
کێ دیکتاتۆره، پارت یا پرۆلیتاریا؟…به‌شی یه‌ک و دوو…هه‌ژێن
کێ دیکتاتۆره، پارت یا پرۆلیتاریا؟
هه‌ژێن
06ی دێسه‌مبه‌ری 2008
به‌شی یه‌که‌م
دیکتاتۆری پرۆلیتاریا یه‌کێکه له‌و گوتارانه‌ی که له ناوه‌ندی چه‌پ و بزاڤی سۆشیالیستیدا زۆرترین قسه‌ی لێوه کراوه، به‌ڵام تا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بزاڤی سۆشیالیستی له ڕۆژهه‌ڵات و کوردستان، به پێی زاڵی بیری چه‌پ له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه بۆلشه‌ڤیزم، ئه‌وا هه‌میشه پۆزه‌تیڤانه لێکدراوه‌ته‌وه و کراوه‌ته گۆچانه جادوویه‌که‌ی ده‌ستی مو‌سا و سنووری نێوان کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی (بۆرژوازی) و کۆمه‌ڵگه‌ی ناچینایه‌تی (سۆشیالیستی) پێ دیاریکراوه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه به‌ڕای من پێویسته له خودی واژه‌ی دیکتاتۆر که به واتای دیکتهکهر دێت ده‌ست پێ بکه‌ین و دواتر بچینه سه‌ر په‌یوه‌ندی دیکتاتۆری و چین.
دیتکتاتۆری چییه؟ دیکتاتۆری بۆچی؟ دیکتاتۆری به‌سه‌ر کێدا؟ دیکتاتۆری له به‌رژه‌وه‌ندی کامه ئامانجدایه؟ ئایا ده‌کرێت ئازادیخوازان شه‌یدای دیکتاتۆری بن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌رێ، بۆ خۆیان دژی دیکتاتۆرین؟ ئایا پرۆلیتاریا ده‌توانێت دیکتاتۆر بێت؟ دیکتاتۆر به‌سه‌ر کێدا؟ ئه‌گه‌ر نا، ئه‌ی بۆ مارکسییه‌کان به‌ناوی پڕۆلیتاریاوه خوازیاری دیکتاتۆرین، ئه‌ی هێزی تێکشکاوی ده‌م دیکتاتۆری کێ ده‌بێت؟ ئه‌ی ئه‌زموونه مێژوویه‌کان چی ده‌ڵێن؟
دیکتاتۆر واته که‌سێکی دیکتهکهر، که‌سێك که دیاری ده‌کات، چۆن بجوڵێن و چۆن بخه‌وین و چۆن بخۆین، به‌کورتی له تێڕوانینی دیکتهکهرهوه که‌سه‌کانی تر ئاوه‌زیان به شته‌کان ناشکێ و پێویستیان به که‌سێك هه‌یه، تا بۆیان دیکته بکات و ڕێی راستیان پێ نیشان بدات. بوون یا سه‌رهه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی دیکتاتۆر چ وه‌ك تاکه‌که‌س و چ وه‌ك ڕژێم، پێداویستی کات و شوێنی دیاریکراوه، چونکه دیکتاتۆربوون، دیارده‌یه‌ك یا نه‌خۆشییه‌کی خۆڕسک نییه و به‌شێك نییه له سروشتی مرۆڤ وه‌ك ئیدیئۆلۆگهکانی بۆرژوازی پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن، به‌ڵکو خوازراوی بارودۆخێکی ئابووری، ڕامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تییه و وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ پێداویستییه‌کانی سیسته‌می چینایه‌تی (چینایه‌تی نه‌ك ناچینایه‌تی) له بارودۆخێکی دیاریکراودا هانای بۆ ده‌برێت. چونکه هه‌م له سه‌رده‌می کارکردیدا و هه‌م له‌سه‌رده‌می تێکشکان و وهڵانانیدا ده‌توانێت بازاری ژورناڵی سه‌روه‌ران گه‌رم بکات و دیکتاتۆره پارله‌مانییه‌کان له‌چاو دیکتاتۆره میلیتێریست و تاکپارتهکان، بکاته فریشته‌ی فریادڕه‌س و چاکسازی کۆمه‌ڵایه‌تی!
