زمانی ستانده‌ردی کوردیی له نێوان گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵات و زاراوه‌په‌رستییدا…به‌شی دووه‌م
نووسینی: 1- کامیار سابیر ( خه‌تاب سابیر) – 2- هه‌ندرێن
( مه‌سعود محه‌مه‌د ده‌یزانی که زمانی یه‌کگرتووی کوردیی ده‌توانێ ئه‌و دیارده‌ی "ئاخاوتنی بازاڕی و عه‌شیره‌تی"یه له کۆڵ کورد بکاته‌وه و به‌ره‌و هزرکردن هانیبدا، بۆیه بنه‌مای ئه‌و بیرۆکه‌ی خۆی ئاوه‌ڵا ده‌کاته‌وه‌و كراوه‌تر ده‌ڵێ: "زمان به‌شێكه له مرۆڤ خۆی. زمان، كارگوزاری هۆشه نه‌ك خاڵقی هۆشه.…..)
به‌شی دووه‌م…..
له به‌شی یه‌که‌مدا ئاماژه به‌وه درا، ئه‌م وتاره بڵاو نه‌بووه‌وه له هاوڵاتییدا. ره‌نگه هۆیه‌که‌ی بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، که له‌م کاته‌شدا هاوڵاتی به دادگاوه تێوه‌گلێنراوه‌و گوشارێکی زۆریان له‌سه‌ره. دیاره ئه‌م وتاره‌ش زۆر به‌قووڵیی ره‌خنه له‌ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی کوردیی و ماڵباتی بارزانیی و تاڵه‌بانیی ده‌گرێ، بۆیه له‌وه تێده‌گه‌ین که بۆچیی بڵاویان نه‌کرده‌وه. هه‌رچه‌ند ئێمه حه‌فته‌یه‌ک چاوه‌ڕوانی هاوڵاتییمان کرد به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێکی نه‌بوو.
مه‌سعود محه‌مه‌د- تێڕامانی فه‌لسه‌فیی له زمانی کوردیی
له ئاستی کورددا، به تایبه‌ت به‌ر له رۆژگاری راپه‌ڕینی 1991دا، ره‌نگه زێده‌ڕۆیی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێین مه‌سعود محه‌مه‌د یه‌کێک بێت له‌و نووسه‌ر و زمانناسه کوردانه‌ی که هه‌وڵیدا له روانگه‌یه‌کی فه‌لسه‌فییه‌وه به‌های زمان به خوێنه‌ری کورد بناسێنێت. مه‌سعود محه‌مه‌د له هه‌ندێک وتاریدا که له‌سه‌ر زمان ده‌ئاخفێ، مرۆڤ و زمان؛ نه‌ته‌وه و زمان وه‌ک خه‌مڵاندنێک له یه‌کتر سه‌یر ده‌کا. ئه‌و سه‌باره‌ت به به‌های زمانی یه‌کگرتووی کوردی له دیدارێکی فرا‌واندا له‌گه‌ڵ شوکور مسته‌فادا، که له ناوه‌ڕستی نه‌وه‌ده‌کاندا ئه‌نجامدراوه، ده‌ڵێ: "زمانی یه‌كگرتووی قه‌ومێك شێوه‌ی ئه‌ده‌ب‌و زانست‌و هونه‌ریه‌تی، نه‌ك ئاخاوتنی بازاڕی‌و عه‌شیره‌تی..تاد".4
که‌واته بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا له ئاستی خولیای سیاسیی نه‌دوێین، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌ی له ئاستێکی فه‌لسه‌فیشه‌وه به‌های زمان تێبگه‌ین، ئاماژه‌یه‌ک به‌و پاشخانه فه‌لسه‌فییه ده‌ده‌ین که زمان رۆڵێکی گرینگ له چێ‌کردنی نه‌ته‌وه‌دا ده‌بینێ. دیاره هه‌ر له دوای رۆشنگه‌ریی به گشتیی و به تایبه‌تیش سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆکه‌ی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌شێک له فه‌یله‌سوف و هزرڤانانی رۆژئاوا به تایبه‌تییش شه‌پۆلی ناسیۆنالیزمی ئا‌ڵمانیی و فه‌ڕه‌نسیی، زمانیان وه‌ک کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کی له خه‌مڵاندنی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت سه‌یر کردووه.
له دایکبوونی بیرۆکه‌ی زمان له ده‌ستبه‌رکردنی ئایدێنتیتی بوونی مرۆڤ، نه‌ته‌وه و جیاکردنه‌وه‌ی له‌وانیتر، له بنه‌ڕه‌تدا نه‌ک هه‌ر ره‌هه‌ندیی سیاسیی، به‌ڵکوو چاوگه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیشی هه‌یه. مارتین هایدیگه‌ر(هایدگه‌ر)، وه‌ک به‌رده‌وامییه‌ک له‌و پاشخان و ره‌هه‌نده فه‌لسه‌فییه زمانییه‌ی هزری ئا‌ڵمانیی، بوونناسیی "ئۆنتۆلۆجی" به پایه‌ی زمانه‌وه گرێده‌دات. له روانگه‌ی هایدیگه‌ره‌وه، مرۆڤ له گه‌ڕان به دوای مانادا هه‌میشه ده‌رگیری نیگه‌رانییه، چونکه مرۆڤ هه‌میشه به‌ره‌و ئاقارێک، شوێنێک رێده‌کا. که‌واته ئه‌و مرۆڤه له‌و جیهانه‌ی که تێیدا ده‌ژی دابڕاوه. به هه‌مان شێوه‌ش له‌و دۆخه‌دا مرۆڤه‌کان لێکدابڕاون. هه‌ر یه‌ک له‌و مرۆڤانه وێنه‌ی جیهانێکی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. ئه‌و جیهانه‌ش وا نیشانده‌دا که مرۆڤ له کاتدا ده‌ژی، که ئه‌و کاته‌ش تایبه‌ته به‌و مرۆڤه‌وه(Heidegger,1982).
