Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تیشكێك لە (بەسەركردنەوە)دا… رێناس نەورۆزی

تیشكێك لە (بەسەركردنەوە)دا… رێناس نەورۆزی

Closed
by February 8, 2008 کتێبخانە

  (بەسەركردنەوە) بیست و چوار بابەتی ئەدەبی و رۆشنبریییە، كە لە دوو توێی كتێبێكی (224) لاپەڕەییدا لەلایەن كاك (ئیسماعیل تەنیا) نووسراوە و ساڵی 2005 لە شاری هەولێر چاپكراوە. ئەم كتێبەدەیەمین كتێبی نووسەرە و بریتییە لە كۆمەڵێك بیروبۆچوون و سەرنجەكانی نووسەر كە بەشێكیان بۆ یەكەمجارە بڵاویكردوونەتەوە و بەشێكیشیان پێشتر بە شێوەی جیا جیا لە رۆژنامە و گۆڤارەكانی ناوە وە و دەرەوەی وڵات بڵاوبوونەتەوە.
 بابەتەكانی (بەسەركردنەوە) بریتین لەم سەرنج و وتار و لێكۆڵینەوانەی خوارەوە:
 • وێنەی شیعری لای (ئەحمەدی خانی)
 • بەسەركردنەوەی (زەنگی هەتاو) و خامۆشی شاعیر
 • نەهاوەند.. یان مەملەكەتێكی خاپووركراو
 • (ئەدەبی تاراوگە) و خەونی ئاوارەكان
 • رۆمانۆكەی (ونگە) یان بەشێك لە بیرەوەرییەكانی (عەبدوڵڵا سەراج)
 • (رێگای ئازادی) یەكەم رۆژنامەی دوای راپەڕین بوو
 • پەراوێزێك بۆ یەك دوو لاپەڕەی (چێشتی مجێور)
 • ئاواز و گۆرانی كوردی لە دووڕیانی مانەوە و تاڵانكردندا
 • (ناڵەی پێشمەرگەیەك بۆ مێژوو) و چەند پەراوێزێكی واقیعیانە
 • لە پەراوێزی (بیرەوەرییەكانم)ی بانیخێلانیدا: هەڵە و كارەسات.. پەند وەرگرتن.. دووبارە نەبوونەوە..
 • رۆژنامەگەری شاخ و نهێنی لە باشووری كوردستاندا (كارەساتی 1975 تا راپەڕین 5/3/1991)
 • رۆژنامەی (سەكۆ) چۆن سەریهەڵدا و چۆن لە كاركەوت؟
 • لە مزگەوتەوە بۆ قوتابخانە
 • چەپكێك خۆشەویستی لە دوور وڵاتەوە بۆ گلكۆی (باوكی گۆران)
 • گەلی كورد؛ چاكەی دۆستەكانیان لە چاودایە
 • ململانێی هاوكێشەكان
 • پرۆسەی ئازادكردنی عێراق و كەنالە عەرەبییەكان
 • پرۆسەی ئازادكردنی عێراق و راگەیاندنی توركی
 • لە پێناوی رۆژنامەیەكی سەربەخۆدا
 • رۆشنبیری نیشتمانپەروەری
 • وەڵامێكی هێمنانە بۆ كاك (عەزیز سامانچی)
 • لە پەراوێزی راپرسیەكەی (گالوب)ەوە
 • رۆژ ئاوا و ئیسلامییە ڕاكردووەكان
 • كۆمەڵگا و كولتوورە باوەكان
 
 ئەو بابەتانەی كە نووسەر بڵاویكردوونەتەوە  هەوڵ و ماندووبونیەكی زۆری پێوەدیارە و گرنگیەكی تایبەتی خۆیان هەیە، هەم بۆ ئەمڕۆ، هەم بۆ دوارۆژیش كە رووناكییەكی زیاتر دەخاتە سەر لاپەڕەكانی مێژوومان. بۆ زیاتر رووناككردنی لاپەڕەكانی ئەمڕۆ و بەیانیمان، چەند سەرنج و تێبنییەكەم سەبارەت بە هەندێك لە بابەتەكانی (بەسەركردنەوە) هەیە.