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که لیبراڵه‌کان و ئیدئۆلۆگه‌کانی سه‌رمایه‌داری پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن، دیکتاتۆربوون ته‌نیا له هاتنه‌سه‌رکاری جه‌نه‌راڵێکی سه‌ربازی یا پارتێکی لێنینیست، ماویست، ..تد سه‌رهه‌ڵنادات، به‌ڵکو دیکتاتۆری به‌رهه‌می هۆرمۆنڕێژی(غدە)یه‌کی سیسته‌می چینایه‌تییه و که به به‌رده‌وامی گیان به به‌ری دامودهزگهکانی سه‌روه‌ریدا ده‌کات. هه‌روه‌ها دیکتاتۆری بۆرژواکان هه‌مان دیکتاتۆری پارته کۆمونیسته‌کانه، له‌ژێر په‌رده‌ی دیموکراسیدا له هه‌موو سات و شوێنێکی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا ئاماده‌یه و فه‌رمانده‌ره. نموونه‌شمان زۆرن و ته‌نیا ئه‌وه‌نده به‌سه که سه‌رنجێکی ئه‌مه‌ریکای لاتین بده‌ین و وێنه‌کانی 1973 شیڵی، ئه‌رژه‌نتین و ..تد بهێنینه‌وه به‌رچاومان، که چۆن له‌پێناو دیموکراسییهکهیاندا لاوانیان له گۆڕه بهکۆمهلهکاندا زینده به‌چاڵ ده‌کرد! ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت، هه‌موو دیکتاتۆره‌کان له فێرگه نهێنییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئۆروپای دیموکرات‌دا گه‌وره‌بوون و به یارمه‌تی و نه‌خشه‌ی ده‌زگه نهێنییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئۆروپا هاتوونه‌ته سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌لات و هه‌ر به ئافه‌رینی ئه‌وان کاره‌کانیان درێژه پێداون، هیتله‌ر و مۆسۆلۆنی و فرانکۆ باشترین جه‌نه‌راڵی له‌شکری چینایه‌تی سه‌رمایه بوون و له ڕێگه‌ی پاڕله‌مان و هه‌ڵبژاردنی دیموکراتانه‌وه چوونه سه‌ر ته‌ختی دیکتاتۆری!
به‌کورتی له کوێ سه‌روه‌ری چینایه‌تی هه‌بێت، پێداویستی و زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی دیکتاتۆری بوونی هه‌یه و دیکتاتۆری و ده‌سه‌ڵات ئاوهڵدوانهیهکی لێك ئاڵۆزکاون و به جیاکردنه‌وه‌یان له‌یه‌ك گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، واته به له‌ناوبردنی ده‌سه‌لات دیکتاتۆری له‌نێو ده‌چێت و بهلهنابردنی دیکتاتۆری چینایه‌تیش - سه‌روه‌ری چینایه‌تی- ده‌سه‌ڵاتیش له‌نێو ده‌چێت، که له هه‌ردوو باره‌که‌دا پێویستی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی چینایه‌تی و کاری کرێگرته ده‌بێت، چونکه به وه‌لانانی فلانه فه‌رمانڕه‌وا یا فلانه ڕژێم هیچ له ناوه‌ڕۆکی چینایه‌تییه‌که‌ی ناگۆرێت و سه‌روه‌ری داهاتوو له کاتی پێویستدا ئاوهێزانی کارکرده ئهفسوناییهکانی ده‌بێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که لێره‌دا فره‌تر جێی تێڕامانه، په‌یوه‌ندی دیکتاتۆری و چه‌وساوانه واته ئه‌وه‌ی که ناوی (دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا)یان لێناوه و که‌میش نین له‌و چه‌وساوه ناهوشیارانه‌ی که به شانازییه‌وه به‌رگری لێده‌که‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته له دووی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی سه‌ره‌وه وێڵ بین و شهنوکۆیان بکه‌ین و له توێی ئه‌زموونه‌کانی خه‌باتدا وه‌لامه‌کانیان به‌ده‌ست بهێنین.
وه‌ك وتم دیکتاتۆر که‌سێکی دیکتهکهره و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ئایدیالیستی که پێی وایه هۆش پێش ماده که‌وتووه و ئێمه‌ی دروستکراو پێویستمان به قورمیشی خوداوه‌ندێك هه‌یه و بۆ هه‌ڵسوڕان له ژیاندا پێویسته گوێرایه‌ڵی فه‌رمانه‌کانی وی بین، واته دیکتاتۆر کۆپیکراوی دیکتاتۆرییه‌تی خواوه‌نده ئهفسانهییهکهیه و به‌ڵگه‌ی پێداویستیشی لای لایه‌نگرانی نه‌بوونی توانای ده‌رك و بڕیاردانه لای زۆرینه و په‌نابردن بۆ خاوه‌ن هۆشه‌کان بۆ قه‌ره‌بووی لاوازییه‌کانیان و ئاراسته‌کردنیان.
دیکتاتۆریش، شیوازێکه له سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا، که بریتییه له ده‌سه‌لاتی چینایه‌تی بۆرژوازی په‌رده له‌سه‌ر هه‌ڵماڵراو و پێداویستی گشتی سیسته‌مه چینایه‌تییه‌که ده‌یهێنێته گۆڕێ، واته ئه‌و کاته‌ی که سه‌روه‌ری و سیسته‌مه‌که ده‌که‌ونه مه‌ترسی، زۆر ئاساییه ئاوهڵدوانه شاراوه‌که‌ی پشتی دیموکراسی بێته پێشه‌وه و به‌ر به هه‌ڵدێری سه‌روه‌ری بگرێت. نموونه‌ش بۆ ئه‌مه، خۆپیشاندانه‌کانی دژی سه‌رمایه‌داری و ڕه‌وتی په‌ره‌سه‌ندی نیئۆلیبرالیزم (خۆپیشاندانه‌کانی دژی G8 ) که له ده‌وڵه‌ته دیموکراته‌کانی ئۆروپادا «Genua»ی ئیتالیا و خۆپیشاندانه به‌رده‌وامه‌کانی ئێستای ئه‌سینا (یۆنان)، که له‌وێدا پۆلیسی ئاسایشپارێزی دیموکراته‌کان به ترومبێل لاوان ده‌شێلن و به گولله وه‌ڵامی داخوازی خوێندکاران ده‌ده‌نه‌وه!
