
وڕێنه‌ی شێتێك
-1-
لێم مه‌پرسه له كوێ وون بووم
به‌دوای شوێن پێكانی مندا سه‌رشۆڕ مه‌كه و
واز بێنه له‌و رێگا چۆڵه…
جارێكی تر
خۆت مه‌ده ده‌ست چاره‌نوسی دۆزه دۆزه‌ی مناڵانه!
ئیتر خودا‌ش ناتوانێت كۆمه‌كت بكات
بۆ دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌ی وشه كوژراوه‌كانی من!
من له مێژه
له ناو رۆچوونی رۆحی خۆم بزر بووم.
له نێوان ژین و خه‌یاڵ و
فیكر و چه‌ك و وشه و جنێو!
له نێوان شه‌ڕ و پیاسه و
ته‌رم و خوێن و بێزار بوون و عاشقبوون!
له نێوان پاكی و خیانه‌ت
وێڵی و ئۆقره، راستی و درۆ، خۆم بزر كرد.
من رۆشتم و
به‌دوای هه‌ناسه‌ی عیشقێكدا سه‌رم هه‌ڵگرت..
كه‌چی دوایی
له ناو لاپه‌ڕه‌ی دڕاوی رۆژنامه‌كانی وڵات‌دا خۆم بینییه‌وه!!!-2-
من رۆشتم و
ویستم ژیانێك حونجه‌كه‌م
پڕبێ له هه‌ناسه‌ی باران.
كه‌چی زه‌مه‌ن
به‌رگه‌ی ئه‌م رۆحه زه‌بوونه‌ی منی نه‌گرت…
كه‌چی زه‌مه‌ن
فڕێی دامه گه‌رووی وشكی بیابانێكی ئه‌و خواره
كه خودا و ژین و هه‌ناسه و كزه‌باكانی به‌یانی و
بارانی فرمێسكه هه‌وری تۆراندووه!!!
په‌رۆشم بۆ نمه‌ی باران
بۆ كزه‌بای شه‌وانێكی پڕ له خه‌یاڵ.
په‌رۆشم بۆ ماڵۆچكه‌یه‌ك
كه رۆحێكی مناڵانه‌م پێببه‌خشێت!
مناڵی من
چیرۆكێك بوو پڕ له باسی په‌یكه‌ری حۆری سه‌ربڕاو.
مناڵی من
میلی ژه‌نگگرتوی وه‌ستاوی كاتژمێرێكی شكاو بوو
كه له‌سه‌ر مێزی دوكانی وه‌ستایه‌كی پیرو چاوكز
چاوه‌ڕوان بوو و نۆره‌ی گرتبوو بۆ ژیان!
مناڵی من
پیتی دالی سه‌رته‌خته ره‌شی ناو پۆل بوو
كه جار جاره مامۆستایه‌كی خڵافاو ده‌نوسییه‌وه و
له دوای كه‌مێ هێدی هێدی هه‌ر خۆی ره‌شی ده‌كرده‌وه!
مناڵی من
ده‌فته‌رێكی لا دڕا‌و بوو …
كه له بن پۆستاڵی ره‌شی سوپایه‌كی شێت و یاخی…
هه‌رچی پیت و دار و دارا و زارا و زه‌ینه‌بی رۆحم بوو
هه‌موویان له ناو قوڕاوی ئه‌و لا ڕێیه هه‌ناسه بڕاوی مه‌رگ بوون!
مناڵی من
گوڵێكی سیسی لا ڕێ بوو.
كه هه‌ر رۆژه و ژێر پێی كاروانێك ده‌كه‌وت و
هه‌موو رۆژی دوو شه‌موانیش هه‌ناسه‌یه‌كم هه‌ڵده‌مژی!-3-
خه‌مێك هات و
له ناو خه‌می بێئۆقره‌یی ونی كردم!
خه‌مێك هات و
دڵمی دایه ده‌ستی قه‌ده‌ر..
ئیتر رۆحی تینوی منیش
وه‌ك ترپه ترپی ناو دڵی بێوه‌ژنێكی جه‌رگ سوتاو!
كه عه‌وداڵه بۆ زانینی هه‌واڵی تاقه كوڕه‌كه‌ی..
كاتێك له به‌ره‌كانی شه‌ڕدا !
دیلی چه‌ك و ترس و مه‌رگ و نوقمی جوتێ پۆستاڵ بووه.
