
په‌رله‌مانی کوردستان به 'به‌ڵێ ' بڕیاریدا بۆ ئاپارتاید!!
په‌رله‌مانی کوردستان به ‘به‌ڵێ ‘ بڕیاریدا بۆ ئاپارتاید!!
27ـــ ی ئوکتوبه‌ری 2008 په‌رله‌مانی كوردستان، له‌میانه‌ی دانیشتنێکدا له‌سه‌ر هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سێتی، به 39 ده‌نگ له‌به‌رامبه‌ر 35 ده‌نگدا، بڕیاری دا فره‌ژنی "به سنوورداركراوی" بمێنێته‌وه. به‌م بڕیاره‌ش نه‌ک هه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بانگه‌شانه‌ی سه‌لماند که له‌مه‌ڕ دیموکراسی و مافی مرۆڤ ده‌یکرد، به‌ڵکو به کۆی 39 ده‌نگ ڕازیبوونی خۆی له سه‌ر درێژه‌دان به سیاسه‌تی ئاپارتایدی ڕه‌گه‌زی (هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی)، نیشاندا! ئه‌مه له کاتێکدایه که زۆر به ده‌گمه‌ن نموونه‌ی په‌رله‌مانی وا له دونیادا ده‌دۆزیته‌وه که به ئاشکرا بڵێت به‌ڵێ بۆ ئاپارتاید، ته‌نانه‌ت باشوری ئه‌فریقا که سه‌رده‌مانێکی دوور‌و درێژ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی له به‌رامبه‌ر ڕه‌شپێسته‌کاندا بهڕیوهبردبوو، ئه‌مڕۆ شه‌رم له‌و ڕابردووه ده‌کات و به سه‌رده‌مانێکی ڕه‌ش ناوزه‌دی ده‌کات. به‌ڵام ئه‌فسوس نه‌وه‌ی 2008 ی کۆمه‌ڵگای کوردی ئه‌م سیاسه‌ته ڕه‌شه له به‌رامبه‌ر ژناندا په‌یڕه‌و ده‌کات!
ئاپارتاید (هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی)، واته هه‌ڵاواردن و بێبه‌شکردنی ڕه‌گه‌زێک، توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌و مافانه‌ی که خه‌ڵکی تر هه‌یانه له کۆمه‌ڵگادا، له باشوری ئه‌فریقا ڕه‌شه‌کان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌نگی پێستیان ڕه‌شبوو، بێبه‌شبوون له زۆرێک له‌و مافانه‌ی که سپی پێسته‌کان لێی به‌هره‌مه‌ندبوون.
ئه‌گه‌ر ئه‌و پێناسه ساده‌یه‌ی سه‌ره‌وه به پێوه‌رێک وه‌ربگرین و فاکته‌ره‌کانی پشتی ئه‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی کوردستانی پێبپێوین ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌و به‌ره‌نجامه‌ی که په‌رله‌مانی کوردستان هه‌مان سیاسه‌تی ئاپارتاید پیاده ده‌کات که ئێستا هه‌موو دونیا قێزی لێده‌کاته‌وه!
فاکته‌ره‌کانی پشتی ئه‌م بڕیاره ئه‌وه‌یه که گوایه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به‌هۆی شه‌ڕو کۆچ و ….. هتده‌وه، بێوه‌ژن و قه‌یره کچ زۆربووه‌و بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه ده‌بێت هه‌ر پیاوێک چه‌ند ژنێک بهێنێت( ئه‌مه له کاتێکدا که ئه‌وانه‌ی ژنی دووه‌م ده‌هێنن که‌م ڕووده‌دات یه‌کێک له‌و دوو گرووپه بهێنن)، یان ده‌ڵێن پیاو له کاتێکدا بۆی هه‌یه ژنی دووه‌م بهێنێت که ژنه‌که‌ی منداڵ نه‌کات یان نه‌خۆش بێت یان له ڕووی هاوسه‌رگیرییه‌وه کورتی هێنابێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر پیاو له کوردستاندا وه‌ک گه‌رای کوله زیاد بکات،ئایا ژنانی کوردستان،یان په‌رله‌مانی کوردستان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی زۆربوونی پیاو، بڕیار ده‌ده‌ن فره‌پیاوی " به سنووردارکراوی" په‌سه‌ند بکه‌ن؟! بێگومان نه‌خێر.
ئایا ئه‌و پیاوانه‌ی، که ده‌نگیان به به‌ڵێ دا له په‌رله‌ماندا، ئه‌گه‌ر هۆکاری منداڵ نه‌بوون یان نه‌خۆشی له خۆیان بوو، ئه‌گه‌ر نه‌ک هه‌ر له پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریدا خاوبوونه‌وه به‌ڵکو ته‌نانه‌ت له ڕووداوێکی ئۆتۆمبیل‌دا (مهترهقهکانیان)، قرتا یان له‌کارکه‌وت، ئایا ئه‌و کاته ڕازی ده‌بن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه ژنه‌کانیان پیاوی دووه‌م بهێنێته‌وه؟! بێگومان نه‌خێر.
کێشه‌که ئالێره‌دایه، ئائه‌مه‌یه هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زێک، ئه‌وه‌ی سپی پێستێک بۆی هه‌بوو، ڕه‌شپێستێک بۆی نه‌بوو، هیچ جیاوازی نییه له‌وه‌ی که له کوردستاندا پیاو-پێستێك بۆی هه‌یه‌و ژن –پێستێک بۆی نییه، هه‌ردووکیان هه‌ر پیاده‌کردنی هه‌مان سیاسه‌تی ئاپارتایده له به‌رامبه‌ر مرۆڤدا. له سێبه‌ری ئه‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌ماندا ژنانان ده‌بنه ڕه‌شپێست و سپیپێسته‌کانی کوردستان به که‌متر سه‌یریان ده‌که‌ن.
هه‌ربۆیه وه‌ستانه‌وه به ڕووی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا، فه‌خرێکی گه‌وره‌یه‌و، وه‌ستانه‌وه‌یه به ڕووی ئاپارتایدا که ده‌مێکه ئیکسپایه‌ر بووه‌و، وا تازه له دوکانه‌که‌ی په‌رله‌مانی کوردستاندا به نه‌وه‌ی 2008 ده‌فرۆشرێته‌وه.
گۆران عه‌لی
28-10-2008
goranmad@hotmail.com