ئه‌وه‌ی که دیکتاتۆری چه‌مکێکی چینایه‌تی هه‌یه و ئامرازی ده‌ستی چینێکه بۆ سه‌رکوتی چین و توێژه‌کانی تری کۆمه‌ڵ یا کۆیلهڕاگرتنی چه‌وساوان، مارکسیسته‌کانیش دان به‌وه‌دا ده‌نێن، که چه‌مکێکی چینایه‌تی هه‌یه. ته‌نیا ئیدئۆلۆگه‌کانی بۆرژوازی به هه‌موو باڵه‌کانیانه‌وه له هه‌وڵی شێواندن و په‌نهانکردنی ئه‌م ڕاستییهدان، که خودی دیموکراسی دێوجامه‌یه‌که و ڕوخساری راسته‌قینه‌ی دیکتاتۆری بۆرژواکان ده‌شارێته‌وه، ڕووکه‌شێکی فریوده‌رانه‌یه و وه‌ك پیش‌تر په‌نجه‌م بۆ راکێشا له زۆر ساتی مێژوویدا بۆرژواکان دێوجامه دیموکراسییه‌که‌یان فرێداوه و هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاته میلیتێرهکان په‌لاماری نارازیانیان داوه؛ له‌وانه ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی هه‌شتاکان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو له له‌نده‌ن و شیکاگۆ، که ده‌وڵه‌ته دیموکراته‌کان هه‌رچییه‌کیان له‌ده‌ست هات بۆ سه‌رکوتییان دریخیان لێ نه‌کرد، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر ئه‌مانه‌شی له‌بیر نه‌ماوه با سه‌ردانی یوتوب بکا و له به‌شی ڤیدیۆکاندا ته‌نیا بنووسێت «یۆنان» یا «ئه‌سینا»ی لانکه‌ی دیموکراسی. ئیتر ناوه‌ڕۆکی دیموکراسی بۆ ده‌رده‌که‌وێت! به‌ڵام تا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر واتاسازی و چه‌مکسازی بۆ دیکتاتۆری لای مارکسیسته‌کان، ئه‌وا له خواره‌وه‌را قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌م.
وه‌ك وتم دیکتاتۆری ئامرازی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی چینێکه به‌سه‌ر به‌شه ژێرده‌سته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا. پڕۆلیتاریاش وه‌ك چینی چه‌وساوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری، تا ئه‌وکاته بوونی هه‌یه، که وه‌ك چینێکی چه‌وساوه له‌ژێر سه‌روه‌ری بۆرژواکاندا به‌رهه‌م بهێنێت و وه‌ك هاوولاتییه‌کی گوێڕایه‌ڵ و ملکه‌چ بمێنێته‌وه. به‌ڵام کاتێك که پڕۆلیتاریا ڕاده‌په‌ڕێت و په‌لاماری سه‌روه‌ری بۆرژواکان ده‌دا و ده‌وڵه‌ت وردوخاش ده‌کات و خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و کاریکرێگرته هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و کۆمه‌ڵگه سه‌رله‌نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادانه بڕیاردان و پێکهاتن ڕێکده‌خاته‌وه و به‌مجۆره ده‌سه‌لاتی رامیاری ده‌ڕوخێنێت و بنه‌ما ئابورییه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕپا ده‌کات، ئیتر پڕۆلیتاریا نییه. خودی «کارڵ مارکس»یش دان به‌ودا ده‌نێت، که پڕۆلیتاریا به له‌ناوبردنی خۆی، چه‌وسێنه‌رانی له‌ناو ده‌بات. کاتێك که پڕۆلیتاریا شۆڕش بۆ له‌ناوبردنی خۆی بکات و خۆی له‌ناو به‌رێت، ئیدی چۆن ده‌بێته سه‌روه‌ر و چۆن وه‌ك چین (پڕۆلیتاریا) – پڕۆلیتار به تاکی ئه‌و چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییانه ده‌وترێت، که بۆ زیندوومانه‌وه‌یان کاری جه‌سته‌یی و بیری خۆیان دفرۆشن*- ده‌مینێته‌وه؟ کاتێك که پڕۆلیتاریا فرۆشه‌ری هێزی کاری و کۆیله‌ی سه‌روه‌ران نه‌بیت، ئیتر له کوێ به پرۆلیتاری ده‌مێنێته‌وه؛ یا ئه‌وه‌تا له سایه‌تی ئه‌و دیکتاتۆریه‌ی ئه‌وان باسی لێوه ده‌که‌ن، پڕۆلیتاریا هه‌ر فرۆشه‌ری هێزی کاره و که‌سانێکی تر سه‌روه‌ری ده‌که‌ن یا بوونی نامێنێت؟!