ئه‌و تێگه‌یشتنه یان دۆخه‌ش، له دیدی هایدیگه‌ره‌وه، له رێگای زمانه‌وه خۆی ده‌رده‌بڕێت. به‌مجۆره ئاخافتن به ماناکان بارگاوی ده‌بێ، به‌مه‌ش مرۆڤه‌کان ده‌توانن له یه‌کتری تێبگه‌ن و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ یه‌کتردا بسازێنن. هاوکاتیش زمان هه‌ڵگری مێژوویه‌کی تر، سه‌ره‌تاتکێی ئاوه‌ڵا له پرۆسه‌ی بووندایه، که یه‌که‌م جار شوێنێکی به‌و مرۆڤه به‌خشی. به واتای هایدیگه‌ر، مرۆڤ ئه‌وکاته‌ی ده‌ستیکرد به ئاخافتن، زمانی به گۆ هات، ئه‌و شوێنه راستیینه‌ی چێکردووه. که‌واته شوێن یان قه‌واره‌ی مرۆڤ له زمانی مرۆڤدایه( Ibid ).
زمان هه‌ڵگری مێژوو، بوونێکه له‌و ره‌چه‌ڵه‌که ئاوه‌ڵایه‌ی، که له ده‌ستپێکدا شوێنه‌که‌ی به مرۆڤ به‌خشی. مرۆڤ خۆبه‌خۆ هه‌ر له‌و کاته‌ی که ده‌ستیکرد به ئاخافتن و به‌کار هێنانی زمان، ئه‌و شوێنه راستیینه‌ی داهێناوه و له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیگرتووه. واتا به ده‌ربڕینی هایدیگه‌ر: "لێره‌دا ئه‌و چه‌شنه "په‌یڤاندن"ه ته‌نانه‌ت به سروشتی خۆیشی، به چه‌شنێکی بوونایه‌تی، گه‌وهه‌ری زمان وه‌ک داستانه، لێکتێگه‌یشتن نییه …. گه‌وهه‌ری په‌یڤاندنه، گوتنه وه‌ک رووحێک له نیشاندان. خه‌سڵه‌تی ئه‌و په‌یڤاندنه له هه‌ر هێمایه‌ک که ده‌یبینین دروست نه‌کراوه؛ به‌ڵکو بنه‌چه‌که‌ی هه‌موو هێما‌کان به دیارخستنه، جا ئه‌و هێمایانه‌ش که له نێو هه‌ر جۆره وڵاتی پاشایه‌ک و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێکیش بن ده‌کرێ هێمابن." (Heidegger,1982,123)
مه‌سعود محه‌مه‌د ده‌یزانی که زمانی یه‌کگرتووی کوردیی ده‌توانێ ئه‌و دیارده‌ی "ئاخاوتنی بازاڕی و عه‌شیره‌تی"یه له کۆڵ کورد بکاته‌وه و به‌ره‌و هزرکردن هانیبدا، بۆیه بنه‌مای ئه‌و بیرۆکه‌ی خۆی ئاوه‌ڵا ده‌کاته‌وه‌و كراوه‌تر ده‌ڵێ: "زمان به‌شێكه له مرۆڤ خۆی. زمان، كارگوزاری هۆشه نه‌ك خاڵقی هۆشه. هۆشیش هه‌ستیاری شتی ئاشكرا‌و دۆزینه‌وه‌ی نهێنیانه…" پاشان مه‌سعود محه‌مه‌د له درێژه‌ی ئه‌و تێگه‌شتنه‌وه ئه‌و دیده‌ی خۆی چڕتر ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێ: "زمان ژێرخان‌و ژوورخانی كۆمه‌ڵه چونكه مرۆڤ خۆی ژێرخان‌و ژوورخانه"4. دیاره ئه‌و تێڕوانینه له زماندا، پڕ زانینترین ده‌ربڕینی كوردییه له‌سه‌ر زمانی کوردیی، كه له سه‌ده‌ی رابردوودا كرابێت.
له‌بری ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی کورد، بڕیاری سیاسیی بۆ ساغکردنه‌وه‌ی یه‌کجاریی زمانی ستانده‌ردی کوردیی بدایه، بڕیاری بۆ لاواندنه‌وه‌ی ئایدۆلۆژییانه‌ی لۆکاڵیزم دا. کارێکته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ستانده‌ردبوونی ئایدۆلۆژیی بۆ زمانێکی ستانده‌رد و گشتگیر و نیشتمانیی له هه‌لومه‌رجه سیاسییه‌کاندا پێویسته، به‌ڵام ئایدۆلۆژیای دایلێکتۆڵه‌جی کاره‌ساتێکه، سه‌ره‌تای ره‌نگڕشتنی جیاوازیی نێوان زمانی ستانده‌ردی کوردیی و کرمانجییه. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک وه‌ک کورد( که ئێسنیک و نیشتمان بناغه‌که‌ی بێت نه‌ک وڵات، حکومه‌ت و هاونیشتمانیی ) زمانه ستانده‌رده‌که‌ی، لینگوا فرانکاکه‌ی ئه‌و مۆدێله به‌رفراوانه‌ی تێكست و نووسینه، قه‌باره‌و قورسایی ده‌رده‌خات و به‌تاکه سه‌رچاوه‌ی دروست و تاکه فۆرمی نووسین ده‌ژمێردرێ ( Bex and Watts, 1999).
