Skip to Content

138 Views

کەندێناوە سەرەتای تەعریب‌و سەرەتای دەستپێکردنەوەشی … شێرکۆ کرمانج

کەندێناوە سەرەتای تەعریب‌و سەرەتای دەستپێکردنەوەشی … شێرکۆ کرمانج

Be First!
by January 2, 2018 General, Opinion
image_print

هەر جارێک پرسیاری تەمەن‌و ڕۆژی لەدایکبوونی خۆم بکردایە، دایکم دەیگۆت کوڕم ئەتو تەقریبەن چار مانگانبووی لە زگم کە حەرەس قەومی ‌و عەسکەر هاتن گابەرەکەو چەندین گوندی دیکەیان لە کەندێناوە سوتاند. بابت لەگەڵ تەواوی خەڵکی گابەرەکەو ئەو گوندانەی کە سوتێندران بردران‌و لە موسەیب لەودیوی بەغدای زیندانیکران. ئەو ڕۆژی خوا ئەتوی دا مە بابت‌و خەڵکەکە لە زیندان بەربوون. ئەو وەختی ئەمە لە هەولێرێ بووین چونکە حکومەت پاش گرتنی پیاوەکان ژنەکانیان دەرکرد لە گوندەکان. دایکم ئێستاش ئاوا چیرۆکی لەدایکبوونی من دەگێڕێتەوە کە لەڕاستیدا تەنیا چیرۆکی لەدایکبوونی منداڵێک نییە بەڵكو چیرۆکی هەوڵی زیندەبەچاڵکردنی گەلێکیشە لەڕێگەی تەعریب‌و ڕاگواستن‌.

سوتاندنی ئەو گوندانەی دایکم باسی دەکردن لە کەندێناوە لە ١٩٦٣ دا کە ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەی ٣٠ گوند لە ٧٠ گوندی ناوچەکە دەکرێت بەسەرەتای تەعریبکردنی سیستەماتیکانەی ناوچە کوردستانیەکان لە باشوری کوردستان دابنرێت. هەندێک نوسەرو توێژەر پڕۆسەی تەعریبکردنی کوردستان دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی کاتێک یاسین هاشمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ١٩٣٦ دا ئاسانکاریی زۆری پێشکەش بە خێڵە عەرەبەکانی دیوی ڕۆژئاوای زێی دیجلە کرد تاوەکو بێن لە دیوی ڕۆژهەڵاتی دیجلە لە ناوچەی حەویجە پێگەدانێن، ئەویش بە لێدان‌و ڕاکێشانی کەناڵێکی ئاو تاوەکو عەرەبەکان لە دەوروبەری کەناڵەکە بەروبومەکانیان بچێنن‌و نیشتەجێبن. بەڵام ئەم هەوڵانە زۆر سیستەماتیک نەبوون چونکە خێڵە کوردییە نیمچە ڕەوەندەکانیش ئازادکرابوون کە کەڵک لەم پڕۆژەیە وەرگرن بەس کوردەکان تەنانەت بەپیر بانگەوازی هەندێک لە ڕوناکبیری کوردیشەوە نەچون بۆ نیشتەجێبوون لەو ناوچانە.
مەبەست ئەوەیە کە پێش هاتنی ناسیونالیستە عەرەبەکان بۆ سەر حوکم لە ١٩٦٣ هاتنی عەرەب بۆ کوردستان زیاتر بەشێوەی گەشەیەکی سروشتی بووە لەوەی سیاسەتێکی تەعریبی سیستەماتیکی لەپشت بووبێت. بەڵام لەوکات بەدواوە تەعریبکردن شێوازێکی سیستەماتیکانە بەخۆیەوە دەبینێت‌و لەئاکامیدا لەنێوان ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣ نزیکەی ٣٦ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، واتە ٤٢%، ی خاکی کوردستان، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەر سیاسەتەکانی تەعریب کەوتووە.