کاتێك که شۆرشی پڕۆلیتاریا هه‌وڵێك بێت بۆ له‌ناوبردنی سه‌روه‌ری چینایه‌تی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و کاری کرێگرته، که‌واته سه‌رکه‌وتنی ئه‌و شۆڕشه، ده‌کاته کۆتایی بوونی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، که بوونیان به بوونی پایه و بنه‌ما چینایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه به‌ستراوه! کاتێك که ئه‌م خوازراوه هاتبیته دی و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی گۆڕابێت به هاوبه‌شی سۆشیالیستی و هه‌ره‌وه‌زی و پێکهاتنی ئازادانه جێگه‌ی کاری کرێگرته‌ی گرتبێته‌وه، کاری زۆره‌ملێ و دابه‌شکاری بۆرژوازییانه هه‌ڵوه‌شابێته‌وه و کار و دابه‌شکاری به‌رهه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای "هه‌رکه‌س به‌پێی توانا و هه‌رچه‌ند به‌پێی پێوسیت"، که‌سه‌کان له کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌شداری بکه‌ن و له‌به‌روبوومی کۆمه‌ڵگه به‌هره‌مه‌ند بن، ئیتر بوونی پڕۆلیتاریا، که بوونی، واتای بوونی سه‌روه‌ره‌که‌ی ده‌گه‌یێنێت، له کوێدا ده‌مێنێته‌وه و پێداویستییه‌کانی مانه‌وه‌ی کامانه‌ن؟ قسه‌کردن له دیکتاتۆری و پاشگرکردنی پڕۆلیتاریا بۆ خه‌ونه‌کانی ورده بۆرژوازی، ته‌نیا له لێکدانه‌وه‌ی لنگه‌وقوچی ڕابه‌رانی پارتدا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه، که ناتوانن له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تییه‌وه وێنای دونیایه‌کی ناچینایه‌تی بکه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ خه‌ون و حه‌زه‌کانیان وه‌ك ورده‌بۆرژوازی نارازی ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ته‌نیا له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی و کایه‌کانی سه‌روه‌ریدا زیندوویه‌تی خۆیان ده‌پارێزن! چونکه ئه‌وان پێیان وایه، پڕۆلیتاریا توانای بیرکردنه‌وه‌ی نییه و بۆ خۆڕزگارکردنی، پێویستی به ڕابه‌رانێکی رامیار ده‌بێت، که ئه‌نجامدانی وه‌ها ئه‌رکێکیش ته‌نیا له شان و شه‌وکه‌تی شوانه پارتییه‌کان ده‌وه‌شێته‌وه!
به‌و پێیه‌ی که ئه‌زموونه‌کانی خه‌بات بۆی ڕوونکردبینهوه، له سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی سۆشیالیستیدا، چینێك وه‌ك پڕۆلیتاریای چه‌وساوه له ئارادا نامێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌مهێنه‌ران و کارگه‌رانی کۆمه‌ڵگه – مه‌به‌ست له هه‌ر به‌رهه‌مهێنه‌ر و کارگه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه- ده‌بنه خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و بڕیار و جێبه‌جێکردن ده‌که‌وێته ده‌ستی خۆیان و به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاریش ده‌بێته ئه‌رکی هه‌موو تاکێکی ئاماده بۆ کار و هه‌روا به‌ڕێوه‌بردن و بڕیاردان و دابه‌شکردن و جێبه‌جێکردنیش ده‌بێته ئه‌ركی هه‌مووان. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاوادا ڕێوشوێنی شوانه رامیاره‌کان و هۆشی سه‌روو خه‌ڵکی و پێشڕه‌و نامێنێت و به‌رهه‌مهێنان، دابه‌شکردن، بڕیاردان و جێبه‌جێکردن ده‌بنه به‌شێك له ژیانی ئاسایی ڕۆژانه‌ی تاکه ئازاده‌کان. ئاخۆ ئیتر له وه‌ها بارێک‌دا پڕۆلیتاریای خه‌یاڵکردی ده‌سه‌لاتخوازه‌کان بڕیاره به‌سه‌ر کێدا سه‌روه‌ری بکات و له کاتێکدا که تاکه ئازاده‌کان له بڕیاردان و جێبه‌جێکردندا به‌شدار بن، ئیتر دیکته بۆ کێ پێویسته بکرێت؟ چینێك که له‌ناو بچێت، چۆن ده‌توانێت دووباره له‌به‌رگی چینی سه‌روه‌ردا ده‌رکه‌وێته‌وه و چۆن چه‌وساوه‌ی له‌نێوچوو ده‌بێته چه‌وسێنه‌ری دووباره له دایك بوو؟ یا ئه‌وه‌تا پڕۆلیتاریا وه‌ك خۆی (چینی چه‌وساوه) ده‌مێنێته‌وه و که‌مایه‌تییه‌کی خۆڕێکخستوو له‌به‌رگی ئه‌ودا ده‌بنه سه‌روه‌ری تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو؟!کێ دیکتاتۆره، پارت یا پرۆلیتاریا؟
