
گره‌نتی ده‌ده‌ن شه‌فاف بن؟!…..نوری بێخاڵی
گره‌نتی ده‌ده‌ن شه‌فاف بن؟!
نوری بێخاڵیتا ئه‌و چركه ساته‌ش بۆشایی نێوان ده‌سه‌ڵاتی كوردی و شه‌قامه‌كه‌ی له‌وێدایه، كه كایه‌ی سیاسی و سه‌ركرده‌كان له كه‌مترین حاڵه‌تدا له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانیان شه‌فاف و كراوه نه‌بوون، چ له په‌یوه‌ندییه ناوخۆ و ده‌ره‌كییه‌كانیان و بڕیاره‌كانیاندا، چ له بواری دانی زانیاری و كه‌شفكردنی سه‌رچاوه‌ی داهات و سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان.
كوردستان نه ئه‌و به‌هه‌شته كاكی به كاكییهیهی دیموكراسی و دادوه‌ری و سه‌روه‌ری یاسایه‌یه، كه ده‌سه‌ڵاتدارانی كورستان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، نه ئه‌و دۆزه‌خه تاڵهشه كه هه‌ندێ كه‌س و نێوه‌ند به ته‌نها چاوێك و له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان قسه‌ی له باره‌وه ده‌كه‌ن، راسته پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كراون، گۆڕانێك له سیمای ئاوه‌دانیدا به‌دی ده‌كرێ، بزاوتێكی به‌رچاوی كار و بازرگانی هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه نه‌یانتوانیووه ئه‌و بێ متمانه‌یه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك پته‌وتر بكه‌نه‌وه و به شێوه‌یه‌كی باش ئاشتیان بكه‌نه‌وه، كه به رای من ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌م له‌و نێوه‌دا ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات خۆی و ئه‌و میكانیزمانه‌ی له به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی سیاسی و ئابووری و كارگێڕی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا په‌یڕه‌ویان لێده‌كات.
وه‌ك ئه‌وه‌ی گوناهێكی گه‌وره‌یه ده‌سه‌ڵاتی كوردی به به‌عس بشوبهێنرێ، به‌ڵام كوفریش نییه ئه‌گه‌ر خه‌ڵك پێی وابێ لێره و له‌وێ و له بیركردنه‌وه و مامه‌ڵه‌ی هه‌ندێ به‌رپرس و سه‌ركرده، بۆن به به‌رامه‌ی عه‌قڵیه‌تی به‌عسیانه ده‌كرێ، تاوان نییه كه خه‌ڵك هه‌ست به‌وه بكات هێشتا جۆرێك له كولتوری به‌عس به‌سه‌ر روئیا و بیركردنه‌وه و هه‌نگاوی هه‌ندێ كه‌سی نێو كایه‌ی سیاسی كوردیدا زاڵه. هاوكات گوناهێكی گه‌وره‌یشه ده‌سه‌ڵاتی كوردی خه‌ڵك و له نیۆیاندا گه‌نجان به سه‌رلێشێواو و بێ ئینتما وه‌سف بكات، به‌ڵام كوفریشی نه‌كردووه كه پێی وابێ لێره و له‌وێ خه‌ڵكێك هه‌ن هه‌ست به به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ناكه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتی كوردی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات، ئه‌گه‌ر پێی وابێت هه‌ر ره‌خنه‌گرتنێك له شێوه‌ی حوكمڕانی ئه‌و خیانه‌ته، یان هه‌ر بانگه‌شه‌یه‌ك بۆ گۆڕان ده‌ستێكی شاراوه‌ی له پشته، یاخود هه‌ر هه‌وڵ و هه‌نگاوێك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر خه‌وش و بۆشاییه‌كانی ده‌سه‌ڵات چاو هه‌ڵنه‌هاتنه به‌و ئه‌زموونه، ئه‌گه‌ر به‌و لۆژیكه كار بكه‌ین و خوێندنه‌وه بۆ یه‌كتر بكه‌ین، كه تا ئێستا كردوومانه، ئه‌سته‌مه به ده‌یان و سه‌دان هه‌ڵبژاردنی دیكه‌ش بتوانین هه‌نگاوێكی جددی به‌ره‌و كرانه‌وه و پێشكه‌وتن بنێین.