ناوچەی کەندێناوە لەم هەڵمەتە سیستەماتیکییە پشکی شێری بەرکەوتوە. یەکەم هەوڵی تەعریبکردنی ناوچەکە لە ١٩٦٣ دا لەسەر دەستی حەرەس قەومییەکان‌و ناسیونالیستە عەرەبەکان لەسەردەمی عەبدولسەلام عارف ئەنجامدراوە، کە وەک گوتم نزیکەی ٣٠ گوندی گرتەوە. دووەم هەوڵ لە ١٩٧٥ دا لەسەر دەستی بەعسییەکان لەسەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکر جێبەجێکرا. تەنیا ئەو گوندانەی گرتەوە کە ئەوکات نەوتیان تێدا دۆزرابۆوە کە ژمارەیان ٢٩ گوند بوو. سێیەم هەوڵ لە ١٩٨٧ لەسەر دەستی بەعسییەکان لەسەردەمی سەدام حوسێن وەگەڕخرا کە تەواوی گوندەکانی کەندێناوەی گرتەوە.
لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣ دا خەڵکی تەواوی گوندەکانی کەندێناوە بەشێوەیەکی پچڕپچڕو بەژمارە کەم گەڕاونەتەوە گوندەکانی خۆیان‌‌و بەگشتیش خەریکی ئاژەڵداری‌و کشتوکاڵن. لەدوای شکستی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ لێرەو لەوێ قسە لەسەر گەڕانەوەی عەرەبەکان بۆ ناوچەی کەندێناوە کراوەو دەکرێت، بەتایبەتی ئەو گوندانەی کە لە ١٩٧٥ ‌ـەوە عەرەبیان تێدا نیشتەجێکرابوو. لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ ی کانونی دووەم، گروپێکی گەورە لەو عەرەبانەی کاتیخۆی لەناوچەکە نیشتەجێکرابوون بە پاڵپشتیی پۆلیسی ئیتیحادی عێراقی و بەڕەزامەندی پارێزگاری کەرکوک هاتونەتە گوندی پەلکانە، یەکێک لە گوندە تەعریبکراوەکانی کەندێناوە. لەوێ هەندێک ماڵیان داگیرکردوەو هەڕەشەیان لە خەڵکەکەش کردوە کە دەبێت گوندەکە جێبهێڵن.

ئێستا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ شکستپێهێنانی هەوڵی دووبارە تەعریبکردنەوەی ناوچەکە لەژێر سایەی حکومەتەکەی عەبادی. لەو پەیوەندە واچاکە هەڵوەستە لەسەر هەندێک پرس بکرێت‌و هەندێک ڕاستیی بخرێنەڕوو، لەوانە:
یەکەم، حکومەتی مەرکەزی عێراق دەیەوێت خۆی لەم هەوڵە نەبان بکات‌و بیخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی پارێزگای کەرکوک وەک ئەوەی کە گەڕانەوە بۆ سیاسەتی تەعریب بەشێک نیە لە سیاسەتی حکومەتی مەرکەزی. ئەم قسانەی حکومەتی مەرکەزی بە سەرکردایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەڕاستییەوە دوورن چونکە دوای شکستی ئۆکتۆبەر ئەوە بۆ چەند مانگێک دەچێت هەوڵی ئێجگار چڕو بەرفراوان دراوەو دەدرێت بۆ دووبارە تەعریبکردنەوەی تەواوی ناوچە کوردییەکان بەتایبەتی ناو شاری کەرکوک. نمونەی ئەم هەوڵانە دانی پسولەی خۆراک‌ (البطاقة الغذائیة) و پسولەی نیشتەجێبوون (بطاقة السکن) ـە بە سەدان عەرەبی هاتوو (عرب النازحین) لەناو شاری کەرکوک. مەترسی ئەم کارە لەوەدایە کە پسولەی خۆراک‌و پسولەی نیشتەجێبوون لە هەڵبژارادنەکان بنەمای سەرەکین بۆ مافی دەنگدان لە هەموو شوێنێک، ئەمەش بە دڵنیاییەوە هاوکێشە سیاسییەکان‌و کورسییە براوەکان لە هەڵبژاردنی داهاتودا بە قازانجی هێزە عەرەبییەکان‌و بەدژی هێزە کوردییەکان دەگۆڕێت. هەر لە بنەڕەتیشدا پڕۆسەی تەعریب، بەکۆن‌و بەنوێیەوە، بۆ ئەم مەبەستە داڕێژراوە.