هه‌ژێن
06ی دێسه‌مبه‌ری 2008
به‌شی دووه‌م:
با وای دابنێین که بێجگه له‌و ڕێڕه‌وه‌ی که مارکسیسته‌کان بۆ ئێمه‌ی دیاری ده‌که‌ن، ڕێگه‌ی ترمان له‌به‌رده‌مدا نییه و یا سه‌روه‌ری (دیکتاتۆری) بۆرژوازی یا سه‌روه‌ری (دیکتاتۆری پڕۆلیتاری! ئایا چ جیاواییهك له‌نێوان دیکتاتۆری ئه‌م چین و ئه‌و چیندا هه‌یه؟ ئایا بوونی چه‌وسانه‌وه و کۆیله‌تی مه‌گه‌ر له بوونی سه‌روه‌ری و دیکتاتۆری چینه‌که‌ی تردا نییه؟ ئه‌گه‌ر بریاره کۆمه‌ڵگه له چینایه‌تی بوون ڕزگاری نه‌بێت، چ پێویست ده‌کات ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی بۆ بڕێژین و ئه‌و هه‌موو تێکۆشان و ماندووبوونه‌ی بۆ به خه‌رج بده‌ین، باشتر نییه هه‌وڵی چاکسازی سه‌رمایه‌داری بده‌ین؟! ئایا مرۆییبوونی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا له چاکسازی وه‌رگرتنی سه‌رمایه‌داری خه‌یاڵی تر نییه؟ که‌واته به دیکتاتۆربوونی پڕۆلیتاریا (پڕۆلیتاریا لای مارکسیسته‌کان ده‌کاته کارگه‌رانی پیشه‌سازی) واته بوونی به سه‌روه‌ر، چین و تویژه‌کانی تری کۆمه‌ڵ ده‌بنه ژێرده‌ست و چه‌وساوه! ئه‌گه‌ر وا نییه، ئه‌ی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا به‌سه‌ر کێدا و سه‌روه‌ری کێ ده‌بێت؟ کاتێك که پڕۆلیتاریا له چینی چه‌وساوه‌وه ببێته چینی سه‌روه‌ر، ئه‌دی کێ ده‌بێته چینی به‌رهه‌مهێنه‌ر و چه‌وساوه؟ ئه‌گه‌ر پڕۆلیتاریا خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ر و خۆی خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و خۆی بڕیارده‌ر و دابه‌شکه‌ری به‌رهه‌مه، ئیتر دیکتاتۆری به‌سه‌ر کێدا و بۆچی؟ ئه‌گه‌ر چینێك هاوکات ده‌توانێت به‌رهه‌مهێنه‌ر -به‌رهه‌مهێنه‌ر به واتای تاکی ئازادی کۆمه‌ڵگه‌ی سۆشیالیستی نا، به‌ڵکو کۆیله‌یه‌ك که کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی له‌سه‌ر شان و بازووی کۆیله‌تی خۆی ڕاده‌گرێت- و دیکتاتۆریش بێت، چۆنه بۆرژوازی بیری له وه‌ها ڕێگهیهكچارهیهك نه‌کردووه‌ته‌وه، تاوه‌کو له شه‌ڕی پڕۆلیتاریای ڕوخێنه‌ر ڕزگاری بێت؟
هه‌ڵبه‌ته وه‌ك وتم با وای دابنێین، که ناچارین سه‌روه‌ری ئه‌م چین به‌و چین بگۆڕینه‌وه و ئه‌م چین داگرین و ئه‌و سه‌رخه‌ین. ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رکه‌وت که ئه‌گه‌ر بڕیار بێت شۆرشی پڕۆلیتاریا بۆ له‌وناوبردنی خۆی بێت و ئه‌و له‌ناوبردنه‌ش ته‌نیا به له‌ناوبردنی ڕێوشوێنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی دێته ڕوودان و تاوه‌کو وه‌ك چینێك بۆ درێژه‌دان به ژیان ناچار به فرۆشتنی کاری جه‌سته‌یی و بیریی بێت، خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و کاریکرێگرته وه‌ك کۆڵه‌که‌ی ڕاگرتنی ئه‌و کۆیله‌تییه ده‌مێنن. به‌م جۆره شۆڕشی چه‌وساوه‌کان (پڕۆلیتاریا) ته‌نیا کاتێك سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێت، که پایه‌کانی کۆیله‌تی خۆی له‌ناو بردبێت؛ کاتێك که ئه‌وانه‌شی له‌ناو بردبێت، که‌واته زه‌مینه‌ی بوون و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌وسێنه‌رانی خۆی له‌ناو بردووه. ئیتر جارێکی تر سه‌روه‌ری به‌سه‌ر کێدا و دیکتاتۆری بۆ سه‌رکوتی کێ؟
به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆمان له گێلی نه‌ده‌ین و ورد له به‌ڵگه و بیانووی ده‌سه‌لاتخوازان، ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕییان به پێشره‌وی و بالابوونی هۆشی خۆیان له چاو پڕۆلیتاریا هه‌یه، بڕوانین، ئه‌وا به‌ئاسانی بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که کێ سه‌روه‌ر ده‌بێت و پێداویستی ئه‌و دیکتاتۆرییه له کوێوه سه‌رچاوه ده‌گڕیت!
