Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
كڵاوێك پڕ لە ئاوازى مەرگ

كڵاوێك پڕ لە ئاوازى مەرگ

Closed
by October 8, 2008 ئەدەب

 كڵاوێك پڕ لە ئاوازى مەرگ
 (بۆ مەرگى ناوادەى گۆران)
          
 سەرهەنگ خامۆش
  

 شوێن: ماڵێك پڕ لە سەرابی مەرگ.. لەبەردەم بلێسەى بیرەوەرییە شیرینەكانى كاروانسەراى ئەوینى شەو
 كات؛( 11.30 ) ى شەو بەرامبەر دوا حەلقەى بەرنامەى كڵاوێن
 
 تۆ لەبەردەم
 زەردەخەنەیەكى ئەبەدى
 لەپڕ لە تارمایی چاوانماندا وون بویت
 هەموو شەوىَ
 بە پەیڤە جوانەكانت
 میوانى هەموو ماڵێكى
 پڕ لە ئەوین دەبوویت
 
 ئەمشەو
 چاوەڕوانى باڵە فڕكەى
 پەپوولەى ڕۆحى سوكت بووم
 ئاسا هەر وەك شەوانى تر
 لەسەر پەڕە سوورەكانى
 دڵم هەڵنیشىَ
 
 چاوەڕوانى كردنەوەى
 كڵاوەكانى بەخت بووم
 بەڵام ئەفسوس
 كڵاوى پڕ لە ئاوازى مەرگ
 قەدەر بۆى نەگۆڕین
 بە هیچ كڵاوێكى تر
 دوا كڵاو بوو
 كڵاوى قۆناغى فەنابوون
 نە سوور بوو..نەشین
 
 هەولێر
 لەگەڵ ئاوازى سیمفۆنیاى مەرگ
 بە كڵاوێكى زەردى خەزان
 بەڕێى كردى
 لە مەراسیمى جەژندا
 سەیوانەكەم
 لە باوەشى گرتى
 
 (سۆما)
 دەى كچۆڵە لێو بە خەندەكەى بابەى
 چیتر مەگرى
 گۆران نامرىَ
 ئەوەتا سیماو زەردەخەنەكەى
 لەسەر شاشەكەمان هەر ماوە
 
 (هێما)
 كوڕى شیرینم
 دەتۆش فرمێسكە مروارییەكانت بسڕەوە
 كە وەك شەپۆڵ
 لەقوڵترین تونێلى
 پڕبەرائەتى هەنسكەكانت
 دێنە خوارىَ
 
 ئاى خودا
 نازانم نە نزگرە پڕ خامۆشەكانم
 نە قوڵپى گریانى جگەرگۆشەكان
 نە سەردوولكەى دایكیان
 ژیركەمەوە
 
 ئەى كوڕە خوێن شیرینەكەى كوردسات
 بۆ هەموو شەو
 دەبوویە میوانى
 ماڵى شاعیرێكى خامۆش
 لەپڕ لێمان بوویت
 بە پەلە هەورێكى سرك
 جێت هێشتین
 
 كڵاوى پڕ لە ئاوازى مەرگ
 قەدەر بۆى نەگۆڕین
 بەهیچ كڵاوێكى تر
 دواكڵاو بوو
 كڵاوى قۆناغى فەنابوون
 نەسوور بوو..نەشین
 
 لێم گەڕێن با ئەمشەویش
 ئێشك بەدیار
 كاروانسەراى ئەوینى شەو بگرم
 چەپكێك خەم
 بۆ بەرنامەیەك بهۆنمەوە
 بەخامۆشى
 لە هەناسە گەرمەكانى
 ڕۆحى گۆران بگەڕێم
 
 لەدواچركەى ساتەكانى بەرنامەكەت
 پێت گوتین
 ماڵئاوا….
 بیرتان دەكەم…
 لە هەموو ماڵێك
 بە هەنسكێكى پڕ لە حەسرەت
 پێمان گوتى
 مالئاوا….
 بیرت دەكەین
 ئەى گوڵى كوردسات
 ئەى پاكیزەیى
 تارمایی چاوانمان
 ماڵئاوا….
 
 كڵاوى پڕ لەئاوازى مەرگ
 قەدەر بۆى نەگۆڕین
 بەهیچ كڵاوێكى تر
 دوا كڵاو بوو
 كڵاوى قۆناغى فەنابوون
 نەشین بوو..نەسوور…!!!
 Xamosh_s@hotmail.com  
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.