 نووسەری هێژا كاك (ئیسماعیل تەنیا) لە لاپەڕە 69-74ی بەسەركردنەوەدا لەژێر ناونیشانی (رێگای ئازادی، یەكەم رۆژنامەی دوای راپەڕین بوو)، لێكۆڵینەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە و دەستنیشانی ئەوەیكردووە كە (رێگای ئازادی، ئۆرگانی ناوەندی حزبی سۆسیالیستی كوردستان بوو..، كە شەرەفی یەكەم رۆژنامەی دوای راپەڕینی پێبڕا…). بەڵێ راستە رۆژنامەی (رێگای ئازادی) یەكەم رۆژنامەی دوای راپەڕینە جەماوەرییەكەی ساڵی 1991ی باشووری كوردستان بوو، بەڵام ژمارە (70)ی كە لە مانگی 10/1991 دەرچووە، یەكەم ژمارەی دوای راپەڕین نەبوو، بەڵكو دووەم ژمارەی رۆژنامەكەبوو، یەكەم ژمارەی رۆژنامەی (رێگای ئازادی) ژمارە (69)بوو كە لە مانگی 7/1991 بە (8) لاپەڕەی قەوارە گەورە لە چاپخانەی پەروەدەی هەولێر چاپكرابوو. بەوەش (رێگای ئازادی) یەكەم رۆژنامەشە كە لە چاپخانە سەرەكی و ناوەندییەكانی هەولێر بە ئازادی چاپبكرێت. لە دوای راپەڕین سەرجەم رۆژنامە و گۆڤارە رەسیمییەكانی باشووری كوردستان لە هەر سێ چاپخانە ناوەندییەكانی هەولێر چاپدەكردان (چاپخانەی رۆشنبیری، چاپخانەی پەروەردە، چاپخانەی زانكۆ)، جگە لەو چاپخانانەش ژمارەیەك رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوە بە فۆتۆكۆپی و بە رۆنیۆ و شێوازەكانیتر چاپ دەكران. ژمارە: (86)یش دوا ژمارەی بوو كە بەناوی (رێگای ئازادی) لە مانگی 6/1994 دەرچووە، دوای ئەوە ش رۆژنامەی (رێبازی ئازادی) وەك درێژە پێدەری (رێگای ئازادی) شوێنی ئەوی گرتەوە. جێی وەبیرهێنانەوەیە كە ژمارە: (1)ی رۆژنامەی (رێگای ئازادی) لە رۆژی 25/5/1981 لە ناوچەی دۆڵەتووی سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان دەرچووە. ژمارە: (68)یش دوا ژمارەی بووە كە بەر لە راپەڕین لە شاخدا دەرچووە.
 هەر لێرەدا پێم خۆشە ئاماژە بەو گۆڤار و بڵاوكراوانەیتریش بكەم كە یەكەمین بڵاوكراوەكانی دوای راپەڕین بوون وەك نمونە:
 گۆڤاری قەڵا: یەكەم ژمارەی لە 11/2/1991 بەر لە راپەرین لە شاری رواندز دەرچووە، ژمارە: (2)ی لە كاتی راپەڕیندا لە مانگی 3/1991 دەرچووە و ژمارە: (3)یش یەكەم ژمارەی دوای راپەڕینی ئەم گۆڤارەیە كە لە مانگی 4/1991 دەرچووە، بەمەش گۆڤاری قەڵا دەبێتە یەكەم گۆڤاری دوای راپەڕین.
 گۆڤاری بەیان: یەكەم ژمارەی لە بەهاری 1991 لە هەولێر دەرچووە.
 بڵاوكراوەی میلكان: یەكەم ژمارەی لە 1/5/1991 لە گەرمیان دەرچووە.
 گۆڤاری خابوور: یەكەم ژمارەی لە مانگی 6/1991 لە زاخۆ دەرچووە.
 بڵاوكراوەی پێنجی ئازار: یەكەم ژمارەی لە مانگی 7/1991 لە رانیە دەرچووە.
 گۆڤاری پێرس: یەكەم ژمارەی لە گەڵاوێژی 1991 لە ئاكرێ دەرچووە.
 بڵاوكراوەی پەیامی كرێكار: یەكەم ژمارەی لە مانگی 7/1991 لە سلێمانی دەرچووە.