مه‌سعود محه‌مه‌د وه‌ک په‌رۆشخۆرێکی زمان ده‌یزانی که ده‌مڕاستانی سیاسی کورد له داهاتووشدا، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین، خاوه‌ن ئه‌و ویسته نین که بیر له به‌های زمانی یه‌کگرتوو بکه‌نه‌وه. بۆیه له کاتی خۆیدا چڕترین قسه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تییه بێ پری‌نسیپ، مێش ئاسایه‌ی سیاسیی و نووسه‌رانی كورد ده‌كا، كه ره‌وانبێژیی (رێتۆریک)ێکی زمانی فه‌لسه‌فیی تێدایه. له‌وێدا ده‌ڵێ: "بێ له گه‌مه كورد پتر ئاشنایه به به‌شداری كردن له (ئیراده) نه‌ك خاوه‌نایه‌تی (ئیراده) مه‌گه‌ر له حاڵی رووبه‌ڕووبوون له‌گه‌ڵ كوردێكی وه‌ك خۆی".4
له‌و ناوکۆییه‌وه، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بێ "ئیراده"یی و بێ پرینسپییه‌ی نووسه‌ر و سیاسیی باڵاده‌ستی کورد بۆ ئاوێزانبوون به ئاوه‌زی خێڵه‌کیی و که‌سایه‌تیی خۆخۆری کورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. له‌و دیداره‌دا شوکور مسته‌فا له پیشه‌کییه‌کدا ده‌بێژێ: "پاره پاره بوونی زمان تا ئه‌ندازه‌ی هه‌ر تیره‌یێ، هه‌ر ناوچه‌یێ، هه‌ر مه‌زهه‌ب و ئۆلێ، هه‌ر هاوسه‌روکارییه‌ک له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دیکه‌دا، جۆری رۆشنبیریی و … تاد کاره‌کته‌ری خۆی ده زارێکدا ره‌نگ پێ ده‌داته‌وه" (سه‌رچاوه‌ی پێشوو- سپ). دواتر مه‌سعود محه‌مه‌د باس له تراژیدیایه‌کی ئه‌و حکومه‌ته‌ی کوردستان ده‌کا، که ئه‌مڕۆ له‌وکاته‌ی مه‌سعود محمه‌د باسی لێوه‌کردووه، تراژیدیتره. مه‌سعود محمه‌د هۆکردی سه‌ره‌کی ئه‌و بێ "ته‌ما"ییه به ئیراده‌ی سیاسیی و پاشه‌گه‌ردانییه له هه‌مبه‌ر زمانی ستانده‌ردی کوردییدا، له‌و روانینه‌یدا به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه: "راستییه‌که‌ی ئێمه به‌ر له‌وه‌ی بیر بکه‌ینه‌وه له حاڵ و باری (لێژنه-_ که جارێ له پزدانی مێژوو نه‌ڕسکاوه)- هه‌روا له‌سه‌ر ساجی عه‌لی خه‌فه‌تی هه‌ڵوه‌ستی دوو حکوومه‌ته‌که هه‌ڵده‌مژین، حه‌قیشمانه؛ چونکه واقیعی کورده‌که له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی ره‌سمیدا کۆڵه‌که‌ی چه‌سپاوی له بن دیدگه‌کانی ستراتیژ و تاکتیکی خێوه‌تی که‌ینوونه‌ی کورد هه‌ڵنه‌ناوه" (سپ).
به‌ڵام مه‌سعود محه‌مه‌د، که کاتی خۆی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عسدا، له رێگای "کۆڕی زانیاری کورد"ه‌وه، له‌و نووسه‌رانه‌ی "ئه‌کادیمای کوردی" له هه‌ولێر، بگره ئه‌و ئه‌کادیمیی و رووناکبیرانه‌ی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ش زێتر خزمه‌تی زمان و رۆشنبیریی کوردیی کرد، جیاواز له‌و نووسه‌ر و ئه‌کادیمییه بێ پری‌نسیپ و بێ گه‌وهه‌رانه؛ ئه‌و نووسه‌ره مشه‌خۆر و ته‌ڵه‌که‌بازانه‌ی که له‌سه‌ر جه‌سته‌ی داهێزراوی حیزبه‌کان ده‌ژین و له په‌ره‌دان به سیاسه‌ت و رۆشنبیریی خێڵه‌کیی و گه‌نده‌ڵیی زێتر هیچ کارێکی دیکه‌یان نه‌کردووه.
له‌وه به ئاگا بوو که ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ڤه‌رپه‌رست و بنه‌ماڵه‌په‌روه‌ر، نه‌ک کوردپه‌روه‌ر ناتوانێ له به‌های ئه‌و زمانه ستاندارده‌ی کوردیی بگا که کۆڵه‌که‌ی گوتارێکی یه‌کگرتووی تۆکمه‌ی کوردییه. چونکه "ده‌سه‌ڵاتی مام ناوه‌نجیی و په‌رتوبڵاو، لێره و له‌وێ، نه ئیراده‌ی ده‌بزوێت بۆ یه‌کگرتن نه باوه‌ڕی به غه‌یری خۆی هه‌یه، زۆریشیان خۆ له‌و بواره ناده‌ن که نووسینه‌که‌ت بۆی په‌رۆشه… هه‌ر به جارێ دڕدۆنگی، هه‌ر کارێک بێت، خه‌ریکیان بکات به غه‌یری 1- بژێو 2- به‌ره‌وپێش چوون بۆ ده‌سه‌ڵاتی زاتی 3- لایه‌نی ئیسلامی (خاوه‌ن نیاز) تۆقه‌ڵه‌ی ئامانجی خاڵی دووه‌مه. ئاپۆره‌ی خه‌ڵقوڵڵا ده‌یخورێت و ده‌شی یه‌شێت، به‌ڵام پتر به‌لای ته‌نه‌که‌لێدانی ده‌می مانگ گیران ده‌چێته‌وه" ( سپ).
مه‌سعود محه‌مه‌د، به‌ر له په‌ژاره‌یی ئه‌م وتاره له‌مه‌ڕ بوونی زمانی یه‌کگرتوو له باشووردا، که هه‌ڵه‌یه به سۆرانیی یان هه‌ر جۆره زاراوه‌یه‌ک سه‌یر بکرێت، ئه‌وده‌م بڕوای به‌وه هه‌بووه که ئه‌گه‌ر حیزب و نووسه‌ران له‌و خێڵپه‌رستیی، ده‌ڤه‌رپه‌رستیی و زاراوه‌په‌رستییه رزگار بن و بیر له به‌های ئیراده و پری‌نسیپ بکه‌نه‌وه، ئه‌وکاته تێده‌گه‌ن که "له‌لایه‌ن داینه‌میکییه‌تی زمانی کوردییه‌وه، چه‌ندێکی هه‌یه هه‌ر هه‌نده و بێ گومان، به‌ره‌و فراژووتنیش ده‌چێت: له ماوه‌ی هه‌شتا ساڵێکدا زمانی کورد مه‌ودا و مه‌یدانی بڕیوه، تا ئه‌وه‌ی ناشێ ئه‌مڕۆکه‌ی به‌و رابردووه بگیرێت." (سپ).
