Skip to Content

Monday, June 27th, 2022

(( با )) خوازبێنی گوڵی كرد !!

Closed
by April 3, 2009 ئەدەب

(( با )) خوازبێنی گوڵی كرد !!
(( دیارییه‌ بۆ :  مینو . ئه‌فسانه‌. ازربایجان قیزی ))
                  قوبادی جه‌ لی زاده‌

1
زستان كڵاوی به‌فر ،
چاكه‌ت و پانتۆڵی (( ئاو )) ی له‌به‌ر دایه‌ .
بۆیمباخێكی به‌ستووه‌ له‌ چلوره‌ .

2
پایز به‌ پرووشه‌ی باران خۆی ششتوه‌
كراسی كزه‌بای پۆشیوه‌ .
گه‌ڵایه‌كی زه‌ردی داوه‌ له‌ یه‌خه‌ی .
به‌ته‌مای گه‌شتی دارستانه‌ .

3
ره‌شه‌با ، پۆتینی گه‌ڵای له‌پێ‌ كردووه‌ .
تراكسوودێك له‌ گوڵی وه‌ریو .
نێوچاوانی به‌ستووه‌ به‌ هه‌ور .
له‌نێو چه‌قی دارستاندا ، وه‌رزش ده‌كات !

4
( با ) خۆی نه‌خوێنده‌واره‌ ،
كه‌چی هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌ستی به‌فر ده‌گرێت
بۆ قوتابخانه‌ .

5
ره‌شه‌بای دوو گیان ،
له‌ نێو باخچه‌كه‌ماندا منداڵێكی بوو ،
ناومان نا : شــــــــــــــــــــــــــــــنه‌ .

6
گوڵ له‌ دادگای وه‌رزدا ،
شكاتی كرد له‌ ( با ) .
 (( با، ستیانه‌ كانمان ده‌فڕێنێ‌ .
 كراسه‌كانمان هه‌ڵده‌داته‌وه‌ ))

7
(( با )) له‌بن دارهه‌مێیه‌ك دانیشتووه‌ ..
گه‌ڵا وه‌ریوه‌كان ده‌ژمێرێت !

8
زه‌ماوه‌ندی دره‌خت و بارانه‌
(( با )) سه‌ما ده‌كات.
چیا به‌ ده‌سماڵی ته‌مه‌وه‌ ، سه‌رچۆپی كێشه‌ .

9
كزه‌با ، بازنی پایزه‌ .
به‌فر لووته‌وانه‌ی زستان.
گه‌ڵا گه‌ردانه‌ی به‌هاره‌ .
پووش حجیلی هاوین .

10
پاڵ به‌ خۆره‌وه‌ ده‌نێم
تا زووتر ئاوا بێت .
ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ مانگدا ژوانم هه‌یه‌ .
( ئۆه‌ ..هه‌ردوو ده‌ستم هه‌ڵپڕووان ! ))

11
ره‌شه‌با به‌شه‌ق ، ده‌رگای ژووره‌كه‌ی كرده‌وه‌ ..
چراكه‌ی كوژانده‌وه‌ .
بلووره‌كه‌ی شكاند !

12
شه‌و له‌ ده‌مه‌و ئێواره‌وه‌ ،
چاوی خاك
به‌ كل ده‌رێژێت  .

13
خودا ، خۆرێكی له‌ ده‌ست
ش ك ا ……
………
بوو به‌ ملیاره‌ها ئه‌ستێره‌ .

14
هه‌ور ، زنجیری پانتۆڵه‌كه‌ی كردۆته‌وه‌
به‌ پێوه‌ میز ده‌كات !
 
15
خۆر عه‌ره‌قی كردۆته‌وه‌ ….
له‌ تاوا ،
چۆته‌ به‌ر سێبه‌ری مانگ .

16
ئه‌ستێران  به‌ رۆژ نوقمی هه‌تاون
شه‌وانه‌ش له‌ سه‌رمانا ،
ئاگر ده‌كه‌نه‌وه‌ !

17
بۆكرووز دێ‌ …
فریادی كه‌ڵه‌شێره‌ ،
كراسی شه‌و ده‌سووتێنێ‌ .

18
(( با )) خوازبێنی گوڵی كرد …
باران گوتی :
باغ ژن نادات به‌ ره‌شه‌با !!

19
به‌ره‌به‌یان ، ئاسمان
هه‌موو ئه‌ستێره‌كانی لێ‌ رژایه‌ ده‌ریاوه‌ .
ئه‌و ماسیه‌ سپی و بچووك بچووكانه‌ ،
 ئه‌وانن !

20
( با )) ده‌ست و په‌نجه‌ی ،
 له‌ ئاوی رووبار ته‌ڕ ده‌كات .
ده‌م و چاوی دارستانی پێ‌ ده‌سڕێ‌ .

Previous
Next