 گۆڤاری هەنگاو: یەكەم ژمارەی لە مانگی 8/1991 لە قەڵادزێ دەرچووە.
 گۆڤاری تیرۆژ: یەكەم ژمارەی لە مانگی 8/1991 لە سێمێل دەرچووە.
 
 
 بابەتێكیتر كە بە پێویستی دەزانم تیشكی بخەمە سەر، ئەو بابەتەیە كە نووسەری بەڕێز لەلاپەڕە 81-85ی (بەسەركردنەوە)دا لە ژێر ناونیشانی (ئاواز و گۆرانی كوری لە دووڕیانی مانەوە و تاڵانكردندا) ئاماژەی بە كۆمەڵێك سەرنجی گرنگ كردووە و لە كۆتاییشدا بۆ پێشگرتن لە تاڵانكردنی هونەر و ئاوازی كوردی چەند بۆچوون و پێشنیارێكی خۆی خستۆتە ڕوو، منیش بە تەواوی لە گەڵ بۆچوونەكانیدام، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی پێبكەم و بیخەمە سەر ئەو بابەتەی نووسەر ئاوردانەوەیەكی خێرایە لە رەگەز و بنچینەی توركەكانی توركیای ئەمڕۆ. هەروەك نووسەرخۆیشی ئاماژەی پێكردووە (بەپێی دەستووری بنچینەیی توركیا، ئەوەی لە توركیا بژیت توركە، بەو پێیشەش جگە لە زمان و كولتووری توركی  شتێكیتر بوونی نییە…!).
 دیارە توركەكان هەر لەسەرەتای هاتنیانەوە لە بیابانەكانی ناوەڕاستی ئاسیاوە بە مەبەستی تاڵانكردن و دەستبەسەرداگرتن و مانەوە ڕوویان كردۆتەوە ناوچە. لەسەردەمی (سەلجوق بەگ)دا سەرەتا لە ئێران نیشتەجێبوونە و زۆرشتیان وێرانكردووە، پاشان هەوڵیانداوە ڕووە و كوردستان ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بڕۆن، وەك توركەكان خۆیان لە مێژووی خۆیان ناویان ناوە (فەتح كردن). داگیركردنی كوردستان بۆ یەكەمینجار لە ساڵی 1015ی زایینی  دەستیپێكرد. توركەكان لە ساڵی 1071ی زایینی لە شاری (مەلازگرد)ی باكووری وان بە رووبەڕووی بێزەنتییەكان بوونەوە دواتریش توانیان بگەنە ناوچەی ئەرزۆم و لە رووباری فورات بپەڕنەوە و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بێزەنتیەكان داگیربكەن. لە سەدەكانی دوازدە تا پازدەی زایینی هێرش و كۆچی بە كۆمەڵی توركەكان لە بیابانەكانی ناوەڕاستی ئاسیا بۆسەر كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین بەردەوامبووە، كە لەبەردەمخۆیاندا هەموو شارستانیەتێكیان تاڵان و وێرانكردووە. توركەكان دوای ئەوەی شاری  كۆستەنتینیەیان داگیركرد و بێزەنتیەكانیان لە وێ دەرپەڕاند و ناوەكەشیان گۆڕی بۆ (ئەستەنبول) و كردیان بە پایتەختی دەوڵەتە تازەكەیان (عوسمانی). پاشان روویان كردە ناوچەكانی موسل و بەغدا و بەسرە و شام و سعودیە و میسر و یەمەن.