زمان چه‌کی بوونی نه‌ته‌وه و گه‌لانی دنیایه، کوردیش له‌رێی یه‌ک زمانی نووسینه‌وه ده‌توانێ په‌یڤی خۆی ته‌خشان بکات. شوێن له ئاخافتنی مرۆڤ و له زماندا هه‌یه. لێ زمان به‌و په‌یڤانه‌ی که ده‌وترێن ده‌نگ بڵاو ده‌کاته‌وه. زمان ئه‌و وشانه ده‌بێژێ و به‌دیاریان ده‌خات، بێده‌نگییه‌کان رووتده‌کاته‌وه. هایدیگه‌ر ده‌خوازێ بێژێ که مرۆڤ تاکه بوونه‌وه‌رێکه که له سنوورێکدا ئۆقره ناگرێ. بۆیه ده‌بێ به دوای شوێنه راسته‌قینه‌که‌ی خۆیدا بگه‌ڕیت. که‌واته مرۆڤ له رێگای زمانه‌وه، بۆ په‌یڤه‌کان خۆی ئاوه‌ڵا ده‌کاته‌وه. ئه‌و په‌یڤانه‌ش بوونی مرۆڤن. کاتێک مرۆڤ ده‌ستیکرد به چێ‌کردنی وشه و زمان هه‌روا له‌رینه‌وه‌ی بوونیش ده‌ستیپێکرد. واتا، به ده‌ربڕینێکی دیکه‌ی چڕتر: کاتێک زمان ده‌په‌یڤێ ئێمه‌ش له هه‌مان کاتدا گوێمان له ده‌نگی بوون ده‌بێ. به‌مجۆره گه‌وهه‌ری مرۆڤ له زماندا، که ماڵی خۆیه‌تی، ئاشکرا ده‌بێت(Heidegger,1982). کوردیش به‌شێک له بوونی له زمانێکی ستانده‌ردا جێکه‌وت ده‌کات.
لێره‌دا ده‌کرێ بگوترێ که زمان مێژووه، هه‌روا به پێچه‌وانه‌شه‌وه. چونکه مرۆڤ له ره‌چه‌ڵه‌کی خۆیدا ئاخافتنه و له رێگای ئاخافتنیشه‌وه خۆی به دیار ده‌خا. به‌مجۆره مێژوو ده‌ستپێده‌کا تا له‌ناو زمانی مرۆڤدا بژی. به واتای هایدیگه‌ر: "چونکه رێگای مێژوو به‌ره‌و زمان دیاریکراوه، ئه‌مه‌ش هه‌ر ته‌نیا له ده‌سته‌واژه‌کانی زمان وه‌ک خۆییدا نییه، به‌ڵکو زێتر به ده‌سته‌واژه‌گه‌لێک له هه‌وڵدان دیاریده‌کرێ بۆ ئه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌کی مێژوویی له ته‌واوی مێژووی فراژانی هه‌مه‌کیی رووحانییه‌تی مرۆڤ و هه‌روا تاکگه‌رایه‌تییه‌که‌ی پێ ببه‌خشێ". ((Heidegger,1982 :118.
مرۆڤ، به لای هایدیگه‌ره‌وه، گوێ بۆ بوونی خۆی راده‌دێرێ و به‌مه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بوونه هۆشیار ده‌بێته‌وه. هاوکات مرۆڤ له ئاخافتندا بوونایه‌تییه‌که‌ی داده‌مه‌زرێنێ و ئاوه‌ڵا ده‌بێته‌وه. هایدیگه‌ر سه‌باره‌ت به به‌های زمان ده‌ڵێ: "زمان هه‌ر ته‌نیا ئامرازێک نییه که مرۆڤ له ته‌ک ئامرازه‌کانی دیکه‌دا هه‌یبێت، به‌ڵکوو زمان له بنه‌ڕه‌تدا ده‌رفه‌تی ئاماده‌بوونی مرۆڤ له ناوه‌ڕاستی بوونێکی ئاوه‌ڵادا زامنده‌کا، زمانیش ته‌نیا له‌وێدا، جیهانه، واتا: هه‌میشه ره‌هه‌ندێکی گۆڕاو له بڕیاردان و کردار، له مه‌رگ و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه… ته‌نیا له‌وێدا جیهان له ئارادایه، ئه‌وێش مێژووه"( Heidegger,1990:230 ) کورد هه‌لێكی باشی بۆ ره‌خساوه که به‌شێک له‌مێژووه‌که‌ی خۆی له زمانه‌وه دابین بکات، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و مێنتاڵی هۆزگه‌رایی و خێڵگه‌رایی و ده‌ڤه‌رگه‌رایی توند توند ده‌ستی له‌بینه‌قاقای ناوه.
که‌واته زمان له بنه‌مادا مه‌ترسییدارترین بوونی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌یه، چونکه نه‌ته‌وه‌یه‌ک، مرۆڤگه‌لێکی وه‌ک کورد ده‌توانێ به زمانه‌وه بوونه تاڵانکراوه‌که‌ی رزگار بکا و لێی جێ‌نشین بێته‌وه. کورد له رێگه‌ی زمانێکی یه‌کگرتوو، نه‌ک په‌رته‌وازه‌وه، ده‌توانێ بوونه لێکترازاوه‌که‌ی له سیسته‌می گوتارێکدا کۆبکاته‌وه و به‌ره‌و ئامانجه هاوبه‌شه‌که‌ی رێبکا. هه‌موو ده‌زانین، که ئه‌گه‌ر داگیرکارانی کورد زمانی کوردی‌یان به مه‌ترسییه‌کی بنه‌ڕه‌تیی له‌سه‌ر خۆیان نه‌زانیبا، ئه‌و نه‌خشه داڕێژراوه‌یان بۆ شێواندن و لێکترازاندنی زمانی کوردیی نه‌ده‌گرتبه‌ر. رژێمی به‌عس، له رێگای ده‌یان پلانه‌وه هه‌وڵی دا زمانی کوردیی ئیفلیج بکا: یه‌کێک له‌و پلانانه‌ی ئه‌وه بوو که بواری بۆ هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ری بادینان ره‌خساند که به بادینانیی، به‌ڵام به سکریپتی عه‌ره‌بیی، بخوێنن. ئه‌وکات ئه‌و سیاسیی و نووسه‌رانه‌ی که ئه‌مڕۆ سه‌رسه‌ختانه داکۆکی له ده‌ڤه‌رگه‌رایی و زاراوه‌بازیی ده‌که‌ن، نه‌یانوێرا پرته‌یه‌ک له‌سه‌ر حه‌زی خوێندن و نووسین به سکریپتی لاتینیی بکه‌ن!
