Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
بۆ د. نامۆ عەزیز

بۆ د. نامۆ عەزیز

Closed
by February 4, 2008 گشتی

سەمای تۆش بۆ تاڵەبانی و بارزانی سەمایەکی تراژیدیانەیە؟…!       

ئاسۆعەبدوللەتیف….

.."مەزانە کێ وتویەتی بزانە چی وتراوە" عەلی کوری ئەبو تالیب
ئەوە چەند ژمارەیەکە رۆژنامەی میدیا زۆر گرنگی بە ووتارەکانی رۆژنامەوانی کورد "د.نامۆ عەزیز" ئەدات و لە راستیشدا ووتارەکانی مایەی سەرنج راکێشان و لەسەر وەستانە بۆ خوێنەری کوردو بۆ کوردیش گەلێک خۆشە کە خاوەنی قەڵەم و ئایدیای کوردانەی وەهابێ لەدەرەوەو لە میدیاو ماسمیدیای بیانی و جیهانیدا، بەڵام ئەوەی کە نەنگییەو مایەی داماوییە ئەوەیە قەڵەمێکی یونیڤرساڵی وەک بەرێز د. نامۆ رەخنەی بیانیەکی وەک رۆبنی بەلاوە قورس بێت و خۆشی بکەوێتە مەدح و سەنایەکی تراژیدیانەی دەسەڵاتی کوردی و سەرۆکە دەوڵەمەندەکانیەوە، دەبوو د.نامۆ پێش ئەوەی کە رۆبنمان لێ بکاتە شەیتان و راپۆرتەکەشی سووک و سەفیه بکات لەبەرچاومان، بەویژدانەوە داتاکانی بۆ ریزکردینایەو کەمێک هیلاکی بچەشتایە بەو ووتارە تەعقیبیەوە نەک سەر پێییانە، هەر وەک هیلاکی ووتارەکەی رابردووی خۆی (گەران بە دوای محمد دا) کە چەندە جوان و دڵگیرانە نوسیبووی، ئەوەندەش هەڵی نەدایە بە شان و بازووی ئەم دوو دەسەڵاتەداو چەند چرکەیەکیش بوەستایە لەسەر گەندەڵیەکانی کوردستان و کۆکردنەوەی سەرمایە نائاساییەکان و ڤێللاو قەسرە زۆرەکان و مۆنیکای کورە بەرپرسەکان و ئەو هەموو نابەرابەریەی کە لە کوردستاندا دروست بووە، لاپەرە 10 ی ژمارە 324 ی رۆژنامەی میدیا تەرخان بوو بۆ ووتارێکی د. نامۆ بە ناوی (سەماکەی مایکڵ رۆبن و کولتوری مێشک هەژاری) دیارە ئەم ووتارەی ناوبراو وەڵامێکە هەم بۆ شەقامی کوردی و خوێنەرە هەژارەکان، هەم بۆ میدیاو رۆژنامەی سەربەخۆی کوردی بەتایبەتی (هاووڵاتی) کە راپۆرتەکەی رۆبنی بەبێ ترس بڵاو کردەوە، هەمیش چپەیەکە بۆ گوێی دەسەڵاتی کوردستان کە گرنگ نییە یان کاک نامۆ پێی گرنگ نییە ئەوەندە گرنگی بدەن بە راپۆرتێکی ئاسایی مایکڵ رۆبن کە رەنگە لە رووی زانستیشەوە راپۆرت نەبێ و دوورە لە زانستی بوونەوە، وەک د. نامۆ ئەڵێ" لەو نوسینەدا کە مایکڵ و کوردەکان ناویان ناوە راپۆرت، لە راستیدا دەردەکەوێت… ئەم جۆرە شیکارییە لە تەکنیکی نوسیندا نە کۆڵۆمنەو نە ئێسێ و نە ریپۆرتاژ"  لە لایەکی دیکەوە ئەم رەخنەیەی د.نامۆ عەزیز لە مایکڵ، جۆرێکیشە لە غیرەکردن و لای ئاسایی نییە ئەوەندە قەبارەی پێ بدرێت و گەورە بکرێت، هەمان کات بە ئێمەی خوێنەری کوردی ئەڵێ کە بۆ لۆبی تورک کار ئەکات و پەیوەندی بەتینی هەیە لەگەڵ ژەنراڵەکانی تورک، بەبێ ئەوەی کە یەک بەڵگەو دیکۆمێنتی نوسراومان بداتێ لەسەر ئەو پەیوەندیە بەتینەی لەگەڵ تورکەکان هەیەتی و تەنها قسەی هاورێکەی ئەکاتە پاڵپشت و دەڵێ" رۆژنامەنوسێکی هاورێی تورکم کە بۆ یەکێک لە رۆژنامەکانی ئیستەنبوڵ کاردەکات، دەگێرێتەوە: پەیوەندی مایکڵ لەگەڵ گێنەراڵەکانی سوپادا پەیوەندیەکی کۆن و پتەوەو شاراوە نییە"  یان  "  لە 2000  لە زانکۆی سەلاحەدین وانەی وتۆتەوە کارەکەی تەنیا گفتوگۆ بووە لەگەڵ قوتابیاندا" یان " چەند قوتابیەک گومانی سیخوڕیان لەسەری هەبووە" کە بە داخەوە ئەمانە لە رووی تیۆریشەوە ناتوانین وەک داتا وەریانبگرین چ جای بەڵگەی تۆمەتبارکردن و فەرمانی دەستگیرکردن، ئاخۆ وانە ووتنەوە لە زانکۆیەکی کوردستان ئەبێت بەڵگە؟
بەرێز د. نامۆ نەدەبوو ئەم جۆرە قسانەی هاورێکانی بکردایەتە دیکۆمینت و بە ئێمەی بفرۆشێ بۆ لەکەدارکردنی مایکڵ رۆبن و کەسایەتیەکەی لەبەر چاومان بشێوێنێ، ئەو قسانە لە رووی زانستییەوە هەرگیز نابن بە بەڵگەی راست و رەوان و باوەڕساز، لەکاتێکدا هەر لەو ووتارە دا دکتۆر خۆی دەڵێ" خودی نوسەر، رۆژنامەوان، بنوس دەبێ 0 ی کارەکەی پشت بە دۆکۆمێنت، فیلمی دێدێکتیڤی، دەنگ و دان پێدانانی بەرانبەرەکەی کە لەسەری ئەنوسێت ببەستێت" بە بێ ئەوەی کە خۆی چووبێتەوە سەر ئەو قسەیەی خۆی و بەکاری هێنابێ (لم تقولون مالا تفعلون) ئەی حەق نییە بپرسین  ئەوە چۆنە کاک دکتۆر خۆی ئەم کارە ناکات و بە راست و چەپدا تەعنی ئەم مایکلە ئەمریکیە ئەکات تەنها لەبەر ئەوەی کە پەنجەی بۆ هەندێ تابۆو خانەی وێرانی کوردستان و دیوی شاراوە بردووەو دەسەڵاتی هەراسان و پەشێو کردووە بە کاک نامۆشەوە، کە دەبوو ئێمە وەک رۆژنامەوانی کوردی و وەک دەسەڵاتیش دوور لە زمانی تەشهیرو تەعن و سکاڵا بەرزکردنەوە ئەو راپۆرتەمان راڤە بکردایەو پەنجەمان بۆ دیوی پشتەوەی کەسایەتی رۆبن درێژ نەکردایە (ئیمامی عەلی ووتەنی مەزانە کێ ووتویەتی بزانە چی ووتراوە) وەک چۆن د. نامۆ ئەڵێ" رۆبن نە قسەکەری کۆشکی سپییەو نە جلشۆری میللەتی کورد" یان" لە ووڵاتەکەی خۆشی ژمارەیەکی بچوکە لە 300 ملیۆنەکەی ئەمریکا" یان "بەکرێگیراوی تورک" یان " بوون و نەبوونی بە دڵنیایی لەو خانوەشدا هەستی پێناکرێت کە شوقەکەی ئەوی تێدایە" کە بە بۆچونی من نەدەبوو بەرێز نامۆ وەک رۆژنامەوانێکی ناسراوو پرۆفیشناڵی جیهانی، ئاوا ئارگۆمێنت و دیالۆگی ئەوی تر بکات و بەو ستایلە رەخنە بگرێ لە مایکڵ رۆبن، کە کاری ئەو بەڵێ نە قسەکەری کۆشکی سپییە و نە جل شۆردنە بۆ کورد، بەڵکو رەخنە گرتنە لەو چەوتی و گەندەڵیانەی رۆژانە ئەیبینێت و رۆژگارێک لەم ووڵاتەدا ژیاوە، لای رۆشنبیرانی کوردیش هێشتا مایکڵ رۆبن بەکرێگیراوی تورکیا نییە چونکە هیچ بەڵگەیەکمان بەدەستەوە نییە هەروەک چۆن ناتوانین بەرێز نامۆش بکەین بە بەکرێگیراوی یەکێتی و پارتی لەبەر بێ بەڵگەییمان، ئیدی نازانم بۆچی بەرێز نامۆ شەرعیەت ئەدات بە دەسەڵات بۆ لێپێچینەوەی مایکڵ رۆبن و شەرعیەت ئەدات بە گرتن و تۆمارکردنی سکاڵا لەسەری و ئەوەندە رق ئەستوورە بۆ رۆبن وەک ئەڵێ" زۆر بەپەلە سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن و هەر لە ئێستاوە فەرمانی گرتنی بۆ ئامادە بکرێت" ئایا ئەم قسەیە هی ئەفسەرێکی پۆلیس یان دەزگای ئاسایش، یان دادوەری لێکۆڵینەوەیە، یان ئەکادیمیەکی رۆژنامەوان و خاوەن پەروەردەیەکی کولتوری رۆژئاوایی وەک د. نامۆ؟ ئایا ئەمە گرتنی ئازادی و لە خاچدانی بیرورای ئازاد نییە؟ ئایا بەراست ئەمە کوشتنی رەخنە نییە؟ ئایا بەرێز نامۆ کە خۆی لە ئەڵمانیاولە کولتوری رۆژئاواییدا گەورەو پەروەردە بووە رێگە بەم ئیتیک و ئەخلاقە ستالینیە ئەدات؟ ئایا بەم فەرمان و گرتنە رازین؟ ئایا پەروەردەی رۆژنامەوانی ئەوروپی کە د. نامۆ شانازی پێوە ئەکات ئاواهی بەرپەرچی رەخنەکان ئەدەنەوە و رەخنەگرەکان ئەکەن بە دوژمن و سیخوڕ؟ دواجار ئەوەی کە گرنگە بیڵێم ئەوەیە کە د. نامۆ زۆر بە رەهایی بەرگری لەو دەسەڵاتە ئەکات کە ئەوە  16 ساڵە غەرقی کێشەو کارەسات و گەندەڵی و براکوژی و ناعەدالەتییە، تەنانەت هەر ئەو دەسەڵاتەیە شارەکەی کاک نامۆی پشتگوێ خستووەو بازرگانی پێوە ئەکات کە شاری هەڵەبجەیەو دوکتۆریش وابزانم لای ئاساییە و نقوت ناکات!! ئەو شارەی کە بوویە رەمزو سومبولی قوربانیدان و هێمای نەبەزین و جینۆساید ئێستا زۆر جیاوازترە لە شاری مەسقەترەئسی ئەو سەرۆکانەی کە بەرێز نامۆ کردوونی بە فریشتەو ئەفسانەی ئازادی و کامەرانی و خۆشگوزەرانی لە ئێمەو ئەوەتا ئەڵێ" ئەم سەربەستییەی ئەمرۆی کوردستان (میدیاو رۆژنامەکان) بەرهەمی ئەتاتورک و ئەمریکا نییە، رەنجی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتییە، پڕە لە ماندوبوونی تاڵەبانی و بارزانی" راستە تاڵەبانی و بارزانی ماندوو بوون و رەنجیان کێشاوەو دەستیان خۆش بێت، لێ خودی تاڵەبانی و بارزانی ئەم قسەیە بەو رەهاییە ناکەن و ئەو رەوشەی کوردستان بە دەستکەوتێکی ئەزانن کە جەماوەرو دۆستانمان و ئەمریکیەکان بەخشیویانە نەک رەنج و ماندوبوونی خۆیان بەتەنها !! پاشان هەموو ئەزانین تورکیا دەوڵەتێکی شۆڤێنییەو دژی کوردە ئەمە قسەیەکە و لاریمان لێی نییە، بەڵام لۆبی بەهێزی لە سەدان ووڵات هەیە بە ئەمریکاشەوە و دەیان کادرو خەڵکی رۆژنامەنوس و نوسەریش ئەکرێ ئەمەیان مافی خۆیەتی کاری لۆبی بکات و ئازادە، ئەی ئێمەی کورد بۆ کاری لۆبی ناکەین؟ ئایا داهات و پارەمان نییە یان داهات و پارەکان تەنها ئەچنە چەند گیرفانێکەوەو بەس؟! ئیدی کوردو نەتەوەو نیشتیمان و دەوڵەت و لۆبی با هەر سەرگەردان و ناچیزە بێت قەیدی نییە!؟ لە تورکیا گەندەڵی هەیەو ئەمریکیەکانی بەغداش دزو گەندەڵ و پارە خۆرن ئەمەش بەڵگەی دەوێت وباسێکی دیکەیەو گرنگە کاتێ باس لە پرسێک ئەکەین پنت بە پنت باسیان بکەین و دۆسیەکان تێکەڵ و پێکەڵ نەکەین و بشزانین نە رۆبن شەیتان و نە ئەوانەی خۆشمان فریشتە، گەندەڵیش بە ووتار و وەعزو ئیرشاد کۆتایی نایەت وەک بەرێز د.نامۆ لە دوا پەرەگرافدا وەک مەسجێک ئەینێرێت بۆ بارزانی و تاڵەبانی تا گەندەڵی نەهێڵن وەک ئەوەی نەهێشتنی گەندەڵی دارعەسایەکی پێویست بێ و بەس.

Asolm2002@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.