دووەم، ئەم هەوڵانە ناکرێت‌و نابێت لەلایەن گەلی کوردستانەوە قەبوڵبکرێت چونکە دژی مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان‌و پێشێلکردنێکی زەقی مافەکانی مرۆڤیشە بەگشتی. کوردستانیان دەبێت ئەم هەوڵانەی لایەنە عێراقییەکان بکەن بە سەرەتایەک بۆ زیندوکردنەوەی ماددەی ١٤٠ لە دەستوری عێراق کە بە ڕون‌و ئاشکرا پێداگری لەسەر نەهێشتنی ئاسەواری تەعریب دەکات‌و میکانیزمی ناردنەوەی عەرەبە هاوردەکان‌و گێڕانەوەی کوردو تورکمانە دەرپەڕێندراوەکانی دیاریکردوە. بۆیە دەستور دەبێت بکرێت بە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ئەم ناوچانە ئەگەرنا هەمیشە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نەتەوەیی لە عێراق لەنێوان کوردو عەرەبدا بەزیندویی دەمێنێتەوە‌، کە بەدڵنیایشەوە ماڵوێرانی بۆ نەتەوەکانی عێراق بەدوای خۆیدا دێنێت.

سێیەم، کوردستانیان دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کە ئەم پرسە پرسێکی سیاسییەو ناکرێت لەڕێگەی دادگاوە چارەسەربکرێت. مەبەست ئەوەیە ناکرێت پرسی خاوەندارێتی لەم ناوچانە لەسەر ئەساسی وەرگرتنی قەرەبۆ یان وەرنەگرتنی قەرەبۆ یەکلاییبکرێتەوە چونکە خەڵکی ئەم ناوچانە تەنیا لەسەر ئەساسی کوردبوونیان دەرکراون نەک هۆکارێکی دیکە. قەرەبۆکردنەکەش بەزۆرەملێ بووە. خۆ ئەگەر هۆکاری ئەمنی، ستراتیجی یان تەندروستی‌و ژینگەیی لەپشت چۆڵکردنی گوندەکان بووە ئەی بۆ عەرەب هێنراون بۆ ناوچەکە. حکومەتی مەرکەزی عێراق لەسەردەمی بەعس بڕیارێکی ڕەگەزپەرستانەی داوەو دەبێت بەگەڕانەوە بۆ دەستوری ٢٠٠٥ ی عێراق ئەم بڕیارانە هەڵوەشێنرێنەوەو ماددەی ١٤٠ یش بکرێت بە میکانیزمێک بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخە شێوێنراوەکە.

چوارەم، ئەم پرسە تەنیا کێشەو ململانێی گوندنشینە کوردەکانی ناوچەکەو عەرەبە هاوردەکان نیە تا لەمیانی ململانێ لەسەر خاک (نزاعات الأرض) لەنێوان دوو کەس یان چەند کەسێک یەکلاییبکرێتەوە. ئەمە کێشەی گەلی کوردستانە لە عێراق کە ڕووبەڕووی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیی‌و تەعریب‌و ڕاگواستن‌و چۆڵکردن بۆتەوە. ئەم پرسانە دەبێت لەنێوان حکومەتی مەرکەزی‌و نوێنەرانی کورد چ لە بەغدا چ لە حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوری عێراق یەکلاییبکرێنەوە . ناکرێت ئەو ئارگیومێنتە قەبوڵبکرێت کە گوایە زەوییەکانی ئەم ناوچانە کاتیخۆی لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق تاپۆکراون‌‌و بگوترێت کوردنشینەکانی ئەم ناوچاوانە چیدیکە مافی داواکردنی ئەم زەوییانەیان نیە چونکە وەک گوتم ئەمە بڕیارێکی دەمارگیریی‌و ڕەگەزپەرستانەی حکومەتی عێراق بووەو مەبەستێکی سیاسیی دژە-کوردی لەپشت بووە، بۆیە دەبێت لەو چوارچێوە سیاسییەدا ببینرێت‌و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لەکۆی ئەم قسانە دەکرێت بگوترێت وەک چۆن سەرەتاکانی تەعریبکردنی کوردستان کاتیخۆی لە کەندێناوە دەستیپێکرد واپێدەچێت سەرەتاکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی تەعریب هەر لەو ناوچەیە دەستپێبکاتەوە، وەک ئاماژەکان ئێستا دەرکەوتون. بۆیە ئەم هەوڵە نابێت وەک کردەیەکی چەند کەسی، یان هەڵەیەک، یان پرسێکی لاوەکی تەماشابکرێت. ئەم هەوڵە لە کەندێناوە سەربگرێت درێژدەکرێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزین‌و عێراق سازدەکەنەوە بۆ شەڕێکی دیکەی خوێناوی، ئەمجارە نەتەوەیی، کە لە قازانجی هیچ کەس‌و لایەنێکدا نیە.

Previous
Next

Leave a Reply