کوردستانی باکوور و زمانی کوردیی
ئاشکرایه رژێمی ره‌گه‌زپه‌رستی تورکیا نزیکه‌ی هه‌شتا ساڵه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ریشه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانی کوردیی له بوونی کوردانی باکوور هه‌ڵبکێشێت. له ئاکامی ئه‌وه‌دا ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ی کوردانی ئه‌و به‌شه، به زمان، رۆشنبیریی و مێژووی کورد نامۆن. له ئاکامی ئه‌مه‌شدا زۆرێک له کوردانی کوردستانی باکوور ته‌نانه‌ت له وڵاته رۆژئاواییه‌کانیش تورکیی ده‌خوێنن. به‌مجۆره داگیرکارانی کوردستان، توانیویانه پێکهاته و گیان، بوونی زۆرێک له کوردانی باکوور تاڵانبکه‌ن یان به گیانی که‌مالیزم سیخناخیان بکه‌ن. له ئاکامی ئه‌و به تاڵانبردنه‌ی یاده‌وه‌ریی زمان له‌لایه‌ن ناسیۆنالیزمی که‌مالیزمه‌وه، بڕستی زمانی کوردی‌یان تێدا نه‌ماوه. ئه‌گه‌رچی کوردانی باکوور، زۆرینه‌ی نووسه‌ر و غه‌یره نه‌خوێنده‌واره‌کانیشیان به هۆی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه روویان له رۆژئاوا کردووه، وێڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌و وڵاتانه‌ی رۆژئاوا ئازادییان بۆ ره‌خساندوون که به زمانی زگماکیی خۆیان"کوردیی، خۆیان پێی ده‌ڵین کرمانجیی" بخوێنن، که‌چیی، چونکه ئایدۆلۆژیای که‌مالیزم ئاوه‌ز و یاده‌وه‌رییانی شۆردووه‌ته‌وه، له جیاتی ئه‌وه‌ی زارۆکه‌کانیان فێری زمانی کوردیی بکه‌ن، فێری زمانی تورکییان ده‌که‌ن. له‌وه‌ش زیاتر، له ولاتانی رۆژئاوادا به‌رپرسیاره سیاسیی و رۆشنبیرییه‌کانی کورد له ئاستی خوێندنی زمانی دایک، کاروباره فه‌رمیی و وه‌رگێڕاندا، زمانی کوردی‌یان به‌سه‌ر دوو زاراوه‌ی سۆرانیی و کرمانجییدا به‌شکردووه. له ئاکامی ئه‌مه‌شدا نه‌ک هه‌ر گیان و ئایدێنتێتیی هاووڵاتیی زارۆکه‌کانیی کوردی‌یان لێکترازاندووه، به‌ڵکو زۆرجاران کۆمونه‌کان، دائیره‌ی په‌نابه‌ران و به‌رپرسیارانی په‌روه‌رده وا تێگه‌یشتوون که زاراوه‌ی کرمانجیی و سۆرانی دوو زمانی جیاوازن.
ئه‌و دیارده‌یه‌ش به تایبه‌تیی له‌و شار و گه‌ڕه‌کانه‌ی که تورک تێیاندا زۆرینه‌ن ده‌بینرێت، نا‌وێرن داوای به کوردیی خوێندن بۆ زارۆکه‌کانیان بکه‌ن ، یان خۆیان ئاره‌زوومه‌ندانه داوای خوێندنی تورکیی ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر کوردانی رۆژئاوانیشین حه‌ز بکه‌ن له‌و راستییه تاڵ و تراژیدیا نه‌ته‌وایه‌تییه تێبگه‌ن، ده‌توانن له‌و باره‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رانی زۆرێک له قوتابخانه‌کان بپرسن. کاتێک کوردێکی گه‌نجی باکووری کوردستان که له رۆژئاوادا له دایکبووه و له زانستگادا ده‌خوێنێ، که‌چیی به بیانووی ئه‌وه‌ی له داهاتوودا ده‌گه‌ڕێته‌وه تورکیا، بچێت زمانی تورکیی بخوێنێت، ئاخۆ ئه‌وه یه‌کێک له گه‌وره‌ترین تراژیدیای نه‌ته‌وه‌یه‌ک نییه؟ له‌وه‌ش تراژیدیتر ئه‌وه‌یه، کاتێک خودی کورد، وه‌ک به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌ک له سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی زمان و شێواندنی روحه‌که‌ی له‌لایه‌ن تورکیاوه، به ئاگایی درێژه به‌و سیاسه‌ته ره‌گه‌په‌رستییه بدات! ئه‌ڵبه‌ته ئه‌و تراژیدیایه‌ی کوردانی هه‌نده‌ران هه‌ر ته‌نیا تووشی کوردانی باکوور نه‌بووه، به‌ڵکوو زۆرێک له کوردانی رۆژهه‌ڵات، رۆژئاوای بچووک و بگره به‌شێک له‌و کوردانه‌ی باشوور که هه‌م به هۆی ئایدۆلۆژیی و هه‌میش به هۆی ده‌حه‌جانبوونیان به سیاسه‌تی شۆڤینیانه‌ی به‌عس له عێراق، سووریا و پان-ئێرانیزمه‌وه-، کوشته‌ی هه‌مان تراژیدیان.
