
هه‌ڵبژاردن و پرسه له بیرکراوه‌کان
هه‌ڵبژاردن و پرسه له بیرکراوه‌کان
ڕووناک شوانی
له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی هه‌ڵبژاردندا، ده‌نگی شێر لای ئه‌و لایه‌نه‌یه که ده‌زگای پرۆپاگه‌نده‌ی فراوانتری هه‌یه. ئه‌و پرسه گرینگانه‌ی که ساڵانێکه که‌ڕوو لێیانی داوه، ئه‌و داد و فیغانانهی که زۆر ده‌میکه گوێ که‌ڕ ئه‌که‌ن و که‌سیش نایبیستێت، ئه‌و خه‌ڵکه فه‌رامۆشکراوه‌ی که دۆزه‌خی ژیان ئه‌یانسووتێنێت و فریادڕه‌سێک شک نابه‌ن، ئه‌و منداڵانه‌ی که کاری سه‌ر شه‌قامه‌کان و مه‌یدانه‌کانی کار پیریانی کردووه، ئه‌مڕۆ بوونه‌ته ئاله‌تی ڕیکلامی هه‌ڵبژاردن. له پڕ و به قودره‌تی قادر، ئه‌گه‌ر خوای کرد حیزب له هه‌ڵبژاردن بردییه‌وه، ئه‌وا چاره‌سه‌ری گه‌لێک ئاسانه و له پێشه‌وه‌ی ئه‌جیندای کاری داهاتووی حیزبه. ئیتر هه‌ر خاڵه‌و به‌ڵێنی چاکسازی و فه‌راهه‌مکردنی خزمه‌تگوزاری ئه‌دات، و هه‌ر داده‌یه و به‌هه‌شتی ڕزگاری ژنی خستۆته به‌رنامه‌ی کاری لیسته‌که‌یه‌وه و ئینشائهللا ئه‌گه‌ر بردییه‌وه ئه‌وا یه‌ک ژن خوێن له لووتی نایه‌ت و هه‌موو کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر ئه‌کرێن، له‌ولایشه‌وه لیستێکی دیکه موژده‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین و دابینکردنی کار و پڕکردنی گیرفانی هه‌ژاران ئه‌دات. لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کان و ماڵپه‌ڕه‌کانی ئینته‌رنێت و هۆڵی زانکۆکان و خوێندنگه‌کان بوونه‌ته مه‌یدانی شه‌ڕی هه‌ڵبژاردن. دوورترین شوێنی له بیرکراوی کوردستان ڕه‌حمه‌تی کردنه‌وه‌ی پیشانگا و کتێبخانه و مۆزه‌خانه و پارکی لێ ئه‌کرێته‌وه ( یاخوا تا سه‌ربێت ). خێر و به‌ره‌که‌تی هه‌ڵبژاردنه و ڕژاوه‌ته سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان. برا ئیتر ئه‌مه هه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانه و زیاد ئه‌کرێت و سلفه ئه‌درێت، به‌ڵینی ئاوی به خوڕ و پاکژ و کاره‌بای شه‌و و ڕۆژ، هاووڵاتیانی شار و شارۆچکه‌کانی کوردستانی دڵخۆشکردووه. ئه‌گه‌ر وایه خه‌ڵکینه دووعا بکه‌ن یاخوا هه‌ر هه‌موو لیسته‌کان بیبه‌نه‌وه.
کێشه‌که له‌وه‌دایه که به به‌رچاوی کاک و داده‌ی کاندیدی حیزبه‌وه و به ڕۆژی ڕووناک ژنه هاوڵاتی سوێدی عالیه میرزای ئه‌ندامی پارتی چه‌پی سوێد، له که‌رکووک ئه‌درێته به‌ر چه‌قۆی خێڵ و ئه‌گه‌یه‌نرێته لێواری مه‌رگ، که‌چی میدیای کوردستان لێی بێده‌نگه. ئیتر نازانم توند وتیژی دژ به ژنه یان ڕووداوه‌کانی ناو که‌رکووکه داماوه‌که‌یه که له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌جیندای لایه‌نه‌کانه و ته‌نها بۆ پڕۆپاگه‌نده‌ی حیزب و لیسته سه‌یر و سه‌مه‌ره‌کانی ده‌ستکردی حیزب به‌کاردێت. تاوانی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر عالیه له‌م ڕۆژانه‌دا ئه‌چێته ناو میدیاکانی سوێده‌وه، که به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی زۆر بوونی توند و تیژییه دژ به ژنان له کوردستاندا، جا گه‌لۆ وه‌ڵامی لایه‌نی به‌رپرسیار له‌و مه‌سه‌له‌یه له کوردستان هه‌ڵوێستی چی ئه‌بێت؟.ستۆکهۆڵم
6/5/2009