Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
گێڕانەوەى دۆستێك سەبارەت بە نازم حیكمەت

گێڕانەوەى دۆستێك سەبارەت بە نازم حیكمەت

Closed
by October 26, 2008 ئەدەب

 گێڕانەوەى دۆستێك سەبارەت بە نازم حیكمەت
      ن: محەممەد عەلى ئایبار
لە فارسیەوە: سەعید ئەمانى

 "پێشكەشە بەو ئازارانەى مەحمود ساڵحى لە زینداندا دەست و پەنجەى لەگەڵ نەرم كردن (وەرگێڕ)"

   "نازم حیكمەتیان هێنا!…" لە زیندانى "پاشا قاپوس"دا هەواڵەكە وەك بۆمب دەنگى دایەوە. لە ڕۆژێكى تاو و ساوى بەهاریدا. یەكەم ڕۆژەكانى مانگى مەى ساڵى 1950. ڕامكرد بەرەو ژوورى بەرپرسى زیندان. بىَ پشوو بە پلیكانەكاندا چوومە سەر. ڕاست گەیشتمە دەم درگاكە و درگاكە كرایەوە: نازم… یەكتریمان لە باوەش گرت. "چ كارێكى باشت كرد بوویتە كۆمۆنیست." وتم: "وریابە دیوارەكان گوێیان هەیە." دەستمان كرد بە پێكەنین.
   ساتێك بەو گومانەوە كە نازم دەهێننە بەندەكەى ئێمە هیوایەكم لە دڵ گەڕا. هەرچەند دەمزانى هیوایەكى بىَ سەمەرە. شتێكى سروشتى بوو كە نازم بدەنە بەندى كۆمۆنیستەكان. بە پلیكانەكاندا هاتینە خوارىَ. زیندانیەكان لە چاوەڕوانیدا بوون. ژوورەكە تەقریبەن هەر لەو ئاستەدا قەرارى گرتبوو. سات و سەردمەكانى بەختەوەرى دیسان گیانیان تێگەڕایەوە. هاوڕێیانى نازم تەخت و جێ و بانەكەیان بۆ ئامادە كردبوو.
   جار جارەیەك سەردانێكى بەندەكەیانم دەكرد، هەندێك جاریش نازم حیكمەت دەهاتە دیوەكەى ئێمە. لەوەى كە بە یەكەوە بووین هەستمان بە بەختەوەرى دەكرد. ئەگەرچى مەجلیسى میللى بەهۆى بەڕێوە چوونى هەڵبژاردنەوە داخرابوو، نازم بەنیاز بوو درێژە بەو مان گرتن لە خواردنە بدات كە لە زیندانى "بورسا"دا دەستى پێكردبوو. وە بەم شێوەیەش مان گرتنەكەى بىَ بەردەنگ (مخاتەب) دەبوو. بەڵام نازم هەر بەو ڕادەیەى كە هەوڵى دەدا هەڵس و كەوتى لەلایەن ڕاى گشتیەوە نەبێتە هۆكارێك بۆ لێكدانەوەى هەڵە و پێچەوانە تێگەیشتن، هەر بەو ڕادەیەش پێداگر بوو لەسەر ئەوەى بۆ گوشار خستنە سەر مەجلیسى تازە و حكومەت، مان گرتنەكە هەرچى زووتر دەست پێبكاتەوە. ئاسن تا گەرمە چەكوش دەگرێتە خۆى. ڕاستى دەكرد، ئێمەش حەقمان بوو دەترساین لە دەستى بدەین.
   نازم دەستى بە مان گرتنەكەى كردەوە. تەنیا ئاوى دەخواردەوە و سیغارى دەكێشا… پێمان دەوت بخەوێت. بەلایەوە گرنگ نەبوو. بەردەوام دەهاتنە سەردانى. ئەگەر بڵێم یەكەم ڕۆژەكانى لە ژوورى بەرپرسى زیندان بەسەر برد، درۆم نەكردووە. بە تەواوى شادى و خۆشحاڵى بە ڕواڵەتیەوە بەدى دەكرا بەڵام لەگەڵ تێپەڕ بوونى ڕۆژەكاندا ئەتوت سەبرتر دەجوڵێتەوە. پێشنیارم پىَ كرد مان گرتنەكەى لەژێر چاودێرى دوكتۆردا درێژە پىَ بدات. وتى: "ئیتر تۆش دەست پىَ مەكەوە." ئاگادارى ئەوە بووم كە ئەو هاوڕێیانەى دەهاتنە دیدارى داوایان لىَ كردووە لە نەخۆشخانە بخەوێت. وتم: "من لایەنى سیاسى مەسەلەكەم لەبەر چاو گرتووە، تۆ گەورەترین شانسى بە سەركەوتن گەیشتنى چەپى توركیەى، نابىَ بمرى." پێكەنى و وتى: "زیادەڕۆیى مەكە."