کاتێک ئه‌م وتاره ئاماژه به‌و هێرشی تاڵانوبرۆیه ده‌کا، مانای فه‌رامۆشکردنی کۆی ئه‌و روحه به‌رخۆدانه نییه که له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا هه‌یه. هه‌ر بۆیه ئه‌م وتاره، وێڕای ئه‌وه‌ی پێیوایه که له‌م رۆژگاره ئاڵۆزه‌دا ئه‌و شێوازه خه‌باتی چه‌کدارییه‌ش له باکووردا، ئاسته‌نگی سه‌خت له به‌رده‌م ئایینده‌ی خه‌باتی ره‌وای ئه‌و به‌شه دروستده‌کا، ره‌خنه‌شی له‌و شێوازه خه‌باته چه‌کداریی و ئه‌و سیاسه‌ته تووندڕۆیه‌ی پ‌ک‌ک هه‌یه، به‌ڵام به په‌رۆشییه‌وه سه‌یری ئه‌و گیانی به‌رخۆدانه خورته‌ی گه‌ریلاکانی باکوور ده‌کا، که به دژی رژێمی ره‌گه‌زپه‌رستی تورکیی له چیاکانی کوردستاندا چه‌کیان هه‌ڵگرتووه. وێڕای ئه‌مه‌ش، دواجار ئه‌وه سه‌رۆکه‌کانی ئه‌و حیزبانه‌یه که گیانی شۆڕگێڕی کوردان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه شه‌خسیی، ئایدۆلۆژیی و حیزبییه‌کان به هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن.
هاوکاتیش ئه‌م وتاره ئاگای له‌وه‌یه که له‌و به‌شه‌ی باکووری کوردستاندا، به هۆی پرۆسه‌ی سڕینه‌وه‌ی زمانی کوردییه‌وه، هونه‌ری گۆرانیی له چاو نووسیندا، زۆر ئێستێتیکتر و ره‌سه‌نتره له مۆده‌ی گۆرانییه باوه‌کانی به‌شی باشووردا. چونکه له باکووردا کوردان بواریان نییه به زمانی خۆیان بیریان ده‌رببڕن، بۆیه کولتووری کوردیی له گۆرانییه‌وه ده‌رده‌بڕن، که ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ستی په‌نگخواردووی کوردبوونی ئه‌وانه، که که له بنده‌ستی رژێمی ره‌گه‌زپه‌رستی که‌مالیزمدا ده‌یچێژن. له‌و روانگه‌یه‌وه، ئه‌گه‌ر له رۆژگاری ئێستادا سه‌یری گۆرانی کوردیی بکه‌ین، له‌وێدا به تایبه‌تیی ده‌نگ و ئاواز و ده‌قی سترانی سترانبێژانی وه‌ک ئایشه شان، ئاینوور، ناتالی، رۆژین، نیلۆفه‌ر، ئه‌حمه‌د کایه و ده‌یانی دیکه، زۆر له ئاواز و ده‌قی گۆرانییه‌کانی گۆرانیبێژانی باشوور ره‌سه‌نتر و هونه‌رییترن.
سترانی ئه‌و گۆرانیبێژه ره‌سه‌نانه‌ی باکوور، وه‌ک تۆ‌ڵه‌کردنه‌وه‌یه‌ک له قه‌ده‌غه‌کردنی زمان له لایه‌ن رژێمی که‌مالیستی تورکیاوه، ره‌نگدانه‌وه‌یه‌که له روحێکی چیایی، ئاوازێکی شۆڕشگێڕانه؛ په‌رۆشییه‌که بۆ ئه‌و ئازادییه‌ی زمان و کولتووره‌ی که رژێمی که‌مالیست لێی زه‌وتکردوون. که‌چی به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مڕۆ له سایه‌ی ئه‌و حکومه‌ته خێڵ ئاسا و تاڵانکاره‌ی باشووردا، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پاره‌خۆریی و ته‌قاویتدان( ته‌قاعودیی) نه‌ک هونه‌ریی، وه‌زاره‌تی به‌ناو رۆشنبیریی پارتیی، گۆرانی کوردیی کردووه به پاشکۆیه‌کی په‌ڕپووتی تورکیی، فارسیی و عه‌ره‌بییه‌وه. هه‌ر بۆیه گۆرانبێژانی باشوور، به لاساییکردنه‌وه‌ی مۆده‌ی لوبنانیی، تورکیی و عه‌ره‌بییه‌وه، نمایش‌کردنی خۆیان له جووڵه‌ی له‌شیان، دیمه‌نی خه‌یاڵاویی کچ و سروشتی دروستکراو … تاد، هونه‌ری گۆرانی‌یان کردووه‌ته فیلمی هیندیی. له هه‌موویشی مه‌ترسییدارتر، بازاڕی فێستیڤاڵ و کۆنفراسی حیزبیی هه‌رێـمی کوردستان، بۆ کڕینی ئه‌م ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازانه له به‌شه‌کانی کوردستانه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه خزمه‌ت به‌و کایه دواکه‌وتووانه‌یه‌ی حیزبی کوردیی و ئه‌جێنداکانیان بکات. به‌هه‌رحاڵ، راڤه‌کردن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی زێتر هه‌یه، که لێره‌دا ئه‌رکی ئه‌م وتاره نییه.
زمانی نه‌ته‌وه و دایه‌لێکتبازیی
بۆ زمانه ئه‌وروپاییه‌کان، سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م له‌سه‌رێکه‌وه سه‌ده‌ی به‌یه‌کدادان و پێوه‌ندییه‌کانی چاوچنۆکیی ئیمپریالیزم و مێکه‌نتیڵیزم ( سیسته‌مێکی ئابووریی باوی سه‌ده‌ی 16-18 بوو- mercantilism ) بوو ، له‌سه‌رێکی تریشه‌وه پێوه‌ندییه‌کانی نێوان " نه‌ته‌وه- ده‌وڵه‌ت، Nation-State " و "زمانی نیشتمانیی" ئۆرگه‌نایز و به‌رجه‌سته ده‌بووه‌وه((Hobsbawm, 1990 . که‌چیی پاش سێ سه‌ده‌ش مێنتاڵیتیی سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد به‌گشتیی و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم به‌تایبه‌تیی، ده‌رک به‌م پرسه مێژوویی و نیشتمانیی و چاره‌نووسسازه ناکات، یان ده‌یکات و کڵاو ده‌نێته سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان و گه‌مه‌ی ناوچه‌گه‌ریی و دایه‌لێکتچییه‌تیی ده‌کات و ئه‌وه‌ی بۆی گرنگ نه‌بێ پرسه هه‌ره هه‌ستیار و نیشتمانییه‌کانه، که زمانیش کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کیی ئه‌و پرسانه‌یه.
مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی که راده‌سپێردرێن و به دواکه‌وتووترین شێوه له هه‌ندێ سایتی ژێربه‌ژێری ده‌سه‌ڵاتدا ده‌نووسن و دژایه‌تی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ وته‌قه‌لایانه ده‌که‌ن که سه‌رکردایه‌تی کورد له‌مه‌ترسیی نه‌په‌ژراندنی زمانی ستانده‌ردی کوردیی به ئاگا بهێنرێته‌وه، بۆچیی به زاراوه‌که‌ی خۆیان نادوێن و نانووسن؟ ئه‌وه‌نده‌ی به زمانی ستانده‌ردی کوردیی ده‌ئاخفن و ده‌نووسن یه‌ک له‌سه‌دی ئه‌وه‌ش به زاراوه‌که‌ی خۆیان کاری له‌سه‌ر ناکه‌ن. په‌یامه‌که زۆر روونه، به پێی زانستی زمان ، هه‌ر زمان و دایه‌لێکتێک نه‌توانێ فۆرمێکی گشتگیر و ستانده‌رد له نووسیندا جێکه‌وت بکات، ورده ورده وه‌ک زمانی لاتین به‌ره‌و زمانێکی مردوو ( dead language ) ده‌چێت. ئه‌م دۆخه بۆ هه‌موو زاراوه‌کانی زمانی کوردیی( به‌سۆرانیشه‌وه) وه‌ک یه‌که و پێ به‌پێی کات، هه‌موویان له‌به‌رانبه‌ر زمانی نووسیندا له‌ناو ده‌چن.
نیتشه فه‌یله‌سوفی ئا‌ڵمانیی له سه‌ر زمانی ئا‌ڵمانیی ده‌ڵێ " ئاڵمانییه‌کانی پێ ده‌ناسرێته‌وه" ( Nietzsche,1978:131 ). ئایا کورد وه‌ک زمان، هیچی هه‌یه له ئاستی سیاسیی و پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا شانازی پێوه بکات وپێی بناسرێته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و ئومێده‌ی هه‌یشه خه‌ریکه سه‌ری به‌قوڕدا ده‌که‌ن و کورد له‌رێی ئینستیتوتی کوردیی له پاریسInstitut Kurd De Paris و گۆڤاره کۆله‌واره‌که‌ی د.که‌نداڵ نه‌زان ( Kendal Nezan ) ه‌وه (کورمانجیی- Kurmanji) به دنیا ده‌ناسێنن5 و به‌زۆری زۆرداریی و که‌ڵه‌گایی ده‌یانه‌وێ سیما‌و بناغه‌ی زمانی ستانده‌ردی کوردیی له‌ناو به‌رن.
كه‌واته لێره‌دا ده‌بێ ده‌بێ بزانین که بێ تێگه‌یه‌شتن و بڕیاردان له‌و زمانه یه‌کگرتووه‌ی که له باشووردا زه‌مینه‌ی خه‌مڵیووه، گوتاری کوردیی، چاره‌نووسی کورد هه‌ر به‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌ی زاراوه‌په‌رستیی، ده‌ڤه‌رپه‌رستیی و گه‌مه‌ی پارتیی و یه‌کێتییه‌وه ده‌تلێته‌وه. دابڕان له‌و پشتێنه رۆشنبیرییه‌ی که به‌و زمانه یه‌کگرتووه‌ی که له باشووردا زێتر له سه‌د ساڵه له گه‌شه‌کردندایه، دیسانه‌وه تاڵان‌کردنی یاده‌وه‌ریی کوردییه به ده‌ستی خودی ئه‌و سیاسیی و نووسه‌ره ده‌ڤه‌رپه‌ست و ئاکار خێڵه‌کییانه‌ی کورده‌وه، که ئه‌مڕۆ به هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی خۆیانه‌وه، بوونه‌ته ده‌مڕاستی زمانی کوردیی. ئه‌مانه‌ش ناکۆکیی نێوان توخمه سه‌ره‌کییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌گه‌یه‌نێت، که زمانێکی یه‌کگرتوویان بۆ ناپه‌ژرێنرێ و خه‌ریکی خۆخواردنه‌وه‌ی یه‌کترن.
له‌و روانگه‌یه‌وه، ئه‌و وتاره پێیوایه، به‌شێک له‌و ئاوێزانبوونه‌ی هه‌ندێ کورد به نووسین به پیتی لاتینیی و زاراوه‌په‌رستییه‌وه، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌ی به تاڵانبردنه‌ی زمانی کوردییه، که سه‌ره‌تا داگیرکارانی کوردستان به داڕشتنی نه‌خشه‌یه‌کی پان و پۆڕه‌وه توانیان ناخی کورد ئیفلیجبکه‌ن و پاشانیش، وه‌ک ئێستا له ئارادایه، خودی به‌شێک له‌و نووسه‌رانه‌ی که له پێناوی پاره و خۆنیشانداندا وه‌ک مێش ویزه ویز ده‌که‌ن و ئێستاش به دوای وه‌رگرتنی تیکه نانێکی چه‌ور، داوه‌تنامه‌یه‌ک بۆ هۆتێل و دیوه‌خانه‌کانی پایته‌خت خۆیان به‌و سیاسییه حیزبپه‌رست و خێڵپه‌رستانه‌ی باشووره‌وه هه‌ڵواسییوه، که له‌به‌ر ئه‌جێندای خێڵه‌کیی و حیزبی خۆیان، به‌های زمانی ستانده‌ردی کوردی‌یان له ژێر پێی خۆیان ناوه، درێژه به‌و پرۆسه‌ی تاڵانکردنه‌ی زمان و یاده‌وه‌ریی کورد ده‌ده‌ن.