له‌و لاشه‌وه فواره‌ی خوێناوی سینه‌ی…
لێوی وشكی دڕنده‌كانی سه‌رسنوور ته‌ڕ ته‌ڕ ده‌كات!
ئیتر دوای خۆی..
جگه له وێنه‌ی رابردوو…
جگه له چنگێ غه‌ریبی!
هیچیتر له به‌ركییا نیه به‌جێبێڵێ.
منیش ترپه ترپی دڵم
هێمایه‌كه بۆ ده‌ركه‌وتنی پڕتاوی مه‌رگی ناكاو.
به‌ڵام منیش
بێجگه له بۆنی هه‌ناسه‌ی وشه‌یه‌كی ته‌نیا و دزراو!
بێجگه له خه‌می ونبوون و گه‌ڕان به‌دوای رۆحی هه‌تاو!
ره‌نگه ناوێكیش شك نه‌بم به‌جێیبێڵم!-4-
من له مێژه له ناو نزای جه‌نگاوه‌رێكی ئیماندا.
به دوای تارمایی به‌هه‌شتی سه‌ربڕاودا
شوێن پێی هه‌تاوێك هه‌ڵده‌گرم..
كه‌چی دوایی …
كۆشێ گه‌ڵای به‌جێماوی
حه‌شاری ئه‌و جه‌للادانه‌ی خودایان كوشت ده‌دۆزمه‌وه.
من له ناو خه‌یاڵی سه‌ری پاسه‌وانێكی سوڵتاندا.
هه‌ناسه‌یه‌كی ئه‌سیری
عاشقێكی له خاچدراو ده‌دۆزمه‌وه!
كه نیگای لێوڕێژی حوزنه و
به كه‌له‌پچه‌ی ژانێكه‌وه مورتوربه بووه!
ئه‌م زه‌مینه هێمای مه‌رگه!
ئه‌م زه‌مینه
هێمای خه‌م و هێمای شه‌ڕ و سه‌ربڕینه!
ئه‌م هه‌ساره
هه‌ر یه‌كه‌م سات مرۆڤ پێی خسته ناوییه‌وه..
ئیتر بووبه هه‌ساره‌ی مه‌رگ!
ئیتر زه‌مه‌ن
هه‌ر خه‌ریكی حونجه كردنی رووداو و
هه‌ر خه‌ریكی نوسینه‌وه‌ی حیكایه‌تی سه‌ربڕینه!
ئه‌م سه‌رده‌مه
دۆزه‌خێكه بۆ غه‌ریبانی بێ وڵات
دۆزه‌خێكه بۆ ئه‌و نوره‌ی
له ناوسینه‌ی جه‌سته‌یه‌كی دیلكراودا هه‌ڵواسراوه و
هێمای رۆحێكی كڵۆڵی مرۆڤێكی بێ وڵاته..-5-
وڵات هه‌ناسه‌ی كوژراوه و
سنوور بۆته كێڵگه‌ی تیاچوون!
هه‌موو ساتێك مه‌رگێك دێت و
له ناو به‌رگی قاچاخچییه‌كی به‌هه‌شتدا…
كۆمه‌ڵێك رۆح به‌دووای هه‌نگاوی خۆی ده‌خات!
ده‌یانبات و لێناگه‌ڕێ ته‌نیا یه‌كجار
ئاوڕ به‌ره‌و باخه سووتاوه‌كانی مناڵییان بده‌نه‌وه!
ئه‌وان ئه‌ڕۆن هه‌تا له بن سایه‌ی دارێك…
ره‌نگی ونی نیشتیمانی دزراوی خۆیان ببینن!
كه‌چی نیشتیمان خه‌مێكه‌وه و له مه‌رگیشدا
هێدی هێدی داده‌بارێت
به‌سه‌ر كه‌لاكی بێ ڕابردووی ئه‌و رێبواره كوژراوانه!-6-
به‌سه‌ر باڵی خه‌مێكه‌وه
كه ده‌فڕێت بۆ سنگی ئاسمان.
سیمای ماندووی خۆم ده‌بینم.
كه به زرێی ملی عاشقه ئه‌ستێره‌یه‌ك
هه‌ڵواسراوه و دنیا پڕ ده‌كات له هاوار!
من خه‌م رۆحی دیلكردووم و
مه‌سته‌كانیش له دوره‌وه پێكه‌نینان به سیمام دێت.