ئێمه ده‌زانین که وه‌ڵامی ئاماده‌کراوی ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان ئه‌وه‌یه، که پڕۆلیتاریا له ڕێگه‌ی پێشڕهوهکانییهوه واته پارتی (ماکسیست، لێنینیست، ماویست، حیکمه‌تیست و ….)ی کارگه‌رانی ئه‌م وڵات و ئه‌و شار و خێڵ و گوند، ده‌بێته دیکتاتۆر! ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه به‌ڵگه‌یه‌کی تری نه‌هاتنه‌وه‌ی دیکتاتۆرییه له‌ته‌ك پڕۆلیتاریا و ناکۆكبوونی دیکتاتۆرییه له‌ته‌ك خه‌ونی ڕزگاری چه‌وساوه‌کان، بۆیه ده‌سه‌ڵاتخوازان به یاسای له‌بری دانان، به‌وه‌ی که خۆیان به قسه‌که‌ر و هۆشی پڕۆلیتاریا ده‌زانن و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه دێنه مه‌یدان و ده‌سه‌لاته دیکتاتۆرییهکهشیان هه‌ر به‌ناوی ئه‌وانه‌وه ده‌سه‌پێنن و به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌وه سه‌رکوتی خودی پڕۆلیتاریای نارازی ده‌که‌ن. کاتێك که مارکسیسته‌کان پێیان وایه که هوشیاری چینایه‌تی وه‌ك وه‌لامێكی ئاماده‌کراو و به‌رهه‌می مێشکی ڕۆشنبیرانی ورده‌بۆرژوازی، ده‌بردرێته ناو پڕۆلیتاریا، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ڕێکخستنی پڕۆلیتاریا له ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌ست پێده‌کات و پارتێك وه‌ك پێشڕه‌و ده‌بێته پێداویستی و ئۆتوریته‌ی ئه‌م خێرخوا و ئه‌و فیلۆسۆف له قوچکهی پێکهاته‌ی پارته‌که‌دا ده‌بێته تاکه مێشکێك که له بری هه‌موو پڕۆلیتاریا بیرده‌کاته‌وه و پێمان ده‌ڵێت که‌ی مانبگرین و که‌ی برژێینه سه‌ر شه‌قامه‌کان و که‌ی په‌لاماری پارله‌مان بده‌ین و هه‌رکاتێکیش ویستیان و پێویستیان پێی بوو، بۆ (ئاشتی و پێکه‌وه ژیان له‌ته‌ك بۆرژوازی)، وه‌ك مێگه‌ل دهماندهنهبهر! ئیتر به‌م جۆره فه‌رمانه‌کانی ڕابه‌ران و پارت ده‌بنه بڕیاری بێ ئه‌م لاو و ئه‌و لای پڕۆلیتاریا و ده‌وڵه‌ت و ته‌ختی شاهانهشیان ناو ده‌نێن «دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا»!
ئاخۆ هیچ له‌م پاگه‌نده پووچانه ئایدیالیستانهتر هه‌یه؟ تێڕوانینێك که پێی وایه ئێمه ئاوه‌زی بیرکردنه‌وه و توانای هوشیاربوونهوهمان نییه، بۆ گه‌یشتنمان به سۆشیالیزم پێویستمان به دیکتاتۆری پارتی پیشڕه‌و هه‌یه و دیکتاتۆره‌کانی پارت، هێنده مرۆڤدۆست و سۆشیالیزم ویست و ئازادیخوازن، که به‌خۆیان، هوشیارمان ده‌که‌نه‌وه و ڕێگه‌ی ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌ده‌ن، که چۆن له‌ناویان به‌رین و ده‌وڵه‌ته‌که‌یان هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه! ئایا ئه‌مه له‌وه فریودهرانهتر نییه که پێمان وابێت، ڕۆژگارێك دێت، بۆرژواکان به‌خۆیان ده‌ست له چه‌وسانه‌وه‌مان هه‌ڵگرن و واز له سه‌روه‌ریمان بهێنن؟ ئایا ئه‌مه چ جیاوازییه‌کی له‌ته‌ك ئه‌و تێڕوانینه‌دا هه‌یه، که پێی وایه خوا ئێمه‌ی دروستکردووه، که‌واته ته‌نیا وی توانای زانین و هۆشمه‌ندی له‌باره‌ی شته‌کانه‌وه هه‌یه، ئێمه بۆ ڕزگاربوونمان پێویستمان به په‌یڕه‌وی ڕێره‌وه‌که‌ی ئه‌و هه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی ویش، دوائامانج و فریادڕه‌سی ئێمه‌یه، ئه‌گه‌ر به قسه‌ی ئه‌ومان کرد، ده‌گه‌ڕێینه‌وه به‌هه‌شت؟!