ئێستا له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنێكی نوێی په‌رله‌مانی كوردستانداین، مایه‌ی خۆشحاڵییه كه ده‌بینین زیاتر له چل كیان و قه‌واره‌ی سیاسی كه‌وتوونه‌ته كێبه‌ركێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و قه‌وارانه‌ی لێدهركهین كه كێبه‌ركێ له‌سه‌ر رێژه‌ی كۆتای پێنج كورسییه‌كه ده‌كه‌ن، ئه‌وا قه‌واره‌كانی دیكه كه خۆیان له سی و شتێك ده‌ده‌ن، حاڵه‌تێكی دیكه‌ی ته‌ندروسته له ژیانی سیاسی كوردستان و پێویسته هێزه سیاسییه ركابه‌ره‌كان و به تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی، كه هه‌ژده ساڵه حوكمی ئه‌و هه‌رێمه ده‌كه‌ن به‌لایه‌نه‌وه ئاسایی بێت و به ده‌سكه‌وتێكی دیكه‌ی هه‌وڵی كورد بۆ به دیموكراتیزه‌كردنی سیسته‌می حوكمی بزانن.
ئازایه‌تی هه‌ر هێزێكی سیاسی له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا له‌وێدایه كه به گیانێكی وه‌رزشی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشهاته‌دا بكات، حیكمه‌تی سیاسی له‌وێدایه هه‌ر هێزێكی سیاسی به به‌رنامه‌یه‌كی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی تۆكمه‌تر و به زمانێكی شارستانی تر له‌وه‌ی ئێستا ( كه خه‌ریكه ره‌وشه‌كه به‌ره‌و ئاقارێكی ترسناك ده‌بات) بێته گۆڕه‌پانی كێبه‌ركێكه. نابێ هێزه سیاسی و نێوه‌نده‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه و ته‌نانه‌ت تاك به تاكی كۆمه‌ڵگه‌ش خۆیان له‌وه نه‌بان بكه‌ن، كه هه‌ر كه‌سه و له شوێنی خۆی و به گوێره‌ی پێگه‌ی خۆی، به‌شێكی به‌رپرسیارێتی ئه‌و كه‌موكوڕی و خه‌وشانه‌ی رابردووی له ئه‌ستۆ دایه، تۆمه‌ت به‌شینه‌وه بۆ یه‌كتر و لكاندنی ناووناتۆره به یه‌كتر و ناشیرینكردنی یه‌كتر، جگه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی ئازادی و ژیانی دیموكراسی نایه‌نه‌وه، هاوكات خزمه‌تێكی ئه‌وتۆش به ئێستای هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئایینده‌ی حوكمڕانی له كوردستاندا ناكه‌ن.
ئیدی له‌و قۆناغه و له‌ناو ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییه سیاسییانه‌ی له ئاستی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه و جیهاندا ده‌بینرێن، چیتر دروشم و خۆ گیڤكردنهوه و ده‌موچاو سووركردنه‌وه و هه‌راو زه‌نای ئه‌وه‌ی (ده‌نگ بده‌ن به من تا ئه‌نفال دووباره نه‌بێته‌وه) (ده‌نگ بده‌ن به من تا كیمیاباران نه‌كرێینه‌وه) (ده‌نگ بده‌ن به من تا مادده‌ی 140 جێبه‌جێبكرێ) (ده‌نگ بده‌ن به من تا فیدڕاڵیه‌ت بچه‌سپێ) له بازاڕی هه‌ڵبژاردندا پولێكی قه‌ڵپ ناكه‌ن و به‌و حه‌ماسه شۆڕشگێڕییه ناتوانین قه‌ناعه‌ت به هاووڵاتیانمان بێنین، كه ده‌مانه‌وێ نموونه و ئه‌زموونێكی جوانتر له رابردوویان پێشكه‌ش بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر بڕیاره هه‌ر هێزێك ده‌یه‌وێ له‌و گره‌وه مێژووییه به پاكی و دوور له ساخته‌كردن و چاو سووركردنه‌وه ده‌نگی خه‌ڵك بباته‌وه، پێویسته به‌رنامه و پلانێكی نوێ و هه‌مه‌لایه‌ن و تۆكمه‌تری له بواری ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری و فه‌رهه‌نگی بۆ خه‌ڵك پێ بێت، پێویست ده‌كات له ئێستاوه به‌ڵێن و سۆز به خه‌ڵك بده‌ن ئه‌گه‌ر هاتنه سه‌ر كورسی حوكم به‌ر له سوێند خواردنی نێو حه‌ره‌می په‌رله‌مان و ده‌ستنیشانكردنی بۆردی كابینه‌ی حكومه‌ت و دانانی وه‌زیره‌كان، هه‌ر یه‌كه‌و (CV) كه‌سی و سیاسی و بڕی سه‌روه‌ت و سه‌رمایه و ته‌كنۆكراتی خۆی و كاندیده‌كانی بۆ خه‌ڵك