   مان گرتنەكەى لە ئاستێكى بەریندا دەنگى دابۆوە. ڕۆژنامەكان هەواڵیان لەم پەیوەندیەدا بڵاو دەكردەوە. بىَ تاوانى نازم بۆ ڕاى گشتى دەركەوتبوو. لاوانى خوێندكار گۆڤارێكیان بە ناوى "نازم حیكمەت" دەركرد. هەندێك لە ڕوناكبیران ئیمزایان بۆ ئازادى نازم كۆ دەكردەوە و دایكیشى تابلۆیەكى بە دەستەوە گرتبوو داواى لە خەڵك دەكرد یارمەتى ڕزگار بوونى ڕۆڵەكەى بدەن. بەشێك لە بڵاوكراوەكانى دەرەوەش هەواڵ و بابەت گەلێكیان لەم بارەیەوە بڵاو كردبۆوە. مان گرتنى نازم ببوو بە ڕوداوێكى ڕۆژ… ڕۆژ بە ڕۆژ، حاڵ و وەزعى نازم حیكمەت بەرەو خراپتر بوون دەچوو. لە ئاكامدا ڕازى بوو بچىَ بۆ نەخۆشخانە. ئەویان بردە نەخۆشخانەى "نەشتەرگەرى پاشا" دوكتۆرەكان حاڵى نازم حیكمەتیان بە مەترسیدار ڕاگەیاند و دوو كەس لە هاوڕىَ نزیكەكانى (والا و زەكەریا) بە وەبیر هێنانەوەى ئەوەى كە، بەهۆى تەعتیلى مەجلیسەوە، مردنەكەى هیچ سەمەرێكى نابێت، بوونە هۆى ئەوەى نازم كۆتایى بە مان گرتنەكەى بهێنێت. دواى ماوەیەك، حیزبى دیموكرات دەسەڵاوتى بە دەستەوە گرت و لێخۆشبوونى گشتى ڕاگەیەنرا و بەو شێوەیە، ڕەنج و ئازارى سێزدە ساڵەى نازم حیكمەتیش كۆتایى هات.
   دواى ئازاد بوونى لە زیندان، نازم حیكمەت لە كۆمپانیاى "ئیپك فیلم" دەستى كرد بە كار، هەڵبەت سیناریۆكانى بە ناوى خوازراوەوە دەنووسى. ماڵەكەى من مەودایەكى زۆرى لەگەڵ ئەو شوێنەى نازم و دایكى و ژنەكەى تێیدا دەژیان، نەبوو. بەردەوام یەكترمان دەبینى. "مونەوەر" (هاوسەرەكەى نازم) دووگیان بوو… كە دواتر كوڕێكیان بوو. بە ڕواڵەت بەختەوەرانە دەژیان…
   هەرچەند نازم لە تافى لاویدا بە هۆى نەخۆشیەوە لە هێزى دەریایى وەدەر نرابوو وە لەو ساڵانەشدا كە لە زینداندا بوو، گیرۆدەى گیرانى دەریچەى دڵ و نەخۆشى سیپەلاك ببوو وە بەرپرسانى بەشى قەزایى و زیندانیش لێى ئاگادار بوون، بەڵام زۆرى نەخایاند كە نازمیان بۆ تێپەڕ كردنى دەورەى سەربازى بانگ كردەوە. بانگ كردنەوەى نازم حیكمەتى نەخۆش بۆ سەربازى و دەورەى ئیجبارى، پەرەى بەم گومانە دەدا كە ڕەنگە هەل و مەرجى سەردەمى ڕابردوو لەحاڵى گەڕانەوەدایە.
   نازم خۆى بە ئیدارەى نیزام وەزیفە ناساند و وەزعى خۆى بۆ باس كردن. هەڵس و كەوتى بەرپرسى یەكە ئیداریەكە بە شێوەیەك بوو ئەتوت هەستى بە بار و دۆخى خراپى نازم كردووە، بەڵێنى پێدابوو یارمەتى بدات. چەند مانگێك بەسەر ئەم مەسەلەیەدا تێپەڕى و هیچ هەواڵێك نەبوو. گشتمان خۆشحاڵ بووین. بەڵام دیسان نازمیان لە دایرەى نیزام وەزیفەوە داوا كردەوە. بڕیارەكە لەلایەن مەقاماتى سەرەوە دەركرابوو. دەیانویست بینێرن بۆ یەكێك لە پارێزگاكانى ڕۆژهەڵاتى وڵات. حەوتوویەكیان مەجاڵ دایە تا خۆى ئامادە بكات بۆ بەڕىَ كردن. هەموو سەرمان سووڕ مابوو. نازم وتى: "ناتوانم دوو ساڵ دەوام بێنم". بەڵام ئەوەى هەموومانى خستبووە فكرەوە، مەبەستێك بوو كە لەپشت ئەو بانگ كردنەدا خۆى مەڵاس دابوو. دەیانتوانى بە دوو شاهیدى درۆیینە، سەر لە نوىَ نازم بخەنەوە زیندان یان گوللەیەكى كە لەلاى لابەلاوە…
   هەر لەو ڕۆژانەدا بوو نازم وتى: "دەڕۆم." گەنجێك كە لە باوكەوە خزمى نازم حیكمەت بوو، بەنیاز بوو بە بەلەمێك بیگەیەنێتە دەریاى ڕەش و لەنێو ئاودا سوارى كەشتى بكات… وتم: "ڕیسكێكى گەورەیە". وڵامى داوە: "بەڵىَ ڕیسكە، بەڵام چارەیەكى دیكەم نییە". یەكترمان لە ئامێز گرت و ئیتر نەمانتوانى لەو كاتە بە دواوە یەكتر ببینینەوە.
       
      ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ گۆڤاری "پێشه‌نگ"ی ژماره١٧‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.           
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.