 نامەوێت زۆر بچمە ناوەڕۆكی مێژووەوە، بەڵام دوای بەهێزكردنی دەسەڵاتەكەیان توركەكان ئایینی ئیسیلامیان كرد بە ئایینی رەسمی ئیمپراتۆریەتەكەیان، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆك هۆزەكانی كوردیان كرد بە كاربەدەستی گەورە، وەك نمونە كورد كران بە (سەدری ئەعزەم) كە هاوشێوەی سەرۆك وەزیرانی ئێستایە، هەروەها ژمارەیەكی زۆری سەرلەشكری هێزەكانی عوسمانی كورد بوون، وەك نمونە (خەسرۆ پاشا، ئەنوەر پاشا، محەممەد عەلی پاشا، ئەحمەد جەمیل پاشا….هتد). باوكی محەممەد عەلی پاشا كە كوردێكی خەڵكی ئامەد (دیاربەكر) بوو كرا بە والی میسر، هێندەی پێنەچوو لە عوسمانییەكان هەڵگەڕایەوە و سەربەخۆیی میسری راگەیاند. هەروەها (ئەحمەد جەمیل پاشا) كە ئەویش خەڵكی دیاربەكربوو كرا بە والی یەمەن، لە ترسی ئەوەی نەوەك ئەویش وەك محەممەد عەلی پاشا سەربەخۆیی یەمەن رابگەیەنێت پۆستەكەیان لێوەرگرتۆتەوە و ناردوویانەتەوە بۆ دیاربەكر، ناوبراو باپیرە گەورەی (قەدری جەمیل پاشای دیاربەكری) و (ئەكردەم جەمیل پاشا)ی دیاربەكرییە.
 لە دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، مستەفا كەمال كە لە دایكبووی یۆنانە، لە ساڵی 1919 بە دانی بەڵێن بە سەرۆك هۆزە كوردەكانی ئەرزۆم و ئەرزەنجان و سیواس و هەندێك لە كوردەكانی ناوچەكانیتر توانی كۆماری توركیا لە ساڵی 1923 دابمەزرێنێت و بڕیاری گواستنەوەی پایتەخت بدات لە ئەستەنبوڵەوە و بۆ ئەنقەرە، هەر ئەویش بوو بڕیایدا رێنووسی لاتینی بۆ زمانی توركی بەكاربهێندرێت. كوردێكی ناسراوی خەڵكی دیاربەكر (زیا گۆك ئالپ) كە بەر لە یەكەم شەڕی جیهانیدا لە پێناوی ئازادی كورددا خەباتی دەكرد، دوای شەڕ بوو بە نزیكترین دۆستی مستەفا كەمال و هەر ئەویش بوو بڕیاری بە تورككردنی كوردی دەركرد، ئەوەش لە پێناوی دەسەڵات و ئەو بەڵێنانەبوو كە مستەفا كەمال پێیدابوو. 
 توركەكان بە بەلگەی ساختە و دروستكراویان هوری و سوباری و ئورارتوو  و هیتییەكانیان بە باپیرە گەورەی خۆیان دادەنێن و خۆیان بە نەوەی ئەوان دەزانن. من دژ بە هیچ گروپ و نەتەوەیەكی ئەم جیهانە نیم، بەڵام شتێكی روون و ئاشكرایە كە بە گوێرەی سەرچاوە زانستییەكان رەگەزی توركەكانی توركیا جێگەی گومانە و زمانی توركیش هیچ بنەمایەكی سەربەخۆی نییە، زمانی توركی ئاسیای ناوەڕاست جیاوازییەكی یەكجار زۆری هەیە لەگەڵ زمانی توركی توركیا كە پێكهاتەیەكی گەورە و روون و ئاشكرای زمانی كوردی و فارسی و عەرەبی و ئەرمەنی و چەركەس و لازەكانە و بە رێژەیەكی زۆر كەم شێوە كۆن و رەسەنەكەی ئەو توركییەی كە لە ئاسیای ناوین پێی دەدوێن بەدی دەكرێت، وەك نمونە بۆ زمانی كوردی نمونەی سەدان وشەی رەسەنی كوردی لە زمانی توركی دەدۆزییەوە. هەروەها زمانی توركی تاكە زمانی دەرەوەی زمانەكانی هندۆ-ئەوروپییە كە رێنووسی لاتینی بەكار دەهێنێت.
 لە دوای دامەزراندنی كۆماری توركیاوە لە 1923 بەگوێرەی یاسا بە رەسمی و نا رەسمی هیچ شتێك جگە لە تورك، بوونی نییە، ئەوەی هەیە هی توركە!!! دیارە سەپاندنی زمانی توركی لەسەرەتاوە بەسەر كورد و نەتەوەكانیتری توركیا وەك ئەرمەن و چەركەس و لاز و ئاشوری و یۆنانی و عەرەب لەلایەك و لەلایەكیش دامڕكاندنەوەی بزووتنەوە و راپەڕینەكانی كورد و بە كۆمەڵ كوشتنی ئەرمەنەكان و لە سێدارەدانی خەڵكانی ناتورك و ناو و پاشناو گۆڕینی سەرجەم خەڵككە بۆ ناو و پاشناوی توركی، ماوەیەكی درێژ ترس و دڵەڕاوكێی لەلای زۆربەی خەڵكانیتری توركیا دروستكردبوو.