كه‌شف ده‌كات، به‌ڵێن بدات كه هه‌ر ێككه‌وتنێكی سیاسی و ئابووری نێوخۆیی و عیراقی و ناوچه‌یی و كیشوه‌ری و نێوده‌وڵه‌تی، كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵكی كوردستان و ئایینده‌ی سیاسی وڵات و ئه‌و ئه‌زموونه هه‌یه، به راشكاوی و ئاشكرایی ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵێنی ئه‌وه بدات دوور له ئینتمای حزبی و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌تی خێڵه‌كی و مه‌زهه‌بی و له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون بواری وه‌ك یه‌كی كار و ژیان و گوزه‌ران بۆ كوردستانیان فه‌راهه‌م ده‌كات، به‌ڵێنی ئه‌وه بدات به یه‌ك پێوانه له ئاستی ئه‌رك و مافه‌كان و وه‌ك یه‌كی له به‌رامبه‌ر یاسادا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و هاووڵاتیان ده‌كات، سۆزی ئه‌وه بدات حه‌ره‌می زانكۆ و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه حكومییه‌كانی ناخاته‌وه ژێر سێبه‌ری هه‌ژموونی ئایدیۆلۆژی و حزبی، سۆز بدات كه ده‌زگای دادوه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی دادگا سه‌ربه‌خۆ و دوور له دهستوێوهردان ده‌بێت، به‌ڵێنی ئه‌وه بدات به میكانیزمی دیموكراسی و له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له ئازادییه كه‌سییه‌كان و پاراستنی په‌لكه‌زێڕینه‌ی به یه‌كه‌وه ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و به پێوه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، هه‌ژموونی گوتاری ئایینی ده‌باته ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه سیاسی و په‌روه‌رده‌ییه‌كان و ئایین ده‌باته‌وه پێگه و نێوه‌نده‌كانی په‌رستن و له سیسته‌می حوكم و به تایبه‌تی له كایه‌ی په‌روه‌رده جیای ده‌كاته‌وه، به‌ڵێن بدات به‌لایه‌وه ئاسایی بێت ئه‌وانه‌ی كه‌مینه‌یه‌ك و چه‌ند كورسییه‌كی كه‌م له‌و هه‌ڵبژاردنه به ده‌ست دێنن ده‌نگی ناڕه‌زایی و گلله‌ییان ببیسترێ، رێ له گروپه‌كانی فشار و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و راگه‌یاندنێكی ئازادی ته‌ندروست نه‌گرێ، كه زه‌مینه بۆ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی خۆش ده‌كه‌ن، به‌ڵێن و په‌یمان بدات له ئێستاوه په‌نا بۆ كاری نا یاسایی و ناڕه‌وا نه‌با بۆ بردنه‌وه و بیر له كڕینی ده‌نگی خه‌ڵك نه‌كاته‌وه به داهاتی ئه‌و وڵاته، كه سه‌روه‌ت و سامانی هه‌مووانه.
به‌ڕاست كامه هێزی سیاسی و كیان و قه‌واره‌یه ده‌یه‌وێ به‌و بنه‌مایانه و چه‌ند موژده‌یه‌كی دیكه‌ی جوانتر بێته نێو پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن؟ كامه‌یان ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدایه و گره‌نتی ئه‌وه ده‌دات، كه كار به پێوه‌ر و پره‌نسیپه دیموكراسییه‌كانی حوكمڕانی ده‌كات؟ كام هێزه له ئێستاوه بیری له‌وه كردۆته‌وه جارێكی تر و له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و دارایی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا شه‌فاف و كراوه بێت؟ كێ له یه‌كه‌م هه‌نگاوی بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن و دواتریش له پڕۆسه‌ی گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدا، به بڕواوه كاندیده‌كانی ده‌خاته به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌ی دارایی و یاسایی و ئه‌خلاقی؟ من به‌ش بهحاڵه خۆم ده‌نگ به‌و لیست و قه‌واره‌یه ده‌ده‌م (ئه‌گه‌ر هه‌بوو)، ئێوه‌ش و ئازادن!!