لێره‌وه ئه‌م وتاره، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی که ده‌لێن "جه‌لاده‌ت به‌درخان به کرێگیراوی که‌مالیزم" بوو، پێی وایه جه‌لاده‌ت به‌درخان، ئه‌گه‌رچی زۆرێک باسی ئه‌و ئه‌فسانه ناسیۆنالیستییه. ده‌که‌ن، که ئه‌و به‌ر له که‌مال ئه‌تاتۆرک سه‌رقاڵی به لاتینیکردنی زمانی کوردیی بووه، به‌ڵام له دواجاردا جه‌لاده‌ت به‌درخان و میراتگرانی ئێستای ئه‌ویش، بێ ئاگا، له‌و به لاتینییکردنه‌ی زمانی کوردیی، ده‌که‌ونه ژێر کاریگه‌ریی ئایدۆلۆژیای که‌مالیزم و به‌مه‌ش ئه‌و پاشخانه رۆشنبیرییه‌ی که له باکووردا به له تیپ (پیت)ی لاتینییی نه‌نووسرابوون، ده‌بێته قوربانیی ئایدۆلۆژیی که‌مالیزم. هه‌ر بۆیه دوای به لاتینییکردنی زمانی کوردیی له باکووردا، ئه‌و زمانه لاتینییه له ماوه‌ی هه‌شتا ساڵی رابردوودا، نه‌یتوانیوه، بۆ نموونه، شاعیر و نووسه‌رگه‌لێکی وه‌ک مه‌لای جزیریی، ئه‌حمه‌دی خانیی و مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی به‌رهه‌مه‌بهێنێ. به‌ڵام له‌کوردستانی باشوور‌و رۆژهه‌ڵاتدا، به‌سه‌دان نووسه‌ری مه‌زنمان هه‌یه ( به‌مردوو ، زیندوویشییه‌وه) که مێژووی کورد به قه‌ڵه‌م و هزرو دیسکۆرسی ئه‌وان نووسراوه‌ته‌وه. ئه‌م تێکسته‌ی زمانی کوردیی هه‌نووکه، تێکستی قه‌ڵه‌مه‌کانی ئه‌وانه.
دیاره ئه‌و زاراوه لاوێنه‌ره‌وانه له‌وه‌دا هه‌ڵه‌ن که پێیانوایه سنوورێکی فراوان له نێوان زاراوه‌کان و ئه‌و زمانه‌ی که ئه‌مڕۆ له باشووردا بووه‌ته ستانده‌رد هه‌یه. به پێچه‌وانه‌وه کورد به هۆی لێکدابڕانی جیۆگرافیی و پاشانیش په‌ره‌سه‌ندنی گیانی ده‌ڤه‌رپه‌رستیی، شارچییه‌تیی و حیزبییه‌وه له‌و زمانه جێگیره‌ی باشوور حاڵی نابن. ئه‌و جیاوازییه‌ی که له نێوان زاراوه‌ی باکوور له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانه ستانده‌رده‌ی باشووردا هه‌یه، به زۆریی له رووی ستراکتۆری رێزمانیی و ده‌ربڕینه‌وه‌یه، که ئه‌مه‌ش زێتر په‌وه‌یوندی به جیاوازیی جیۆگرافییه‌وه هه‌یه. به‌ڵام هه‌ر یه‌ک له کوردانی باکوور و باشوور و به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، ئه‌گه‌ر بخوازن باش له یه‌کتری تێده‌گه‌ن. که‌واته له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و جیاوازییه، جیاوازییه‌که له ئاستی تێگه‌یشتندایه. له ئاستی کوردییدا، به لاتینییکردنی زاراوه‌ی کرمانجیی، کێشه‌ی فۆرمیشی دروستکردووه.
ئه‌گه‌ر له ئایینده‌دا ئه‌و په‌رژینانه له نێوان کوردانی به‌شه جیاوازه‌کانی کوردستان نه‌مێنن، ئه‌وکات ئه‌و که‌مه ئاڵۆزییه‌ی له‌سه‌ر تێگه‌یشتن له نێوان زاراوه‌کاندا هه‌یه، چاره‌سه‌ریش نه‌بن، که‌م ده‌بنه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه بوونی یه‌کبوونی سیسته‌می زمانه که به رێگای تۆڕه‌کانی په‌روه‌رده و نووسینه‌وه ده‌توانێ ئه‌و زه‌مینه بۆ لێکتێگه‌یشتنه هاوبه‌شه‌ی زاراوه جیاوازه‌کانی کورد خۆشبکات. خۆدزینه‌وه‌ی ئه‌و حکومه‌ته بێ ئێتیکه له‌و ئه‌رکه مێژووییه؛ نه‌کردنی ئه‌و زمانه ستانده‌رده‌ی باشوور به زمانی فه‌رمیی، سیاسیی و خوێندن له کوردستاندا، ده‌بێته یه‌کێک له‌و هه‌ڵه کوشندانه‌ی که داهاتووی کورد ئاڵۆزتر ده‌کا.
به‌مجۆره زاراوه‌کانی زمانی کوردیی، یان ته‌واوی زاراوه‌کانی کوردستان نزیکایه‌تییه‌کی زۆریان ده‌وێ تا له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانه‌ی که له باشووردا پێکهاته‌یه‌کی ستانده‌ردی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن لێک تێبگه‌ن. بۆیه رێگه‌دانی پارتیی و وه‌زیری په‌روه‌رده ، که ئه‌و بڕیاره زێتر به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبیی تێدایه نه‌ک به‌رژوه‌ندی بادینان، قووڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و لێک‌دابڕان و لێکتێنه‌گه‌یشتنه‌ی نێوان ده‌ڤه‌ر و به‌شه‌کانی کوردستانه، که دوژمنانی کورد سه‌دان ساڵه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و بیرۆکه‌ی جه‌لالیزم و مه‌لاییزمیش ئه‌وه‌نده‌ی تر له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا تۆخی کرده‌وه. لێره‌وه بانگه‌شه‌کردن بۆ رێزگرتن له مافی خوێندنی زاراوه‌ی بادینانیی له لایه‌ن پارتییه‌وه، ته‌نیا درێژه‌دانێکه به‌و گه‌مه و گه‌نده‌ڵکاریانه‌ی که پارتیی دیموکراتی کوردستان کردوونی به ستراتیژی خۆی. هه‌مان سیاسه‌تی به‌عسه که له‌رێی هاشم عه‌قراوییه‌وه پێڕۆ کرا.