Skip to Content

60 Views

ڕه‌گه‌زێكی بێ به‌شكراو … به‌ختیار محه‌مه‌د

ڕه‌گه‌زێكی بێ به‌شكراو … به‌ختیار محه‌مه‌د

Be First!
by May 7, 2018 General, Women
image_print

كێشه‌ی پیاو به‌رانبه‌ر به‌ ژن به‌گشتی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ قه‌ت خۆی به‌ هه‌ڵه‌ نازانێ؛ ئه‌و هه‌ڵه‌كانی خۆی به‌ ڕه‌وا ده‌زانێ. ئه‌م هه‌ڵانه‌ش سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌ مێژووی ده‌سه‌ڵاتی پیاوه‌وه (سیستمی پاتریاركییه‌وه‌) هه‌ڵده‌قووڵێ.‌ لێره‌وه‌ ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگای هاوسه‌رگیرییدا حه‌ز له‌ ژنی دیكه‌ ده‌كا؛ فره‌ژنی داده‌هێنێ، له‌ ژن ده‌دا، ئه‌و به‌ خزمه‌تكاری خۆی ده‌زانێ، تاد. ئه‌و هه‌موو ئه‌م كارانه بۆ خۆی‌ به‌ ڕاست و سروشتی و ڕه‌وا ده‌زانێ و یاسا و شه‌رعیشیان بۆ داده‌نێ. ئاشكرایه‌ زۆربه‌ی پیاوانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌، ته‌نها وه‌ك كاره‌كه‌ر ته‌ماشای ژنه‌كانیان ده‌كه‌ن: له‌ ماڵه‌وه‌ خزمه‌تیان بكه‌ن و چێشتیان بۆ لێ بنێن و جلكیان بۆ بشۆن و منداڵیان بۆ به‌خێو بكه‌ن و… تاد. پیاو هه‌موو خۆشییه‌ك بۆ خۆی له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ڕه‌وا ده‌زانێ، به‌ڵام بۆ ژنه‌كه‌ی (خوشكه‌كه‌ی) هه‌رگیز نا. به‌كورتییه‌كه‌ی، پیاو زۆرترین ده‌سه‌ڵات (به‌تایبه‌تی له‌ ماڵه‌وه‌دا) به ‌خۆی ڕه‌وا ده‌بینێ، به‌ڵام كه‌مترین ده‌سه‌ڵات (ویستی ئازاد) به‌ ژن ڕه‌وا نابینێ. لێره‌وه‌ هه‌میشه‌ ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا مایه‌ی ڕق و نیگه‌رانیی و بێزارییه‌. ئه‌و، كه‌ داوای مافی خۆی ده‌كا، ڕق و تووڕه‌یی و بێزاری پیاو (به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانی سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی پاتریاركی) ده‌ورووژێنێ: هه‌موو ئافره‌ته‌ ئازادیخواز و مافخوازه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌ چاوی گومانه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كرێن؛ هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌درێ ئافره‌ت وه‌ك كۆیله‌ و ژێرده‌سته‌ بهێڵدرێته‌وه‌.

ڕاستییه‌كه‌ی ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا له‌ بن باری قورسی مێژووی سته‌مدا ده‌ناڵێنێ. تۆ هه‌ر به‌نموونه‌ ته‌ماشای ئه‌و مافه‌ سروشتییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بكه‌، كه‌ چۆن له‌ ئافره‌ت ستاندراوه‌ته‌وه‌ و ژیانی ئه‌و و كۆمه‌ڵگه‌شی كردۆته‌ دۆزه‌خ (به‌تایبه‌تی له‌ بار و دۆخی ئێستای پڕ له‌ ته‌نگژه‌ی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا)؛ ئه‌م حاڵه‌ته‌ باری سه‌رشانی پیاویشی یه‌كجار قورس و ئه‌سته‌م كردووه‌: ئه‌و ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌ی پیاوه‌وه‌، هه‌رگیز ناتوانێ به ‌دڵی خۆی و به‌ ئازادی داوای هاوسه‌ر بۆ خۆی بكا و مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ (وه‌ك چۆن پیاو ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌) ئه‌ویش بچێته‌ خوازبێنی پیاوه‌كان و به‌ ئاشكرا پیاو بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێ؛ به‌ڵكو ئه‌و – زۆربه‌ی جار – چاوه‌ڕێی قه‌ده‌ر و چاره‌نووسی خۆیه‌تی، كه‌ به‌ڕێكه‌وت و خۆوبه‌خت ویستی پیاو ئه‌و چاره‌نووسه‌ی بۆ دیار بكا و بۆی یه‌كلایی بكاته‌وه‌: ئاخۆ شوو ده‌كا، یانیش هه‌ر له‌ ماڵ ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ قه‌یره‌ و قژی سپی ده‌هۆنێته‌وه‌، تا دواجار پیری و مه‌رگ له‌ ده‌رگای به‌ختی ڕه‌شی ده‌ده‌ن؟ (ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌ سه‌دان هه‌زار ئافره‌تی وای تێدایه‌)؛ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی، كه‌ به ‌ناوی شه‌ره‌ف و ئه‌خلاقه‌وه‌ له‌ كونی ڕه‌شی ماڵه‌كانیان ئازار ده‌چێژن و كراونه‌ته‌ كۆیله: كۆیله‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگه‌ی پاتریاركی. هه‌ر به‌ڕاستیش ده‌بێ له‌ خۆمان بپرسین: ئه‌گه‌ر ئافره‌ت ئازاد و به‌خته‌وه‌ر نه‌بوو، چۆن پیاو ئازاد و به‌خته‌وه‌ر ده‌بێ؟ هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌،‌ كوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا – به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێ – پیاوێكی به‌خته‌وه‌ر ده‌دۆزیته‌وه‌؟ ئه‌و پیاوانه‌ی، كه‌ هه‌م ڕقیان له‌ ئافره‌ته‌، هه‌م كۆیله‌ی غه‌ریزه‌ی سێكسیشن. له‌ ئاكامدا ده‌ڵێین: ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئافره‌ته‌كانی ئازاد نه‌بوو، هه‌رگیز نابێته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌خته‌وه‌ر.

به‌ختیار محه‌مه‌د

Previous
Next

Leave a Reply