
ئیتر بۆ پاشەوە
ئیتر بۆ پاشەوە
سمكۆ عەبدولكەریم
ئەمەش مەترسییەكى دیكەیە لە وڵاتێكدا كە تازە هەنگاو بەرەو كۆمەلگەى مەدەنى و دیموكراسى و فەراهەمكردنى ئازادى بیروڕا دەنێن ، حیزب هەبىَ بەو ئاراستەیە بیربكاتەوە و كار بكات ، لە یەك كاتدا هەم خۆی بە علمانى و ، هەم بە موحافیزكار پیشان بدات .
ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەى هەم پێگەى جەماوەرى خۆى بپارێزىَ ، هەم دەسەڵات و بەرژەوەندییە تایبەتییەكانى خۆى قایمتر بكات ، ئەگەر نا ، ناكرىَ حزبێك خۆى بە خاوەنى ئێستا و ئایندە بزانىَ نەتوانىَ بە چاو و ئەقلى خۆى ببێنىَ و بیر بكاتەوە ، كەسمان لەگەڵ ئەوەدا نیین واقعى كۆمەڵگاكەى خۆمان لەبەر چاو نەگرین ، بەڵام زۆریشمان لەگەڵ ئەوەدا نیین ئایندەو پێشكەوتنەكان بكرێنە قوربانى بۆچوونە باوەكان .
ئەو بۆچوونانەى هەر یەكەو لە روانگەى خۆیەوە پێى وایە تەنیا بۆچوونەكەى ئەو راستەو هەڵقوڵاوى ئاینى ئیسلامەو ئەویتر بەتاڵە ، لە كاتێكدا ئێستا بە سەدان گروپ و رێكخراوى ئیسلامى دروست بوونە و ، هەر یەكەشیان لە ئاوازێك دەخوێنن و، بە هەوەسى خۆیان لێكدانەوە بۆ ئایەتى قورئانى دەكەن ، وەك چۆن ئێستا حكومەتى هەرێمى كوردستان و حكومەتى عیراقیش لە چوارچێوەى بەرژەوەندییە تایبەتییەكانى خۆیان لێكدانەوە بۆ بڕگە دەستورییەكان دەكەن .
پارتیش لەو روانگەیەوە رۆژێكیان اعلانى علمانییەتى خۆى دەكات و رۆژێكیشیان لە رێگەى مینبەرى مزگەوت و شاشەى تەلەفزیونەوە مەلاكان دێنێتە دەنگ و بە گژ یاساى بارى كەسێتى-یانەوە دەنىَ بۆ ئەوەى وەك هێزێكى علمانى لە روانگە و سەنگەرى ئیسلامییەوە كار لەسەر ئەقل و سۆزى كۆمەلگا بكات و، پێى وایە لەم رێگەیەوە دەتوانىَ پێگەى جەماوەرى خۆى فراوانترو بە هێزتر بكات .
هەرچەندە لە یەك كاتدا و لە نێو ململانێكاندا كاركردن بۆ گۆڕِان یان كاركردن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات كارێكى قورسە ، بۆیە یان دەبىَ گۆرانى كۆمەلگا بكەیتە ئامانج یان گەیشتن بە دەسەڵات .
ئەو دەسەڵاتەى هێندە شیرینە بۆ گەیشتن پێى هێزە ئیسلامییەكانیش ئامادەن دەستبەردارى بەشێكى زۆر لە پەیڕەوە پیرۆزەكانیان بن ، تەنیا بۆ ئەوەى دەسەڵات بگرنە دەست پەیتا پەیتا لەو پەیڕەوانەیان لادەدەن كە لە توانیاندا نییە كۆمەڵگاى لە گەڵ بسازێنن ، بۆیە بە ناچارى ئەگەر دەرچونیش بىَ لە بنەماكانى ئیسلام ئەوان ئامادەن خۆیان لەگەڵ بگونجێنن ، ئەگەر تا دوێنێش بە هێنانەوەى چەندین ئایەت داكۆكیان لە راستى و دروستى بۆچوونەكانیان كردبىَ ، ئەوە دواى هەڵگەڕانەوەشیان لەو بۆچوونانە بە هێنانەوەى چەندین ئایەتى دیكە داكۆكى دەكەن .