به‌ڵام کاتێك که ماتریالیستانه بیر له پرسه‌که ده‌که‌ینه‌وه، سه‌ره‌نجام سه‌رمان له دیکتاتۆری و بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌رناچێت؛ وه‌ك سه‌ره‌نجامی ئه‌نجامدانی کارێك هوشیاری له‌مه‌ڕ ئه‌و کاره لامان گه‌لاڵه ده‌بێت، که‌واته کارگه‌ر، جوتیار، مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، خوێندکار، ….تد له سه‌ره‌نجامی کار و خه‌باتی ڕۆژانه‌یاندا هوشیاری چینایه‌تییان به‌ده‌ست ده‌هێنن، که هوشیاری به‌رهه‌می کار و چالاکی بێت، که‌واته وه‌ك به‌ره‌نجامی خه‌باتی ڕۆژانه و به‌رده‌وامی شۆڕشگێڕانه‌مان، ڕزگاری خۆمان به ده‌ستی خۆمان مه‌یسه‌ر ده‌بێت، کاتێك که خۆمان ڕزگارکه‌ری خۆمان بین، ئیتر پێویستمان به خۆڕێکخستن له ده‌ره‌وه‌ی شوێنی کار و ژیانمانه‌وه نییه و ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه‌کانمان (سه‌ندیکا شۆڕشگێڕه‌کان، سۆڤیه‌ته‌کان، یه‌کێتییه سه‌ربه‌خۆکان، ئه‌نجومه‌نه هه‌ره‌وه‌زییه‌کان، ..تد) تاکه ئامرازی خه‌باتمان ده‌بن. کاتێك که ڕێکخراوه خهتابکارهکانمان ده‌ردراوی سروشتی چینایه‌تی و پێداویستی خه‌باتی ڕۆژانه‌مان بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ناچینایه‌تی بن، هه‌رواش ده‌توانن له کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا ڕێکخه‌ر و چێکه‌ری سیسته‌مێکی ناچینایه‌تی بن. کاتێك که پڕۆلیتاریا بتوانێت، سیسته‌می چینایه‌تی بگۆڕێت، هه‌رواش ده‌توانێت کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌مای سیسته‌مێکی ناچینایه‌تی ڕێکبخات، هه‌روا بتوانێت به‌رهه‌م بهێنێت، هه‌رواش ده‌توانێت دابه‌شی بکات، هه‌روا بتوانێت ڕاگری چه‌رخه‌کانی به‌رهه‌مهێنان بێت، هه‌رواش ده‌توانێت به‌ڕێوه‌به‌ری کارخانه‌کان و کێڵگه‌کان بێت. کاتێك که ئێمه به‌خۆمان له خواره‌وه‌ڕا به‌بێ بوونی نێوهنجیکار (پارت و رامیاره ورده‌بۆرژواکان و بهڕێوهبهرکان و خاوه‌نکاره‌کان و ده‌وله‌ت) کۆمه‌ڵگه و به‌رهه‌مهینان و دابه‌شکردنمان له‌سه‌ر بنه‌مای پێکهاتنی ئازادانه‌ی فیدراسیۆن و کۆمونه هه‌ره‌وه‌زییه‌کان ڕێکخسته‌وه، ئیتر بوارێك بۆ گه‌رانه‌وه‌ی خاوه‌نکار و رامیاره ده‌سه‌لاتخوازه‌کان نامێنێته‌وه و به شێوازی خۆبه‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی خۆمان به‌ر به گه‌رانه‌وه‌ی سیسته‌مه ههڵوهشاوهکهیان ده‌گرین و چیتر پێویستمان به دیکتاتۆری هیچ پارت و فیلۆسۆفێك نابێت. تێگه‌یشتن له‌مه بۆ که‌سانێك که باوه‌ڕییان به هێز و توانای سه‌روو مرۆڤ و ژیری هه‌ندێك و ناژیری هه‌ندێکی تر نییه، زۆر ئاسانه و بۆ که‌مایه‌تییه‌کی ده‌سته‌بژێری رامیار ڕۆڵی جادوویی نوشتهئاسا دیاری ناکه‌ن. به‌ڵام بۆ که‌سانێك که باوه‌ڕییان به نوێنه‌رایه‌تی هۆشمه‌ندی خوا له‌لایه‌ن که‌سانێکی دیاری کراوه‌وه هه‌یه، ئیتر کاره‌کان به ئیمام و پێخه‌مبه‌ره‌کان و پاشڕه‌وانیان ده‌سپێرن و وێناکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ناچینایه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی یاسامه‌ندی و میکانیزمه‌کانی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی، کارێکی ئاسان و لواوی ده‌رککردن نابێت!