 هەموو كەسایەتی و خەباتگێڕە كوردەكان هەر لەسەرەتای دامەزراندنی توركیاوە ئەو وڵاتەیان بەجێهیشت و بۆ دەرەوە رایانكرد وەك نمونە (بەدرخانییەكان، جەمیل پاشاكان، عوسمان سەبری، نورەدین زازا، مەولانا رەفعەت زادە،…. و هەزارانیتر). ئەوەی مایەوەش یان ئەوەتا دەبووایە خۆی بە تورك بنووسیبوایە، یان ئەوەتا ناو و پاشناوی بنەماڵەكەشیان بگۆڕی بووایە، زۆر ن ئەوانەی ئەمڕۆ لە ناو توركیادا خەڵكی ناسراون كە بەرەگەز كوردن، هەر لە كاربەدەستانی سیاسیەوە بگرە تا كەسانی ناو راگەیاندن و هونەر و نووسین. دوای كودەتای سەربازی 12/9/1980ی توركیا یەكەم وەزیری رۆشنبیری توركیا (جیهاد بابان) بوو، ناوبراو كوردێكی نەوەی  بابانەكانی شاری سلێمانی بوو كە لە سەرەتای سەدەی بیستەم بنەماڵەكەیان روویان كردبووە ئەستەنبوڵ و ئەوان لە تێكۆشەرە كوردەكانی ئەو سەردەمەی كورد بوون، جیهاد بابان لە كاتی بوونی بە وەزیری رۆشنبیری زۆر بێ شەرمانە باسی لە تورك بوونی خۆی و بنەماڵەكەی دەكرد، بە هەموو شێوەیەك دژ بە ئەوەبوو جگە لە زمانی توركی هیچ زمانێكیتر لە توركیا بوونی هەبووبێت. (پرۆفیسۆر ئیمرە گونەنسای) كچەزای عەبدولڕەحمان بەدرخانی دووەم سەرنووسەری یەكەم رۆژنامەی كوردی كوردستانە و بەتەواوی خۆی لەناو بۆتەی توركدا تواتندۆتەوە، تورگۆت ئۆزالی سەرۆك كۆماری پێشووتری توركیا لە دوا ساڵەكانی دەسەڵاتیدا بەرەسەن كوردبوونی خۆی ئاشكراكرد و بەكردەوەش هەوڵی چارەسەری كێشەی كوردیدا، سەرئەنجام لە رووداوێكی نادیاردا لە نێوبردرا. بلند ئەجەویدی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا كە دەیان ساڵ  خەباتی دژ بە گەلی كورد بەڕێوەبردووە و پیلانی بە تورك كردنی هەموو كوردی دارشتبوو، لە دوا ساڵەكانی تەمەنیدا لە نەخۆشخانەدا و لەسەرە مەرگیدا دان بەوە دادەنێت كە باپیری گوتەیەتی (ئێمە كوردین!). ئەشرەف بێدلیسی كە سەرلەشكری پیادەی توركیا بوو  لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو هەر كوردبوو، (عەبدولقادر ئاكسۆی) كە نەوەی شاعیری ناسراوی كورد (عەبدولرەحیم هەكارییە)، ئێستا یەكێكە لە پایەبەرزەكانی پارتی دەسەڵاتداری ئەكەپە و هاوڕێیەكی نزیكی سەرۆك وەزیرانە. ئەوە هیچ باس لە گۆرانیبێژ و ئەكتەرە بەناوبانگەكانی توركیا ناكرێت، كە زۆربەیان كوردن و بەردەوامیش خەریكی دزین و گۆڕینی فەرهەنگ و هونەری كوردین بۆسەر فەرهەنگ و هونەری توركی. لە ناو نووسەر و رۆژنامەوانیشدا ژمارەیەكی زۆر  خەڵكی بە رەسەن كورد دەبینرێت، سەرۆكی میدیای توركی كە سەرپەرشتیاری رۆژنامە گەورەكانی (حورییەت، میللیەت، سەباح و تەلەفزیۆنە گەورەكانی توركیا)یە چەند مانگێك لەمەوبەر لەبەرنامەیەكی راستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا دانی بەوەدانا كە بە رەسەن كوردە! كەچی ناوبراو بەهەموو شێوەیەكیش میدیای توركی دژ بە هەبوونی كورد بە كاردەهێنێت.
