەنتەڵۆس ، پێویستە ئەو ختوورەیەى ناخى خۆم ئاشکرا بکەم و بە دکتۆر شێرکۆ بێژم : خۆزگە بە تەواوەتى خۆتان بۆ نووسین تەرخان دەکرد و دکتۆراتان لە ژانرى تەنزنووسیندا بێنایە ، چونکە پێویستى هەنووکەیی زۆرمان بە عەزیز نەسینێکى کوردە …!
 hemea.rasoel961@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.