به‌م جۆره، کاتێك که وردتر له پرسی دیکتاتۆری و پێداویستی ده‌سه‌ڵاتی سه‌روو خه‌ڵکی دهڕواڕین، بۆمان ڕۆشن ده‌بێته‌وه، که پڕۆلیتاریا خه‌ونێکی نییه یا ئامراز و شێوه ڕێکخستنێکی نییه به ناوی دیکتاتۆرییه‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه خه‌ونی ڕۆشنبیر وردهبۆرژواکانه و ئه‌زموونی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ریش نیشانی دا، دیکتاتۆری پارتی پێشڕه‌و، بۆ پڕۆلیتاریا سه‌رکوتگه‌رتر و چهوسێنهرتره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌ناوی ئه‌وانه‌وه فه‌رمانه قهرهقوشییهکانی ئه‌نجام ده‌دات؛ تێکشکاندنی مانگرتنی گشتی 23ی فێبریوه‌ری کارگه‌رانی پترۆگراد**، تێکشکاندنی هه‌وڵی مه‌له‌وانانی کرۆنشتات بۆ هه‌ڵبژاردنی سۆڤیه‌ته ئازاده‌کان 17ی مارچی 1921 *** تێکشکاندنی کۆمونه هه‌ره‌وه‌زییه‌کانی جوتیاران له ئۆکرانیا****، که بۆلشه‌ڤیکه‌کان به ڕێکه‌وتنیان له‌ته‌ك ده‌وڵه‌تانی ئاڵمانی و نه‌مسا، خه‌نجه‌ری ژه‌هراویان له پشته‌وه‌ڕا لێدان و له هه‌ر سێ باره‌که‌دا به‌ناوی پڕۆلیتاریاوه ده‌زگه‌ی داپڵۆسێنه‌ری (چێکا- CHEKA) ***** سه‌رکوتی بزاڤی پڕۆلیتاریا و به‌رده‌وامی شۆڕشی کرد و بوو به باشترین به‌ڵگه و ئه‌زموونی بێ بناخه‌یی و پووچی پاگه‌نده‌ی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا. پراکتیزه‌کردنی تێڕوانینێك که پێی وابوو، ته‌نیا له سایه‌تی ده‌وڵه‌ت و دیکتاتۆری به‌ناو پڕۆلیتاریا، که پارتی پێشڕه‌و نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات، ده‌ریخست، که یه‌کسانییه‌ك له‌سایه‌ی چه‌کمه سووره‌کانی پارتی کۆمونیستدا، بڕیاره بێته دی، له یه‌کسانی زیندانیانی ژێر سایه‌ی شه‌لاقی زیندانهوانهکانی بۆرژوازی، باشتر نابێت و ئازادیش له وه‌ها سیسته‌مێکدا، هه‌ر هێنده‌ی پاگه‌نده‌ی بوونی ئازادی له زینداندا، واتابه‌خش ده‌بێت!
په‌راوێز:
* به پێچه‌وانه‌ی مارکسیسته‌کانه‌وه که پێیان وایه پڕۆلیتاریا واته کارگهرانێك که له بواری پیشه‌سازیدا کار ده‌که‌ن. پڕۆلیتاریا له یۆنانی کۆندا به مرۆڤی چه‌وساوه، ئه‌وانه‌ی که خاوه‌نی خۆیان و هیچ نه‌بوون، وتراوه. ئه‌مه‌ش پڕ به‌پێستی چین و توێژه بێ ده‌سه‌لات و بێ سه‌رمایه‌کانه. بۆ زانیاری فره‌تر سه‌ردانی (wikipedia) یا ( Merriam-Webster Online) ، بکه‌ن، سه‌رچاوه‌ی ئینگلیزی:
http://www.merriam-webster.com/dictionary/Proletariat
http://209.85.129.132/search?q=cache:Hqo60dXLONYJ:en.wikipedia.org/wiki/Proletariat+proletariat&hl=de&ct=clnk&cd=6&gl=de&client=firefox-a
سه‌رچاوه‌ی ئاڵمانی:
http://209.85.129.132/search?q=cache:PO90GL8YDZYJ:de.wikipedia.org/wiki/Proletariat+proletariat&hl=de&ct=clnk&cd=1&gl=de&client=firefox-a
** مانگرتنی گشتی کارگه‌رانی پترۆگراد
http://libcom.org/library/thekronstadtcommuneidamett2
*** یاخیبوونی مه‌له‌وانانی کرۆنشتات
http://libcom.org/library/the-kronstadt-uprising-ida-mett
**** بزاڤی جوتیارانی ئوکرانیا
http://libcom.org/history/1917-1921-the-ukrainian-makhnovist-movement
***** (چیکا)
http://libcom.org/library/kronstadt-21-serge