من به‌دوای كه‌شتی وێڵی تۆ.
باسكه‌مه‌له‌ی قه‌هرێكی وێڵ …
رۆحی بردم بۆ ناو قوڵایی فه‌نابوون.
تۆش فڕیت و ده‌ریات جێهێشت.
ئاوڕت له خنكانی من نه‌دایه‌وه!
تۆ له‌و به‌ری كه‌ناره‌وه…
ئاوازی شه‌پۆڵی ده‌ریا
پڕی كردیت له مه‌ستی سه‌مای گوێ قه‌راغ!
منیش كه‌ساس
له نێوان شێته شه‌پۆڵی ده‌ریاكاندا نقوم بووم و
گه‌روم پڕ پڕ بوو له خنكان.
كه‌چی خودا‌ش به مه‌رگی من پێده‌كه‌نی!
من پێده‌شتێك له رۆحما بوو
پڕ له مه‌رگی په‌لكی هه‌تاو!
پر له كوژرانی هه‌ناسه‌ی چیرۆكێكی ته‌واو نه‌كراو!
پڕ له ره‌نگی بێ ره‌ونه‌قی تابلۆیه‌كی كۆن و دڕا‌و!-7-
تۆ ده‌ته‌وێت به‌ره‌و سنگی
ئاسمانێكی پڕ ته‌مومژ هه‌ڵكشێیت و
له ناو باڵی هه‌وره‌كاندا
گه‌مه به ئه‌ستێره بكه‌یت!
كه‌چی ئێستا تۆ بێئاگایت …
له به‌رزایی ئاسمانه‌وه
په‌ڵه هه‌ورێك ده‌ستت ده‌گرێت…
ده‌تبات به‌ره‌و رۆحی مه‌ستی.
تۆ ده‌فڕیت و منیش باڵم بزر بووه!
جه‌سته‌م زه‌بون
شه‌كه‌ت شه‌كه‌ت توانای جوڵانه‌وه‌ی نیه.
تۆ ده‌فڕیت و رۆحی منیش
به دوای سێبه‌ری فێڕینته‌وه!
حیكایه‌تی مه‌رگی هه‌تاو ده‌نوسێت و
ده‌یه‌وێت له دیوانی خودا
بۆ مه‌جلیسی شه‌رابخۆری
حه‌رام داهێنه‌ری ئه‌وێ بیخوێنێته‌وه!
من له فڕین تۆراوم و
له پێده‌شتیش خۆم بزر كرد!
من له زمانی به‌ردێكه‌وه
كه حیكایه‌تی بارانی هه‌ڵگرتووه!
نیگایه‌كی ژێرپێ كه‌وتووی كیژۆڵه‌یه‌ك ئه‌دۆزمه‌وه.
كه سه‌رگوزشته‌ی زه‌مه‌ن و
مه‌رگی عیشقی هه‌ڵگرتووه!
خه‌یاڵ یه‌كپارچه بردمی و
وه‌ك وێڵێكی بێ نیشتیمان
به دوای سه‌رابی پشت سنوور راده‌كه‌م و
كه‌چی سنوور
كوره‌ی دۆزه‌خی رقی خوای هه‌ڵگرتووه!-8-
نیشتیمانی من خه‌مێكه…
له ناو دڵی پیره‌ژنێكی جه‌رگ سوتاو!
نیشتیمانی من مه‌رگێكه…
له ناو رۆحی سه‌ربازێكی ئه‌سیر كرا‌و!
حیكایه‌تی من سوتانی دڵی هه‌وره!
كه دۆزه‌خی رقی عیشق گڕی به‌رداوه‌ته ناخی و
گریانی ئاسمانێكی كۆرپه‌ی كوژراو!
ناتوانێت ئاگری دڵی ئه‌و هه‌وره یاخییه خامۆش بكات!-9-
من پڕم له ره‌نگی گه‌ڵا
بۆنی مردن له سینه‌م دێت!
من مناڵێك له ناو دڵما خه‌ریكی گه‌مه‌ی خۆیه‌تی و
رۆحی منی كرۆدۆته مه‌یدانی وازی و
هه‌موو جارێ به نازێكی مناڵانه ده‌مكوژێت.
به‌ڵام دوایی به فرمێسێك دڵی وشكم ته‌ڕ ده‌كات و
وه‌ك خواوه‌ندێكی میهره‌بان زیندۆتیم پێده‌داته‌وه!