 نمونە زۆرن، بەڵام ئەمانە هەموو بنەمان، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر، لێكۆڵینەوە زانستییەكانی سەر شێوەی مرۆڤن، دیارە جیاوازی لە نێوان شێوەی مرۆڤێكی كورد و مرۆڤێكی توركی توركیا یان توركێكی ئەوروپا زۆر بە زەحمەتی بە دی دەكرێت، كە لە توركیا و لە ئەورپاشدا دوو شێوەی تورك بەدی دەكرێن، یەكەمیان شێوەكەی لە كورد  و خەڵكە سپی پێست و زەرد پێیستەكەی رۆژهەڵاتی ناوین دەچێت، ئەوەی تریشیان ئەگەر باش لێی وردبیتەوە بە باشی دەزانیت كە ئەوە لە خەڵكی توركمانستان و مەنگۆلیا و كازاخستان دەچن، ئەگەرچی ئەو شێوەیان تا رادەیەك لە شێوەكەیتر كەمترە، بەڵام بەهۆی تێكەڵبوونی كۆمەڵایەتی بەردەوامیان لەگەڵ شێوەكەیتر باشتر دەناسرێنەوە، بۆ ئەمە من بۆ خۆم چەندین نمونەم لەلایە، لە ئاییندەدا بە نیازم ئەو وێنە بەراودكاریینە بە لێكۆڵینەوەیەكی فراوان بڵاوبكەمەوە.
 لەسەدەی یازەدەمەوە تا ئەمڕۆتوانەوەی كورد لە ناو بۆتەی نەتەوەیەكی بێ فەرهەنگ و بێ كولتووری وەك سەردەستی تورك، وای كردووە كە هەر لەسەرەتاوە موزیك و فەرهەنگی كوردیش  لەناو نەتەوەیەكی سەردەستی بێ فەرهەنگ و هونەری وەك تورك بتوێتەوە. ئەمڕۆش موزیك و هونەر و فەرهەنگی توركی بە  تەواوی لە ژێر كاریگەری موزیك و فەرهەنگی نەتەوەی كورد دایە. وەك كاك ئیسماعیل تەنیا لە بەسەركردنەوەدا ئاماژەی بە هەوڵدان بۆ گێڕانەوە و نووسینەوەی گۆرانییە كوردییەكان  كردووە و دەبێت گیانی كوردێتی وەبەر ئاوازە دزراوەكان بندرێت.
  دیارە ئەمەش ئەركێكی بەپەلە و هەنووكەیی سەرجەم هونەرمەندانی كوردە، كە لە پێناوی پاراستن و كۆكردنەوە و  گێڕانەوە و سەرلەنوێ زیندوكردنەوەی ئاواز و گۆرانی رەسەنی كوردی تێبكۆشن. لەلایەكیتر كاركردن و ئەنجامدانی توێژینەوەیەكی زانستیانە لەسەر دیرۆك و بنچینە و رەگەزی توركەكانی توركیا و لێكۆڵینەوە لەسەر زمانێكی تیكەڵاوی وەك زمانی توركی، كە تا كۆتایی سەدەی نۆزدە زیاتر وەك زمانی عوسمانی (عوسمانلی) ناسرابوو.
 بێگومان هەریەك لە بابەتەكانی كتێبی (بەسەكردنەوە) ئەوە دەهێنن تیشكی زیاتریان بخرێتە سەر و بەدواداچوونی زیاتریان لەسەربكرێت. بەكورتی ماوەتەوە بڵێم نووسەری (بەسەركردنەوە) جێگای دەستخۆشی و رێزلێنانە.
 برۆكسل
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.